facebook-580x300

به‌ختياری شه‌مه‌يی : فه‌يسبووک و ده‌سه‌ڵاتداران و سياسه‌تمه‌دارانی باشووری کوردستان !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌مووان ئه‌و راستييه‌‌ ده‌زانين که (‌ فه‌يسبووک ) پێگه‌يه‌کی ئه‌ليکترۆنيی جيهانييه‌ و زۆرترين به‌شداربووی هه‌يه ‌.

رۆژانه‌ به‌ ميلیۆنان بابه‌تی جۆراوجۆری تێدا بڵاو ده‌کرێته‌وه‌ . کورديش پشکی خۆی تێدا هه‌يه‌ و به‌ هه‌زاران له‌ رۆشنبيران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و ژه‌نياران و مامۆستا و خوێندکاران له‌ هه‌موو ئاسته‌کاندا ، له‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌کاندا تێيدا به‌شدارن و رۆژانه‌ بابه‌ته‌کانی خۆيانی تێدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه ‌.

به‌کوريييه‌که‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌م پێگه‌ ئه‌ليکترۆنييه‌ جيهانييه‌ ، جه‌ماوه‌رێکی فره‌ زۆری له‌يه‌کتری نێزيک کردووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌م پێگه‌يه‌وه‌ ئاگاداری ده‌نگوباس و شێواز و شوێنی ژيان و بيرکردنه‌وه‌ و بيروباوه‌ڕ و نووسين و به‌رهه‌مه‌ رامياری و وێژه‌يی و هونه‌رييه‌کانی يه‌کتری هه‌ن . رۆژانه‌ له‌م پێگه‌يه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی هه‌زاران جۆری پێوه‌ندی و به‌رهه‌می جۆراوجۆری يه‌کتر ده‌کرێت .

با لێره‌دا بێينه‌ سه‌ر کرۆکی مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌م وشانه‌ : جێگای سه‌رسوڕمان و شايسته‌ی ‌لێوردبوونه‌وه‌‌يه‌ که‌ هه‌تا ئێستا هيچ کوردێکی به‌شداربووی ئه‌م پێگه‌يه ‌، هيچ يه‌کێ له‌ سه‌رانی پارتی و يه‌کێتی و ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو کوردیی نه‌بيبيوه‌ که‌ به‌شداريی له‌گه‌ڵ هيچ کورد و کوردستانييه‌کی به‌شداربووی ئه‌م پێگه‌ گرنگه‌ جيهانييه‌دا بکه‌ن!؟ هه‌تا ئێستا هيچ سه‌رکرده‌ و به‌رپرسێکی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و هيچ يه‌کێ له‌و پارته‌ کوردی و کوردستانييانه‌ نه‌بينراون که‌ ده‌ستخۆشانه‌ و ئافه‌رين له به‌رهه‌می هيچ کوردێکی به‌شداربووی فه‌يسبووک بکه‌ن .

لێره‌دا با به‌ دوو گريمانه‌ ئه‌م ديارده‌يه‌ باس بکه‌ين : ئه‌م به‌رپرس و سياسه‌تمه‌دارانه‌ی باشووری کوردستان، يان به‌هيچ شێوه‌يه‌ک ئاگايان له‌ ميلله‌ت نييه‌ و هه‌رده‌م له‌ سه‌ر پاره‌ و بودجه‌ی ميلله‌ت ، هه‌ر سه‌رگه‌رمی خۆده‌وڵه‌مه‌ند کردن و سه‌رمايه‌ کۆکردنه‌وه‌ و گه‌شتوگوزار و هه‌ر سه‌رمه‌ستی کورسی و ده‌سه‌ڵات و رابواردن و خۆشگوزه‌رانی و ژيانيی تايبه‌تيی خۆيان و ماڵومناڵيانن ، يان هێنده‌ له‌خۆبايی و لوتبه‌رز و خۆبه‌زلزان و بيرته‌سک و نابه‌رپرسيارن که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ميلله‌تی خۆيان به‌که‌م و نه‌زان و بێ نرخ و به‌ها و بێ بايه‌خ ده‌زانن که‌ شايسته‌ی ئه‌وه‌ نه‌بن ، له‌ رۆژێکدا ته‌نها يه‌ک خوله‌کی ژيانی خۆيان ته‌رخان بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر هيچ نه‌بێت ئافه‌رينێک و ده‌سخۆشانه‌ لێکردنێک له‌و هه‌موو دڵسۆزی و ر‌ه‌نج و ماندووبوون و نووسين و به‌رهه‌مه‌ جۆراوجۆرانه‌ی هاوخوێن و هاونيشتمان و هاوزمان و هاوچاره‌نووسانه‌ی خۆيان بکه‌ن!؟ .

لێره‌دا پێويسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێين که‌ سه‌رکرده‌ و سياسه‌تمه‌داری نه‌ته‌وه‌کانی ديکه هه‌ميشه له‌ناو ميلله‌تی خۆياندا ن و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی وڵاتی خۆياندان و له‌ هه‌موو خۆشی و ناخۆشييه‌کدا ئاگايان له‌ نيشتمان و له‌ نه‌ته‌وه‌‌ی خۆيان هه‌يه‌ .

رۆژانه‌ به‌چاوی خۆمان ، له‌ ميديای بيستراو و بينراوه‌وه،‌ سه‌رکرده‌ و سياسه‌تمه‌داره‌کانی پێشکه‌وتووترين نه‌ته‌وه‌ و وڵاتانی جيهان ده‌بينين که‌ له‌به‌رده‌م که‌مته‌مه‌نترين خه‌ڵكی خۆياندا بۆ رێزگرتن و بايه‌خ پێدانيان ده‌چه‌مێنه‌وه‌ و گوێ له‌ داخوازی و خواست و پێداويستی و بير و بۆچوونه‌کانيان ده‌گرن .

له‌ڕاستيدا ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت و وا نه‌بن، ئه‌ی کاريان چييه‌ و سه‌رکرده‌ و به‌رپرس و سياسه‌تمه‌داری چين و هی کێن!؟ . به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ديکه‌وه ‌، به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران و سياسه‌تمه‌دارانی ئێمه ،‌ بۆ ده‌رمانيش له‌ناو ميلله‌تدا نابينرێن !؟ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م وشانه‌ زۆر درێژتر نه‌که‌ينه‌وه‌ و زۆرتر کاتی ئێوه‌ نه‌گرين ، با خوێنه‌ر‌ خۆی بڕيار له‌سه‌ر ئه‌م دوو گريمانه‌يه‌‌ بدات ‌!؟ نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند وشه‌يه‌ پێی وايه‌ که‌ کێشه‌که‌ هه‌ردوو گريمانه‌که‌يه‌ پێکه‌وه‌ .