عەتا قەرەداخی : بیری کوردی لە نێوان خەیاڵی شیعری و خواستە ناسیونالیزمیەکاندا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

رەنگە ئەم ناونیشانە مایەی قسە لەسەر کردن بێت . پێشتر من چەند جارێک پێداگری ئەوەم کردووە کە شتێک نییە بە ناوی بیری کوردی و بەڵگەشم بۆ پشتگیری کردنی ئەم بۆچوونەى خۆم ئەوە بووە کە ناشێت بیر بە بێ بوونی بیرمەند بوونی هەبێت ، ئەمە جگە لەوەى کە چ پێشترو چ ئێستاش پێموایە دەبێ جیاوازى دوو شت بکرێت کە یەکێکیان دووبارە کردنەوەى بیری ئەوانی ترەو ئەویتریشان بەرهەمهێنانی بیرە .

کاتێک دەتوانرێت باس لە بەرهەم هێنانی بیر بکرێت کە ئەو بیرە لە چوار چێوەى رێکخستن یان سیستێمێکدا رێکبخرێت و مەوداو چوارچێوەی ئەو بیرە دیار بێت. ئێمە دەزانین بیرێک هەیە مرۆییەو شووناسی نەتەوەو نیشتیمان هەڵناگرێت . بیریکیش هەیە ناوچەیی یان پەیوەستە بە رووبەرێکی جوگرافی یان ئیتنیکێکی تایبەتەوە کە ئەویش زیاتر شووناسی نەتەوەیی هەیە کە بێگومان ئەم ئاراستە لە بیرکردنەوە زیاتر وەکو دەرهاوێشتە یان بەرهەمی ناسیونالیزم سەیر دەکرێت کە ئەوەش جۆرە بیرکردنەوەیەکە زیاتر بارگاوی دەبێت بە رەگەزەکانی شووناس یان ئایدیۆلۆجیاو کەمتر بیر وەکو بەرهەمی بیرمەند یان وەکو بەرهەمێک کە شووناسی بیری هەبێت خۆی نمایش دەکات.

ئەگەر بە سادەیی بپرسین بیری کوردی چییە ؟ بەرهەمی کێیە ؟ ئایا بە راستی شتێک هەیە بە ناوی بیری کوردی ؟ ئەگەر هەیە مەوداو رەهەندەکانی ئەو بیرە چین و کامانەن؟ ئایا ئەو پانتایی و رووبەرانە کامانەن کە بیری کوردییان تێدا بەرهەم هاتووە ؟ ئایا لە راستیدا مرۆڤ یان کۆمەڵگەى دەرەوەى مێژوو یان بێ شووناس دەتوانێت هەروا بە ئاسانی ببێتە بەرهەمهێنی بیرو ئەو بیرەش شووناسی ئەو نەتەوە یان کۆمەڵگەیەی پێ بدرێت لە کاتێکدا خودی کۆمەڵگەکە لە رووی ئامادەبوونەوە خۆی شووناسی نەبێت؟ زۆر بە سادەیی با بپرسین کامە بیری کوردییە ؟

من لێرەدا ئاماژە بۆ شووناسی بیرمەندێکی وەکو ئیدوار سەعید دەکەم چونکە زۆرێک لەوانەى کە باس لە بوونی بیری کوردی دەکەن ئاماژە بۆ نووسەری بەڕەگەز فەلەستینی ئیدوار سەعید دەکەن کە کۆمەڵگەکەى ئەویش وەکو کۆمەڵگەى کوردی کۆمەڵگەیەکی پەراوێزیی دەرەوەى مێژووە لەو روانگەیەوە کە کۆمەڵگەیەکی ژێردەستەو ماف خوراوەو تاکو ئێستا نەبووەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆیی . بەڵام لە راستیدا ئیدوار سەعید لە دوو رووەوە جیاوازە لە کورد بە گشتی ، یان ئەو تاکە کەسانەى کە باس لەوە دەکرێت لە مێژووى کورددا بەرهەمهێنی بیر بوون یان بەرهەمهێنی بیرن .

