Shaxewan-ibrahim

شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : پاشه‌کشه‌ی ئیسلامییه‌کانی کوردستان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ شکستی ئیخوانه‌وه‌ بۆ شکستی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌ ئیسلامییه‌کان ده‌یانزانی پاشه‌کشه‌ی جه‌ماوه‌رییان یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌ هه‌ره‌ دیاره‌کان و به‌ڵام بازاڕی میدیای ئیسلامییه‌کان گه‌رم بوو به‌ بانگه‌شه‌ی نا ته‌ندروست ، هه‌م له‌ به ‌کارهێنانی ئایین وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌کی ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌و‌ هه‌میش دروستکردنی فه‌زایه‌ک که‌ ئه‌وان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا براوه‌ ده‌بن و ده‌توانن حکومه‌ت پێکبهێنن.

ئیسلامییه‌کان هه‌موو رێگه‌کانی بانگه‌شه‌یان تاقیکرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سۆزی زۆرینه‌ی موسڵمانان به‌ره‌و خۆیان کیش بکه‌ن و چه‌ند هه‌فته‌یه‌کیش پێش بانگه‌شه ویستیان به‌ داکۆکی کردن له‌ مورسی و ئیخوانه‌کان بچنه‌ نێو دڵی موسڵمانه‌کان و دواتریش له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌دا‌ بیریان چۆیه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی موسڵمانن ‌، به‌ڵام‌ ئیسلامی سیاسی نین ، ئه‌مه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئیسلامییه‌کان به‌رده‌وام ئیش له‌سه‌ر به‌ ئیسلامی کردنی کوردستان ده‌که‌ن تا به‌ جیاواز له‌گه‌ڵ حیزبه‌ سیاسییه‌کانی تر وه‌ک تاکه‌ هێزی خه‌مخۆری ئیسلام خۆیان بناسێنن، ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ ئیسلام وه‌ک ئایین پێویستی به‌ پاسه‌وان و حیزبی سیاسی نییه‌ بیپارێزێت یاخود بیخاته‌ ناو ململانێ سیاسییه‌کانه‌وه ‌، دواتر ئه‌مه‌ به‌ زیانی ئایین ده‌که‌وێته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ده‌که‌وێته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌ی سیاسه‌توانان و رۆشنبیران له‌وه‌ی ئایین ناتوانێت وه‌ڵامگۆی پرسه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه‌کانی پێ بێت که‌ له‌ سیسته‌می حوکمڕانێتی تازه‌دا خودی مرۆڤ سه‌نته‌ری شته‌کانه‌ و کارو باره‌کانی به‌ یاسای دنیایی رێکده‌خرێت تا له‌گه‌ڵ بارودۆخ و جوگرافی و به‌ها ئینسانییه‌کان بگونجێت ، ئاخر هێزێکی ئیسلامی سیاسی کاتێک ئیش ده‌کات بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی ئه‌مه‌ راسته‌وخۆ ئاماژه‌یه‌کی روون به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دات ئه‌و هێزه‌ ناتوانێت نموونه‌یه‌کی جوانی حوکمڕانێتی پێشکه‌ش بکات .

له‌ ئێستاکه‌دا ئایینی ئیسلام له‌ باشووری کوردستاندا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له ‌لایه‌ن هێزه‌ غه‌یره‌ ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ له‌ ژێر مه‌ترسیدانییه ‌، بگره‌ ئه‌و هێزه‌ غه‌یره‌ ئیسلامییانه‌ بوونه‌ته‌ هۆکارێکیش له‌ بره‌ودان به‌ گروپگه‌لی ئیسلامی سیاسی، چونکه‌ فه‌زایه‌کی ئایینی وایان دروستکردووه‌‌ ته‌نیا سوود به‌ ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش بۆ رازیکردنی جه‌ماوه‌ره‌که‌یان وه‌ک ئیسلامییه‌کان بانگه‌شه‌ی ئایینی ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ زیانی پرۆسه‌ی سیاسی ته‌ندروست ده‌که‌وێته‌وه‌و هێزه‌ ئیسلامییه‌کانیش به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن گوایه‌ ئیسلام له‌ مه‌ترسیدایه‌و عه‌لمانی و ناسیۆنالیسته‌ کورده‌کانیش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و چه‌واشه‌کارییه‌ پوچه‌ل بکه‌نه‌وه‌، ئیدی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش له ‌لایه‌ن هێزه‌ نه‌ته‌وه‌یی و عه‌لمانییه‌کانه‌وه‌ وای کردووه‌ سوودمه‌ندی یه‌که‌م ئیسلامییه‌کان بن له‌وه‌ی ئایین بکه‌نه‌ یه‌که‌م پردی په‌ڕینه‌وه‌یان له‌ بانگخوازییه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات .

ئیسلامییه‌کان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند کورسییه‌کیان زیادی کردووه‌، به‌ڵام له‌رووی پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییانه‌وه‌ پاشه‌کشه‌یان کردووه‌، چونکه‌ به ‌پێی رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بێت که‌ له‌رووی سنووری جوگرافییه‌وه‌ فراوانتربوو به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌وا ئیسلامییه‌کان ده‌نگیان که‌می کردووه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی 2010 یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان نزیکه‌ی 214222 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش 4 کورسی مسۆگه‌ر کرد، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی 2013 له‌ کۆی 95%ی ده‌نگه‌ جیاکراوه‌کان نزیکه‌ی 178681 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌، واته‌ نزیکه‌ی 35541 ده‌نگی که‌می کردووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان ئه‌ویش به‌ده‌ر نییه‌ له‌ که‌م بوونه‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی و له‌ هه‌ڵبژاردنی 2010ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 144987 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی 2013 ی په‌رله‌مانی کوردستاندا رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی که‌می کردووه‌و بۆ 113260 ده‌نگ دابه‌زیوه ‌، واته‌ 31727 ده‌نگ که‌می کردووه ‌، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی کوردستانیش له‌ ئێستاکه‌دا به‌ لاوازترین هێزی ئیسلامی سیاسی له‌ باشووری کوردستاندا هه‌ژمار ده‌کرێت و ئه‌ویش رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی له‌ چاو خۆیدا که‌می کردووه‌ و به‌ پێی ده‌رئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان بێت نزیکه‌ی 20795 دەنگی به‌ده‌ست هێناوه‌ و ده‌بێته‌ خاوه‌ن یه‌ک کورسی په‌رله‌مانی ، واته‌ به‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌ له‌ کۆی 359209 ده‌نگ 67268 ده‌نگیان که‌می کردووه ‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش بۆ سێ ساڵ رێژه‌یه‌کی یه‌کجار زۆره‌ له‌ دابه‌زینی کێرفی جه‌ماوه‌رییان و ئاماژه‌یه‌کی روونه‌ له‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ باشووری کوردستان پاشه‌کشه‌دان .

فاکته‌رگه‌لێک له‌ پشت پاشه‌کشه‌ی کێرفی جه‌ماوه‌ری ئه‌و سێ رێکخراوه‌ ئیسلامییه‌دان و سه‌ره‌کیترینیان بایه‌خ پێدانی یه‌کجار زۆری ئیسلامیه‌کانی کوردستان به‌ شکستی ئیخوانه‌کان له‌ میسر و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی لای تاکی کوردستانی به‌جێ هێشت بۆچی ئه‌م هێزانه‌ به‌م شێوه‌ زه‌قه‌ بووبوون به‌‌ پاشکۆی ئیخوانه‌کان له کاتێکیشدا کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتدا به‌ده‌ست ئیسلامییه‌ توندڕۆکانه‌وه‌ به‌ ناشیرینترین شێوه‌ ده‌کوژران و که‌چی ئه‌مان بێ هه‌ڵوێستترین حیزبی سیاسی باشووربوون له‌ ئاست ئه‌و کوشتاره‌ قێزه‌وه‌نه‌ی برا موسڵمانه‌کانیان ده‌رهه‌ق به‌ کوردیان ده‌کرد.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان بانگه‌شه‌ی برایه‌تی نێوان موسڵمانان ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش وه‌ک کارتی زیادکردنی نفوز به‌کاردێنن ، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان خاوه‌نی سێ حیزبی سیاسی جیاوازن و به‌رده‌وامیش یه‌کتری ره‌خنه‌باران ده‌که‌ن و به‌رنامه‌و کاری یه‌کتری ره‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر سێ لایه‌نی ئیسلامی بانگه‌شه‌ی دروستی ئیسلامێتی خۆیان ده‌که‌ن و یه‌کدیان به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نییه ‌، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ تاکی کورد له‌مه‌ودا نه‌توانێت چیتر باوه‌ڕیان پێ بکات که‌ به‌راستی کامیان داکۆکی له‌ ئایین ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئایین پێویستی به‌ داکۆکی ئه‌وان نییه‌و ئه‌و داکۆکییه‌ش ته‌نیا مه‌به‌ست لێی کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و نزیک بوونه‌وه‌یانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات . ئه‌گینا خودی حیزبی ئیسلامی بۆته‌ ئاماژه‌یه‌کی ترسناک له‌وه‌ی ئایینیان خستۆته‌ ناو شه‌ڕێکی شکستخواردووی خۆیانه‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ فه‌وزایان له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و رۆشنبیری دروستکردووه ‌، ئاخر کێ هه‌یه‌ درک به‌وه‌ نه‌کات ئیسلامییه‌کان وه‌ک ڤایرۆس وان ده‌چنه‌ ناو سیسته‌می بیرکردنه‌وه‌ی رۆشنبیرانه‌وه‌و به‌ربه‌ست بۆ ئازادییه‌کانی ئینسان داده‌نێن و ئینسان لای ئه‌وان سه‌نته‌ری هه‌موو شته‌کان نییه ‌، ته‌نیا له‌وکاتانه‌ ئینسانیان بیر ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ پێویستیان پێیه‌تی و ئه‌مه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ دونیای پێشکه‌وتووی ئه‌مرۆکه‌دا ئینسان له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌ داده‌نرێت ‌، هه‌ڵبه‌ت بۆ خۆشبه‌ختکردنی ئینسانه‌کان و له‌ پێناو مرۆڤبووندا خه‌بات ده‌کرێت نه‌ک به‌ کۆیله‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی تاکه‌کان بۆ سه‌رده‌می ناکۆکییه‌ مه‌زهه‌بی و خێڵه‌کییه‌کان .

ئەم بابەتەم لە گۆڤاری شه‌پۆل لەمەوپێش لە ، ژماره‌  30  بلاوکراوەتەوە  .