عیماد عەلی: چارەنوسی حزبە بچوکەکان پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموان لەوە ئاگادارن کە لە دونیادا زۆر حزبی بچوک هەن و کەس ناڵێت با نەبن لە سەرساحەی سیاسی وڵاتەکانیان، ئەو حزبانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە قۆناغێکەوە بۆ ئەویتر زۆر گۆرانکاری لە سیاسەت و پێکهاتە و بیروبۆچونیان روودەدەن، بەڵام ئامانجەکانیان روون و ئاشکرایە، ئەوەی شایانی رێز و پێزانینە کە بە شێوەیەکی رەها پارێزگاری لە سەربەخۆیی لە باوەر و سیاسەت و هەڵوێستەکانیان دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نابنە داردەستی ئەم و ئەو وخۆیان لە پاشکۆیەتی دەپارێزن لە هەموو لایەکەوە ، لەلایەکی ترەوە خاوەنی بیر و بۆچون و بنەمای سەرکی و سیاسەتی جیاوازن لەگەڵ ئەوانیتردا و، هەمیشە جەخت لە سەر رێکەی سەرەکی خۆیان دەکەنەوە و حزبی خەڵک و ئەندامانی خۆیانن بە گشتی و، حزبەکانیان چەند بچوک بن نایکەن بە قوربانى بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەک، بەتایبەتی سەکردەکانیان ، لە هەڵەیەکی بچوکی هیچ ئەندامێکیان نابورن لە هەر پلەوپایەیەکدا بێت بەتایبەتی سەرکردایەتیان ، بۆیە وازهێنان لە سەرکردایەتی ئەو حزبانە زۆر ئاساییە ئەگەر لە سەر هەڵەیەکی بچوکیش بێت.

ئەمما لە کوردستانی لەمەر خۆمان و ئەو حزبانەی کە تا ئێستا بە قەوارە بچوک و بە مێژوو کۆنن، بە پێچەوانەوە ، ئەوەی تا سەر ئێسقان نغرۆی پاشکۆیەتی نەبێت وجودی نەماوە و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی ئەڵقەیەکی سەرکردایەتی و دارودەستەکانیان نەبێت هیچ سەربەخۆییەکیان بۆ خۆیان نەهێشتۆتەوە ، بەڵکو حزبە دەسەڵاتدارەکان هەوڵی مانەوەیان دەدەن لە پێناو قازانج پێگەیاندنیان لە کاتی پێویستدا ، ئەمەش نەک ئێمە تەنانەت کادر و ئەندامانی ئەو حزبانە نکوڵی لێ ناکەن و بەڵکو سەرکردایەتیەکانیشیان زۆرجار دانی پێدادەنێن . من بۆخۆم لە حزبێکی بچوکدا بووم و لەسەر ئەم بابەتە زۆر مشتومرم کرد ، تەنانەت سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان کە تازە جیابوینەوە لە کاک قادر عەزیز بە شێوەیەکی ئاشکرا وتی ( ئەگەر هیچمان پێنەکرێت خۆ دەکرێت بزانین برە بودجەیەکە و خوا داویەتی با پێکەوە بیخۆین ) کە چی دەرکەوت تا ئێستاش وا من بۆ چەندین ساڵە وازم لێهێناون هەر ئەو سەکردایەتیە دەیخوات و کادرو ئەندامانی خوارەوە لێی بێبەشن و بیروباوەریش بوەتە قوربانی حزبی دەسەڵات . ئەمەش بۆ سەرجەم حزبە بچوکەکان راستە کە هەمووخۆشگوزەرانیان لەسەر حسابی بیروباوەر و سەربەخۆیی حزبەکانیانە .

ئەمرۆش پاش ئەو دەرئەنجامە شەرمەزاریەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم حزبانە ، تاکە هەڵوێستێکی مەردانەمان نەبینی لە لایەن هیچ سەرکردەیەکیانەوە ، بەڵکو شانازی بە پەنجا دەنگەوە دەکەن . ئەمە جگە لەوەی کە حزبە دەسترۆیشتوەکان بە هەموو شێوەیەکی ساختە و فرتوفێڵ هەوڵی دابینکردنی کورسیەکیان دا بۆ ئەم حزبە دەستەمۆیانە ، و بەهەر شێوەیەک بێت بە سەر کۆمسیۆنە سەرۆک پارتیەکەشدا سەپاندیان .

سەرەرای هەموو شتێک لە یارمەتیدانی ئاغاکانیان بۆ چۆنێتی مانەوەی ئەم حزبانە ، بەڵام ئەوەی زۆر روونە تا دێت زیاتر زەرەوتی نەمانیان بۆ خەڵک ئاشکرا تر دەبێت ، ئەگەر بەم شێوەیە داردەستی ئەم و ئەو بن و بیر لە خۆقوتارکردن نەکەنەوە . لەم روانگەوە ئەگەر کادرانی خوارەوەشیان فشاری زیاتر نەکەن بۆ راستەرێکردنی سیاسەتی سەرکردایەتی ئەم حزبانە ، ئەوانیش هاوبەشی ئەوان دەبن و بەر نەعلەتی مێژوو دەکەون و جگە لە شکست هیچ بەرهەمێکیان نابێت . بۆیە پێویستە لەسەر زۆرێک لەو کادرە دڵسۆزانەی کە تائێستا بە پاک و خاوێنی ماونەتەوە و بونەتە قوربانی سەرکردەکانیان ، بیر لە رێگای رزگاری بکەنەوە و سەرەکردە بەرژەوەندخوازەکانیان ملکەچ کەن بە چارەسەری بنەرەتی ، کە دەکرێت :

1- فشاری قورسی خۆیان بخەنەگەر بۆ تازەگەری لە حزبەکانیان و وازهێنانی ئەوانەی ئیکساپەیر بوون لە هەموو رویەکەوە .

