هێمن ڕەئووف : بزوتنەوەی گۆڕان و دوو دەستکەوت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان دوو دەستکەوتی زۆر گەورەی بەدەست هێناوە. بەداخەوە تا ئێستا کەمتر لەسەر ئەو دوو دەستکەوتە قسەکراوە و خۆشیان زیاتر شانازی بەشتی ترەوە دەکەن. بەبڕوای من یەکەمیان: دەرهێنانی کۆمەڵگای کوردی بوو لە زاری ئەو نەهەنگەی ناوی ئیسلامی سیاسیە و بەهیوابوو قوتی بدات. دووەم : دەرهێنانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە گەرووی پارتیدا ئەوکاتەی بە دەستی تاڵەبانی و باڵە بەرژەوەندخوازەکەی مەکتەبی سیاسی بەدیاری وەک مۆزێکی پاککراو بۆی ئامادەکرابوو .

یەکەم: دەرهێنانی کۆمەڵگای کوردی بوو لە زاری ئەو نەهەنگەی ناوی ئیسلامی سیاسیە .

بمانەوێت یان نا کۆمەڵگایەکی زۆرینەی ڕەها موسوڵمان، لە کوردستاندا دەژین. حیزبە ئیسلامیەکان بە سودوەرگرتن لەم باکگراوندە ئاینییە و کاریگەری بەهاری عەرەبی و گەشەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا شتێکی وای نەمابوو کوردستان بکەنە قاهیرەیەکی تر و قەیرانی دوای بەهاری عەرەبی دووبارە بکەنەوە بە بەئیسلامیکردنی خەڵک و دەسەڵات لە کوردستان. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لە ژێر ناوی چەمکی هاوڵاتیبوون و دوورکەوتنەوە لە ئایدۆلۆژیا دۆگماییەکان، توانی ببێتە بەربەستێکی باڵابەرز و گەشەی ئیسلامی سیاسی بوەستێنێت.. ئێ لەناو ئەو نەوەیەدا کە کاریگەری ئیسلامی سیاسی و گەشەی ئاین زاڵە، ناکرێت بزوتنەوەیەک بێتە دەرەوە بە بایکۆتکردنی بیروباوەڕی تاکەکان، ناکرێت دەستپێکی بزوتنەوەیەکی جەماوەری گەورە بە دژایەتیکردنی ئاینی خەڵکەکەی بێت.. بەم پێیە باشترین و ئاقلانەترین هەنگاوی گۆڕان ئەوەبوو ئاینی بەرپەرچ نەدایەوە، بەڵکو لە سیاسەت و بزوتنەوەکە و پەیڕەوی خۆی دایبڕی و وەک مافێکی تاکەکان ڕێزی لەو بنەمایانە گرت کە بەها و قورسایی هەیە لای خەڵک. بیرمان نەچێت لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕش و دوای شۆڕشەکانیش هەر گروپ و لایەنێک دژایەتیکردنی ئاینی کردبێتە یەکێک لە هەنگاوەکانی سەرکەوتوو نەبووە، ئەگەر لە حیزبی شیوعیەوە تا کۆمۆنیست و چەپەکانی ئێستا چاو لێبکەین بە ڕوونی ئەم بۆچوونە پشت ڕاست دەبێتەوە.. گۆڕینی ناوی ” کۆمەڵەی مارکس- لینین ” بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەران و پاشان توانەوەی لە یەکێتیدا وێنەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرای ئەم دیاردەیەیە. بە پشت بەستن بەم بۆچوونە من وەک خۆم هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر” عەلی حەمە ساڵح ” ڕەت دەکەمەوە. ئەو وەک کەسێکی موسوڵمان و باوەڕدارێک مافی خۆیەتی دەنگ نەدات بەو یاسایانەی دژایەتی دین دەکات.. بەڵام لەناو گۆڕاندا ناتوانێت هیچ بڕیارێکی ئاینی و ئیسلامی بسەپێنێت بەسەر خەڵک و گۆڕانخوازاندا .

