کەمال میراودەلی: فشۆلۆجییا : فەلسەفەی دەسەلات و حیزب و کۆمەڵگای حیزبیی کوردیی.

  دەتوانین بلێین هەموو کۆمەڵگایەکی مودێرن پێنج بنەمای سەرەکیی هەن:   ١- فەلسەفەی سیاسیی [ لۆجیکی عەقلانیی و پرینسیپە ئایدیۆلۆجیاکانی چەپ، راست، ناوەڕاست کە بە شیوەی دیار یان نادیار لە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

 

دەتوانین بلێین هەموو کۆمەڵگایەکی مودێرن پێنج بنەمای سەرەکیی هەن:

 

١- فەلسەفەی سیاسیی [ لۆجیکی عەقلانیی و پرینسیپە ئایدیۆلۆجیاکانی چەپ، راست، ناوەڕاست کە بە شیوەی دیار یان نادیار لە هەموو سیستم و کۆمەڵگاکاندا هەن و پێناسەی حیزبەکان و شێوەی حوکمرانیی دیاری دەکەن بە تایبەتی لە رووی پێشکەوتنخوازیی و داپەروەریی و یەکسانییەوە ]

٢- زانست / تەکنۆلۆجی [ ئەژمار ( ستاتیستیکس ) لە هەموو بوارێک و چالاکییەکی کۆمەل و ژیاندا، لێکۆلینەوەی زانستیی ، ئەکادیمی ، ستراتیجی، مەیدانی، مەرجەعیەتی پسپۆریی و… هتد . ]

٣- دیمۆکراسی [ میکانیزمەکانی دەوری سەرەکی خەلک و بەشادریی هاو – وڵات لە بڕیاردانی سیاسیدا ]

٤- دەستوورو یاسا [ سەرچاوەیی دەستوورو حوکمی یاساو یەکسانیی هاو – ولاتان بەرامبەر یاسا رەواکانی ولات ]

٥- ئەخلاق : [ کۆمەلە بەهاو پرینسیپە مرۆڤییە مۆرالییە نەگۆرەکان .]

دەسەلاتی ٢٢ سالەی حیزبیی شاخیی کوردیی لە هەر پێنجیان بیبەشە

دیارە ئەوە داهێنان و موعجیزەیەکی گەورەی دەسەلاتی کوردییە کە بەبێ ئەو بنەمایانە کاری سیاسیی و ئیدارەی ولات بەرێوەدەبات و توانیوێتی بەیەک داهێنانی تایبەتی بەخۆی جێی ئەو چوار بنەمایانە بگرێتەوە . دیارە لەبەر ئەوەی ئەو داهێنانە شتێکی تازەیە پێویستیمان بە دا‌هێنانی ناو ، چەمک ( کۆنسێپت ) یان کۆزانێکی فەلسەفی نوێیە بۆ ناونان و ناساندن و روونکردنەوەی ئەو داهێنانە گەورەیەو بێنموونەی دەسەلاتی کوردیی .

بۆیە من موژدەتان دەدەمێ کە دوای عەزاب و بیرکردنەوەیەکی زۆر توانیم ناویكی فەلسەفی بۆ بدۆزمەوە کە پڕ بە پێستێتی ئەویش : فشۆلۆجی یە .

فشۆلۆجی لە دوو وشە پێکهاتووە : فشە + لۆجی .

رەنگە هەمووتان مانای ‘ فشە ‘ و ‘ فشەچی ‘ و ‘ فشەکردن ‘ و ‘ فشەفشکردن ‘ بزانن . بەلام مادام من ئەم وشەیە لەگەل پاشگری ‘ لۆجی ‘ بەکاردەهێنم ئەوا پێویست دەکا زیاتر مانای وشەکە روون کەمەوە .

‘ فشە ‘ گرنگترین وشەیە لە فەرهەنگی سیاسیی دەسەلاتی کوردییدا . دەربڕی عەقلییەت و فەلسەفەو ستراتیج و دەستوور و پراکتیسی ئەو دەسەلاتەیە وەک لە ٢٢ ساڵی رابردوو دا نیشانی داوە .

لە بەرامبەردا ‘ لۆجی ‘ گرنگترین وشەیە لە فەرهەنگی زانستیی و شارستانیی مرۆڤایەتییدا . 