2- هەوڵی یەگکرتن بدەن لەگەڵ یەکدا بۆ بەهێزبون و مانەوە بە شێوەیەکی زەروری لەسەر ساحەی سیاسی نەک بۆ خزمەتی حزبی دەسەڵاتدار .

3- سەرکردەکانیان ناچاربکەن وازبێنن و خوێنی تازە لەو گەنجە پرتواناو سەردەمیانە جێگەیان بگرنەوە بۆ گونجاندن و نوێبونەوە و خوێندنەوەی سەردەمانەی چونێتی سیاسەتکردن لەم قۆناغەدا، نەک بەم عەقڵیەتە کۆنەی سەرکردەکانی ئەمرۆیان .

4- هەوڵی دیاریکردنی بیروباوەر و جیاوازی خۆیان بدەن لەگەل ئەوانی تردا کە حەقی مانەوەیان دەپارێزێت . ئەمەش گەنجی ئەمرۆ دەیکات بەو سیفاتەی کە هەیانە نەک خەڵکە بیرو بۆچون کۆن و رەفتار بەسەرچوەکان .

بۆیە ، ئەرکی کادرانی ئەم حزبانە ئاسان نیە لەم کاتەدا، بەڵام ئەم دەرئەنجامەی سەرجەم حزبە بچوکەکان لە هەڵبژاردندا هەڵێکی زێرینە بۆ فشار و راستکردنەوە و گۆرینی رەوتی سیاسی حزبەکانیان و رزگارکدنیان لە پاشکۆیەتی و چەسپاندنی رێگەی سەربەخۆیی سیاسی خۆیان . ئەمەش بە هەوڵ و تەقەلای هەمو کادرە دڵسۆزەکانیان دەبێت ، ئەوەی من لێی ئاگادار بم ئێستا لە نێو سەرجەم حزبە بچوکەکان بزاوتیێکی گۆرانکاری و فشاری باش لەئارادایە بۆ دەرچون لەو قەیرانەی کە حزبەکانیان تێیدان و لە پێناو زیاتر خوهەڵنەخەڵەتاندن و سیاسەتی راست و رەوا و قازانجبەخش بە خۆیان و گەلەکەیان .ئەرکی کادرە گەنجەکانیانە کە :

1- لەو بزاوتەی گرتونیەتەبەر بەردەوامبن تاگەیشتن بە ئەنجام و فشاری زیاتر و کۆبونەوە و گردبونەوە و هەڵوێست وە رگرتنی جوانتر بنوێنن بۆ تۆمارکردنی مێژووی پرشنگداریان .

2- حزبەکانیان لە مشەخۆری سەرکردەکانیان رزگار بکەن کە چەندین ساڵە خۆیان سەپاندووە بەسەریاندا و ، تاوابروات هەر ئەوان دەمێننەوە ئەگەر یەکگرتوویی و هەڵویست و کاری جدی ئەوان ناچاریان نەکات وازبێنن .

3- تەنها گەنجان دەتوانن فشار بکەن و تەنانەت کادرە ناوەراست و باڵا عەقڵ کۆنەکانیش لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کەوتونەتە ژێر رکێڤی سەرکردەکانیان، گەنجان خۆیان دەتوانن عەقڵ و بیری ئەو کادرانەش هەڵسەنگێنن وئەوانەش دیاری بکەن کە دەتوانن کاریان لەگەڵ بکەن .

4- گفتوگۆیەکی چر دەست پێبکەن و راگەیاندن بە هەمو شێوەیەک بە قەد توانیاان بەکار بێنن بۆ فشار خستنە سەر سەرکردە ئیکسپایەرەکانیان تا ناچاربن کورسیەکانیان چۆڵ کەن ، هەرچەند بە خواستی ئەوان و حزبە دەسەڵاتدارەکان بێت ، هەموو هەوڵێکی مانەوەیان بۆ دەدەن، بۆ ئەوەی ئەوانەی دەستەمۆن بمێننەوە ، بەڵام هێزی ئێوەی گەنج و مافەکانتان رێگەتان پێ دەدات و تواناتان پێدەبەخەشێت کە سەرمەشقی ئەو گۆرانکاریە بن .

5- بیر لە زەرورەتی بونی خۆتان بکەنەوە و مێژووی خۆتان بە گەندەڵ و وابەستە و عەقڵ پیروپەکەوتەوە مەبەستن .

بۆیە چارەنوس و دوارۆژی خۆتان و حزبەکانتان پەیوەستە بە هێزو توانا و فکر و هەوڵ و یەکگرتوویی ئێوەوە، ئەگینا بەم شێوەیە ژیانی خۆتان و بنەما سیاسی و فکریە جوانەکانتان دەکەنە قوربانی بەرژەوەندیە تەسکەکانی سەرکردەکانتان . رێگەی راستیش هەوڵ و قوربانیدان و هیلاکبونێکی گەنجانەی ئێوەی پێویستە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت