puk

به‌رزانی حه‌مه‌خورشید : له‌ پێناوی یه‌کێتی دا .. ئیراده‌یه‌ک بۆ هه‌ستانه‌وه .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی کوردستان بۆ هه‌ندێک لایه‌ن نه‌شئه‌ی سه‌رکه‌و‌تن و بۆ هه‌ندێکی تر ئازار و ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێنا ، گه‌ر لای هه‌ندێک شه‌پۆلی ناڕه‌زایی و تانه‌ و ڕه‌خنه‌کان زیاتر ڕوو له‌ کۆمسیۆن و ڕه‌وتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بو، به‌ڵام لای ( ی . ن . ک ) شه‌پۆلی ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تی و تانه‌ و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کان له‌نێو ئه‌ندامه‌کانی ناو ماڵه‌ گه‌وره‌که‌ی یه‌کێتی خۆیدا بوو .

له‌ ماوه‌ی مانگێک زیاتر له‌و ده‌ره‌نجامه‌ نه‌خواستراوه‌ بیسته‌ر و خوێنه‌ری خه‌رمانێک له‌ ڕه‌خنه‌و تانه‌ له‌ به‌رپرسیارانی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ نه‌خواستراوه‌ بوین، هاوکات خوێنه‌ری باری سه‌رنج و پێشنیار و پرۆژه‌ی دڵسۆزانه‌ش‌ بوین بۆ مامه‌ڵه‌کردنێکی ژیرانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته‌کانی دوای هه‌ڵبژاردن و کاردانه‌وه‌کانی له‌سه‌ر دۆخی ناوماڵی ( یه‌کێتی ) ، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌کی ڕون و ئاشکرایه‌ به‌ زیندوێتی و ڕابونه‌وه‌و هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌ک له‌ناو خودی خاوه‌ن یه‌کێتیه‌کانه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌زانن و ئاماده‌نین ته‌لاری پڕ شکۆی ڕه‌نج و قوربانیه‌کانیان به‌ره‌و داڕمانی زیاتر بڕوات و پێیان قبوڵ ناکرێت سبه‌ینێ دۆشداماو ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ بینه‌ری داروپه‌ردوی داڕوخاوی ئه‌و ته‌لاره‌ بن .

که‌سوکاری شه‌هیدان ، زیندانیانی سیاسی ، که‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر ، پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان، کادر و ئه‌ندامی دڵسۆز ، رۆشنبیران ، گه‌نجان ، نه‌وه‌ی نوێی لێوان لێو له‌ حه‌ز و چاوه‌ڕوانی و پشت ئه‌ستور به‌ توانا و دید و ڕوانگه‌ی سه‌رده‌میانه‌ .. ئه‌وانه‌ سه‌رچاوه‌ی خه‌مڵین و ڕه‌نگرتن و داینه‌مۆی بزوێنه‌ری ئه‌و ئیراده‌یه‌ن بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی رێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵ و هه‌ستانه‌وه‌ی حیزبه‌که‌یان .

گه‌ر له‌ڕابردودا ئه‌م ئیراده‌یه‌ په‌راوێز خرابێ و سه‌رکردایه‌تی ده‌ستڕۆشتوی حیزب به‌ ئاگایانه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیدی بۆ بارسته‌ و بونی نه‌کردبێ ، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌م سه‌رکردایه‌تیه‌ ده‌ستڕۆشتوه‌ ( ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ی که‌ ئاماده‌یه‌ ئۆباڵی نوشوسته‌که‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت ) له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی مێژوییدایه‌ … ئه‌ویش .. له‌ ئه‌ستۆگرتنی ئۆباڵی نوشوستیه‌که‌ مانای چی ؟ ‌ئایا چۆن دێنه‌ پای به‌رپرسیارێتی و له‌م پرۆسه‌یه‌دا کام رۆڵ یاریده‌که‌ن ؟ ئه‌م رۆڵ بینینه‌‌ چه‌ند ده‌سته‌وباری سه‌رخستنی ‌ پرۆسه‌ی هه‌ستانه‌وه‌یه ‌؟

سه‌رکه‌وتنیش له‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا سه‌لماندنی بون و بارسته‌ و سه‌وڵ لێنه‌دانه‌ دژ به‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌و ئیراده‌یه‌، به‌رخوردی ژیرانه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا ، هاوکات مامه‌ڵه‌ی جیدیه‌‌‌ له‌گه‌ڵ په‌یام و چاوه‌ڕوانیه‌کانی ئه‌م ئیراده‌یه ‌، ئه‌مه‌ش ده‌سته‌به‌ری به‌رچاوڕونی و خوێندنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ئاماژه‌ و ده‌رهاویشته‌کانه‌ .. ته‌یبردنه‌ به‌ ئامڕاز و که‌ره‌سته‌ی گونجاو‌ی مامه‌ڵه‌ و کارکردن. کارکردن و مامه‌ڵه‌کردنێک که‌ فرسه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ ده‌ڕه‌خسێنێ و ده‌رگا به‌ڕوی ئه‌گه‌ری نه‌خواستراودا داده‌خات .