عەتا قەرەداخی : حکومەتی هاوبەش سەرچاوەى هێزو سەقامگیرییە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە کۆمەڵگەى کوردیدا ئەوانەى کە دەتوانن لە واقیعبینانە سەیری بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە بکەن ، هەمیشە وەها بیردەکەنەوە کە بارودۆخی باشووری کوردستان و تەنانەت باردۆخی کوردستانی گەورە ئەوە لە هەمووان دەخوازێت کە تا دەکرێت یەکگرتوو بین ، واتە بەو چاوە سەیری کوردستان دەکەن کە پێویستی بە یەکێتی و یەکبوونی هەموو هێزو ئاراستەکانی هەیە چونکە ئەوە ئاشکرایە لە باری سرووشتیدا جۆراوجۆری سەرچاوەى هێزە ئەگەر ئەو جۆراو جۆرانە بتوانن پێکەوە بژین . ئەگەر ئەم قسەیە لە رووی سیاسیەوە راست بێت ، ئەوا لە ئاستێکی قوڵتردا کورد بۆ ئەوەى ببێتە خاوەنی شووناسی خۆی پێویستی بە پرۆژەى رێنیسانسی نەتەوەیی هەیە .

رێنیسانسی نەتەوەییش وەکو پرۆژەیەکی هەمەلایەن کە هەموو جەستەی نەتەوە لەسەر جوگرافیای نیشتیمان بگرێتەوە پێویستی بە زەمینەسازی هەیە . لەو زەمینەسازیەشدا چەندین بنەماو پایەی سەرەکی پێویستن کە ئەویش نەک هەر یەکێتیء یەکبوونی سەرچاوەی مرۆیی کوردستانی پێویستە ، بەڵکو پێویستی بە کۆی ئەو رەگەزو توخمانە هەیە کە کورد لە مێژووى خۆیدا هەیبوون یان بەدەستی هێناون یان بەرهەمی هێناون . ئێمە پێشتر بەدریژیی باسی ئەو پایانەمان کردووە ، بەڵام لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە بڵێین بەڵێ مادەم کورد هەتاوەکو ئێستا نەیتوانیووە سەربەخۆیی خۆی بەدەستبهێنێت و دەوڵەتی خۆی درووست بکات ، مانای وایە پێویستی پرۆژەى بیناکردنەوەى کەسێتی نەتەوەیی خۆی هەیە ، بۆ گەیشتن بە ئامانجەش پێویستی بە شۆڕشی کەلتووری و شۆڕشی رزگاری نیشتیمانی هەیە ، بۆ جێبەجێِکردنی پرۆژەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە هێزو وزەى دواتاکی نەتەوە هەیە .

پرسیار ئەوەیە چۆن ئەو وزەو توانایە یەکدەخرێت بە جۆرێک کە نەک هەر ببێتە پارێزەری کوردستان و دەستکەوتەکانی ئێستایی و لەسەر ئەوەیشەوە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی و ئازادی هەموو کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ بنرێت . بەڵکو سیستێمێکی سیاسی و رێبەرێتی ئەوتۆش پێکبهێنێت کە لەو ئاستەدا بێت بتوانێت مرۆڤى کورد وەکو ئەوەى لە جیهانی دیموکراسیدا هەیە بەڕێوەببات .

ئێمە دەزانین لە دوای راپەڕین کە یەکەم هەڵبژاردن لەم بەشەى کوردستاندا کرا ، عەقڵی پاوەنکاری زۆر باڵادەستبوو، ئەوەش وایکرد کە یاسای هەڵبژاردنی یەکەمجار بە جۆرێک داڕێژرا کە بێجگە لە یەکێتی و پارتی رێگای بە هیچ حیزب و رێکخراوێکی تر نەدا بگەنە ناو پەرلەمان . سەرئەنجامی ئەوەش چەندین هێزی دیاری ئەو کاتە کەوتنە دەرەوەى دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە کە ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی بەشێک لە کێشەو پشێوییەکانی باشووری کوردستان بوو . تەنانەت ئەو عەقڵی پاوەنخوازییە کە لە راستیدا بریتیە لە عەقڵیەتی داننەنان بە بوونی ئەوی ترداو هەوڵدانە بۆ سڕینەوەى ئەوی تر، هۆکاری سەرەکی کۆی ناکۆکی و پشێوییەکانی کوردستانە بە شەڕی ناوخۆشەوە . چونکە بەئاشکرا فڕێدانە دەرەوەى کۆمەڵە هێزێک بۆ ئەو دیوى بازنەى دەسەڵات و بێبەشکردنیان لەو ئیمتیازاتانەى کە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بە ئارەزووی خۆیان وەریان گرتوو ، بووەتە هۆی لاوازی ئینتیما بۆ ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی کوردی کە ئەوەش دواتر هەر لە چوارچێوەى هێز . و حیزبەکاندا نەماوەتەوە بەڵکو شۆڕبووەتە خوارەوە بۆ نێو کۆی کۆمەڵگە .

دوابەدوای ئەو ئەزموونە تاڵەى بێبەشکردن و فڕێدانی رووبەری دیار لە حیزب و رێکخراو رووبەری لەوەش فراوانتری کۆمەڵگە بۆ دەرەوەى دەسەڵات و بڕیار ئاسەواری زۆر نێگەتیفی هەبووە . هەندێ لەو لایەنانە ناچاربوون بەلاوزییەوە لە پێناوى کورسیء پۆستی بە ژمارە کەمدا ببنە هاوپەیمانی دوو حیزبە سەرەکییەکەو بکەونە ژێر هەژموونی ئەوانەوەو نەتوانن پارێزگاری لە بوون و روانینی خۆیان بکەن . کە دەشێ ئەو جۆرە سیاسەتە تاکو ئەم هەڵبژاردنەش بە هەمان شێوە پیادە بکرێت بۆ نموونە دەنگی بیستراوی ناو خەڵک ئەوەیە کە پارتی بێجگە لەوەى کە رۆڵی هەبووە لە دەچوواندنی کاندیەکانی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەندا لە قازانجی خۆی ، دیسان بۆ ئەو چەند حیزبە بچووکەى تریش کە سەرو کورسیان هێناوە باسی ئەوە دەکرێت ئەوە بە پشتی پارتی هێناویانە بۆ ئەوەى لە پەرلەمان ئەم دەنگە بە ناو جیاوازانە ببنە پاڵپشتی پارتی . ئەگینا هەست ناکرێت ئەو دەنگانە رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت . ئەمەش لە راستیدا جۆرێکە لە سیاسەتی رێگاگرتن لە درووستبوونی رای جیاواز ، یان بە جۆرێکی تر درووستکردنی جیاوازییەکە کە تەنیا بە ناو جیاوازەو لە رووکەشدا هەیە کە ئەوەش هیچ خزمەتێکی بەرەو پێشەوەبردنی سیستێمی فەرمانڕەوایی ناکات و ، ئەم جۆرە عەقڵیەتە ناتوانێت رێگاخۆشکەر بێت بۆ بنیادنانی سیستێمێکی دیموکراسی .

ئەوەى کە هەستی پێدەکرێت ئەوەیە تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی ئاشکرا بۆ بوونی ئۆپۆزسیۆن بەرجەستە نەبووە ، ئەمەش نەک تەنیا لە روانینی دەسەڵاتەوە بەڵکو لە روانینی خەڵک و تەنانەت خودی ئۆپۆزسیۆن خۆیشیەوە . لە روانگەى دەسەڵاتەوە ئۆپۆزسیۆن تەنیا ئەوەیە کە بەشداری دەسەڵات ناکات و هەرچیەکی گوت یان پێشنیاری هەر شتێکی کرد ، ئەوە بێ چەندوچوون دژی دەسەڵاتەو بەو پێوانەیەش خراپەو نابێت گوێی لێبگیرێت وەکو ئەوەى کە ئۆپۆزسیۆن لە هەسارەیەکی ترەوە هەتبێت . لە هەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆن و زۆرێک لەخەڵکیش وای دەبینن دەسەڵات لە گەوهەرو ماهیەتیدا خراپەو بەو پێیەش هەرچی بکات هەر خراپەو جێگای گومانە . لە راستیدا تاکو ئێستا عەقڵی باوو باڵادەست لە کوردستاندا ئەم عەقڵیەتەیە . واتە مەسافەیەکی فراوان لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا هەیە . کەواتە ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا دەشێ ئەمجارە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە لە حکومەتێکدا کۆببنەوە ؟

ئێمە پێشتر ئەوەمان گوێ لێبووە کە دەسەڵات باسی حکومەتی هاوبەش و بنکە فراوانی کردووەو ئێستاش هەر هەمان شت دووبارە دەکاتەوە ، لە هەمان کاتدا گوێبیستی ئەوە دەبین کە ئۆپۆزسیۆنیش باسی گەیشتن بە دەسەڵات یان چوونە ناو دەسەڵات دەکات . کەواتە لێرەدا شتێکی نوێ ئەگەر لە رووکەشیشدا بێت دەردەکەوێت ، ئەویش ئەوەیە کە هەردوولا دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بن ، کەواتە ئێستا ئەوەى کە دەشێ مایەی ناکۆکی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بێت شێوازی رێکەوتنیانە لەسەر چۆنێتی دامەزراندی ئەو حکومەتەو چۆنێتی بەڕێوەبردنی ، واتە لەسەر پێکهێنانی حکومەت پێکەوە کۆکن هەربۆیە دەشێ لەسەر میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتەکەو بەرنامەى کارو چۆنێتی بەڕێوەبردنیشی رێکبکەون . من پێموایە جیاوازی گەوهەری نییە لە نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستاندا ئەگەر کێشە کەسایەتی و رقە مێژووییەکان کە دەرهاوێشتەى عەقڵ و کەلتووری خێڵن بەلاوە بنرێن . واتە کۆی ئەوانەى کە خۆیان بە نەتەوەیی دەزانن زۆر لەیەکەوە نزیکن . بە هەڵەدا نەچووین کە بڵێین لە بنەڕتدا بنەمای مادی بەهێزیش بۆ جیاکردنەوەیان لە ئارادا نییە ، هەر بۆیە دەشیا کۆی ئەم لایەنانە لە یەک رێکخرادا کاریان بکردایە ئەگەر دەوروبەرو رۆڵی نێگەتیفی کەسانێک نەبووایە . هەر لەسەر ئەم بنەمایە من پێموایە هەردوو حیزبەکەى دەسەڵاتء بزووتنەوەى گۆڕان و دوو لایەنە ئیسلامییەکەش زۆر بە ئاسانی دەتوانن پێکەوە لە حکومەتدا کۆببنەوەو کار بکەن ، بەڵام چۆن ؟

بێگومان ئەگەر لیستی براوە کە لیستی پارتییە بیەوێت بەرنامەى حکومەت بە تەنیا لەسەر بنەمای دیدو تێڕوانینەکانی ئەو بێت و ئەو چۆنی دەوێت وەها حکومەت پێکبێت و وەاش بەڕێوەبچێت ، ئەوە ناتوانرێت تەسەوری درووستبوونی حکومەتێکی بنکە فراوان بکرێت . هەر بۆیە حەقە پارتی زۆر بە نەرمونیانی و بە کراوەیی و بێترس لە بەرنامەى ئۆپۆزسیۆن بۆ چوونە ناو حکومەتەوە ، بێترس لەوەى کە ئۆپۆزسیۆن چۆن دەیەوێت بەشداری حکومەت بکات ، ئەوە پەسەند بکات کە حکومەتی هاوبەش لەگەڵ هەموو لایەنەکان پێکدێنێت . ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتدا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا ئەوە سەرکەوتنە بۆ ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردی ، ئەگەریش نەیانتوانی قسەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر ئەرزى واقیع ، ئەوا سەرئەنجام متمانەى جەماوەری خەڵکی کوردستان لەدەست دەدەن و رەنگە ئەوەش ببێـە هۆی پاشەکشەیان لە داهاتوودا. خۆئەگەر وزەو توانای ئۆپۆزسیۆن لە ناو حکومەتدا بە جۆرێک خرایەکار کە هەست بکرێت ئۆپۆزسیۆن بەراستی دەیەوێت حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی بکات بە دامەزراوەى نیشتیمانی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی پارتی و یەکێتی و هەموو خەڵکی کوردستانە دەستخۆشیان لێبکات . خۆ ئەگەر رێگا بە ئۆپۆزسیۆن درا وەکو ئەوەى خۆی دەخوازێت بەشداری راستەقینەى حکومەت بێت ، بەڵام لەبارێکی وەهادا شکستی هێنا ئەوە مانای وایە بۆ ماوەی دوورو درێژی تر دەنگی نارەزایی ئۆپۆزسیۆن کپ دەبێتەوەو ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە ئۆپۆزسیۆنیش هەر قسەى هەیە ، کە بێگومان لە قازانجی ئەزموونی فەرمانڕەوایی کوردییە کرداری هەبێت و لە رووی راستیشەوە هەقە پارتی لە درووستکردنی حکومەتی ئەمجارەدا ئەو بوارە بۆ ئۆپۆزسیۆن فەراهەم بکات با ئەویش وزەو توانای خۆی بخاتە کارەوە چونکە هەر سەرکەوتنێک لە کوردستاندا رووبدات سەرکەوتنە بۆ هەمووان .

ئێستا ئەوەى گرنگە بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە هەموویان خەڵکی ئەم وڵاتەن و وڵاتیش پێویستی بە کاری بەکۆمەڵی هەموویانە . بە تایبەتیش لەبەر ئەوەى کە هێشتا کوردستان بەتەواوی رزگاری نەبووە کەواتە هێشتا ئەرکەکانی شۆڕشی نیشتیمانی نەگەیشتوونەتە ئاکام . هەربۆیە یەکگرتن و یەکبوونی هەموو لایەنەکان پێویستیەکی رەتنەکراوەیە لە پێناوی بەدەستهێنانی ئازادی زیاترو سەربەخۆیی هەمیشەییدا . هەروەک رەخساندنی زەمینەى لەبار بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بە فیعلی هەمووان هاوبەش بن لە درووستکردنء بەڕێوەبردن و بڕیارەکانیدا پێویستییەکی گرنگ و ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییەو رێگای راست و درووستیشە بۆ درووستکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دەروونی لە کوردستانداو هەنگاوێکیشە بەرەو بیناکردنی دەسەڵاتێک کە هەمووان هەست بکەن بەراستی دەسەڵاتی هاوبەشی هەمووانە ، ئەوەش یەکێکە لە هەنگاوە راستەکان بەرەو یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیی لەم بەشەى کوردستاندا .