عەتا قەرەداخی : بە لەجیاتی دانان گوتار شەرتە !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەبێ داوای مۆڵەت لە دکتۆر بەرهەم ساڵح بکەین کە ئەم دەربڕینەى ئەو بەجۆرێکی تر بەکار دەهێنین . ئەو لە هەڵبژاردنی پێشوودا کە سەرۆکی لیستی یەکێتی و پارتی بوو درووشمی کردار شەرتەى بەرز کردەوە . من ئێستا باسی ئەوە ناکەم کە لە رووی کردارەوە ئەو چەند میل لەم درووشمە نزیک بووەوە ، چونکە کاتی خۆی من لەو بارەوە نووسیم قسەى زۆرو ئیشی کەم . بەهەرحاڵ گەوهەری ئەم وتارە پەیوەندیی بەو بەڕێزەوە نییە ململانێی ناوخۆی حیزبەکەی و فشاری سەختی پارتی و لاوازی خۆیشی وایکرد کە خەڵکی بە گاڵتەکردنەوە بڵین: بەڵێ کردار شەرتە .

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کۆی لیستەکان و زۆرینەى کاندیدەکانیش ئەوەندەیان درووشمی گەورە بەرز کردەوە ، ئەگەر مرۆڤ ئەزموونی بیست و دووساڵی لەگەڵ ئەو درووشمە شیرینانەدا نەبووبێت لەوانە بوو لە خۆشیدا شاگەشکە ببێت و فریای ئەوە نەکەوێت دەنگ بەو کاندید یان لیستەیە بدات کە جوانترین بەڵێنی لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا بەخەڵک دەدا . لە کۆی درووشم و بەڵێنەکان ئەگەر کەمترین رێژەیشی جێبەجێ بکرێت ئەوا لەم چوار ساڵەى کە دێت کوردستان دەبێتە بەهەشتی سەر زەمین ، بەڵام رەنگە هەروەکو ئەو بەهەشتە بێت کە شاعیر گوتویەتی جەنەتولمەئوا لە شارەزوورە . دیارە ئێمە بە ئومێدەوە سەیری ئەو بەڵێنانە دەکەین هەرچەندە من بۆ خۆم سەرباری ئەوەى بڕوام بە گۆڕانکاری هێواش و بە پەرەسەندنێک هەیە کە قۆناغ بە قۆناغ زەمینەى مادی و کۆمەڵایەتی بۆ بڕەخسێت ، بەڵام خەیاڵێکی ناخۆشیش نییە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بڕوا بەو هەموو بەڵینانە بکات و قەناعەت بەوە بهێنێت کە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل ئەمجارە بە کردەوەو لەسەر زەمینەى واقیع ئەو درووشمە جێبەجێ دەکەن کە دکتۆر بەرهەم توانی ئەرکی زۆر بکێشێت بۆ داهێنانی درووشمەکە ، دیارە پرۆژەکەى ئەو تەواو نەبووە دەبێ نەوەکانی دوای ئەو تەواوی بکەن .

دیارە جێگای خۆیەتی بە ئومێدەوە سەیری پەرلەمانی ئەمجارە بکەین بە تایبەتی لە ئاستێکدا تەرازووى هێز تیایدا گۆڕاوەو دەنگدەری کوردیش ئەوەیان بە حیزب و لایەنە کوردییەکان گوت کە ئەوەى هێزو دەسەڵات بەهەر حیزب و لایەن و لیستێک دەبەخشێت ئەوە جەماوەرەو هیچ هێزو دەسەڵات و پلەوپایەو کەسایەتیەکیش نەمر نییەو هیچ هێزو دەسەڵات و حیزب و لایەن و بنەماڵەو سەرکردەیەکیش ناکەونە پێشی جەماوەرەوەو ئەوە جەماوەرە داهێنان دەکات و مێژوو درووست دەکات ، بەڵکو ئەوەى نەمرە جەماوەرەو هەر ئەویش دەتوانێت دەسەڵات بدات بە لایەن و حیزب و کەسانێک و هەر ئەویش دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە وەربگرێتەوەو کام دەسەڵات و حیزب و لایەن و بنەماَلەو کەسایەتیش بەهێزە لە کورترین ماوەدا لاوازی بکات و فڕێی بداتە پەراوێزەوە . خاڵێکی گرنگیش کە لەم هەڵبژاردنەدا بە جوانی دەرکەوت ئەوەیە کە دەنگدەری کورد جۆرێک لە هوشیاری بەرهەمهێناوەو ئەو بۆچوونەى کە پێی وابوو جەماوەری دەنگدەری کوردستان بە کاردانەوەو لەسەر بنەمای سۆزو هەڵچوون دەنگ دەدات تا ئەندازەیەکی ئاشکرا دەرکەوت کە وانیە.

بۆ نموونە کاتێک لە هەڵبژاردنی 25 ى تەموزی 2009 دا بزووتنەوەى گۆڕان توانی چواریەکی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێم بەدەست بهێنێت ، بۆچوونی باو زیاتر ئەوە بوو کە جەماوەر لە کاردانەوەى بەپەلەدا بە دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەو جۆرە دەنگیان داوەو بەردەوام گوێبیستی ئەوەش دەبووین کە پاشی چوار ساڵ ئەستەمە بزووتنەوەى گۆڕان بتوانێت هەمان ئەو دەنگانەى پێشتر بهێنێتەوە بە تایبەتی یەکێتی نیشتیمانی ئەو وەهمەى بۆ خۆی درووستکردبوو کە زۆرێک لەو جەماوەرەى کە پێشتر دەنگیان بە گۆڕان دابوو ، ئێستا پاشگەزبوونەتەوەو وەکو راگەیاندنەکانیان دەیگووت زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ ناو ماڵە گەورەکەى یەکێتی ، بەڵام دەنگدانی ئەمجارە سەلماندنی کە ئەو قسانە راست نین و لە راستیشدا لە رووی جەماوەرو دەنگ و ئامادەبوونی ناو خەڵکەوە ئێستا گۆڕان بووەتە ماڵە گەورەکە ، هەر بۆیە لە ئێستا بەدواوە بەرپرسیارێتی یەکەمی گۆڕانکاری لەو رووبەرەدا کە ئەوسا سەوز بوو ئێستا مۆر دەچێتەوە دەکەوێتە ئەستۆی گۆڕان بە تایبەتیش لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بە دڵنیاییەوە لەم رووبەرەدا ئەگەر بە پێی رێژەى دەنگ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکرێت ئەوا حکومەتە ناوچەییەکانی دەرەوەى شوێن نفوزی پارتی دەکەوێتە دەستی گۆڕان کە لەوەدا دەردەکەوێت گۆڕان تا چ ئاستێک دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و بە جەماوەری دەنگدەری خۆی بڵێت بەڵێ بە گوێرەى بزووتنەوەى گۆڕان بەراستی کردار شەرتە .. بە کار بیسەلمێنێت کە ئەو لە دروشم و راگەیاندنەکانی کاتی هەڵبژاردندا زیادەڕۆیی نەکردووە . هەڵبەت گومانی تێدا نییە چەندێ گۆڕان لە داهاتوودا لە جێبەجێکردنی درووشم و راگەیاندنەکانی نزیک بێتەوە ئەوەندە زیاتر ئایندە بۆ خۆی مسۆگەر دەکات ..

ئێمە دەزانین درووشمەکانی بزووتنەوەى گۆڕان و کاندیدەکانی لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاری ریشەیی و بەرەو دەسەڵات و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و … هتدد . بوو.

درووشمەکانی لایەنەکانی تریش چاکسازی و عەدالەت و یەکسانی و ئاوەدانی و… هدد بوو . لە نێو درووشمی هیچ کام لە پێنج لیستە دیارەکەشدا باسی سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەت و مەسەلە نەتەوەییەکان ئامادەبوونی نەبوو ، ئەمەش وەکو پێشتریش گوتوومانە بەڵگەى نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی و نەبوونی پرۆژەى نەتەوەییە لە لای کۆی لایەنەکان .

