Derbaz-Sarabi

دەرباز سەرابی : حیزبی کوردی وەک جەلادی کەرامەتی تاک

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تاکی کورد لەوەتەی هەیە بۆتە قوربانی خەون و دونیابینیەکانی خۆی ، بەو هۆیەی بە درێژایی کات شۆڕش و شۆڕشگێرەکان لەدوا وێستگەی خەباتدا بونەتە هۆی تێکشکاندنی غروریەتی سیاسی و مرۆیی تاکەکان ، تاکەکان هەمیشە بونەتە سوتەمەنی بەرژەوەندیە کەسی و تایبەتیەکانی سەران و پێشڕەوەانی شۆڕش . پێم وابێت ئەگەر بێ ویژدانی نەبێت دەکرێ زۆر بەڕاشکاوانە بڵێین قۆناغی دوای شۆڕش قۆناغی چەکەرەکردنی خەونی بەچکە دیکتاتۆرەکان بوە . هەر ئەوانیش بونەتە جەلادی داماڵینی تاکی کورد لە تاکێکی پڕ لەهیواو جەنگاوەری مەیدانی ئازادی بۆ تاکێکی گۆشەگیرو نامۆ ، بەڵێ ئەوان مرۆڤ و خەونیان لە یەکتر دورخستەوە ، ئەوان بێڕەحمانە سنوری حەڵاڵ و حەرامیان دیاری کرد،ئەوان هەمو شتێکیان بۆخۆیان حەڵاڵ کردو تاکەکانیشیان خستە نێو سنوری حەرام و یاساخی خەونەکانەوە .

سنوربەندی و پلە بەندی کۆمەڵایەتی گەیشتۆتە ئاستێک کە خەریکە هەمومان لەنێویدا غەرق دەبین بەجۆرێک کەسانێک خەریکە دەست بەباڵی ئاسمانەوە دەگرن و کەسانێکیش بۆ خواری خوارەوە شۆڕدەبنەوە ئەمەش بۆ گۆمەڵگایەک لەوەتەی زەمەن هەیە ڕەشەبای داگیرکەرەکان گەڵای بونیەتیان دەوەرێنێ نەک هەر نامۆیە بەڵکو کوفرێکی نەکردەیە . ئەگەر تا ئێستا کەڵکەڵەی مێژوو سۆزی گەل بۆ شۆڕشگێرەکان تاڕادەیەک گۆی ڕەخنەو ڕۆحیانەتی یاخیبوون و بەرەنگاری لامان کپ کردبێت ، ئێستا قۆناغی گەڕانە بۆ ژیانێک کە مرۆڤ وەک و مرۆڤ نرخی هەیە ، ڕێز لێگیراوە وەک و بونێک کە ئەرک و مافی تایبەتی خۆی هەبێت .

نابێت چیتر تاک کەرەستەی شۆڕش و جەنگەکان بێت ، اک تاخۆی نەیەوێ یاخی ببێت ناکرێ بەناوی شۆڕشی فریادڕەسانە فریو بدرێت .

ئاخر چی لەوە کارەساتترە تۆ بەهەمو تەمەنی ژیانی حیزبایەتی خۆت بتوانی ئەوە بخەیتە سەر خەرمانی سیاسەت کە سیاسەت واتە هونەری فێڵ و درۆکردن؟! ئەرێ بەڕاست دەبێ تێگەیشتنی سیاسیەکان بۆ نەتەوەو نیشتمان چۆن بێت کاتێک ئەندامەکانی بۆ پیرۆزکردنی حیزبەکەی و کاڵکردنەوەی نیشتمان پەروەری پەروەردە بکات؟! من تێناگەم بەچ لۆگێک بۆ ئەم قۆناغەی ژیانی تاکێکی جێماوی ئەنفال ، کیمیاباران … سیاسەت فەنی مومکینات بوە؟! ئەرێ ئێوە تا ئێستا بەراوردی ژیانی خۆتان و هاوسەنگەرەکانتان کردوە؟!تا ئێستا بیرتان لەو خێزانە گوندیانە کردۆتەوە کە بە پاروی دەمی خۆیان ئێوەیان گەیاندە ئەمڕۆ؟!

باوەڕبکەن ئێوە نەک هەر نەتان توانی سەرکردەیەکی عادل و خاوەن ویژدان بن ، بەڵکو بەناو شۆڕشگێڕی بێ ئەمەک و بێ وەفا بوون !! من پێم وایە ئێستا ئێوە خۆتان گاڵتەتان بە دروشمەکانی ڕابردوی خۆتان دێت ، باشە ئەی ناپرسن دەبێ خەڵک چۆن لێمان بڕوانن؟ با من ڕاست و ڕەوان پێتان بڵێم ، ئێوە لای خەڵک کەڵەگاو بەڵای سەری کۆمەڵگان .

لێرەوە شەمەندەفەری ئەو ڕەوتە گەنجانەیە دەکەوێتە ڕێ ، کە چیتر حەوسەڵەی وەهمەکانی مێژوی نیە ، چیتر تاقەتی دروشمە فریودەرو بکوژەکانی نیە ، چیتر قەبوڵی بێ کەرامەت کردنی تاک و کوشتنی خەونەکانی نیە . لەسایەی سەری حیزبی کوردیەوە مرۆڤ شەرم لەخەون بینین دەکاتەوە ، چونکە نەک هەر خەونەکانی کوژراوە بەڵکو ئەوەی بیرچۆتەوە کە ئەو توانای خەون بینینی هەیە .