PUK-1

عیماد عەلی : بڵێی یەکێتی بە پلینۆم کێشە بنەرەتیەکانی چارەسەر بکات ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دیارە بڕیاری بەستنی پلینۆم و دواخستنی کۆنگرە لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە تا رادەیەک هەوڵی ساردکردنەوەی نارەزایەتیە نێوخۆیەکانی یەکێتیە و خۆی لە خۆیدا رەوانەکردنی کێشە کان و بەسەربردنی کات و هەوڵی پینەو پەرۆ کردنە نەک چارەسەری یەکجارەکی و بنەرەتی ئەو کێشە و گیروگرفت و بەربەستانەی بەردەم سیاسەتی راست و رەوای یەکێتی بێت کە لە پێشخستن و بەرزکردنەوە ی جەماوەرێتی دووری خستۆتەوە .

لە پێناو خۆ رزگارکردنی لەو قەیرانە گەورەی کە لەدەرئەنجامی شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە توشی هاتووە دەبێت بە هەموو جۆرێک هەوڵی خۆ قوتارکردنی بۆ بدات .

ئەگەر هەر چاودێرێکی سیاسی و کادرێکی یەکێتی بە بوێریەوە باس لە هۆکارەکانی ئەو شکستە مەرحەلیە بکات دوور لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی شەخسی و مەرایی بۆ بەرپرسانی، باش دەزانێت گرنگترین فاکتەر بەرژەوەندیە هەمەچەشنەکانی دەستە باڵاکان و دەسترۆیشتوانی سەرکردایەتی یەکێتی و کادرە ناوەراستە داردەستەکانیانن کە بەردەوام گورزی گەورە لە یەکێتی دەدەن ، نەک بۆ خۆدورخستنەوە لە بەرپرسیارێتی وەک زۆرێکیان دەڵێن سەرەوە بەتەنها بەرپرسە لەو دەرئەنجامانە . بێگومان بارودۆخی خودی و بابەتی هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەی یەکێتی و ئەم دەرئەنجامەن .

ئەگەر سەلاحیەت و ئەرکەکانی پلینۆم لە پەیرەوی یەکێتی بخوێنینەوە و بەراورد بەم بارودۆخەی ئێستایدا بکەین و ، رێگە و ئەگەرەکانی چارەسەری بنەرەتی کێشەکانی لە لایەن دڵسۆزانی و چاودێرانی سیاسی کوردستانەوە دیاریبکرێت و شیبکرێتەوە ، نەک لە پێناو خودی یەکێتی بەتەنها دەبێت بەڵکو لە قازانجی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستانیشە ، دەتوانین بڵێین کە هیچ کەسێک گەشبین نابێت لە رزگاربون لەم وەزعەی ئێستای بێ لە خۆبوردەیی و بریاری بوێرانە و قوربانیدانی بەرپرسەکانی لە سەرجەم ئاستەکانیدا و لە گشت بوارەکانەوە .

دەبێت زۆر بە راشکاوی شیکردنەوە بۆ وەزعی ئێستای یەکێتی و چۆنێتی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بکرێت و ، بە وردی خاڵ بخرێتە سەر پیتەکان . بۆیە خۆتازەکردنەوە و نەهێشتنی کوتلەبازی و بەرجستەکردنی دیموکراسی نێوخۆیی راستەقینە دوور لە مەحسوبیەت و بنەماڵەیی و پێگەی کۆمەڵایەتی و ، خۆ گرێدانەوە بە فەلسەفەی راست و رەسەنی خودی یەکێتی نەک سیاسەت کردن بە پرەنسیپەکانەوە ، ئەمە جگە لە سیاسەتی دەرەوەی لەپەیوەندی سیاسی راستەقینە و پلەبەندیەکانی نزیکایەتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەسەر بنەمای نزیکێتی لە بیروباوەر و فەلسەفە و ئایدیۆلۆجیا نەک سیاسەتی رووت ، دەکرێت رێگایەک بۆ خۆ رزگاردنی یەکێتی بکاتەوە . بۆیە پێویستە یەکێتی چەند هەنگاوێکی چارەنوسساز بهاوێژێت لەوانە :

1- خۆی لەهەموو هاوپەیمانێتیەک بپارێزێت کە بەزەرەر بۆی دەگەرێتەوە لە پێشەوەیاندا بە خشکەیی لە هاوپەیمانیە ستراتیجیەکەی لەگەڵ پارتیدا دەربچێت و نەبێت بە پاشکۆی هیچ لایەنێک .

2- خۆی لە سەرکردایەتی و کادرە ناوەراستە گەندەڵەکان پاکبکاتەوە و لە پێکهاتە و باوەربون بە پرسەکە بگەرێتەوە زەمانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی پێشوی خۆی بە ئامرازەکانی سەردەمەوە .

3- جومگە سەرەکیەکانی رادەستی خەڵکی خوێن گەرم و گەنجی بەتوانای دڵسۆزی خۆی بکات .

4- لە سیفەتە بنەماڵەییەکان دوور بکەوێتەوە کە لە پارتیەوە وەریگرتوە و لە نێو بیروباوەری یەکێتی راستەقینەدا بتوێتەوە ، ئەگەر واقعی ئەمرۆی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکیش رێگر بێت .

5- بە زوترین کات کۆنگرە ببەستێت کە دەتوانێت مەهامی سەرەکی خۆراستکردنەوە و هەڵسان جێبەجێ بکات کە دەسەڵاتی گۆرینی راستەقینەی هەیە نەک پلینۆم .

6- هەوڵی یەکسانی لە نێوان کادران بدات و هیچ کەسێکی ناموستەحەق لە پلە باڵاکان نەهێڵێت لە رکابەریدا لە سەرحسابی کادرەکانی خۆی وپلەی باڵا نەداتە ئەوانەی لە شوێنێکی ترەوە دەبنە یەکێتی و کادرەکانی خۆی پێ قەڵس بکات .

7- شەفافیەت لە جێبەجێکردن و زانیاریەکان پەیرەو بکات و سەرکردایەتی بە گشتی و کادری بەتوانا یەکێتی ببەن بەرێوە نەک ئەڵقەیەکی دەسترۆیشتووی زاڵ .

8- دەسەڵاتی هەر بەرپرسیارێتیەک دیاری بکرێت نەک هەر یەکە و بە پێی بیرکردنەوەی خۆی رەفتار بکات و بریار بدات .

9- بە رێژەیەکی زۆر گەورە سەرکردایەتیەکەی بگۆرێت . یەکێتیەکی نوێ و پاک و خاوێن و سەردەمانە و واقعی دروست بکات .

10- مەهامی بەشداری لە حکومەت و دیاریکردنی کادرانی خۆی بە پێی مەرج و پرنسیپی دیاریکراو بێت کە لە کۆنگرە قسەی لەسەر بکرێت و دیاری بکرێت نەک بە نزیکی و دووری کادران و مەحسوبیەت بێت لەگەڵ ئەڵقەی دەسترۆیشتوی باڵاوە .

11- راستەرێی خۆی لە راگەیاندن و کاری جەماوەری و خەتی گشتی رێکخستنی خۆی لە سەر بنەمای بیروباوەر بێت .

ئە گەر بە رێژەیەکی زۆر ئەم گۆرانکاریانە نەکات ئەگینا راستبونەوە تەنها بە پینەو پەرۆ ناکرێت و ، بەهەنگاوی چاکسازی نێوخۆیی و بە خۆداچونەوەی ریشەیی یەکێتی لەم میحنەتە رزگار دەکات نەک بە قسە و خۆ هەڵخەڵەتاندن . بە هەڵسانەوەی یەکێتی ونزیکبونەوەی لە سەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆراندا تا رادەی یەکگرتنەوە قازانجێکی گەورە بە میلەت و بەرژەوەندیە باڵاکانی دەگات لە سەرجەم بوارەکاندا بە تایبەتی لە رکابەری هێزی محافزکار و بنەماڵیی و دواکەوتوی نێو کوردستاندا .