عەتا قەرەداخی : کێ حکومەت درووست دەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان لە دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی هەر هەڵبژاردنێک ، ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کە کێ حکومەت درووست دەکات . دیارە بۆ کوردستانیش هەمان بۆچوون راستەو، هەر لە ئێستاوە دەنگ و باسی درووستکردنی حکومەتی نوێ باسی بڵاوی نێو راگەیاندنەکان و کۆڕو کۆبوونەوەکانە . کەواتە ئەمجارەیان لە هەرێمی کوردستان کێ حکومەت درووست دەکات ؟

وەکو ئاشکرایە ئەو لیستەى کە زیاترین کورسی پەرلەمان دەباتەوە ئەو لیستە رادەسپێردرێت بۆ درووستکردنی حکومەت . ئەگەر ئەو لیستەش پەنجا کۆ یەکی دەنگەکانی پەرلەمانی هەبێت ئەوا پێویستی بە هیچ لیست و لایەنێکی تر نابێت کە حکومەتی لەگەڵدا درووست بکات ، مەگەر خۆی بیەوێت ئەوانی تریش بەشداری پێ بکات و حکومەتێکی بنکە فراوان درووست بکات . بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو لیستەى زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە نەیتوانی بە تەنیا حکومەت درووست بکات ئەوا دەبێ پەنا بۆ درووستکردنی هاوپەیمانی و حکومەتی هاوبەش ببات . ئێستا دوای هەڵبژاردنی ئەمجارەى پەرلەمانی کوردستان هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا حکومەت درووست بکات کەواتە لیستی خاوەن زیاترین کورسی کە پارتییە پێویستی بە درووستکردنی هاوپەیمانێتیە . بەڵام داخۆ پارتی هەوڵدەدات لەگەڵ کێدا هاوپەیمانێتی درووست بکات ؟ ئەى داخۆ ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە لە دەرەوەى پارتی لیستەکانی تر هاوپەیمانی درووست بکەن و هەوڵ بدەن پارتی بخەنە دەرەوەى حکومەت ؟ بێگومان لێرەدا لەسەر هەرەیەکە لەو دوو ئەگەرەو ئەگەری سەرکەوتنی زیاتر بۆ کامیان هەیە دەدوێین و لەو مەترسیانەش دەدوێین کە ئەگەرى سەرهەڵدانیان هەیە لە نێوان لایەنە دەرچووەکانی هەڵبژاردندا.

بە گوێرەى ئەگەری یەکەم ئایا پارتی لەگەڵ کێدا هاوپەیمانی دەکات ، ئێمە گوێبیستی ئەوە بووین کە نێچیرڤان بارزانی گووتی ئەوان دەستبەرداری هاوپەیمانە ستراتیژەکەیان نابن کە یەکێتیە . دیارە لە حکومەتی پێشتردا کە بە حیساب حکومەتی نیوە بە نیوە بوو بە ئاشکرا دیاربوو کە حکومەتی پارتیە ، تەنانەت لە دوو ساڵی یەکەمیشدا کە دکتۆر بەرهەم سەرۆکی ئەو حکومەتە بوو. بۆ ئەمجارەیان کە یەکێتی لە نیوەى کورسیەکانی پارتی کەمتری هەیە لە پەرلەماندا ، بێگومان لە حکومەتیشدا تەنانەت ئەگەر وەزارەتی لە حەقی خۆیشی زیاتر پێبدرێت هەروەکو پاشکۆی تەواوەتی پارتی دەبێت . وەکو دەشزانین ناڕەزاییەکی تەواو لە ناو سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتیدا هەیەو زۆربەیان هۆکاری شکستەکەیان دەگێڕنەوە بۆ پاشکۆبوونیان بۆ پارتی ، کە بێگومان ئەگەر ئەمجارە بەو کورسیانەى کە هەیانە بچنە حکومەتەوە زیاتر دەبن بە پاشکۆ . بۆیە ئێستا روون نییە کە ئایا پارتی ئەو هاوپەیمانێتییەى لەگەڵ یەکێتیدا بۆ دەکرێت یان نا . هەرچەندە من پێموایە یەکێتی هێزێک نییە لە ئێستادا بتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن چونکە هەروەکو بەشێک لە کادیرە پێشکەوتووەکانی و هەندێ لە ئەندام پەرلەمانەکانی دەڵێن مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی ئەو حیزبە خەریکی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن ، دیارە هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییانە نابن . ئەمەش وایان لێدەکات هەرچۆنێک هەیە بچنە ناو حکومەتەوە بەمەش پارتی دەتوانێت حکومەتی خۆی پێکبهێنێت و پێویستی بە کەسی تریش نەبێت بە تایبەتیش وا پێدەچێت ئەو یانزە کورسیەى کە بۆ تورکمان و مەسیحی و ئەوانی تر دانراوە ئەگەر هەمووشیان سەربەپارتی نەبن ئەوا بەشی هەرەزۆریان سەربەوبن . کەواتە لە حاڵەتی بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەتدا کاری پێکهێنانی حکومەت بە ئاسایی دەڕوات .

ئەگەری دووەم ئەوەیە کە پارتی لەگەڵ یەکگرتووى ئیسلامی و کەمینەکاندا هاوپەیمانی پێکبهێنێت ، لەبارێکی وەهاشدا رەنگە بەلایەوە گرنگ نەبێت یەکێتی بچێتە حکومەتەوە یان نا ، دەشتوانێت مەرجەکەى یەکگرتوو جێبەجێ بکات کە هەڵوەشاندنەوەى رێکەوتنی ستراتیژییە لەگەڵ یەکێتیدا . لەبارێکی وەهاشدا ئەگەر یەکێتی بیەوێت بچێتە حکومەتەوە ئەوا بە قەوارەى خۆیەوە دەچێتە حکومەتەوە کە قەوارەیەکی لاواز دەبێت . دیارە ئەوەى کە خاڵی بەهێزە بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەگەرە ئەوەیە کە پارتی و یەکگرتوو هەردووکیان نزیکن لە تورکیا یان باشتر بڵێن لە میحوەری تورکیان ، لە کاتێکدا یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ زیاتر بەلای میحوەری ئێراندا دەشکێنەوە . بەڵام ئەوەى کە لێرەدا بۆ پارتی زەحمەتەو یۆ یەکێتی خاڵی بەهێزە ئەوەیە پارتی ناتوانێت بە ئاسانی ئیدارەى جێ نفوزی ئەوسای یەکێتی و ئیستای گۆڕان و یەکێتی بکات بە تایبەتی کە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ئەم رووبەرە دامودەزگای یەکێتین و بەجۆرێک رێکخراون و بەحیزبی کراون ئەستەمە بێجگە لە خۆیان کەسی تر بتوانێت لە کاتێکی کورتدا دەسەڵاتی بەسەردا بکات و بەڕێوەى ببات . خۆ ئەگەر ئەوەش روویدا ئەوا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەبێتە پشێوی و پاشا گەردانی کە پێموایە لە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکاندا ئەو پشێوییە بە واقیعی روودەدات ، لە کاتێکدا ئەگەری تەواو هەیە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم رووبەرەدا سەربکەوێت ، ئەویش لە درووستکردنی حکومەتە ناوخۆییەکانی سلێمانی و گەرمیاندا رووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە ، بۆیە هەروا ئاسان نییە کە یەکێتی بخرێتە دەرەوەى حکومەت بە تایبەتی کە یەکێتی کۆمەڵی هێزی گەورەى وەکو پێشمەرگەو ئاسایش و زانیاری و دژە تیرۆرو کادیری بەڕێوەبردنی هەیە . ئەمە سەرباری ئەوەى کە پێموایە سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش بیەوێت جۆرێک لە هاوسەنگی لە هەرێمدا لە نێوان میحوەری تورکی و میحوەری ئیرانیدا رابگیرێت ئەوەش تەنیا بە پێکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی لە یەک حکومەتدا فەراهەم دەبێت .

ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە پارتی لەگەڵ گۆڕاندا هاوپەیمانی بکات و حکومەت درووست بکات ، بەڵام بە بڕوای من لە بارێکی وەهادا لەبەرئەوەى پارتی زۆرینەى هەیە ناشێت مل بۆ مەرجەکانی گۆڕان بدات بە تایبەتی ئەوەى کە باسی وەرگرتنی وەزارەت دەکرێت نەک وەزیر ، چونکە ئاشکرایە بەرنامەى حکومەت زیاتر سەرۆکی حکومەت دایدەنێت و بەرنامەی کاری هەر کابینەیەک ئەوەیە کە سەرۆکی کابینەکە پێشکەشی دەکات . بۆیە پێناچێت پارتی بەو مەرجانەى بزووتنەوەى گۆڕان رازی بێت کە ئەمەش هۆکارێکی تر دەبێت بۆ ئەوەى کە پارتی زیاتر هەوڵبدات لەگەڵ یەکێتی پێکبێت و تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە لە ئیستیحقاقی یەکێتی خۆی زیاتر پۆستی پێبدات بۆ ئەوەى ناچار نەبێت مەرجەکانی گۆڕان قبوڵ بکات . بۆیە من پێموایە لاوازترین ئەگەر ئەوەیە کە پارتی بە مەرجەکانی گۆڕان رازی بێت ، خۆ ئەگەر گۆڕانیش بەبێ مەرج چووە حکومەتەوە ئەوا دەشێ زۆرێک لەو متمانەى جەماوەرەکەى خۆی لەدەست بدات .

ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە پارتی لە ماوەی راسپاردنیدا وەکو لیستی یەکەم نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت ، ئەو کات لیستی دووەم رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت کە ئەویش بزوتنەوەى گۆڕانە . بێگومان لە بارێکی وەهادا گۆڕان هەوڵدەدات لەگەڵ دوو لایەنە ئیسلامییەکەو یەکێتیدا حکومەت پێکبهێنێت ، ئەگەر بێت و یەکێتی دابەش نەبێت و بەشێک لە دەنگەکان نەبنە هاوپەیمانی پارتی ، چونکە لە ئەگەری جیابوونەوەى یەک لەسەر سێی یەکێتی بەبێ پارتی ناتوانرێت حکومەت درووست بکرێت .

بەهەرحاڵ گریمان ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ گۆڕان پێکهات و حکومەتی درووست کرد ، ئایا دەتوانرێت بە ئاسانی پارتی بکرێتە دەرەوەى دەسەڵات ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەرکەسێک بە لۆجیکی عەقڵ بیربکاتەوەو تێبگات دەزانێت کە ئەوە زەحمەتە ئەویش لەبەر ئەم هۆیانە :

یەکەم لە رووبەرێکی فراوانی وەکو بادیناندا بێجگە لە یەکگرتووی ئیسلامی نە یەکێتی و نەگۆڕان و نە کۆمەڵ بەشی ئەوە قاعیدەی جەماوەرییان نییە کە ئیدارەى ئەو ناوچانەى پێبەڕێوەببەن .

دووەم : پارتی ماوەى بیست و دووساڵە دامودەزگاکانی بادینان و ماوەى حەڤدە ساڵیشە دامودەزگاکانی هەولێری بەدەستەوەیەو لەسەر شێوازێک درووستی کردوون و بەڕێوەى بردوون بە ئاسانی نایانداتە دەست هیچ لایەنێکی تر .

سێیەم : پارتی چەندین هێزی گەورەى وەکو پێشمەرگەو زێرەڤانی و ئاسایش و پاراستنی بەدەستەوەیە کە ئەستەمە ئەو هێزانە بخرێنە دەرەوەى دەسەڵات .

چوارەم : پارتی سەرچاوەی سەرەکی داهات و ئابووری کوردستان لە نەوت و گومرگ و کۆمپانیاکانی بەدەستەوەیەو ئەستەمە دەستبەرداریان ببێت .

پێنجەم: پارتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش توانیوێتی پەیوەندییەکانی بەجۆرێک رێکبخات و بچنێت کە لایەنەکانی تر بە ئاسانی جێگای ئەویان پێناگیرێتەوەو بڕوا ناکەم پارتی بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو هەموو پەیوەندیانە ببێت .

شەشەم: لەسەر ئاستی حکومەت پارتی بەلایەنی کەمەوە حەڤدە ساڵە دامەزراوەکانی حکومەت بە مواسەفاتی خۆی درووست دەکات بۆیە پێموانییە بە ئاسانی بیانداتە دەستی خەڵکانی تر ، لە کاتێکیشدا مادەم زیاترین دەنگی بەدەستهێناوە خۆی بە خاوەن حەق دەزانێت .

کەواتە کاتێک سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن و یەکێتی بیانەوێت هاوپەیمانی درووست بکەن و پارتی بخەنە دەرەوەى دەسەڵات چی روودەدات ؟ بێگومان مەترسیەکە لێرەدایە کە بە بۆچوونی من بە هیچ شێوەیەک پارتی هەولێرو دهۆک ناداتە دەستی حکومەتێک کە خۆیی تێدا نەبێت . بۆیە ئەگەر هەوڵەکان چڕکرانەوە بۆ دوورخستنەوەى پارتی لە حکومەت و لەوەشدا دژەکانی پارتی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا ، ئەوا مەترسی گەورەى ئەوە دەکرێت کە جارێکی تر هەرێمی کوردستان دابەش ببێتەوە ، هەمان شێوەی پێشتری ئیدارەى زەردو سەوز .

کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێن ئەگەر بە گشتی لایەنەکان بە لۆجیکی عەقل بیر بکەنەوە ئەوە هەوڵدەدەن حکومەتێکی بنەکە فراوان پێکبهێن بە جۆرێک کە بتوانێت لایەنی کەمی ئەو هەموو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لە شاڵاوەکانی هەڵبژاردندا بانگەشەیان بۆ دەکرد . هەرچەندە من خۆم حەزدەکەم لە دەرەوەى حکومەت پێکهاتەى بەهێزی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن هەبێت چونکە ناکرێت باسی دیموکراسی بکرێت بە بێ بوونی ئۆپۆزسیۆن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت