PUK-1

کارزان کۆیی : سەرکردایەتی یەکێتی یان هەوادارانی دۆڕاندیان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بۆبەرپرسانی یەکێتی: پێم باشە هەڵوێستەیەک بکەن لەسەر ئەم گوتارە و خوێندنەوەتان هەبێت و وەڵامی هەوادارانتان بدەنەوە تاکەی بێ دەنگی بەسە.بە هەموان بڵێن ئێوە هێزێکی کارای دابین کەری سەروەت و سامان بوون . یاهێزێکی سیاسی؟

ئێمە کە لەدەرەوەی حیزبەکانەوە بۆ بەرژەوەندی نیشتیمان دەڕوانینە ڕوداوەکان، وە کاتێ گوزارش لە ناڕاستیەکان ئەدەین و دەست دەخەینە سەر دیاردە نادروستەکان تا ئەوەندەی تر خوێنی لێ نەچۆڕێ بۆ بەرژەوەندی گشتی ، یەکسەر بەچاوی گومان و دوژمنەوە تێمان دەڕوانن و دەکەونە سەنگەرەوە لێمان . گەر هەر نەبێ داوای یاسایمان لەسەر تۆمار دەکەن گوایە گێرە شێوێنین. ئۆپۆزسیون خۆتان دروستان کرد هەر خۆشتان گەورەتان کرد من دەیان و سەدان وتارم نوسی کەڕەخنەی دروستم دەگرت بۆ دروست کردنی بڕیاری درووست پێم دەوترا تۆش گۆڕانی .ئاخر ئەگەر بەکاڵفامیەوە نەڕوانینە سیاسەت بۆ دەبێ ئەوەی دیاردەی نادروست بخاتە ڕوو وە نیشتیمانی خۆش بوێت هەر دەبێ دژی دەستەڵات بێت یا گۆران بێت . من ئا لەم ساتەدا بە هەوا دارانی پاکی یەکێتی دەڵێم . پێویستە هەوادارانی یەکێتی ئەوە باش بزانن کە شێوازی بەکار هێنانی سیاسەت و هەلسەنگاندنی سەرکرداییەتی یەکێتی هەڵە بوە نەک ئێوە دۆڕاندبێتتان، سەرکرداییەتی یەکێتی دۆڕاندی . وە دەبێ تەنها سەرکردایەتی سەر نزم بێ لەئاست رکابەروجەماوەرەکەی نەک ئێوە . سەرکردایەتی یەکێتی ئێوەی چەواشە کرد نەک ئێوە . ئەی ئەوە کێ بوو دەی ووت ( ئێمە سەرەتا بەنەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین دوایی بە گەرمی و دوایی داخیان دەکەین. ئەمە داخ کردنەکە بوو. هەر جارێ کە (ی ن ک ) شکستی هێنابێ بە پلانی دوژمن یا بەزەبری چەک بووە و جەماوەری لەدەست نەداوە . بەڵام ئەم جارە نە بە پلانی دوژمن و نە بەزەبری چەک بو بەڵکو بەدەستی سەرکردایەتی خۆی شکستی بە خۆی هێناو جەماوەری لەدەست دا. زەحمەتە هەستانەوەی مەگەر چەند کەسێکی بوێر لەناو یەکێتیدا ببنە فاکتەرێ کە خۆیان بسەپێنن بەسەر سەرکردایەتیدا ، کەهێندێکیان نەسەرکردەو نەبن کردەن . بەڵکو پیاوانی بازرگانن و بازرگانی دەکەن بەخوێنی شەهیدانەوە لەڕێگای یەکێتیەوە بەدەر لە ووتە بەنرخەکەی ئەنیشتاین کە ئەڵێت : کەوتن بۆیە درووست بووە تا فێری هەستانەوە بین . من ئەم شکستەی یەکێتی بە دوور نازانم ، ببێتە فاکتەرێکی کارا بۆ گەورەبونی یەکێتی .گەر زیرەکانە و بوێرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ . چونکە گەردەر ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە وەک جاران بوایە ، ئەوا چەپڵە لێدانی ماستاوچی و گەندە خۆرەکان بۆ خەڵوەتگەی پیران هەر بەردەوام دەبوو. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ختوکەم ئەدا بەر پرسە باڵاکانی یەکێتیە . دوێنێ هەرخۆیان خاوەن بڕیارەکان بوون، هەردوێنێ بوو لەیادمانە باسیان لەسیاسەتی حەکیمانەی یەکێتی دەکرد کەچی ئەمڕۆ هەر خۆیانن گلەیی لەئەداو سیاسەتی یەکێتی دەکەن . ئەم هەڵوێستانەشیان تەنها بۆ خۆپاک کردنەوەو خۆبردنە پێشەوە یە بۆ پۆستی نوێ . نەک بۆ بەرژەوەندی یەکێتی . پێ یان وایە هەڵەکانی دوێنێ یان بە فرمێسکی ئەمڕۆ دەشۆرێتەوە . هەڵەکانی سەرکردایەتی یەکێتی کە بونە هۆکارێ بۆ ئەم شکستە ئەوەندە زۆرە هەژمار ناکرێ .بۆ نمونە لای کەس شاراوە نیە . لە هەڵبژاردن 2010 یەکێتی 558 هەزارو 479 دەنگی هێنا لە70% ئەو دەنگە دەنگی ڕۆڵەکانی شاری سلێمانی و دەوروبەری بوو . یەکێتیش ببینن بەم شێوەیە پاداشتی شاری سلێمانی و دەنگ دەرانی خۆی دایەوە جێگری سەرۆکی هەرێمی بەخشیە بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانی نیە .سەرۆکی پەرلەمانی دایە کەسێک کە خەڵکی سلێمانی نیە ، جێگری سەرۆکی حکومەتی دا بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانی نیە. سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرپرسی دەزگای زانیاری دا بە بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانی نیە ئەمە جگەلەوەی بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانی نیە و بەرپرسی ئەنجومەنی ناوەند بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانی نیە بەر پرسی مەکتەبی ڕێکخستن بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانی نیە یە و بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنیش بەڕیزێک کەخەڵکی سلێمانییە .