یەکەمیان ئەوەیە کە ئیدوار سەعید راستە فەلەستینیە بەڵام بە رەگەز مەسیحیەو ئەمەش زیاتر لەوەى کە شووناسی فەلەستینی پێببەخشێت شووناسی مەسیحیەتی پێدەبەخشێت کە ئەمەشیان زیاتر لەوەى بیکات بە خاوەنی شووناسێکی ناوچەیی ، دەیکات بە خاوەنی شووناسێکی گەردوونی.

دووەم کە زۆر لە یەکەم گرنگترە ئەوەیە کە ئیدوار سەعید چی بەهەم هێناوە. لە فەرهەنگی بیرو مەعریفەداو هەروەها لە فەرهەنگی سیاسی و مێژوویدا چەمکی ئۆرێنتالیزم بە ناوی ئیدوار سەعیدەوە تۆمار کراوەو لەسەر ئاستی فەرهەنگی و فیکری و رۆشنبیری و سیاسی جیهانی ئەم زاراوەیە بە رەهەندی بەربڵاوو مەودا قوڵیەوە بە بەرهەمی بیری ئیدوار سەعید دادەنرێت کە بریتیە لە تێڕوانینی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات و گەوهەری ئەو تێڕوانینەش لەسەر بنەمای منی باڵاو پەرەسەندوى رۆژئاواو تۆی رۆژهەڵاتی بستەباڵاو دواکەوتوو ، پاشکۆ بیناکراوەو ئەم چەمکەش دەبەسترێت بە چەمکی کۆلۆنیالیزمەوە لە مێژوودا کە چۆن رۆژئاوا رەوایەتی بەخۆی داوە کە لە هەموو ئاستەکاندا هەوڵی داگیرکردنی رۆژهەڵات بدات ، گەوهەری چەمکی ئۆرێنتالیزم کە بنەمای تێڕوانی رۆژئاوایە بۆ رەوایەتی دان بەداگیرکردنی رۆژهەڵات هاوشانە لەگەڵ چەمکی سیاسی کۆلۆنیالیزمدا . خاوەنی ئەم تێزەش لە مێژوودا ئیدوار سەعیدە ، کەواتە ئەوەى ئیدوار سەعیدی وەکو بیرمەند ناساندووەو شووناسی بیرمەندی پێبەخشیووە خودی ئەو بەرهەم فیکرییەیە کە ئیدوارد بەرهەمی هێناوەو بیرمەندانی رۆژئاواو بیری رۆژئاواش دانیان بەو تێزەی ئیدواردا ناوەو لەسەربنەمای ئەو تێزەش دانیان بە خۆیشیدا ناوە وەکو بیرمەند . لە هەمووی ئاشکراتر ئەوەیە کە لە نێوەندی بیری رۆژئاوادا کەسێکی وەکو ئیبن روشد لە بری ئەوەى بە بیرمەند دابنرێت بە گوێزەرەوەو دووبارەکەرەوەى تێزەکانی ئەرستۆ دادەنرێت و وەک بیرمەند سەیر ناکرێت . کەواتە لێرەدا ئێمە لەبەردەم ئەو پرسیارەدا رادەمێنین ئایا ئەوە کێیە کە بڕیار لەسەر بوونی بیری کوردی دەدات کە بەو پێیە دەبێ کورد بیرمەندیشی هەبێت؟ .

ئەوەى ئاشکرایە کە مێژووى نووسینی کوردی مێژوویەکی هێندە کۆن نییەو ئەوەشی کە هەیەو ئێستا دەبینرێت بریتیە لە بەرهەمی شیعر . ئایا دەشێ شیعر کە بەرهەمی خەیاڵە وەکو تێکست ببێتە هەڵگری بیر یان هەڵگری گوتارێک کە بتوانرێت پێی بگوترێت گوتاری بیر یان تەنانەت گوتاری مەعریفە ؟ گریمان دەقێکی شیعری کوردی توانی ئەو ئەرکە ببینێت ، ئایا ئەو بیرە یان مەعریفەیە خاسێتی گشتی هەیەو دەشێ پێشتر لە دەیان دەقی تردا ئەو بیرو مەعریفەیە ئاخاوتنی نەکرابێت و بەرێگای جۆراو جۆر بەکارنەهێنرابێت ؟ یان هەر لە راستیدا بۆ یەکەم جار ئەوە لەبەرهەم و داهێنانی شاعیرانی کورددا بینراوەو هیچ کەسی ترو لە هیچ شوێنێکی ترلە پێشتردا باسی لێوە نەکراوە ؟ سەرتا دەبێ دان بەو راستیدا بنێن کە بیر بەرهەمی عەقڵ و تێڕوانین و تێڕامان و تێفکرین و بیرکردنەوەیە کە لەسەر دوو پایەی داهێنان و تیۆری بەرهەم دێت . شیعریش بەرهەمی خەیاڵ و هەڵچوون و سۆزو نەستەو دەشێ وەکو جۆرێک لە بەرهەمی خەون سەیر بکرێت . ئایا ئەو هاوکێشەیە چۆن هاوسەنگ دەکرێت کە بەرهەمی خەیاڵ و ئەندێشەو هەڵچوون ببێتە زەمینەى بەرهەمهێنانی بیر کە بەرهەمی بیرکردنەوەو تێڕامان و لێکدانەوەیە ؟ بێگومان لێرەوەیە کە پرسی بیری کوردی دەکەوێتە بەردەم پرسیارەوە. پرسیاری ئەوەى کە چۆن دەشێت بەرهەمی خەیاڵ و ئەندێشەو هەڵچوون و نەست ببێتە بەرهەمی عەقڵ و تێڕامان و لێکدانەوە؟

شتێکی تریش هەیە کە مایەى لەسەر راوەستانە ئەویش ئەوەیە کە ئازارو ژانەکانی مرۆڤ بە گشتی سەرباری هەندێ جیاوازى لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی ترو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر نزیکن لە یەکترو ئەو هاوشێوەیی و لێکنزییکیەش بە هەمان شێوە کاریگەری خۆیان لەسەر خەیاڵ و ئەندێشەو نەستی مرۆڤەکان دادەنێن و ئەوانەیان کە دەتوانن گوزارشت لەو ئازارو ژانانە بکەن دەشێ دیدو جیهانبینیەکانیان نزیک بن لە یەکتری هەر بۆیە ئەوەى کە دەشێ ئێمە لە شیعری شاعیرێکی کورددا بیدۆزینەوەو وەکو بەرهەمی خەیاڵ و ئەندێشەو نەستی ئەو سەیری بکەین دەشێ لە شوێنێکی ترو لەسەردەمێکی پێشتریشدا خەیال و ئەندێشەى کەسێکی تر بەرهەمی هێنابێت . ئەمەش وادەکات کە ئەوەى لە شیعردا بەرهەم دێت کەمتر تایبەتمەندی کەسێک یان نەتەوەیەکی هەبێت ، بۆ نموونە ئەوەى لە بەرهەمی شکسپیر یان جۆن میڵتۆندا بەرهەم هاتووە هەمان ئەو مەودا مرۆییەى هەیە کە چەند سەدەیەک دوای ئەوان لە بەرهەمی مەحویی و مەولەویدا بەرهەم هاتووە ، ئەوەى شیلی و بایرۆن و کیتس و ۆردزۆرس بەرهەمیان هێناوە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جوانی کە ئەویش لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سرووشت و پیاوو جوانی ئافرەتدا بەرجەستە بووە ، گۆران دوای سەدەو نیوێک هەمان ئەو بۆچوون و جیهانبینیانە بەرجەستە دەکاتەوە بەڵام رەنگە جیاوازی هەرە ئاشکرای گۆران لەو شاعیرانە ئەوە بێت کە دەڵێت: جوانیەک هەیە کوردستانییە . واتە دەیەوێت شووناسی نەتەوەیی بە جوانیەک ببەخشێت کە پێی وایە سرووشتی کوردستان و جوگرافیای کوردستان و مرۆڤی کورد بەرهەمیان هێناوە . بەڵام ئەوەش لە چوارچێوەى تێڕوانینێکی نەتەوەیی یان گوتاری نەتەوەییدا جێگای دەبێتەوە نەک لە چوارچێوەى بیردا .

ئەوە ئاشکرایە کە ئێمەى کورد بە بێ ئەوەى بە خۆمان بزانین کەوتووینەتە ژێر کاریگەری عەقڵ و روانینی عەرەبیەوە بۆ مەسەلەکان و باسکردنیشمان لە بابەتێکی گرنگی وەکو بیر کە تەنانەت بە بیری کوردی ناوی ببەین هەر کاریگەری باسکردنی عەرەبە لە بیری عەرەبی کە ئەویش جارێک باس لە بیری کۆنی عەرەبی و جارێکیش باس لە بیری هاوچەرخی عەرەبی دەکرێت . بەڵام سەرئەنجام ئەوەى کە باس دەکرێت لە چەند رووبەرێک زیاتر نییە کە “

یەکەمیان ئەوەیە کە ئایینی ئیسلام بەرهەمی هێناوەو وەکو ئاشکراشە سەرباری ئەوەى کە ئەم ئایینە بە زمانی عەرەبی پەیامەکەی هاتووەو بوویشە بە یەکێک لە پایەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی بەڵام ئایین لە راستیدا شووناسێکی گەردوونی یان نێونەتەوەیی هەیەو ئەگەر بڕوامان بەوە هێنا کە ئەم ئایینە پەیامێکی ئاسمانیە ، دەبێ دان بەوەشدا بنێین کە پێویستە شووناسێکی گەردوونیشی هەبێت .

دووەمیان ئەوەى عەرەب بە بیری عەرەبی ناو دەبات ، بەرهەمی کۆمەڵێک ناوە لە مێژووى عەرەبدا کە وەکو بیرمەند نیشاندراون لەوانەش وەکو غەزالی و ئیبن رووشدو ئیبن خەلدوون و فارابی و … هتدد .

سێیەمیشیان کە زیاتر مەسەلەى بیری عەرەبی زەق کردۆتەوەو پێداگری لەسەر دەکات ناسیونالیزمی عەرەبیە ، بەڵام با بپرسین ئایا بەراستی بیری عەرەبی بیرێکی خاوەن شووناسە ، هەتا ئێمەی کوردیش ئیلهام لەوانی عەرەب وەربگرین و بە هەمان پێوانە باسی بیری کوردی بکەین ؟ بێگومان ئەوەی کە بە بیری عەرەبی ناودەبرێت لە سەردەمی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی عەرەبییەوە باسی لێوە دەکرێت . ئەوەى تاکو ئەو سەردەمە دیار بووە لە نێوەندی کەلتووری عەرەبیدا بیری ئیسلامی بووە . رۆشنبیرە ناسیونالیستەکانی عەرەب لە ئەنجامی بڕوابوونیان بەوەى کە ناشێت بیری عەرەبی لە بۆشایدا بەرهەم بێت بەبێ گەڕانەوە بۆ رابردووى عەرەب و ئامادەکردنەوەى لە ئێستادا بۆیە لە ئاستی یەکەمدا گەڕاونەتەوە بۆ ئامادەکردنەوەى ئەو رابردووەى نەتەوەکەیان . بەڵام دیارە لەو رووەوە عەرەب ئەگەر بەراورد بکرێن بە کورد ئەوان مێژوویەکی کۆن و دەوڵەمەندی نووسینیان هەبووەو بەو پێیەش رووبەرێکی فراوان هەبووە بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری عەرەبی کە ئەو گوتارەش بە بیرکردنەوەو مەعریفەو توخم و رەگەزە عەرەبیەکان بارگاوی کراوەو ئەو دەقانەش بە زمانی عەرەبی بەرهەمهاتوون . کە جگە لە قورئان و بێجگە لە شیعر رەگەزەکانی تری نووسینیش کە بەرهەمی عەقڵن لە مێژە لە کەلتووری عەرەبیدا بەرهەم هاتوون هەرچەندە زۆربەى بۆچوونەکانیان لە گریگء رۆمانەوە وەرگرتووەء ئەمەش وایکردووە خاوەنی ئەو وەرگرتنانە نەبنە بیرمەندو وەکو کۆمێنتەر سەیر بکرێن هەرچۆن لە مێژووى ئیسلامدا چەندین مەلا پەراوێزیان بۆ کتێبە گرنگەکانی ئەو بوارە نووسیووە ، بەڵام سەرئەنجام هەروەکو پەراوێز نووس ماونەتەوەو زۆربەشیان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەى کە پێیان بگوترێت نووسەر .

بە پێچەوانەى عەرەبەوە ، مێژووى نووسینی کوردی ئەوەندە کۆن نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا شیعری لێدەرچێت رەگەزەکانی تری نووسین بە تایبەتی رەگەزی پەخشان کە زیاتر بەرهەمی عەقڵە مێژوویەکی نوێی هەیەو ئەمەش لەلایەک بنەمای گوتاری کوردی لە رووی رەشناڵیزمەوە زۆر لاواز کردووەو لە ئاستێکی تریشدا سەلمێنەری نەبوونی ئەو رەگەزانەیە کە عەقڵ و تێڕامان و لێکدانەوە لە پشتیانەوە راوەستاوە کە بیریش لە سەرتۆپی ئەو بوارانەیە .

بەهەرحاڵ ئەگەر خۆمان لە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی عەرەب دەربکەین کە دیارە رووبەری کەلتووری ئەوان بۆ ئیش تێداکردن و باسکردن لە بیری عەرەبی زۆر لە رووبەری کەلتووری کوردی بۆ باسکردنی بیری کوردی فراوانترو بە پیت ترە ، ئەوا دەشێ بە ئاراستەیەکی ترو جۆرێکی جیاواز باس لە مەسەلەى بیری کوردی بکرێت . هەرچەندە ئەمە بۆ ئێمە دەربڕینێکی ناخۆشە کە لە پانتای کەلتووری و رابردووی خۆمانداو تاکو ئێستاش رووبەرێک نەبینرێت کە تیایدا باس لە بیری کوردی بکرێت . بەڵام دیارە مەسەلەى بیرو قسەکردن لە بوونی بیرو بوونی بیرمەند کە بەرهەمهێنی بیرە شتێک نییە لە بۆشایدا باسی لێوە بکرێت و ئەوەشی کە لە پشتی دەقێکی شیعرییەوە دەبینرێت دەشێ هەندێ بۆچوون لە خۆی بگرێت ، بەڵام وەکو گوتمان ئاسان نییە شووناسی بیری کوردی بەو بۆچوون و دەربڕینانە بدرێت لە کاتێکدا کە یەکەم لە شیعردا دەبینرێن و شیعریش وەکو پێشتر گوتمان بەرهەمی خەیاڵ و ئەندێشەو هەڵچوون و نەستەو رەگەزێکە لە دەرەوەى بیرو لێکدانەوەو خوردبوونەوەو تێڕامان و بەرنامەو سیستێمێکی رێکخراوی عەقڵی بەرهەم دێت کە بیر بەبێ بوونی ئەمانە ناشێت بەرهەم بێت و بیر لە هیچ کوێیەکی دنیا لە رێگای شیعرەوە بەرهەم نەهاتووەو بیرمەندان و فەیلەسووفان بەرهەمهێنی بیرو فەلسەفەن و لە مێژووى مرۆڤایەتیشدا دیارە کە بیرمەندان و فەیلەسوفان لە رێگای نووسینی پەخشانییەوە (تەنزیراتیان) کردووەو هەر بەو پێیەش دەتوانرێت بگوترێت ئەوەى لە شیعری کوردیدا دەبنرێت لە چوارچێوەی ( شەتەحات) دەرناچێت و هەرگیز نەبووەتە ( تەنزیرات ) ، بۆیە باسکردن لە بیری کوردی بریتیە لە جیانەکردنەوەى ئەم دوو چەمکە .

