Bextiar-Sharazuri

بەختیار شارەزورى : گۆڕان و بەشدارى کردن لە حکومەتى بنکە فراواندا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر دروست بونى ئۆپۆزسیۆن بەشێکى گەورە بێت لە بنەماکانى دیموکراسى و گۆڕان توانیبێتى داهێنەرى ئەم ئۆپۆزسیۆنە بێت و ببێتە سەرتاى دەرکەوتنى قۆناغێکى نوێ بەرەو دەستاو دەست کردن و حوکمى سندوقەکانى دەنگدان و گەڕانەوە بۆ بڕیارى تاک ئەوا بۆ خۆى ( بەرە و دەسەڵات ) قۆناغێکى ترە لە دەسەڵاتێک کە بتوانێت کار لەسەر سستم بکات بەوەى ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت کە حکومەت حکومەتى حیزبێک بێت و سەرپا جومگەکانى ئەم حکومەتە توشى ئیفلیجیەکى گەورە بو بێت…. ئەوا لەم کاتەدا ئەرکى گۆڕان قورس تر دەبێت کە وێنەیەک لە ناوەندى دەسەڵاتەوە بداتە شەقام کە جیاواز بێت لە وێنەکانى ترى حکومەتى حیزبى بەوەى کە کار لەسەر یاساکان بکات و هەموو کەسێک لەبەردەم یاساکاندا وەک هاوڵاتى و هاونیشتمانى مامەڵەى لەگەڵ بکرێت بێ جیاوازى ئایدیا و ناوچە و دید و بۆچون ئەو کات دەبێتە ئەو سەرەتایەى کە حکومەتێکى نیشتمانى دروست بکرێت کە هى هەموان بێت بێ جیاوازى … ئەمە بۆ خۆى ئەو سەرەتایەیە کە گۆڕان دروستى کردوە ، بە چونە ناو دەسەڵاتیەوە هەموو حیزبەکان دەخاتە بەردەم لێپرسراویەتیەوە بەوەى کە کیبڕکێ هەبێت بۆ باشترین کردار و متمانەى گشتى بە دەست بهێنێ ئەم سەرەتایە و دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان وا دەکات کە سیناریۆکان وا بن کە بە هاوپەیمانى حکومەت دروست نەکرێت و حکومەتى بنکە فراوان دروست ببێت بەمەش دەکەوینە بەردەم دوو ئەگەر و کۆمەڵێک سیناریۆوە بەوەى :

1-ئەگەرى هاوپەیمانى : ئەم ئەگەرەیان دەکەوێتە سەر قەوارە سیاسیەکان و ڕێژەى دەنگەکانیان خۆ ئەگەر قەوارەکان دابەش بوبێتن بەسەر دوو بازنەدا ئەوا دەکرێت هەر یەکێکیان تواناى دروستکردنى حکومەتیان نەبێت بەوەى بازنەى پارتى ئەگەر 39 کورسى بێنێت و 11 ى کەمایەتیەکانى هەبێت ئەوا دەکاتە 50 کورسى تواناى دروست کردنى حکومەتى نابێت وە بازنەى گۆڕان ئەگەر 28 کورسى بێت و یەکگرتوو 11 کورسى و کۆمەڵ 6 کورسى دەکاتە 45 ئەمیش ناتوانێت حکومەت پێک بهێنێ کەواتە لە نێوان ئەم دوو بازنەیەدا ئەگەر هاوپەیمانى هەبێت و دوو بازنە بن ئەوا یەکێتى هێزى یەکلاکەرەوە دەبێت و بە 17 کورسیەوە بچێتە هەر تایەکیانەوە ئەوا هاوسەنگى دەگۆڕێت بەدەر لەمانە کۆمەڵێک ئەگەرى سیناریۆى تر لە ئارادایە وەک ( پارتى + کەمایەتیەکان + یەکگرتوو ) ئەمەش بە حکومى نزیکیان لە تورکیاوە لە بەرامبەردا ( کۆمەڵ + یەکێتى + گۆڕان ) بەحوکمى نزکیان لە ئێرانەوە بەڵام لەم نێوەندەدا گۆڕان ناکاتە نزیکى هیچ کامیان وەک بلۆک بەندى چونکە گۆڕان داواى ستراتیژى سەربەخۆ دەکات و ئامادە نیە ببێتە درێژکراوەى هیچ کامیان بۆیە گۆڕان بچێتە هەر هاوکێشەیەکیانەوە مایەى دڵخۆشى نیە چ بۆ ئێران و چ بۆ تورکیا بۆیە ئەم ئەگەرە زۆر لاوازە ..ئەگەرێکى تر (گۆڕان + پارتى ) ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بکرێت ئەوا دەکاتە پەراوێز خستنى هێزەکانى تر و بەشدارى پێ نەکردنیان کە ئەمەش ئەگەرێکى زۆر لاوازە ..بە گشتى هەموو ئەم سیناریۆیانە ئەگەرن ئەکرێت بە ئەگەرى دووەم دابنرێت ئەگەر هێزەکان نەگەنە ڕێکەوتنێک بۆ دامەزراندنى حکومەتى بنکە فراوان …. بەهەر دیوێکیان بێت کاڵ بونەوە و کۆتاى هێنان بە ڕێکەوتنى ستراتیژى ئەگەرێکى بە هێزە چونکە ئەم قوناغە قۆناغى نوێیە و دەکرێت ڕێکەوتنێک هەبێت لەسەر ئاستى نیشتمانى نەک حیزبى .

2- حکومەتى بنکە فراوان : ئەم پێشنیارە پێشتر هەبوە و لە لایەن هێزەکانى ناو ئۆپۆزسیۆنەوە ڕەت کراوەتەوە بەڵام پێشنیارەکە هەر بەردەوامە و ئێستەش پارتى داواکارى یەکەمە لەم پێشنیارە و ئەگەرێکى بەهێزە کە بەم شێوەیە بێت و هەر هێزە و بەقەد کورسى خۆى بەشدارى حکومەت بکات ئەو کات هەر هێزێک نەیەوێت بچێتە ناو چوارچێوەى ئەم پێشنیارەوە ئەوا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و پێ دەچێت ئەگەرى دروست بونى هێزى تر هەبێت کە ببێتە ئۆپۆزسیۆن بەڵام بزوتنەوەى گۆڕان دەتوانێت بەشدارى بکات و هەم هێزێکى چاودێریش بێت بەسەر کۆى حکومەتەوە بەو جومگانەى کە خۆشى وەرى گرتوە چونکە بزوتنەوەى گۆڕان هێزێکى دامەزراوەیى و ئەزمونى هەیە لە ئۆپۆزسیۆن بوندا .. هەر چەندە دیدێکى تر هەیە پێ ى وایە چونە دەسەڵاتى بزوتنەوەى گۆڕان مەرگى ئۆپۆزسیۆن بە دواى خۆیدا دەهێنێت چونکە هیچ هێزێکى تر وەک بزوتنەوەى گۆڕان ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن بێت بەڵام دەکرێت بڵێن ئۆپۆزسیۆن بوون کاڵ دەبێتەوە بەڵام نابێتە مەرگى ئۆپۆزسیۆن لەم نێوەندەدا ئەوەى دەمێنێتەوە چۆنێتى بەشدارى کردنى بزوتنەوەى گۆڕانە کە دەکرێت لەسەر ئاستى وەزارەتەکان داواى ئەو وەزارەتانە بکات کە زیاتر خزمەتگوزارین تا بتوانێت لە ڕێ ى خزمەتکردنەوە ڕێخوش بکات بۆ خولى داهاتوو تا بتوانێت کورسى زیاتر بهێنێت ئەویش بەوەى کە وەزارەتێکى وەرگرت بەتەواوى هى خۆى بێت نەک بە بەش بە شێوەیەک بێت وەزیر لە گۆڕان بێت و بریکار لە حیزبێکى تر چونکە ئەمە دەبێتە هۆى دوبارەبونەوەى هەمان مۆدیلى پێشو بەڵام ئەگەر بە تەواوى وەزارەت وەربگرێت ئەوا دەکەوێتە ململانێ ى ئەو وەزارەتانەى کە هى حیزبەکانى ترە و کیبڕکێ دروست دەبێت بۆ باشترین سستم و دامەزراوەیى و خزمەتگوزارى بۆ هاوڵاتیان ..ئەم ئەگەرى حکومەتى بنکە فراوانە ئەگەرێکى بەهێزە و گۆڕان دەتوانێت بە گۆڕینى ئەدائى وەزارەتەکان و کارکردن لەسەر سستم و دامەزراوەیى ببێتە ئەو هێزەى کە چانسى بەرزبونەوەى دەنگەکانى زیاتر بێت و ببێتە ئەو سەرەتایەى کە دوو ئیدارەى و ئیدارەى حکومەتى حیزبى و و ئیدارەى ناوچەیى و زۆنى تێپەڕێنێت و قۆناغى لە دایکبونى هاونیشتمانى دەست پێ بکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت