Behroz-6

بەهرۆز جەعفەر : شیکردنەوە , گریمان پارتى (5) کورسیی تەزویرى کردووە !.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کراسێکى سپى و بۆینباخێکى سوورتر لەخوێتى شەهیدانى لەمل کردووەو ، پێش چوونە ناو ستۆدیۆ مکیاژێکى باشیی بۆکراوە ، نەعەرەبى و نە ئیگلیزى دەزانێت ، کۆمەڵێ ووشەى ئەدەبی فێربووەو ، هەر دەیڵێتەوە ، وەک ” پارتى تەزویرى کردووە ” .

یەکەم : گریمان پارتى (5) کورسیی تەزویرى کردووە .

یەک کورسیی ، یەکسانە بە (18850) دەنگ ، گریمان پارتى بەناوى مردووەکان و دەنگدانى زیادەو ، دەستکارى ئەنجامەکانیشەوە ، کە ئەمجارە لایەنەکان لەهەموو شوێنەکان چاوێکیان کردبو ، بە چوارچاو ، سەربارى ئەمە پارتى توانیبێتى (5×18850) واتە (94250) نەوەدوچوار هەزارو دووسەد و پەنجا دەنگ تەزویر بکات ، کە ڕێی تێناچێت . ئەوەندەى کردبێت . جگەلەوەى خەڵکى تریش لەتەزویرەوە گلاوە ، یەکێتى کەمترین تەزویرى کردووە. بەم حاڵەشەوە پارتى (33) کورسیی بهێنێت ، نەک (38) ؟.

سەیربکە ، ئەگەر پارتى (33) کورسیی هەبێت ، واتە (33× 18850) دەکاتە (622050) شەش سەدو بیست و دووهەزارو پەنجا دەنگى حەڵاڵ و ڕاستەقینە ، کەتەنها لەسنورى پارێزگاى سلێمانیدا ، دەوترا پارتى خەڵکى خەڵتانى خوێن کردووە ، دەنگەکانى (43000) چل و سێ هەزار زیادى کردووە.. ئێستا ئەگەر دەنگە حەڵاڵ و گریمانەکە بخەینە بەرباس و تویًَژینەوە ، خۆى (33) یە ، تورکمان و ووردە حزبەکانیش (4) کورسیی ، ئەمە (37) ، سوێند بۆخوێنەرەکانیشم ئەخۆم ، ئەمجارە یەکگرتوى ئیسلامى بێ قەیدوشەرت دەچێتە پاڵ پارتى ، چونکە لەچوارچێوەى سیاسەت و فەرمانەکانى ئەردۆغاندان ، کە (10) کورسییان هەیە ، ئەمە کردى بە (47) کورسیی ، بزوتنەوەو شیوعى و هەر حزبێکى بچووک (2) کورسیی بهێنن ، ئەمە (49). وە (11) کورسی کۆتاش کەواتە پارتى لە کەمترین دەنگدا دەگاتە (60-65) کورسیی پەرلەمان ، بێجگە لە کورسییەکانى یەکێتى .

دووەم : بۆچى پارتى دەیباتەوە ؟.

لەماوەى (4-5) ساڵى ڕابردوودا ، هەریەکە لە ( بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى و ئیسلامییەکان و میدیاى ئەهلى بە ئێن ئاڕتیشەوە ، هەروەها بەکوردە چالاکەکانى هەندەران و چەندین ئەمسەرو سەرى دیکە) بەئێرانیشەوە ، هەموو ڕێگەیەکیان تاقى کردەوە ، دژى پارتى ، شتێک نەما نەیڵێین و نەیکەین .

ئەم بەرانە ، یەکەم: زۆر ناڕێکخراو بوون ، بەئاسانى تاقەکەسێکیش دەیتوانى ئیختراقیان بکاو ، بیانخاتە ناو قاڵبى شەڕى فەیسبوکەوەو سەرقاڵیان بکات . جگەلەوەى هەرخۆیان هەرزە بون ، سیاسەت بەشەڕە گەڕەک وپەڕۆ و (ردفعل) تێگەیشتبون ، هەرکەسێک بەحاڵ ڕەخنەیەکى لەهەریەکێک لەم نیمچە بەرانە بگرتبا ، ئیتر وەهایان پێً ئەکرد ، جارێکى تر ڕووى ناوبازاڕى نەبێت ، دواجار باجێکى باشیی ئەمەیان داو ، بەشێک لەخەڵک و تەنانەت جیهانى دەروەش ، والێ یان گەیشتن ، تەنها بابەتێکى ڕۆژن و ئایدۆلۆژیاو ستراتیژێکیان نییە ..

لەبەرامبەر ئەمەدا، پارتى هێزێکى ڕەگ داکوتاوە ، بەبەرنامە کار ئەکات ، گشت یان بەشێکى زۆرى ئەو پێوەرانەى تیایە ، کە دەکرێت لەزانستى سیاسییدا ، بە جەمسەرێک بوترێت ” بەهێز ” بۆنمونە :

– پارتى لەڕووى دبلۆماسیی و پەیوەندییە نێوخۆیی و هەرێمایەتیەکانەوە ، بەبەراورد لەهێزەکانى تر یەکەمە ، پشتگیرى تەواوى هاوپەیمانێتى یەکانى ناتۆى هەیە . تورکیاى لەگەڵە ، ئاخر (داود ئۆغلۆ) نە (عەدنان عوسمان) ئەناسێت ، نە ( عەبدولستار مەجید) نە (تاریق فاتیح) !. جگەلەوە پارتى لەگەڵ مالکى و حکومەتى مەرکەزیش پەیوەندییەکانى ئاسایی کردەوە..

– پارتى ، سەروەت و سامان و سیاساتى نەوتى هەرێمى کوردستانى لەبەردەستە.

– پارتى ، نوخبەیەکى بیانى و ڕاوێژکار پلانى بۆ دائەڕێژن ، کەتواناکانیان لەسەرووى تێگەیشتنى لایەنە کوردییەکانى ترەوەیە . بەجۆرێک هەندێ جار مەکتەبی سیاسییەکەیان ئاگایان لەزۆر شت نییە .

– ئامرازەکانى دەست گەیشتن و قسەکردنى لەگەڵ خەڵک جیاوازترە ، وەکو ئامرازەکانى ڕاگەیاندن ، تۆ سەیربکە ، یەکێتى لەبرى ئەوەى تۆڕێکى میدیایی وەک ڕووداو بکاتەوە ، ئەچێت لەفەیسبوک پەیجى جەزیرە کورد دائەنێت !.

– هێزەکانى پاراستن و زێرەڤانى و پێشمەرگەو ئاسایش پارتى ئاڕاستەیان دەکات .

ئەوانەى پێیان وایە ، هەڵبژاردن هەمووشتێکە ، ئەوانەن کەلایانوایە دیموکراسیەت شتێکى چاوەڕوانکراوە لەبەرهەیوانەکانى مالکى و سەدرو سیستانى دا.مالکى لەهەڵبژاردن دەریش نەچووەو ، سەرەکوزەیرانى ژێر زەوى و سەر زەوى عێراقیشە ، خۆشی ئەپاڵێوێتەوە . بۆچى پێتانوایە : لەفەڕەنساو بەریتانیا ، هەڵبژاردن هەموو شتەکان دیارى ئەکات ، بێگومان نەخێر .. هەڵبەت ئێمە نامانەوێ لەمیسداقیەتى دەنگ و حوکمى گەل کەم بکەینەوە ، بەڵام ئەمڕۆ کۆى سیاسەت شوێنکەوتووى قوتابخانەى واقعیەتە ، کە ناوکەکەى بریتى یە لە ” هێز ” و دابەشبونى ” هێز لەخودى خۆیدا “.

سێهەم : نەوشیروان مستەفا چى دەکات ..؟.

نەوشیروان مستەفا ، کەسێکى بەئەزموون ، زمانزان ، شارەزاى مێژووە ، لەگەڵ ئەوەى ئامرازێکى هەواڵگریی و کۆکردنەوەى زانیاریشى لەبەردەست نییە ، لەهەرکەس باشتر ڕووداوەکان دەخوێنێتەوە . پارتیش لەهەرکەس زیاتر چاوى لەسەر نەوشیروان مستەفا دانابو ، بەترسێکى گەورەى دەزانى لەسەر قەڵەمڕەوى خۆى . چونکە ئەو دەیتوانى گۆڕانەکە بکات ، کە پارتى ترسی لێی هەبو ، مامەحاجییەکە لەسەرشاشە وتى : ” ئەمە نیعمەتە ، خوا ناردویەتى ، بۆ دژایەتى بنەماڵەى بارزانى .”.