کەواتە ئەو رووبەرەی کە کۆی لایەنەکان وەکو بەرنامەى کاری ئایندەی خۆیان نمایشیان دەکرد روووبەرێک بوو کە جێگای شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم و شێوازی حوکمڕانی و مەسەلە پەیوەستەکانی تایبەت بە ژیانی رۆژانەى خەڵکی لە خۆی گرتبوو ، بێگومان ئەگەر نێوەى ئەو درووشمانەش لە چوار ساڵی داهاتوودا لە لایەن کۆی لیستە دەرچووەکانەوە جێبەجێ بکرێت ئەوە مانای وایە لە چەند خولێکی تری پەرلەمانی کوردستاندا ، ئەم هەرێمە دەبێتە هەرێمێکی خەیاڵی ، بە ئومێدی ئەوەى تۆماس مۆرێکی کوردیش پەیدا ببێت لە بری ئەوەى مێژووی هەرێمێکی بە خەیاڵ بەهەشت بنووسێـەوە مێژووی هەرێمێکی بە واقیعی شایەن بە ماندووبوونەکانی مرۆڤی کورد بنووسێتەوە.

بەهەرحاڵ من بە ئومێدەوە سەیری ئایندە دەکەم و دڵنیاشم سەرئەنجام خەباتی دیموکراتی جەماوەرو فشاری جەماوەر ، حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ناچار دەکەن کە بە ئاراستەى راست هەنگاو بنێن ، ئەوەش لەگەڵ رۆیشتنی رەوتی مێژوو زیاتر هوشیاربوونەوەى کۆمەڵایەتی و پێگەیشتنی تاکەکەسی خاوەن شووناس لە واقیعی کۆمەڵگەى کوردیدا بە ئەنجام دەگات . کاتێکیش هوشیاری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەى ئێمە دەگاتە ئەو ئاستە ئیتر بوارێک بۆ ئەوە نامێنێتەوە کە رابردووی پیرۆزو سەروەرییەکانی رابردوو ، زیندووکردنەوەى رەمزو هێماکانی رابردوو لە یادەوەری کۆمەڵایەتی خەڵگدا دەورێکی ئەوتۆ ببینن لە رامکردنی دەنگی جەماوەردا . باشترین نموونەش هەڵبژاردنی ئەمجارەیە ، کە سەرباری گێڕانەوەى هەمە جۆرەی رابردوو ، سەرباری لێدانەوەى وتارو قسەو لێدوانەکانی مام جەلال ، سەرباری نیشاندانی چەندین وێنەى جوان و گرنگ و دانسقەى خەباتی ئەوو پێشمەرگە ، یەکێتی نەیتوانی جەماوەر بگەیەنێت بە ئاستێک کە قەناعەت بهێنێت دەنگی پێبدات . بێگومان ئەم قسەیە بۆ ئەمەو دوا بۆ کۆی لایەنەکان راستەو ئەوەى نەتوانێت لە داخوازییەکانی جەماوەر نزیک بێتەوەو ئەوەى نەتوانێت لە پێناوی ئازارەکانی جەماوەردا کاربکات و ئەوەى نەتوانێت بە کردەوە لە خزمەتی جەماوەردا بێت ناتوانێت بوون و مانەوەى خۆی بۆ ئایندە مسۆگەر بکات .

واتە دەتوانین بڵێن چەمکی ” گوتار شەرتە ” کۆتاییەکی تراژیدی بەرهەم دەهێنێت و لەبەرامبەریشدا چەمکی ” کردار شەرتە ” بە مەرجێک کردار ئەو کردارە بێت کە جەماوەر دەیەوێت ، ئەوە ئایندە بەرهەم دەهێنێت . کەواتە ئێستا کۆی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لەبەردەم سەختترین تاقیکردنەوەدان کە کامیان دەتوانێت ئایندە مسۆگەر بکات و کامیشیان وەکو تیپی دۆڕاوی نێو یارییەکان گۆڕەپان بەجێدەهێڵێت ، بەڵام جێهێشتنێک کە رێزگرتن بێت لە رابردووی خۆی و لە ئێستای ئەو تیپانەی کە دەتوانن باشتر لەو یاری بکەن ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت