Bextiar-Semeyi

به‌ختياری شه‌مه‌يی : هه‌ندێک ورده‌ گله‌يی دۆستانه‌ و دڵسۆزانه‌ له‌ چه‌په‌ به‌ڕێزه‌کانی کورد .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

چه‌په‌کانی کورد ، هه‌موويان نا ، به‌ڵام به‌شێکی زۆر‌يان ، له‌ رابردوودا پێش هه‌ر شتێکی ديکه‌ ، سه‌ری زمانيان و بنی زمانيان ، دوژمنايه‌تی کردنی بيری نه‌ته‌وه‌يی کوردی و کوردايه‌تی بووه . به‌ هه‌ڵه‌ و به‌ ناڕه‌وا ، به‌ربه‌ره‌کانی و دوژمنايه‌تی کردنی کوردايه‌تييان کردبوو به‌ ئه‌رک و فه‌رمانێکی پێويستی سه‌رشانيان . گوايه‌ کوردايه‌تی و نه‌ته‌وايه‌تی ، ره‌گه‌زپه‌رستيه‌ و دژی مرڤايه‌تيیه‌ . به‌ڵام ئه‌م چه‌پانه‌ی کورد که‌ وا بير ده‌که‌نه‌‌وه‌ ، هه‌رگيز بيريان بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ که‌ کورديش وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ديکه‌‌ی جيهان ، وه‌ک نه‌ته‌وه‌‌يه‌ک ، به‌شێکه‌ له مرۆڤايه‌تی و کوردستانيش له‌ڕووی جيۆگرافياوه‌ ، پارچه‌يه‌که‌ له‌ گۆی زه‌وی و نيشتمانی مێژوویی هه‌موو کورد و کوردستانييه‌که‌ . ئه‌ی باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کورد و کوردستانييه‌کان ، کوردستانمان خۆش نه‌وێت و به‌رگريی له‌ خۆمان و کوردبوون و کوردستانی بوونمان نه‌که‌ين و خزمه‌تی خۆمان و نيشتمان و زمان و وێژه‌ و هونه‌ر و دابونه‌ريت و هه‌موو شتێکی فه‌ره‌نگيی خۆمان نه‌که‌ين ‌، ئه‌ی چۆن بژين و چۆن به‌رده‌وامی به‌ بوون و مانه‌وه‌ و ژيانمان بده‌ین !؟ ئێمه‌ی کورد بۆ هه‌ميشه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ڕێگای کوردايه‌تييه‌وه‌ ده‌توانين خزمه‌تی خۆمان و مرۆڤايه‌تی بکه‌ين . چونکه‌ ئێمه‌ی کورد خۆيشمان به‌شێکی دانه‌بڕاوين‌ له‌ مرۆڤايه‌تی ، که‌واته‌ مرۆڤايه‌تی بۆ کورد هه‌ر کوردايه‌تييه‌ و کوردايه‌تی بۆ ئێمه‌ی کورد ، بوون و مانه‌وه‌ و ژيان و چاره‌نووسمانه .

ئه‌وه‌ راستييه‌کی به‌ڵگه‌ نه‌ويسته‌ که‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان ، خۆيان و نيشتمانی خۆيان خۆش ده‌وێت ، له‌پێناويدا ده‌ژين و ده‌مرن ، چونکه‌ نيشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری به‌شێکی گرنگ و پێويستی بوون و مانه‌وه‌ و ژيانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانه ‌‌، جا ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو نه‌ته‌‌وه‌کان ئه‌مه‌ راست و ره‌وا بێت ، ئه‌ی بۆچی ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ی کورديش وا نه‌بێت !؟ ئه‌ی ئێمه‌ی کورد له‌ چی رێگايه‌کی ديکه‌وه‌ ، جگه‌ له‌ کوردايه‌تی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و نيشتمانپه‌روه‌ری ، بتوانين به‌رده‌وامی به‌ بوون و مانه‌وه‌ و ژيانی خۆمان بده‌ين !؟

له‌ کۆتايی ئه‌م کورته‌ نووسينه‌دا ئه‌م راستييه‌ به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ به‌بير چه‌په‌ به‌ڕێزه‌کانی کورد ده‌هێنينه‌‌وه ‌‌: پێويسته‌ له‌م راستييه‌ مێژوويیه تێبگه‌ن ، ئيتر هێنده‌ کات و وزه‌‌ی خۆيان به‌ به‌ربه‌ره‌کانی و دوژمنايه‌تی کردنی کوردايه‌تييه‌وه‌ به‌خه‌رج نه‌ده‌ن ، چونکه‌ ناکرێ و نابێ و ناتوانن نکوڵی ئه‌م راستييه‌ مێژوويه‌ بکه‌ن که‌ کورد به‌شێکه‌ له‌ مرۆڤايه‌تی ، کوردستانيش پارچه‌يه‌که‌ له‌ گۆی زه‌وی . که‌واته‌ هيچ زيره‌کييه‌کی ناوێت که‌ به‌ ئاسانی تێبگه‌ين ،‌ کوردايه‌تی ، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ک هيچ پێوه‌ندييه‌کی به‌ ره‌گه‌زپه‌رستی و فاشيزم و نازيزم و هه‌موو ئه‌و بوختان و تۆمه‌ت و بێويژدانييانه‌وه‌‌ نييه‌ که‌ له‌ لايه‌ن نه‌يارانی کورد و کوردايه‌تييه‌وه‌ ده‌درێنه‌ پاڵ کورد و کوردايه‌تی .

له‌ کۆتاييدا پێويسته‌ ئه‌م درووشمه‌ راست و دروست و ره‌وايه‌ی هاوبيرانی کوردايه‌تی به‌بيری هه‌مووان بێنينه‌وه ‌‌‌: کوردايه‌تيی کورد مرۆڤايه‌تيیه و مرۆڤايه‌تيی کورد، کوردايه‌تييه‌ .