Paul

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : ئەقڵ شێواوەکان ؛ دژی جوانی و هزر و خۆشەویستین .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وێنەی پاوڵ

لەوەدەچێ خوا شێواوەکانی خۆش بوێت ، ئەگەر وا نییە ، بۆ داوای لە ئیبراهیم کرد نێرینەی نەوەکانی خەتەنە بکات وەک مەرجی پاراستنیان .

قوڕئان خەتەنەی نەسەپاندووە و پشتگیریشی نەکردووە ، بەڵام رەتیشی نەکردۆتەوە . نەریتیش وادەگەیەنێ کە ، محەمەد ، بەخەتەنەکراوی لەدایک بووە . Michel Onfray p 109 ١

قوڕئان ، فەرمانی خەتەنەکردنی مێیینە و زیندەبەچاڵکردنی ساوای نەداوە بەڵکو دژی دوهەمیانیش وەستاوەتەوە . لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە خەتەنەکردن لە بەشێکی رۆژهەڵاتی ئافریکادا زۆر باوە و سێ جۆریشی هەیە . نەرمە سوننەت – gentle sunna، کە بریتییە لە بڕینی سەری” میتکە / قیتکەی مێیینە . سوننەی مامناوەندی – moderate sunna or clitoridecotomy ئەمیان بریتییە لە بڕینی هەموو میتکە و لێواری ناوەوەی زێ . سێهەمیان – ئینفیبولێیشن infibulations ، کە لێرەدا من وەک سوونەتی گەورە ناوی دەبەم ، ئەم جۆرەیان بریتییە لە بڕینی میتکە و هەردووک لێوی ناوەوە و دەروەوەی زێ و پێکەوە دوورینەوەی ئەوەی ماوەتەوە و هێشتنەوەی کونێکی بچووک بۆ میزکردن و خوێنی مانگانە .

بۆ بوون بە ئەندامی تەواوی کۆمەڵگەکەیان جوولەکاێتی ئەو شێواندنەی پەسەند کردووە . خەتەنە کردن فەرمانێکی خودا بووە لەسەر ئیبڕاهێم و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی بە کۆیلەکانیشەوە کە دەبێت چل رۆژ دوای لەدایک بوونی منداڵ ، ئەو فەرمانە بەجێ بهێنن ؛ هەروەها کردووێتییە نیشانەیەکی تایبەت بۆ پەیمانی نێوان خودا و نەتەوە هەڵبژێردراوەکەی . خەتەنە کردن لە جوولەکاێتیدا هێندە گرینگە ئەگەر رێکەوتی سەبات / شەممەی کرد ، هەموو حەرامکراوەکانی رۆژی سەبات لەپێناو خەتەنەدا هەڵدەگیرێن . لە خەتەنەکردنی کوڕ دا دوای بڕینی پێستەکە ، خەتەنەکەر- کێربڕ ، شەراب لە دەمی وەردەدا و برینی چووکی منداڵەکە دەمژێت ، ئەم نەریتە ” مژینی چووکی منداڵ دوای خەتەنە ” ناونراوە مێزیزە meziza ، دیارە هێندێک بڕگەی تەلموودیش دەخوێندرێنەوە ، بەڵام لێرەدا نامەوێت بچمە ناو وردەکاریەکان .

فڕۆید کە بۆخۆی ئێش و ئازاری خەتەنەی دیوە ، لەو بڕوایەدا بووە کە خەتەنەکردنی نێرینە بۆ کپکردنی ئەو بەشە مێیینێتییەیە کە لە نێرینەدا هەیە و بە پێچەوانەشەوە خەتەنکردنی مێیینە بۆ کپکردنی بەشە نێرینییەتیەکەیە لە ئافرەتدا . بە بۆچوونی دوو فیلۆسۆفی دیکەی جوولەکە ” فیلۆ و مەیمۆنایدەس ” مەبەستی خەتەنە لاوازکردنی ئەندامە جنسییەکانە بۆ ئەوەی کەسەکان گرینگی بە شتە سەرکییە بدەن کە پەرستنی خودایە ، چونکە خەتەنە ، ئاڵۆش و ویستی جنس کەم دەکاتەوە — لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە رەتکردنەوەی رێکەوتی جووتبوونی نا شەرعی لە دیدی ئاینەوە بۆ چاکەی خودی مرۆڤە . بەڵام ئەو چاکەیە گۆشت دەگوروێت و لەگەڵ گورینی گۆشتیشدا ؛ ئارەزووەکان ، ئارەزووی جووتبوون و ژیان دەکووژێت . ئەوە سەرکەوتنی مردن لەو شوێنەدا دەچێنێ کە هێزی ژیانی تێدا بەرجەستەیە .

لە مەسیحاێتید ا ، بە گەیشتنی پاوڵ ” سانت پاوڵ ” کە ناوە راستییەکەی ” ساوڵی تەرسووسە Saul of Tarsus ” ە و یەکێک بوو لە گەورە شاگردەکانی مەسیح . خەتەنەکردن بوو بە کێشەیەکی هزری . لێرەوە لە مەسیحاێتیدا ، چیدیکە پێویستیی بە نەشتەرگەری / مۆرکی سەر جەستە نەما . لێرە بەدواوە ئەوەی گرینگ بووە ” خەتەنەکردنی دڵ ” بووە ، گەیشتن بەو پێگەیە ، مانای داماڵینی جەستەیە لە هەموو ئەو تاوانانەی گۆشت و ئێسک ویستوویانە . داهێنانی” بابتیزم / لەئاو هەڵکێشان” لەلایەن پاوڵەوە ، بریتییە لە لاساییکردنەوەی مەسیح لە ئەشکەنجە و خوو و رەوشتیدا . ئالێرەوە بڕوادارانی مەسیح ، چووکیان لە خەتەنە پاراسترا ، بەڵام هەموو جەستەیان لەدەستدا ، لێرە بەدواوە ، بڕوادار دەبێ بە تەواوی خۆی لە جەستەی جیا بکاتەوە هەر وەک ئەوەی کە خەتەنە پێستی سەری چووک لە جەستە جیادەکاتەوە .

بە بڵاوبوونەوەی مەسیحایێتی ، خۆ کوژیی ئامادەبوو سەرانسەری زەمین ژەهراوی بکات . من لەو بڕوایەدام کە ” مانی” فیلۆسۆفی بە رەگەز ئێرانی سەردەمی ساسانیان ، روانگەی خەڵوەتگەری و رەتکردنەوەی ژیانی لە مەسیحاێتییەوە هەڵێنجابێت . ئیسلامیش ، لەژێر کاریگەری جوولەکاێتی و مەسیحایتی و مانیچیێتیدا و لە پێش هەموشیانەوە نەریتی خێڵەکی عارەبی تاڵانچی شەڕەنگێزدا ، هەموو ژیان و جوانیێتی ژیان ، رەت دەکاتەوە . کێشەی ئێمەمانانی خۆشەویستی جوانی و بڕوادار بە زانست و بڕوانەبوو بە غەیب و خورافات لێرەوە لەگەڵ ئەقڵ شێواوەکاندا ، کە جەستەی خۆشیان دەشێوێنن ، دەست پێدەکات .

تۆ سەیری جولەکەیەک بکە چۆن لەبن دیوارێکدا دەوەستێ و کوت بۆ پێش و دواوە دەدا و لەبەر خۆیەوە منجە منج دەکا ، سەیری مەسیحییەک بکە چۆن خاچێک دەکاتە ملی و رۆژانەس بەرامبەر خاچێکی پێ گیان دەپاڕێتەوە ، یان سەیری بوودیستێک بکە و بزانە چەند پەیکەری بوودای جۆربەجۆری بەدەستی خۆی درووستکردووە و لەبەردەمیدا ، زگەخشکێ دەکات ، ئەوجا لە ئێزدییەکیش رامێنە و بزانە چۆن توانای هەیە رۆژانە بەو پەستەکە خوریە لەش خورێنەرەوە ئارام بگرێ … و هتد .

ئاین لە زۆر رووەوە مرۆڤی شێوانددووە بەڵام شێواندنی ئەقڵ و هۆش ، لە هەموویان مەترسیدارترە . چوونکە جوانیی لەبەرچاو ناشرین دەکات ، خۆشەویستی لە دڵ دەتۆرێنێ و دەیکاتە عاشقی رق و کینە ، رقیش ترسنۆکە و ترسنۆکیش دەستوەشێنە .

ئاوەز و جەستەی شێواو نەبێت ، چی دەستی دەچێتە گڵکۆی شێرکۆ و دەیشێوێنی ؟ ئاوەزی شێواو نەبێت چی دڵی دێ خۆشەویستی بسوتێنێ ؟

Michel Onfray; In defense of Atheism -1