[ فشە ] لە زمانی کوردییدا لە ‘ بۆش ‘ و ‘ بۆشاییش ‘ بەتاڵترە ، واتە لە ئاستی ‘ هیچی ‘ یان ‘ هیچبوونیی ‘ رەهادا ، ‘ فشە ‘ لە ‘ بۆش ” و ‘ بۆشایی هیچترە .

بۆشایی بە مانای زانستیی ئارایەکە کە ‘ بەتاڵ ‘ نییە : هەواو خۆرو رەنگ و جوولەو تەزووی ئەلەکترۆنی و هتد تێدایە .

بەلام ‘ فشە ‘ هیچی تێدا نییە تەنانەت باو هەواش . ئەمە بەکارهێنانی زمانەوانیی وشەکە دەری دەخا :

بۆ نموونە میزڵدان یان شیشلدانێکمان هەیە کە فوومان داوەو پڕمان کردووەو سەرەکەیمان بەستووە . ئەو شیشلدانە بۆشاییەکەی پرە لە با ” یان هەوا . سەرە بەستراوەکەی بکەوە چ روودەدا : فشەیەک دەکاو هەواکەی بە گروژم دێتە دەرێ : ئەوسا دەلێین : شیشڵدانەکە ‘ فش ‘ بۆوە ، واتە تەنانەت لە هەواش بەتاڵ بۆوە . بۆ تۆپ و هەمبانەی بۆشیش هەروا دەڵێین .

ئەمە روونی دەکاتەوە کە ‘ فشە ‘ لە ‘ بۆش ‘ هیچ ترە . کەسیکێش کە فشەفش دەکا یانی هیچ دەردەپەرێنێ و وتەکانی ناوەرۆک و ماناو مەبەستیان تێدا نییە . تەنانەت بەکارهێنانی زمانیشی ( وەک با ) تێدا نییە چونکە وشەکان بێ مانان و تەنیا بۆ هیچ وتن دەوترێن .

لێرەوە قورساییەک یان ناکۆکییەکی فەلسەفی دروست دەبێ : چۆن وشەیەکی هەرە گرنگی مرۆڤایەتی بۆ لێکدانەوەی هەرەهیچترین وشە کە ( فشە ) یە بەکاربێنین ؟ چۆن بەکاری بێنین ؟ لەکوێ و لە چ بوارێکدا دەتوانین فشۆلۆجی دەسەلاتی کوردیی [ واتە بێبەرییبوونی لە بنەماو ماناکانی فەلسەفە ، زانست ، دیمۆکراسی ، یاساو ئەخلاق ] بەدەستبێنین ؟

وەلامدانەوەی ئەمە قورس نییە ، چونکە ‘ لۆجی ‘ خۆی ئەو میکانیزمەمان دەداتێ کە وەلامی ئەم پرسیارەو نهێنییەکانی بدەینەوە ؛ لەبەر ئەوە دوای ئەوەی مانای بەشی یەکەمی کۆزان – ەکەمان زانی واتە : فشە : کە بریتییە لە بێبەریبوون یان نەبوونی بنەماو ستانداردو ماناکانی فەلسەفە ، زانست ، دیمۆکراسی و یاساو ئەخلاق ، ئەوا ئێستا پێویستە مانای بەشی دووەم : لۆجی روون بکەینەوە .

لۆگۆس ، لۆجییک ، لۆجی

گرنگترین وشە لە میژووی مرۆڤایەتیدا ، کە ئەویش دیارە داهێنانی یۆنانییەکان بوو ، وشەی : لۆگۆس – ە . لێرەدا نامەوێ بچمە سەر مێژووی یان مانا بەربلاوەکانی ئەو وشەیە ، تەنیا ئەوەندە بەسە کە بڵێم : پاشگری [ لۆجی ]،( لە هەندی زماندا بە لۆگی و لۆژی دەیخوێننەوە ) کە لە لۆگۆس – ەوە وەرگیراوە بۆتە هاوبوون ومیکانیزمی هەموو لک و بوارەکانی زانستی مرۆڤ . بەم جۆرە :

بایۆلۆجی یانی زانستی زیندەوەر ؛

سایکۆلۆجی یانی زانستی دەروونیی ؛

سۆسیۆلۆجی یانی زانستی کۆمەل ؛

تەکنۆلۆجی یانی زانستی تەکنیک و پیشەو سنعەت ؛

فینۆمینۆلۆجی یانی زانستی دیاردە ؛

میتۆدۆلۆجی یانی زانستی میتۆدەکانی باس و لێکۆڵینەوە .

ئیدی بەم جۆرە .

لۆجی : لێرەدا هەم تایبەتێتیی ئەو بوارانەی زانین نیشان دەدا ، هەم ئەو میتۆدو لۆجیکە زانستییەی بۆیان بەکاردێ ، هەم ئاستی ئەو زانینەی تا ئێستا بەدەست هاتووەو هەلسەنگاندن و پێداچوونەوەو رەخنەکردن و نرخاندن و پێشخستنی هەمیشە زیاتری بێکۆتایی .

بەکورتی بە بێ ‘ لۆجی ‘ : نە زانین هەیە ، نە میتۆد و میکانیزمی بەدەستهێنان و نرخاندنی زانین .

گەر کەمێ بۆ بنەرەت و مانای جەوهەری وشەی [ لۆجی ] و رەوشی بوونی وشەکە خۆی بگەڕێینەوە ، دەبینین وشەکە بە شێوەیەکی ئۆرگانی بە زمانەوە بەندە .

مانای سەرەکی یەکەمی لۆگۆس ، لۆجی : وشە یان قسەیە .

ئەمیش لە بەر ئەوەیە کە تەنیا لە رێگای زمانەوە ، بە مانا فراوانەکەی ، زانین و زانستەکانی مرۆڤ دەربڕدران و دانران و ریزبەند کران . بۆیە وشەی ( لۆجیک ) یش هەر لەم رەگەوە وەرگیراوە .

ئەمە کارەکەمان بۆ دۆزینەوەی [ لۆجی ] فشە تا رادەیەک ئاسان دەکا بە تایبەتی بۆدامەزراندنی ئەوەی لە کوێدا دەتوانین لۆجی فشەی کوردیی بدۆزینەوە ؟

لە ئاخاوتنی کوردیدا ، لە قسەکاندا ، بە تایبەتی لە وشەو قسەو وتاری پیاوانی دەسەلات و بۆشنبیرانی سەر بەدەسەلات و وتاری میدیایی و ئەهلیی کوردییدا کە گەنجینەیەکی گەورەی ترادیشن و شێوەی ‘ فشە ‘ و ‘ فشەکردن ‘ لە زمان و ئاخاوتنی کوردییدا پێشکەش دەکەن .

ناکۆکییەکی دووەم کە رەنگە خوێنەر زوو بە خەیالی دابێ ئەوەیە : گەر فشە بۆشایی هیچ بێ ئەی چۆن دەکرێ و دەشێ وەک فەلسەفەو هێزێک ولاتێک بەرێوەبەرێ ؟

وەلامەکە ئەوەیە : گەر سەرنجی نموونەی شیشلدانەکە یان تۆپی پێ بدەینەوە دەبینین کە فشەیی بۆ خۆی هیچە ، بەلام لە دەرەوەڕا کاری لەسەردەکرێ : واتە بەرتواناو بەردەستی هێزێکی دەرەوەی خۆیەتی کە فشەیی یەکە دەکاتە بۆشایی و هەوای خۆی تێدەکا . بەم جۆرە تۆپێکێ پێی بۆش دەکرێ پڕبکرێ لە هەواو ببێتە تەنێکی ىێ گیان بەلام رەق و خۆڕاگر ، تا یاریچیەیکان بخوازن بۆ شەقشەقێنە بەکار بێت ، یان سەدان شیشلدانی رەنگاورەنگ دەشێ فووبدڕێن و دەمیان ببەسترێ و وەک رەنگ و رەمزی جۆراوجۆر بە ئاسماندا بلاوبکرێنەوە .

فشۆلۆجی وەک کۆزانێکی فەلسەفیی

دیسانەوە دەمەوێ بیری خوێنەرانی بەرێزبێنمەوەو جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە من هەرگیز ‘ فشە ‘ بۆ سووکایەتی و سووککردنی هیچ جۆرە ئاخاوتنێک بەکارناهێنم بەلکو ئەو وشەیە لەبواری بەکارهێنانە میللیی و بازاڕییەکەیەوە دەگوێزمەوە بۆ ئاستی لێکدانەوەی دیاردەیەکی زمانەوانی سیاسی کە لەرەوشی باوبوون و بەردەوامبوونییدا فەلسەفەی دەسەلاتی سیاسی کوردیی و لە ئاکامدا کۆمەڵگای بەحیزبییکراوی ئەو دەسەلاتە دەردەبڕێ و دەردەخاو لە شیکردنەوەی دواییدا هۆکاری بەردەوامی هەڵەو تاوان و تراژیدیاکانی روون دەکاتەوە کە بریتییە لە غیابی عەقڵ و زالبوون و زاڵکردنی [ لەلایەن بێگانەوە ] دەسەلاتی بەربەریی ناعەقلانیی نانەتەوەیی بێ شەرعییەتی دەستووریی و چاودێریی ویژدانیی و یاسایی ولێپرسینەوەی دیمۆکراتی و ئیداریی و سیاسیی و دادگایی .

کەواتە ئەگەر بمانەوی فشۆلۆجیا وەک میتۆدێکی ئەکادیمی شیکاریی بۆ لێکدانەوەی و تارو عەقڵیەت و سیاسەتی حیزب و دەسەڵاتی کوردیی بەکاربێنین دەبێ بە وردی لەم رەگەزو رواڵەتانەی فشۆلۆجی ئاگادار بین :

١ – فشە : بریتییە لە دیاردەی بەکارهێنانی زمان لە راگەیاندنی کەس و رێکخراوو دەزگا حیزبییەکانی دەسەلاتی کوردیی و کۆمەڵگای بەحیزبیکراویی کوردیی :

قسەی فشە ، راگەیاندنی فشە ، وتاری فشە ، کۆبوونەوەو بڕیاری فشە ، بیرورای فشە ، چاوپێکەوتن و گفتوگۆی فشە ، میدیای فشەو … هتد . : ئەو جۆرە بیرو وتەو کردارو پرۆسانەن کە لە بنەماکانی : فەلسەفە ، زانست ، دیمۆکراسی ، یاسا و ئەخلاق بێبەشن و لە بۆشایی بێمانایی و ناعەقلانیەت و درۆو ساختەچێتیی و کات بەفێڕۆدانی رۆژانەدا دەخولێنەوە . کە ئاکامی ئەمەش تەنیا فشبوونەوە واتە خۆ – بەتاڵکردنەوەو خۆ – رووخاندن و ئەخلاق داڕزاندن و کۆمەڵ گەندەڵکردنە .

٢ – بە بارێکی تریش دەتوانین ئەم پێنج پێوانەیە بۆ هەر وتەو راگەیاندنێک بەکاربێننین و بپرسین : ئایا ئەم وتەیە ، راگەیاندنە ، وتارە ، بریارە بنەماو ستانداردەکانی فەلسەفە ، زانست ، دیمۆکراسی ، یاسا وئەخلاقی تێدایە وئایا دەتوانین بە وردیی بە پێی ئەو بنەمایانە سەرنجیان بدەین و شییان بکەینەوە ؟ گەر تێیاندا نەبوو ئەوا فشەن و بەشێکن لە فشۆلۆجی دەسەلاتی کوردیی .

٣ – دەشتوانین فشۆلۆجی وەک میتۆد بە شێوەیەکی مێژوویی بەکاربێنین و زنجیرەی و تەو راگەیاندن و بریارەکانی بیست ساڵەی دەسەلاتی کوردیی و کۆکەینەوەو بە پێی ئەو پێنج بنەمایانە لێیان بکۆڵینەوە تا ئاست وقەوارەو مانای راستەقینەی فشۆلۆجی کوردیی تێبگەین .