ئەگەر وا دابنێین لەبەر ئاینداریەکەی عەلی حەمە ساڵح لەجیاتی بزوتنەوەی گۆران لە یەکێک لەو حیزبە ئیسلامیانەدا دەستی بە ئەرکەکەی خۆی بکردایە، هیچ گومانم نیە دەنگزوڵاڵانە داوای چەسپاندن و سەپاندنی بنەما ئاینیەکانی دەکرد بە سەد هەزار دەنگ و هەوادارەوە. بێگومانم لەوەی سەدا نەوەدی ئەوانەی دەنگیان بەو گەنجە داوە بەشێکی لەبەر ئاینداریەکەی بووە، ئایا ئێستا ڕەوایە ئەو لەوەڵامی پرسیاری منێکی بێدین دا بڵێت ” من دژ بە ئەو یاسایانە ناوەستمەوە کە پێچەوانەی ئاینەکەمن؟” هەر لەبەر ئەمە زۆر نالۆژیکییانەیە ئێستا بێین و بە فیتی ئەوانەی لە تەمەنیاندا بەهۆی دژایەتیکردنی ئاینەوە لە شکستدا دەژین، سەرکۆنەی ئەو گەنجە بکەین و پەڵپی ئەوەی لێبگرین” بۆچی دژ بە دین نیت ؟

من وەک خۆم شکستی یەکگرتوو وە کۆمەڵ بەهۆی گۆڕانەوە دەبینم، کە بۆ من سەرکەوتن و هەنگاوێکی باشی بزوتنەوەی گۆڕانە، داهاتووش ئەم ووتارە و ئەم بۆچوونەتان بیر دەخەمەوە کە ئایا کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە ؟

دووەم : دەرهێنانەوەی یەکێتی لە گەرووی پارتیدا

بۆ ئەوەی بە ڕێکارێکی لۆژیکی باس لە دەربازکردنی یەکێتی بکەین لە گەروی پارتیدا بە دەستی گۆڕان، پێویستمان بە سەرەتایەک هەیە تا لێوەی بچینە ناو تێڕوانینەکەوە. پارتی زۆر شانازی بەوەوە دەکات کە حیزبی یەکەمە لە کوردستان و براوەی هەموو هەڵبژاردنەکانە و ژمارەی دەنگدەرانی زیاد دەکات. ئەوەی جێگای پێکەنینە هەموو ئەم دەستکەوتە مەزنانە “” بە ئازایەتی و حیکمەتی سەرۆک بارزانی و کوڕ و کوڕەزاکان و برازاکانی دەزانن. دیارە مافی خۆیانە زیاتر لەوە شانازی بە بنەماڵەی بارزانیەوە بکەن و بە فریادڕەسی خۆیانی بزانن، وەک چۆن مافی ئێمەشە ئەو تێڕوانینە بەرپەرچ بدەینەوە و لە گۆشەیەکی ترەوە لە نادروستی ئەو بابەتە بدوێین .

بە تێڕوانینی من: هەرلایەنێکی سیاسی لە پارتی نزیک ببێتەوە بەرەو لاوازی دەچێت و لە ڕووی جەماوەرەوە بەرەو داڕوخان دەچێت، لەدواجاریشدا یان لەناو پارتیدا دەتوێنەوە، یان ئەوەندەیان نامێنێتەوە کورسیەکی پەرلەمان بە حەڵاڵی بەدەست بهێنن. ئەگەر بەر لەوەی یەکێتی بە نمونە بهێنینەوە دەتوانین “پارتی گەل، پاسۆک، حسک، شیوعی” کە لەمێژووی خەباتی شاخدا ژمارەی گەورەبوون و خاوەنی بەشێکی ئەو سەروەرییەن کە بەشۆڕشی نوێ ناوزەد دەکرێت پیشان بدەین. بینیمان هەر زوو “پاسۆک و پارتی گەل” بوونە قوربانی قەڵەوکردنی پارتی. هەرچی “حسک و شیوعی” شە ئەوە ئێستا لەناو شکستەکانیاندا دەژین و بەچاوی خۆمان کرمەڕێزبوونی جەستەی حیزبییان دەبینین و دیارە چۆن و بە چ ئەندازەیەک کادیرە پێشەوتوەکانیان دەبنە خۆرەی پارتی، وە خۆشیان وەک پارتێکی سیاسی چ درەختێکی بێگەڵاو بەرهەمیان ماوەتەوە .

