سێ سەرکردەی هەواڵگریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دادەڕێژن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

بەندەر بن سوڵتان ، قاسم سولەیمانی و  هاكان فیدان

لەگەڵ پاشەكشێی ئەمریكا لە رووی دەسەڵاتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، مەلەفە هەستیارەكان كەوتوونەتە دەستی سێ كەسایەتی هەواڵگریی ، كە بە وتەی چاودێران رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دادەڕێژنەوە ، ئەوانەش بریتین لە : هاكان فیدان ، راوێژكاری میتی توركیا ، قاسم سولەیمانی ، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەمیر بەندەر سوڵتان ، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سعودییە .

هاكان فیدان

هاكان فیدان ، تەمەن 45 ساڵ ، راوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا كە بە میت ناسراوە ، كەسێكی نزیكی رەجەب تەیب ئەردۆغان – ی سەرۆك وەزیرانەو بە دووەم كەسایەتی گرنگی توركیا دادەنرێت . سەرپەرشتی مەلەفی ئاشتی لەگەڵ PKK دەكات و سەرپەرشتیاری گفتوگۆكانی ئۆسلۆی كردووە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە نێوان توركیا و PKK.

فیدان بەوردیی چاودێریی كێشەی سو‌وریا دەكات و ئاگاداری جموجۆڵەكانی گرو‌وپە بەرهەڵستكارەكانی دژی رژێمەكەی ئەسەدە .

جێمس جێفری ، باڵیۆزی پێشو‌وی ئەمریكا لە بەغدا و ئەنقەرە دەڵێت ” فیدان كەسایەتییەكی گرنگ و شكڵێكی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پێویستە ئەمریكا و ئیسرائیل مامەڵەی لەگەڵ بكەن “.

جێفری بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەشڵێت ” ئەمریكا دەبێت ئەوەش بزانێ كە فیدان دۆستی بە وەفای ئەمریكا نییە ، رەنگە بۆ فیدان جگە لە ئەردۆغان كەس بە دۆستی خۆی نەزانێت “.

دەیڤید ئێگناتیوس ، نو‌وسەری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە گوتارێكیدا بابەتێكی هەستیار دەجو‌وڵێنێ و دەڵێت ، فیدان ناوی چەند هەواڵگرێكی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد ) ی داوەتە ئێران . هەرچەندە ، ئەو تۆمەتە لەلایەن توركیاوە بەتو‌وندی رەتدەكرێتەوە ، بەڵام فیدان بەوە ناسراوە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ئێران هەیە و ئیسرائیل پێی دڵخۆش نییە .

فیدان سیستمی هەواڵگریی توركیای داڕشتو‌وەتەوە بەشێوەك كە بەشی ناوخۆ و دەرەوەی هەبێت وەك دەزگا هەوڵگرییەكانی مۆساد ، ماستەرەكەشی لەسەر پەیوەندییەكانی دەرەوە و هەواڵگرییە .

ئێستا لە توركیا فیدان جگە لە هەواڵگریی ، سیاسەتی دەرەوەش دادەڕێژێ و لە هەموو سەردانە گرنگەكانی ئەردۆغان بۆ دەرەوە دەبینرێت .

قاسم سولەیمانی

گۆڤاری نیویۆركەری ئەمریكی لە راپۆرتێكدا باس لە رۆڵی قاسم سولەیمانی ، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران دەكات لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا‌و تایبەتمەندییەكانی ئەو كەسایەتییە دەخاتەڕوو .

بە پێی گوتارەكەی نیویۆركەر ، سولەیمانی بەهێزترین كەسایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەواڵگریداو كاریزمایەكی شاراوەی تێدایە ، زۆرترین هاوكاریی حیزبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین دەكات . هەروەها بەرپرسی یەكەمە لەو پلانە سەربازی و ئەمنییانەی لە ناوخۆی عێراق جێبەجێ دەكرێن و پاڵپشتن بۆ هێشتنەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا .

نیۆیۆركەر وەك ” سەركردەی سێبەر ” ناوی قاسم سولەیمانی دەهێنێ و باس لەو فشارانە دەكات كە لەلایەن سولەیمانییەوە دەخرێتە سەر سەرۆكەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت : ” سیاسەتی سولەیمانی بەرامبەر سەرۆكەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتا لە خشتەبردنیانە بە پارە ، پاشان هەڕەشەیان لێدەكات و لە ئەگەری ملنەدانیان دەیانكوژێت “.

سوپای قودس ، كە سولەیمانی فەرماندەیی دەكات بەراورد دەكرێت بە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا CIA ، ئەم سوپایە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی حكومەتی شیعەی ئێرانە لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو وڵاتە و لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە تۆمەتبارە بە تیرۆری دەیان سەركردەو كەسایەتی گەورەی نەیاری كۆماری ئیسلامی .

ئەمریكا ناوی سولەیمانی لە ریزی ئەو كەسانە داناوە كە مافی سەردانكردنی ئەو وڵاتەیان نییە .

راپۆرتەكە ئەوەش ئاشكرادەكات ، كە سولەیمانی دوای رووداوی 11ی سێپتەمبەر لە جنێڤی پایتەختی سویسرا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی كۆبووەتەوە بەمەبەستی هاوكاریكردنی ئێران و ئەمریكا بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان .

بەرپرسێكی سوپای ئەمریكا لەو راپۆرتەدا دەڵێت : ” كۆنترۆڵی شەڕی سووریا بە دەست سولەیمانییە “. هەر بەپێی ئەو راپۆرتە سولەیمانی داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد‌ووە رێگەی بۆ بكەنەوە لە هەرێمەوە چەك بگەیەنێتە هێزەكانی بەشار ئەسەد .

هەروەها دەشڵێت : ” سولەیمانی بە بەرتیل ‌و هەڕەشە قەناعەت بە سەركردە كوردەكان دەكات بۆ ئەوەی سیاسەتەكانی جێبەجێ بكەن “.

هاوكات بەرپرسێكی گەورەی هەرێمی كوردستان بە نیۆیۆركەری گوتووە ” ناتوانن بە قسەی سولەیمانی نەكەن ، چونكە كێشەیان بۆ دروست دەكات و دەست دەكات بە تەقینەوە و ئاژاوە نانەوە لە هەرێمی كوردستاندا “.

قاسم سولەیمانی لە شارۆچكەی رابروی پارێزگای كرمانی ئێران لەدایك بووەو لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراقدا فەرماندەی لەشكری سارەڵڵا بووە ، بەڵام هێشتا بۆ ئێرانییەكانیش كەسایەتییەكی نەناسراوە  .

بەندەر بن سوڵتان

هەر لە منداڵییەوە بە فێڵ گەورەبووە ، وەک هاوڕێکانی و یەکێک لە هاوپۆلەکانی ولیام سمپسۆن دەڵێ لە کتێبێکیدا بەناوی ئەمیرەکە ، ئەو رۆژی لە دایكبوونی خۆی گۆڕیوە تاوەكو بتوانێت لە هێزی شاهانەی سعودییە وەربگیرێت . ئەو كەسێكە بە رواڵەت عەرەبی ‌و بە عەقڵ ئەمریكی .

سوڵتان بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە لە واشنتۆن . توانیویەتی لە ماوەی مانەوەی لەوێ پەیوەندی سیاسی و دۆستانە لەگەڵ سیاسییەكانی ئەمریكا درووست بكات . پەیوەندییەكانی ئەوەندە دۆستانە بوو ، كە سەرۆك بوشی كوڕ دەچووە ماڵی ، هەروەها ئەویش بۆ سەردانی كۆشكی سپی پێویستی بە رۆتینات نەبوو .

لەدوای بەهاری عەرەبی و خۆپێشاندانەكان ، بەندەر بووە تەنها كارتی بەهێزی سعودییە بۆ رێگەگرتن لە شەپۆلی گۆڕانكارییەكان ، چونكە بەهۆی بوونی كەمینەیەك لە شیعە مەزهەب لە سعودییە ، ئەو وڵاتە ترسی كاریگەرییەكانی بەهاری عەرەبی لێ نیشتبوو . بەندەر بە زوویی و بەبێ هۆكاری راگەیەنراو كرایە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سعودییە بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە .

بەندەر کاریگەری زۆری هەیە بەسەر گروپە چەکدارەکانی ناو سوریا ، مێژوویەکی هەیە لە مامەڵە لەگەڵ گروپە جیهادییەکان ، بەهۆی ئەو باگراوندەی هەیەتی لە شەری ئەفغان ، بە شێوەیەک خۆی دەڵێت بن لادن سوپاسی کردووە لەوەی توانیویەتی هاوکاری ئەمریکا بۆ موجاهیدینی ئەفغان مسۆگەر بکات .

بەندەر بە كەسێكی دژە ئێران ناسراوەوە باوەڕی وایە كە ئێران لە ئیسرائیل مەترسیدارترە ، ئێرانیش وەك ئەمیری تیرۆریستان ناوی دەبات ، چونكە بەپێی هەندێك كەس ئەو خەڵكێكی زۆری هەیە لەناو قاعیدە و خۆیشی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ نیویۆرك تایمز باسی پەیوەندی خۆی و بن لادن – ی كردووە .

بەندەر توانی بەهاری عەرەبی هەڵبگەڕێنێتەوە بەتایبەتی لە میسر ، چونكە دەزگای هەواڵگریی سعودییە بە كارەكتەری سەرەكی لە پشت رووخانی ئیخوان لە میسر دادەنرێت .

س ڕ