وەک هەمومان دەزانین پەتای کێشمەکێشی گەورەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی تەنها لە سلێمانی بوو.لەبری ئەوەی مراعاتی ئەم شارە بکرێ کەچی سەرۆکی لیستیان کردە هەولێری و چەند شتێکی تر کە حەز ناکەم لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم . من هەرچەند باوکیشم لەم شارەدا گەورە بوە بەڵام شانازی بە کۆیی یەکەی خۆمەوە دەکەم لەبەر ئەوە مەبەستم شارچێتی نیە بەڵکو پەیوەندی بە ئستحقاقی هەڵبژاەدنەوە هەیە کە غەدرێکی گەورەیان لە دەنگ دەرانی ئەم شارە کرد ئەم غەدرەش لە ئاستی جەماوەری کەم کردەوە .

زۆرێک لە سەرکردەکانی یەکێتی خۆشیان باش دەزانن تەمەنی سیاسیان بەسەر چوە و خۆشەویست نین بەڵام لەبەرکاری بازرگانی و بەرژەوەندی خودی خۆیان ڕێز لەئەندامانی یەکێتیەکەی خۆیان و ئیرادەی خەڵکی ناگرن و خۆیان بەزۆر سەپاندوە بەسەر یەکێتی دا . یەکێتی بە ڕۆژگارێکی ناسکدا بێ سەرکردە گوزەری کرد . تەکەتول و خزم خزمێنە وبەرژەوەندیە بازرگانیەکان و خۆ دەوڵەمەند کردن باڵی شکستی کێشا بەسەر سەرکردایەتی دا. وە دانەنانی کەسێک وەک جێگری بەڕێز مام جەلال لە سەدا سەد یا وەک( مەرجەع) ئەوەندەی تر کێشەکانی ئاڵۆز کرد . ئەوەی لەم شکستەدا تاساو پڕ بەدڵ گریا دایکی شەهیدان بوو نەک سەرکردەکان ، ئەوەی گریا لایەنگرانی یەکێتی بوو نەک سەرکردەکان .سەرکردەکان بەخاو خێزانەوە بەگیرفانی پڕەوە دێنە دەرەوە بەڵام من بێگومانم لایەن گران بەدەستی بەتاڵەوە دمێننەوە . ئەوانەی تاوان بارن ئەو بەر پرسانەن کەیەکێتیان کردە کۆمپانیایەکی بازرگانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێنا ، دەبێ کێ بێت لەبەر پرسەکانی یەکێتی پشکی نەبێت لە کۆمپانیاکانی نەوت و ئۆتۆمبیل و جگەرەو کۆمپانیەکانی نیشتە جێ بووندا . من بێ گومانم ئەوەی پشکی گەورەی نەبێت لەو بازرگانیەدا لەسەرکردایەتیش پەراوێز خراوە ، ئێمە هێڵە راست و چەپەکان ناهێنین بەسەر هەمواندا ، سەرکردایەتی یەکێتی خەڵکی بەتواناو پاک و شۆرش گێری زۆری تیایە بۆ نمونە شۆڕش ‌ئیسماعیل لەتەمەنی چواردە ساڵیەوە بۆتە پێشمەرگە تا ئەمڕۆ بێ دابڕان وبێ وچان لەخەباتدایە بەبێ ئەوەی تا ئێستا یەک دیاردەی نەشیاوی لەسەر هەژمار کرابێ . دەیان جار بڕیندار کراوە ، تا ئێستاش دەیان پارچە و ساچمەی گولە هاوەن و تۆپ لەسەریدا ماوەتەوە بۆپۆستێکی شیاوی پێ نادرێ؟ ئالێرەدا وەڵامی کاریگەری پشکەکان دێنە سەرهێڵ ، کە چەند کاریگەریان هەیە. هۆکاری کەم بونەوەی دەنگ دەرانی یەکێتی زۆرن من لەچەند خاڵێکدا کورتیان دەکەمەوە

1- دانەنانی یەکێک لەغیابی بەڕێز( مام جەلال) وەک( مەرجەع ) بووە ڤاکتەرێکی کارا بۆ لەت لەت کردنی لاشەی سەرکردایەتی یەکێتی .

2- شاردنەوەی باری تەندروستی بەڕیز مام جەلال لەلاین گرانی یەکێتی و هەمو کورد بەگشتی . چونکە مافی هەمو تاکێکی کوردە ئاگاداری رەوشی تەندروستی سەرکردەی نیشتیمانی خۆی بێت .

3- خواستی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی بە باڵادەستی ئەبەدی خۆیان لەسەرکردایەتیدا .

4- ڕێکەوتن نامەی ستراتیژی کاریگەری خۆی هەبوو.

5- یەکێتی تا ئەم شکستەش بەچاوی ساڵی 1991 دەی ڕوانیە جەماوەرەکەی وە خوێندنەوەی ووردی نەبوو. کادیرانیشی بۆ بەرژەوەندی و خۆبردنە پێشەوەی خۆیان داتای دروستیان نەئەدا ئەمە دەلاقەیەکی گەورەبوو وای لەیەکێتی کرد لەخۆ بایی بوو وەک دەیان ووت یەکێتی منەتی بەکەس نیە . هەر ئەم چەواشە کاریەی کادیرانی بوو یەکێتی بە لیستی جیا دابەزی

6- بە فیعلی نەی سەلماند سۆشیال دیموکراتە .

7- یەکێتی بووە پاڵەوانی یەکەم لەبازرگانیدا و تەنها سەرکردایەتی بازاڕو کاروباری بازرگانی گرتبووە ئەستۆ وەک دەزانین پڕۆژەیەکی گەورە نیە لە سلێمانی دا پشکی ئەوانی تیا نەبێ .

8- چونە ژێر باری درێژ کردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتی گورزێکی گەورەو توندی لە یەکێتی دا .

9- خەڵکێکی زۆریان لەسەر موڵکی گشتی کردە ملیاردێر.

10- لێ نەپرسینەوەو دادگای نەکردنی هیچ کام لە کادیرانی ئیداری لەناو دەزگاکانی حکومەتدا کە بەئاشکرا دەبینران بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاریان دەکرد .

11- یەکێتی بنکەی جەماوەری خۆی بەزۆری لەسەر دانی پۆست و بەرژەوەندی مادی درووست کرد . ئەمەش دەبێ بە جدی مامەڵەی لەگەڵدا بکات لەداهاتودا چونکە کاریگەریەکی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر یەکێتی گەر وەک ئۆپۆزسیۆن کار بکات .چونکە ماڵە گەورەکەیان کردبوە ماڵە چەورەکە .

12- ناعەدالەتی لەبەخشینەوەی موڵکی گشی و تەخشان و پەخشان کردنی لەبەر چاوی هەمواندا . ئاخر بۆ دەبێ منی ئەفسەری خانەنشین کراو 34 ساڵ و 10 مانگ و14 ڕۆژ خزمەتم هەبێت وە چوار ساڵیش نەفی کرابێتم بۆ هۆڕەکانی چبایش لەناصریە دوو ساڵیش ئەفسەری شۆڕش بوبێتم کەچی هەموو موچەکەم تەنها 340 سێ سەدو چل هەزار بێت . لەبەر چاوی ئێمەشەوە کوڕی فڵان وکچی فڵان بەبێ ئەوەی یەک ڕوژ خزمەتیان هەبێت بە پلەی وەزیرو خانەنشین بکرێن .

12- نادروستی شێوازی بانگەشەو بەڵێنە سپیەکانی نێو هەمبانەکەیان کاریگەری خۆی هەبوو بەر پرسەکانی یەکێتی لە دوای هەڵبژاردنی پێشووە وە لەسەر شەقام وون بوون لەگەڵ دەست پێ کردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا بوونەوە بلیاد شۆو ئاخر بۆ دەبێ بەرپرسەکانی یەکێتی تەنها لە بانگەشەدا لەسەر شەقامەکان بەتی شێرتەوە ببینيدرێن لەدوای بانگەشە غەیب بن . من لەکۆبونەوەیەکدا بە ئامادە بوونی زۆرینەی کاسب کاران وبەڵێن دەرانی شاری سلێمانیدا بە ئامادە بونی هێرۆ خان و پاڕێزگاری سلێمانی بە کاک ئەرسەلان بایزم ووت ئەرێ خێرە لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا لێمان بوویتە ئادەم سمیس بۆ پێش ئەم بانگەشەیە ئەم کۆبونەوەیەت لەگەڵ نەکردین . ئەمە بۆچونی هەموانە نەک تەنها من بەس دەبوایە پێش ئەو لێدوانەی من هەستیان بەوە بکردایە. زۆرێک لە لێدوانەکانی بەر پڕسان خراپ شکایەوە وەک ( بابە دەستور گەڕایەوە ئەوە قسەی پێرێ بوو) ( بەزۆربە قوربانی کردنی خەڵک)

13- تەکەتول کاری نێو ئەندامانی سەرکردایەتی لەهەموی کاریگەر تربوو .

جا دوای ئەم شکستە پێویستە یەکێتی وانەیەکی باش وەربگرێت لەهەڵەکانی و وە پێویستە بەشێوەیەکی گشتی بەسەر هەموو ئۆرگانەکانیدا بچێتەوە لەهەمووی گرنگ ترو کاریگەرتر کە سەرنجی نەیارانیشی بەلای خۆیدا رادەکێشێ وخۆشەویستی لایەن گیرانیشی جارێکی دی بەدەست دێنێتەوە دانانی دادگایەکی ناو خۆییە بۆ لێ پرسینەوە لە کۆمپانیا چیەکانی ناو حیزبەکەی و سزادانیان بوێرانە . وە قبوڵ نەکردنی دەست لەکارکێشانەوەی هیچ بەر پرسێ بێ دادگایی کردن بچێتە دەرەوە . شایانی ئاماژە پێ کردنە دەبێت هەمویان وەک هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەست بەوە بکەن کە پشکی هەڵە و کەم تەرخەمییان بەردەکەوێت و خۆیان سزای خۆیان بدەن و نابێ وەک داشی شەترەنج جێگۆڕکێ بە خۆیان بکەن بەڵکو دەبێت سزا بدرێن و سڕ بکرێن و دوور بخرێنەوە . ئەوەی مەبەستمە لەکۆتاییدا ئاماژەی پێ بدەم تەنها پارتی سەرکەوتو بوو لەم هەڵبژاردنەدا هەر کام لەلایەنەکان گەر باس لەسەرکەوتن بکەن ئەمە یاری کردنە بەواتاو مانای سەرکەوتن و خۆ هەڵ خەڵەتاندنە . وە دەبێ سەرکردەکانی پارتیش ئەوە باش بزانن. سەرکەوتنیان ناگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانەیان .بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ مل ملانێ سەختەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان . وە دەبێ هەموو لایەنە ڕکابەرەکانیش کەبێ ئاگابوون ئەوە باش بزانن لەم بانگەشەیەدا لە مەصیف ڕێگە نەدرا یەک پەڕۆی سەوزو نیلی وئەوانەی دی هەڵبواسرێ وە کەسیش لەو لیستانە و جەماوەرەکەیان دەنگیان لێوە نەهات ، جا دەبێ نهێنی ئەمە چی بێت ، بەرزی پلەی رۆشنبیری شاری سلێمانیە؟ یا شەق دەزانێ قۆناخ لەکوێیە؟ لەکۆتاییدا پێویستە هەمومان ئەوە بزانین گۆڕان لەناو یەکێتی دا چرۆی کرد، لەنێو یەکێتی شدا گەشەی کرد وە بەقۆزینەوەی هەڵەکانی زۆرێک لەبەرپڕسانی یەکێتی زیرەکانە خۆی ناساند ، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەیاد نەچێ گەر لەدەڤەری سەوزی ئازادا نەبوایە مەحاڵ بوو هیچ بزوتنەوەیەک بەهێمنی ئەو گەشەیەی بکردایە .