لە بارێکی تریشدا ئەوەى بە ناوی بیری کوردییەوە باسی لێوە دەکرێت لە دەیان شوێن و جێگای تر بیرمەندان و فەیلەسووفان و تەنانەت نووسەرانی جیهان باسیان لێوە کردووەو تەنزیراتیان لەسەر کردووە . ئەگەر مەبەست لە بیری کوردیش پەیوەستبوون بێت بە کوردو گەڕانەوە بێت بۆ رووبەرەکانی رابردووی وەکو زەردەشتیەت و دەوڵەتی میدو ئەفسانەى کاوەو شیرین و فەرهادو مەم و زین و ئەو دەربڕینە راستەخۆو ناڕاستەوخۆیانەى کە لە شیعری بابا تاهیری هەمەدانی و ئەحمەدی خانییەوە تاکو ئێستاش باس لە کوردو زیندوو کردنەوەى کەسێتی کوردی و ئازادی کوردو سەرەبەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی دەکەن ، ئەوە بەشێکن لە خواست و ویستەکانی ناسیونالیزم و تەنانەت ئەرکی ناسیونالیزمی کوردین و ئەوەش زیاتر لە چوارچێوەى سیۆسیۆلۆجیاو سیاسەت و ئایدیۆلۆجیادا بەرجەستە دەکرێت و بواری لێدوانی هەیە . ئەوەى کە پێی دەگوترێت بیری نەتەوەیی ئەوە ناچێتە چوارچێوەى بیرەوە ، چونکە بیری نەتەوەیی چەمکێکیکی کۆمەڵایەتی سیاسی ئایدیۆلۆجیە ، نەک چەمکێکی فیکری . ئەوەش ئاشکرایە کە نەک لە کۆمەڵگەى کوردیدا بەڵکو لە کەلتووری بیری جیهانیدا دۆزینەوەى بیرمەندو خاوەن تەنزیر بەناوی ناسیونالیزمەوە شتێکی دەگمەنەو بیرمەندی تایبەتی ئەو بوارە نابینرێت کە تەنزیری لەو بوارەدا کردبێت چونکە بواری تاسیونالیزم خۆی بیرمەندی نییەو بەو پێیەش ئەو سیاقەى کە باسی ناسیونالیزم و بیری نەتەوەیی تێدا دەکرێت لە دەرەوەى چەمکی بیرە وەکو تەنزیرات .

بۆیە ئەگەر مەبەست لە بیری کوردی ئەوە بێت کە پەیوەندی بە داواکانی رۆشنبیرو سیاسیانی بواری ناسیونالیزمی کوردییەوە هەبێت ئەوا ئاشکرایە کە ئەوەى لەو رووبەرەدا باس دەکرێت ناتوانرێت بە بیری کوردی دابنرێت .

بۆیە گرنگە بۆ ئێمە واقیعیانە بڕوانین ، بە تایبەتی لە بواری باسکردنی مەسەلەیەکی گرنگی وەکو بیردا . دەشێ ناسیونالیزم بۆ ئەوەى ببێتە بەرنامەى بزووتنەوەیەکی جەماوەری پشت بە ئەفسانەو تەنانەت وەهمیش ببەستێت ، بەڵام مەسەلەی بیر جیاوازەو لە چوارچێوەى سیستێمی تەنزیرو بەرهەمهێنانی بیر خۆیدا بە موجەڕەدی و دوور لە وەهم و خەیاڵ و ئارەزوو باس دەکرێت و بوونی دەبێت .