٤ – فشە تەنیا ئەو کاتە دەبیتە بۆشایی هێز کە لە دەرەوەڕا کاری لەسەر دەکرێ . بۆ نموونە : هەرچی سەرانی حیزب دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بیلێن فشەیە ، تا لە دەرەوە [ ئیران یان تورکیا یان هی تر هەوای تەواویان تێنەکرێ تۆپەکە ناکەویتە گەڕ )

٥ – فشەسەرەتاو ناوەڕاست و کۆتایی دیاری نییە : خۆی پرۆسەی خۆیەتی : بە خۆی دەستپیدەکات و لە خۆشیدا کۆتایی دێت : هەرچەند فشەکە لەکاتی خۆیدا گەورەو پف و جدیی بێتە بەرچاو : بۆ نموونە ئەو هەموو وشە و شەڕەقسە گەرمانە لەسەر دەستوورو هەموارکردنەوەو … هتد . هەمووی پرۆسەیەکی فشەوانی بێ پرۆسە بوو ، بە خۆی دەستی پێکرد و لە خۆیدا توایەوە .

٦ – فشە هیچ ئامانج و ئەنجامێکی نییە تەنیا فشکردنەوەی فشەکەرەکان نەبێت ، بەم مانایە جۆرێکە لە باکردن و بادەردان و خۆخاڵیکردنەوەی زمانەوانیی و هیچی تر .

٧ – فشە درۆ نییە : درۆ دەشێتت شتێک بێ مانا وکاریگەری هەبێت . فشە دەشی لە سەرەتاوە وەک درۆیەک ، ساختەیەک ، ساختەچێتییەک دەست پێ بکات ، کە ئەمانە هەموو مانایان هەیە ، بەلام لە بەر زۆر دووبارەبوونەوەیان هەواکەیان دەبڕێ و وەک فشەی رووت دەکەونە گۆڕێ : بۆ نموونە فشەکان دەربارەی راگەیاندنی دەولەتی کوردیی . 

٨ – بەهۆی میدیای حیزبی تۆتالیتاری و دەزگای میدیایی سێبەریان. فشە وەک ڤایرۆسێکی کوشندە چۆتە ناو خودی زمانەوەو وەک چۆن لە دەرەوە ئاخاوتن و نووسین مانای نەماوە ، لە ناوەوەش زمانی کوردی داوەشاوە : رێزمان ، رێنووس ، رستەسازیی و ماناسازیی و … هتد . هەمووی لەگەڵ فشەسازیی دەسەلاتدا تێکەڵ بووە . خوێندەواری جددی تاقەتدار نەماوە ، جیاوازیی لە نێوان نووسینی جددی و نووسینی فشەیاریی ون بووە ، نووسەری گەورەو فشەسازی بچووک هەمان حیسابیان بۆ دەکرێ .

٩ – رواڵەتێکی سەیری فشە ئەوەیە کە فشەکەران یان نازانن فشە دەکەن یان فشەکەیان لێبۆتە خوو ، وەک پراوەیەکی ئاسایی وەری دەگرن . بۆ نموونە سەکردەی سەربازیی ، کەسانی سیاسیی و ناسیاسیی ، گروپی ئایدیۆلۆجی یان کەمپەینی رۆشنبیران دەبینین کە ناونیشانەکەی ئەوەیە : [ قبولی ناکەین ،، ئەوەو ئەوە بکرێ ] . ئەو قبوڵنەکردن و قبوڵنەکردنە هیچ بنەمایەکی لۆجیکی و دەستوروی ویاسایی و زانستییان نیەو وەک بڵقی فشە لەگەڵ راگەیاندنیاندا دەتوێنەوە .

١٠- کەواتە فشۆلۆجی فشە لە پراکتیسدا دەردەکەوێ واتە کارێ کە لە رووی لۆجیکییەوە ، لە رووی دیمۆکراسییەوە ، لە رووی دەستووریی و یاسایی یەوە ، لە رووی ستانداردی زانستی و پرۆفیشنالی و پسپۆرییەوەن ، و لە ئەنجامدا لە رووی ئەخلاقییەوە نە بنەماو پرینسیپی رێنماییکەرو پێناسەکەر و رەواییپێدەری هەبن ، نە هیچ ئەنجامێکیییان لێ شین ببێتەوەو بە خۆیان دەستپیدەکەن و لە خۆیان دا بڵق دەدەن و دەپووکێنەوە .

کەوایە وەک پراکتیس فشۆلۆجی رەوشی بوونی وتارو بریارو کارێکە کە نە بنەمای هەیە نە ئەنجام و خۆی لە پرۆسەی خۆیدا فش دەبێتەوە .

نموونەی فشۆلۆجی

فشۆلۆجی تاقە میتۆدێکە کە دەتوانی بە دروستی کاری چوارسالی رابردووی دەسەلات و ئۆپۆزیسۆن و وتاری میدیای کوردیی دەرەوەو ناوەوە ، وتاری رەخنەیی میدیای ئەهلیی و سایتەکانی دژ بە دەسەلاتیش لێک بداتەوە : بەو مانایەی هەرچی وتراو نووسرا وەک بڵق بوون و لە گەل نووسرانیاندا فشە دەرچوون ..

سەیرو سەمەرەیی رادەی فشۆلۆجی وتاری کوردیی لەوەشدایە فشەی وایە دەیان جار وەک خۆی خۆی دووبارە دەکاتەوەو هەموو جاریکێش وەک شتێکی تازە و کوورەیی ىڵقەکان وەک پێشتر نە بڵقێنرا بن دەرەدەکەونەوەو فشەکان فشکاریگەرانەتر لە جاران دێنەوە مەیدان . رەخنەیەکی لۆجیکی ، پرینسیپێکی فەلسەفیی ، ماددەیەکی دەستووریی ، یاسایەک ، دایەلۆگێکی دیمۆکراتیی ، ئەژمارو ئەنجام ومەرجەعییەتێکی زانستی و پەندێکی ئەخلاقی نییە کە فشەکەران لە بێهوودەیی و عەبەسییەتی وتارەکەیان تێگەیەنێت و لە فشەکەیان ساردیان بکاتەوە .

نموونەی هەندێ رووداوی فشەو هەڵویستی فشەی ئۆپۆزیسۆن دەربارەیان لە وتارێكی کورتدا لە ئابی رابردوودا بە ناوی [ مەلحەمەی بڵقەکان ] بلاوکردەوە ، ڵێرەدا وەک نموونەیەکی فشۆلۆجی وتاری سیاسیی کوردیی دەینووسمەوە ؛ و دوای ئەوە ، لە بەشیکی تردا ، نموونەی وتارێكی دەسەلات لە روانگەی فشۆلۆجییەوە شیدەکەمەوە وەک رێنماییەک بۆ چۆنێتی بەکارهێنانی فشۆلۆجی وەک میتۆدێکی رەخنەیی بۆ روونکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی بڵقە هەڵوەشاوەکان !!

مەلحەمەی بڵقەکان

[ لە مانگی ئابی ٢٠١٣ دا بلاوکراوەتەوە ]

بەراستیی کۆمەلگای بڵقستان – مان هەیە : بڵق رابردووی نییەو داهاتووی نییە، بە هەوایەک هەڵدەهامسێ و دوایی لە جیی خۆی هەڵدەتۆقێت و دەبڕیتەوە . بەتایبەتی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆن ستراتیجی بڵق دروستکردنە هەر کاتێک سەرۆک کەوچکێك لە شۆرباکەیان وەر دەدات، بڵق دروست دەکات و دەیانحەپەسێنێت .

لەم دوو سێ مانگانەدا ئەم بلقانەمان بینین :

١. بلقی گەڕانەوەی دەستوورو ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە بۆ پەرلەمان و هاوسازان: ئەم بڵقە لە دەباشان دروست بوو، بوو بە بلقی لەیەکدا توانەوەو دوایی لەبەر خۆیەوە بە هیچدا رۆچوو.

٢. بڵقی خستنە ڕیفراندۆمی دەستوورەوە. ئەم بلقە بارزانی دروستی کردو هەرکەسە بلقی خۆی بۆ زیاد دەکردو وردە وردە بوو بە بە کاروانە بڵقێک هەموو کوردستان و کوردی دەرەوەشی گرتەوە.

٣، بلقی هەلبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکایەتی: ئەم بڵقەش بارزانی بۆخەنی کردنی خەڵک دروستی کرد، و ئۆپزسیۆنی گێژ کرد، چونکە بڵقێکی گەورەو رەنگاوەرەنگ بوو، خۆی بە هەموو مالیکدا دەکرد، موژدەی ئەوەشی دەدا سەرۆکایەتی بەشەرەبڵق ببردرێتەوە، لە بیریان چۆوە کە ئەوان بڵقەسسیستمی پەرلەمانییان دەوێت.

٤. بڵقی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ دوو ساڵ: ئەمە بڵقێکی مەرکەزیی جددی بوو لە کەفوکولێکی خەستوخۆڵی پەرلەمانیانە پێکهاتبوو، وا زوو نەدەتەقی، بەلام گەرمای حوزەیران و تەمووز یارمەتیدەر بوو. لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن لەبەر سپلیت خەوتبوون وردە وردە بڵقەکە بۆ خۆی بوو بە هەڵم و رووی لە سەری رەش کرد. دوو ساڵی تر دەرفەتی بڵقاندن دروست بوو.

٥. بڵقی بڕیاری سەرۆک بۆ قبولکردنی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتییەکەی بە قبوڵنەکردنی واژوو کردنی بڕیارەکەی!!: ئەمە بلقیكی سەیر و سیحرییە کە سەری لە ئۆپزیسۆن شێواندووە چونکە بڵقەکە تەنیا نیوەی دیارە ، نیوەکەی تری لە ئایندەدا حەشاردراوەو لە ئێستاوە سەرۆک بەخشندەیی نواندووەو نیوەی بڵقەکەی بەخشیوە بە پەرلەمانی نادیاری داهاتوو تا بڵقی دەستوور ببڵقێنن.

ئەم بڵقە بە فوو لێکردن ناڕواو گەورەتر دەبێت، مستەکۆڵەوەشاندن شەڕکردنە لەگەڵ بۆشایی. بۆیە ئۆپۆزسیۆن بریاریان دا مانگێکی تریش لە بەر سپلیت بخەون و بزانن کە هەستانەوە خودا چ روحمێک دەکات.

٦. کە لە خەو هەساتان بڵقێکی گەورە گەورە لە ئەستەمبوڵەوە هاتبوو بەری ئاسمانی گرتبوو، گوتیان بڵقە گەورەی کۆنگرەی نەتەوەییە هەر چەند گەرما بوو، بە رٶژوو بوون و لە بڵقاندنەوە بە گەرما دەترسان، بەڵام بە بڵقە بڵق خۆیان گەیاندە بڵقە گەورەکەو بە قبووڵییەوە قەبەڵی بوون .

٦. ئاخری ئۆپۆزسیۆن بڵقێکی گەورەی یەکلاییکەرەوەی تەقاند کە وەک حیزامی بڵقیی ناسف هەموو بڵقە یەکلانەکەرەوەکانی پێشووی لە ناو خۆیدا تەقاندنەوە، بڵقە بریاری یەکلا کەرەوە، یەک، لا، کە، رە، وە: فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسۆن بریاریان دا لە رۆژی ئێکسپایەربوونی خۆیانەوە دوای چوار ساڵ مووچە بۆ خەباتی بڵقیی، بڵقەبڵقی سەرۆکی ئێکسپایەر قبوڵ نەکەن بەو مەرجەی بڵقەبلقی کوڵانی چێشتی مووچەو کەلەپاچەی خانەنشینییەکەیان قەت ئێکسپایەر نەبێت .. بڵقتان خۆش! [وتارەکە تەواو]

ئایاهیچ کام لەمانەتان لە بیر ماوە؟ ئایا لە بیرتان ماوە چەند سەدان وتار لە سەر دەستوورو هەموارکردنەوە و شەڕی دەستوور نووسرا؟ ئەی بۆ ئێستا کە بە راستی کاتی ئەوەیە بە گەرمی باسی دەستوور بکرێت وەک بنەمای سازانی نیشتمانی بۆ دروستکردنی سسیتمێکی پەرلەمانی دیمۆکراتی دادپەروەریی، هەموو بێدەنگن؟

ئەمەیە مەبەستم لە فشۆلۆجی وتاری سیاسیی کوردیی، بە دەسەلات و حیزب و وتارنووسانی حیزبیی و ناحیزبییەوە .

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دکتۆر کەمال میراودەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر کەمال میراودەلی