Mela-Bextiar

مه‌لا به‌ختیار : گۆڕان داوایانلێكردوون بچنه‌ ناو ئیئتیلافێكه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی‌ كوردستان، ئاشكرایده‌كات ، یه‌كێتی‌ له‌هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كاندا به‌شداری‌ له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو ده‌كات، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوایانلێكردوون بچنه‌ ناو ئیئتیلافێكه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو .

مه‌لا به‌ختیار ، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی‌ كوردستان، به‌ رۆژنامه‌ی‌ ” ئه‌رقولئه‌وسه‌ت ” ی‌ راگه‌یاند : “مه‌رج و هاوكێشه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، ئاڵۆزن”.

ته‌ئكیدیشكرده‌وه ‌، كه ‌:” بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌گه‌ڵماندا قسه‌یان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئیئتیلافێك پێكبهێنین له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ مه‌به‌ستی‌ پێكهێنانی‌ كوتله‌ی‌ زۆرینه‌‌و رێگه‌گرتن له‌به‌رده‌م پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوو”.

ئاشكراشیكرد، كه‌ گۆڕان زۆر شتی‌ خستووه‌ته‌ به‌رده‌ستیان به‌مه‌به‌ستی‌ ره‌زامه‌ندی‌ وه‌رگرتنی‌ یه‌كێتی‌ بۆ چوونه‌ ناو ئیئتیلافه‌كه‌، له‌ پێش هه‌مووشیاندا، پێدانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌ به‌ یه‌كێتیی .

مه‌لا به‌ختیار، ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و پێشنیازه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، وتیشی :” پرسه‌كه‌ هێنده‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌له‌كه‌مان‌و سه‌قامگیریی ، په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ پۆسته‌كانه‌وه ‌”.

روونیكرده‌وه‌، یه‌كێتیی 19 كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌، وتیشی :” پێده‌چێت بگاته‌ 20 كورسیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌ ئاست مێژووی خه‌باتی‌ حزبه‌كه‌ماندا نییه ‌”.

مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ قه‌باره‌ی‌ یه‌كێتی به‌ كورسی‌ په‌رله‌مان ناپێورێت، به‌ڵكو به‌هێز‌و ئاماده‌بوونی سیاسی له‌ هه‌رێم، به‌تایبه‌ت ناوچه‌كه‌‌و هه‌موو عیراق، وتیشی:” یه‌كێتی‌ ناكه‌وێت، به‌پێی مێژووش به‌چه‌ند ئه‌زموونێكی‌ گرنگ تێپه‌ڕیوه‌”.

كارگێری مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتی‌، وتیشی :” له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئێمه‌ له‌ حكومه‌تێكدا به‌شداری ده‌كه‌ین كه‌ هاوپه‌یمانه‌ ستراتیژییه‌كه‌مان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێكیده‌هێنێت، به‌وه‌ی‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ حزبه‌كانی‌ دیكه‌ش له‌ خۆی‌ بگرێت”.

ته‌ئكیدیشكرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێتی‌ به‌هه‌مان قه‌باره‌ی‌ خۆی‌ له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوودا به‌شداری‌ ده‌كات، وتیشی :” پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتی ده‌بێت”.

سەرچاوە / خه‌ندان