ئەم دیاردەی توانەوەی حیزبەکان لەناو پارتیدا ئەوەمان پێدەڵێت، نزیکبوونەوە لە پارتی لەپێناوی هەر بەرژەوەندییەکدا بێت دواجار بە زەرەری حیزبەکان و پڕۆسەی دیموکراسی تەواو دەبێت. لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ” ئەوەی پارتی شانازی پێوە دەکات کە حیزبی یەکەمە و براوەیە.. هیچ بنەمایەکی نیە، چونکە ئەم حیزبە نەک تەنها لێی کەم دەبێتەوە بگرە ژمارە و کرێدتی زیاتر لە پێنج حیزبی کوردستانی تێدا کۆکراوەتەوە. ئەنجامەکانی پارتی بریتییە لە ژمارەی دەنگدەرانی ” پارتی، شیوعی، حسک، پاسۆک، پارتی گەلی” ی جاران. وە بەهەموو ئەمانەشەوە بەتەنها توانیوێتی لە حیزبەکانی تر زیاتر بهێنێت و بەس .. نەک براوە و جێگای شانازی جەماوەرەکەی . “

جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی لە یەکێتی، ئەو بەربستەبوو کە نەیهێشت بەهۆی تاڵەبانی و یارانیەوە یەکێتیش ببێتە ئەو قوربانیە گەورەیە. دروستبوونی گۆڕان نەک هەر خەون و خەیاڵەکەی پارتی تێک شکاند بگرە نەریتێکی وەهای لەگەڵ خۆیدا هێنا کە خەڵک ئەو غیرەتەی تێدا دروست ببێت وەک ئیمبراتۆر و حیزبی پۆڵایین و خاوەنی دەسەڵاتی هەمیشەیی لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەڕوانن چیتر .

جگە لەمەش یەکێتی دوای گۆڕان بەو زللە توندەی نەوشیروان، بەئاگا هاتنەوە و ئەو پڕۆژەیەی تاڵەبانی و مەکتەب سیاسی حیزبەکەیان ڕاگرت. هەم نەیان هێشت یەکێتی لە پارتیدا بتوێتەوە، هەم کۆمەڵێک کادری نوێ و گەنج لە هەناویەوە هاتنە دەرەوە کە دژایەتی ئەو هاوپەیمانێتی و شەراکەتە دەکەن کە ئامانجی سەرەکی دابەشکردنی پۆست و دەسەڵاتی سەربازی و داهاتی کوردستانە. ئەوەی کە گۆڕان دەستی نەپاراست لە یەکێتی و دژایەتیکرد و بوێرانە گەندەڵی و دوورکەوتنەوە لەبەرەی گەلی پیشان دانەوە بەهەمان شێوە سودی گەورەی بە یەکێتی گەیاند، سەرەڕای ڕەتکردنەوە و دروستبوونی شەڕی ڕاگەیاندن و هەندێک جار سوکایەتی بەیەکتریش، بەڵام لە کۆتاییدا بە سود بۆ یەکێتی شکایەوە هەمان زمان و باڵی ڕیفۆرمخوازی نوێ لە یەکێتیدا تارماییەکەی زیندووە و دەشێت لە داهاتوودا یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتی .