111.2899 Barzani 7

ئارى ئه‌حمه‌د : پارتى دیموکرات بۆچى دژایه‌تى شۆڕشى رۆژئاوا ده‌کات ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پارتى دیموکراتى کوردستان هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌کو پارتیه‌کى نوێ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى کورد له‌سه‌روبه‌ندى کۆتایى شه‌ڕى دووه‌مى جیهانیدا دامه‌زرا و خواستى سه‌رجه‌م تێکۆشه‌رانى کوردستان له‌ خۆیدا کۆبکاته‌وه‌ و پێشه‌نگایه‌تى شۆڕشى کوردستان بکات و له‌م بواره‌شدا هه‌ندێک هه‌نگاوى هاوێشت و جه‌ماوه‌رى کوردستانیش نه‌ک ته‌نیا له‌ باشوور، به‌ڵکو له‌ به‌شه‌کانى ترى کوردستان و  ده‌ره‌وه‌ى کوردستانیشه‌وه‌ روویان له‌م پارته‌ کرد، به‌تایبه‌تى دواى جوڵانه‌وه‌ى ئه‌یلولى ساڵى 1961 که‌ له‌و کاته‌دا تاکه‌ تێکۆشانى چه‌کدارى گه‌لى کورد بوو، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى کاتدا و لاوازى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى و پێشه‌نگاى ئه‌م پارته‌ و ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌کى و به‌هێزى و کاریگه‌رى ره‌گ و ریشه‌ى بنه‌ماڵه‌گه‌رى له‌ کوردستاندا و باڵاده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى به‌سه‌ر پارتیدا، ئه‌م پارته‌ رۆژبه‌رۆژ له‌ پارتێکى پێشه‌نگى کوردایه‌تیه‌وه‌ وه‌رچه‌رخا به‌ره‌وپارتێک که‌وابه‌سته‌ى سیاسه‌ته‌کانى ده‌ره‌وه‌ بێت و هێزه‌ جیهانى و هه‌رێمیه‌کان به‌توندى ده‌ستى پێوه‌ بگرن بۆ ئه‌وه‌ى که‌ له‌کاتى پێویستدا به‌کارى بهێنن دژى ده‌سه‌ڵاته‌ داگیرکه‌ره‌کانى کوردستان یاخود دژى جوڵانه‌وه‌ى نوێى ئازادیخوازى کوردستان، هه‌تا بتوانن هه‌میشه‌ کارتى کوردستان وکورد وه‌کو کارتێک به‌کار بهێنن و گه‌لى کورد و جوڵانه‌وه‌کانیشى له‌ناو بازنه‌یه‌کدا بخولێننه‌وه‌ و له‌م پێناوه‌شدا ئه‌وه‌ى هه‌موو هاوکارییه‌کیان پێشکه‌ش کردووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بتوانن PDK کۆنترۆڵ بکه‌ن و له‌ بن ناوى کوردایه‌تیشدا هه‌موو عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌کانى ترى کوردستان و گه‌لى کوردستان سه‌رکوت بکه‌ن وئه‌وه‌شى له‌به‌رامبه‌ریان راوه‌ستا بێت گورزى توندیان لێدابێت . 

به‌مڕه‌نگه‌ سه‌رکێشى کوردایه‌تى بۆ خۆیان تاپۆ  بکه‌ن . که‌ لێره‌دا ده‌کرێت هه‌ندێک نموونه‌ بێنینه‌وه‌:

1 ـ به‌کارهێنانى زه‌برى هێز بۆ ده‌رپه‌ڕاندنى ( حه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا )، یه‌که‌م سکرتێرى پارتى دیموکرات له‌لایه‌نى مسته‌فا بارزانیه‌وه‌ له‌ساڵى 1959دا .

2 ـ به‌کارهێنانى هێز له‌لایه‌نى مسته‌فا بارزانیه‌وه‌ بۆ یه‌کلایکردنه‌وه‌ى ناکۆکى نێوان ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مه‌کته‌بى  سیاسى له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانى له‌ساڵى 1964دا .

3 ـ به‌کارهێنانى هێز له‌لایه‌نى مسته‌فا بارزانیه‌وه‌ بۆ سه‌رکوتکردنى جوڵانه‌وه‌ى رۆژهه‌ڵات له‌ساڵى 1967دا به‌ پێشه‌نگایه‌تى سلێمان موعینی، مه‌لا ئاواره‌ و ئیسمائیل شه‌ریف زاده‌ .

4 ـ له‌ناوبردنى رێبه‌رانى پارتى دیموکراتى کوردستانى باکوور سه‌عید ئه‌لچى و سه‌عید قرمزى له‌ساڵى 1972دا .

5 ـ له‌ناوبردنى فاخر مێرگه‌سوورى و بنه‌ماڵه‌که‌ى که‌ که‌سێکى چه‌پ و سه‌رکرده‌یه‌کى دیار بوو له‌ ساڵى 1975دا .

6 ـ دژایه‌تى شۆڕشى گه‌لى کوردستان له‌باشوور له‌ساڵى ( 1976 ـ 1998 ) و شه‌هیدکردنى ده‌یان سه‌رکرده‌ى وه‌کو عه‌لى عه‌سکه‌ری ، د .  خالید سه‌عید ، ئیبراهیم عه‌زۆ ، حسێن بابا شێخ .

7 ـ هاوکاریکردنى ئێران بۆ تێکشکانى شۆڕشى کوردستان له‌ رۆژهه‌ڵات له‌ساڵى 1979 و 1982دا .

8 ـ هاوکاریکردنى ده‌وڵه‌تى تورکیا بۆ لێدانى PKK له‌ ساڵانی، 1992، 1995، 1997، 2000.

9 ـ داگیرکردنى هه‌ولێر به‌هاوکارى رژێمى به‌عس له‌ 31/8/1996دا .

10 ـ له‌ناوبردنى چه‌ندین که‌سایه‌تى پێشه‌نگى وه‌کو ( سادق عمر، ره‌ئوف ئاکره‌یی، هاوڕێ رێناس، د. سیروان )له‌ ساڵانى 1992 هه‌تا 1996.

11 ـ هێرشکردنه‌ سه‌ر بنکه‌ى یه‌نه‌ده‌که‌ و رۆژنامه‌ى وڵات و چه‌ندین رێکخراوى مه‌ده‌نى له‌ 16/5/1997دا و شه‌هیدکردنى زیاتر له‌ ( 14 ) رۆژنامه‌نووس و ( 80 )  چالاکى سیاسى ومه‌ده‌نى و شوێنبزرکردنیان که‌ هه‌تا ئێستاش چاره‌نووسیان دیار نییه‌ .

12ـ هێرشکردنه‌ سه‌ر خۆپیشاندانى 17ى شوبات و رۆژانى دوایى و تیرۆرکردنى چه‌ندین رۆژنامه‌نوس و که‌سایه‌تى له‌ژێر سێبه‌رى ئه‌م پارته‌دا له‌م ساڵانه‌ى دواییدا .

13ـ ناردنى دۆسیه‌ به‌ناوى وه‌زاره‌تى دادى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ دادگاى تورکیاو ده‌زگا ئه‌وروپیه‌کان له‌ ساڵى 1999دا بۆ تۆمه‌تبارکردنى به‌رێز عه‌بدوڵڵا ئۆجالان و PKK وه‌کو تیرۆر .

14ـ دژایه‌تى راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆى شۆڕشى رۆژئاوا وپێشه‌نگه‌که‌ى که‌ PYDیه‌  له‌ساڵى 2011وه‌ هه‌تا ئێستا .

ئه‌م نمونانه‌ مشتێکن له‌ خه‌رمانى کاره‌ دژه‌ شۆڕشه‌کانى پارتى به‌ پێشه‌نگایه‌تى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و سه‌رچاوه‌ى خۆى له‌وه‌وه‌ گرتووه‌ که‌ کراوه‌ته‌ پۆلیسى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى داگیرکه‌ران له‌کوردستاندا و هه‌ر که‌س ولایه‌نێک ئه‌و سنووره‌ تێپه‌ڕ بکات، ئه‌وا رووبه‌رووى گورزى پارتى ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌شى له‌ ئێستا بێزارى کردوون ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیتر زۆربه‌ى زۆرى کوردستان به‌ ده‌هۆڵى ئه‌وان هه‌ڵناپه‌ڕن و ورده‌ورده‌ ده‌بنه‌ پارتێکى بچوک و به‌شێک له‌ مێژوو نه‌ک له‌ ئاینده‌ و ئه‌م راستیه‌ش له‌ رۆژئاوا وباکوردا به‌روونى ده‌بینن و له‌باشوریش له‌ ئاینده‌ى خۆیان دڵنیانیین. هه‌ر ئه‌مه‌ وایکردووه‌ که‌ هار ببن و چاویان پێشکه‌وتنه‌کانى رۆژئاوا نه‌بینێت . ئه‌وان پێیان وایه‌ سه‌رکه‌وتنى رۆژئاوا سه‌رکه‌وتنى باکورى کوردستان گه‌ره‌نتى ده‌کات و ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریى ئه‌رێنى له‌سه‌ر باشور ورۆژهه‌ڵات دروستده‌کات و شیمانه‌ى ئه‌وه‌ى که‌ له‌هاوکێشه‌ى داهاتوودا کوردستان یه‌کبگرێته‌وه‌ زیاتر ده‌کات و ئه‌وه‌شى پێشه‌نگایه‌تى ئه‌وه‌ ده‌کات پارتى و بارزانى  نییه‌، به‌ڵکو ئاپۆ و PKKیه‌، له‌به‌ر ئه‌مه‌ ناخوازن رۆژى به‌مڕه‌نگه‌ ببینن ودژایه‌تیه‌که‌شیان له‌م پێناوه‌دایه‌ .

سەرچاوە / فوراتنویز .