ئێستا ، گۆڕان هێزى دووەمەو ، یەکێتى سێهەم ، هەردوکیشیان دۆڕاون ، بەهەردوکیشیانەوە ناتوانن ، پارتى تێپەڕێنن ، تەنها یەک فیشەک لەمەخزەنەکەى بزوتنەوەى گۆڕاندا بو ، ئەویش گەڕانەوەى دەستوور و شەڕێکى ئیعلامى و سایکۆلۆژیی بو ، ئەوەشیان وەک تیرەکەى ئارشی کەمانگیر وەشاند و ، نەگەشتنە ئامانج . ئیتر لەم قۆناغە بەداوە ، یان دەبێت بچنە حکومەتەوەو ، خزمەتێکى خەڵک و هەڵسوراوەکانیان بکەن ، ڕاى بگەیەنن ئەمانیش لەگەڵ پارتى پێکەوە تەکبیرێکى نیشتمانى و چاکخوازانە دەکەین ، یاخود لەدەرەوە ئۆپۆزسیۆن بن و ، ئەوانیش چاوەڕێی قۆناغى دواى نەوشیروان مستەفا بکەن .!.

چوارەم : ئەو تەقینەوەیە چى بو ؟. بۆچى کرا ؟.

خەریکە ، گۆڕانکاریی تەواو لەپێکهاتەى شارەکانى هەرێمى کوردستاندا ، ڕووبدات ، بەهۆى هاوڵاتیە عەرەبەکانى باشور و ناوەڕاستى کوردستان و ، سوریاو ئێران و تورکیاو… هتد . هەرێمى کوردستان لەبۆشاییەکى ئەمنى کۆمەڵایەتى و سیاسیی و ئابورییدا گوزەرئەکات ، لە نەبونى ئاسایشێًکى ئەلیکترۆنى دا خۆى دەبینێتەوە ، لەبەردەم بەرژوەندیی زلهێزەکاندا دۆش داماوە . دەکرێت بڵێین ؟: بەجۆرەها شێوە لەکوردستان کارى سیخوڕى و تێکدەرانە دەکرێت ، لەسەر کلتورو زمان و ئاین و … هتد..

ئەم تەقینەوەیە ، تەنها نامەیەکى سیاسیی بوو ، تا پارتى و سەرکردایەتى سیاسیی کورد ئەملاو لا نەکەن ، بەڵکو ئێمە دەتوانین : لەبەهێزترین خاڵى ئێوە بدەین ، کەئاسایشە .لەو وەتەرە بەین کە ئێوە کردوتانەتە مایەى ئارامى و گەشەسەندن . ئەمبوڵانس چى یە؟. مەبەستى بێت تەلەفۆنى ئایفۆن بەگوێچکەى بەرپرسە کوردەکاندا دەتەقێنێتەوە . ئێستا لەناوچەکەدا کوردستان باشترین لانەیە بۆ ڕایەڵە هەواڵگرییەکانى ڕۆژهەڵات ، کەپێویستى یان پێی بێت تا پلان و بەرنامەکانى خۆیان لەشوێنێکى وا هێمنەوە ئاڕاستەى شوێنانى تر بکەن ، میتى تورکەو ئیستخباراتى عێراقى کارئاسانى بۆدەکاو ، گێرە شێوینى لەهەرێمدا دروست ئەکا.. کەواتە دەبێت : چاوى زەڕەبینى بخرێتە سەر کوێ ؟. بێگومان . عێراق و سوریا.

لەکۆتاییدا ، پارتى دەکەوێتە ، بەر بژاردەى یاخى بونى خەڵک ، لەگەڵ ئەوەى چەند توخمێکى جیاواز پارتیان بەهێزکردووە ، ئەوا ئەمڕۆکە نزیکەى زیاتر لە (1) یەک ملیۆن کەس ، دەنگیان بەپارتى نەداوە ، دەیان و سەدان کەس قسەى جدییان لەسەر پارتى هەیە ، گوژمێک بەرەو فۆرمەڵە بون دەچێت لە ناوەو دەرەوەى کوردستان ، کەیاخى بن لەهەرشتێکى ئەم نیشتمانە ، بەجۆرێک بگاتە ئاستێک ، کە کوشتارێکى زۆر لەکوردستان ڕووبدات ، لانى کەم لەبەرژەوەندى چەند پاوانخواز و گەندەڵکارێک بدرێت .