america

بەهرۆز جەعفەر : قەیرانى ئابوریی ئەمریکاوکاریگەرییەکانى بەسەر سیاسەتى دەرەوەدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەمەبەستى گەڕان بەدواى ڕەگ و ڕیشەکانى دەریاى کاریبى دا ، سالێ (1492) ” کریستۆڤەر کۆڵەمبیس ” گرێبەستێکى لەگەڵ شانشینى ئیسپانیا ئەنجامدا. ،ئەمە بوو بەیەکەم پەیوەندیی بە دانشتوانە سەرەتاییەکانى ئەم ناوچەیەوە. بەواتایەکى تر ، یەکەم کۆچ و هاتوچۆ بۆ ئەمریکا هاوڵاتیە ئیسپانییەکان بون . بەپێی نەخشەى نەخشەکێشى ئەڵمانى ” مارتن فالدیسمر ” کە لەساڵى (1507) کێشاویەتى ، ئەمریکا دەکەوێتە خۆرئاواى نیوەگۆى سەر زەوییەوە . دانشتوانە ڕەسەنەکەى ئەمریکا هندییە سورەکانن ، ئەوسا هاونیشتمانییە ئەوروپیەکان . گەلى ئەمریکا لە ساڵى (1773) شۆڕشیان دژى بەریتانییە داگیرکەرەکان بەرپاکرد ، بەیارمەتى فەڕەنساو ئیسپانیا ، ئینگلیزەکان دەشکێن ، بەم پێیەش ئەمریکا سەربەخۆیی خۆى لە (1776) ڕاگەیاند . ساڵى (1784) کۆنگرێس بڕیارى لەسەر دەستورى ئەمریکى داو، بوون بەخاوەنى دەستورێکى عیلمانى . لەمادەى یەکەمى دەستوریشدا ، ناوى وڵات بە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ناسێنرا . کورتکراوەکەشی (U.S.A)

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا (United States of Americ) پێکهاتووە لە (50) ویلایەت ، سیستەمێکى کۆماریى ، دەستوریی ، فیدراڵییە . بەپێى ئامارى ڕێژەى دانشتوانى ساڵى (2012) بەتەنها ژمارەى دانشتوانى (U.S.A) دەکاتە (313) ملیۆن کەس ، کە بەنزیکەیی بەقەد ژمارەى دانشتوانى هەموو نیشتمانى عەرەبییە کە دەکەنە (338) ملیۆن هاوڵاتى . ئێمە لەم باسەماندا ، بەڕوونى دەمانەوێ بپرسین ” ئەمریکا کێ یە ؟ دەیەوێ چى بکا ؟ تووشی چى بووە ؟. بۆ گەیشتن بەئەنجامێکى دروستیش ، جگە لەچیرۆکى دروستبون و دەستپێکى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکان ، لەماوەى (240) ساڵى تەمەنیدا ، کلیک لەسەر (5) قۆناغى گرنگ لەژیانى ئەم ئەفسانە سەربازیی و خواوەندە تەکنەلۆژییە دەکەین ، کە باڵى کێشاوە بەسەر جیهاندا :

یەکەم : جەنگى نێوخۆیی و دروستبونى .

لەزانستى سیاسیی دا ، کۆمەڵێک چەمکى جیاواز هەن ، ناوکى سیاسەتن و دەبێت لەشوێنى خۆیاندا بەکاربهێنرێن ، وەکو } ململانێ ( صراع ) – ناکۆکى ( نزاع ) – جەنگ ( حرب { سەرەتاى هەر ململانێی و ناکۆکى و جەنگێکیش ، دەگەڕێتەوە ، بۆ دروستبونى (دڵەڕاوکێ – توتر). بۆنمونە : دەوڵەتى (س) بەنهێنى چەک دەکڕێت ، دەوڵەتى (ێ) ى دراوسێ دەکەوێتە گومانەوە ، بۆیە بەسیاسەتى خۆیدا دەچێتەوە بەرامبەر دراوسێکانى . ڕەنگە ئەمە سەربکێشێت بۆ شەڕ . شەڕیش لەهەر وڵاتێکدا بریتى یە : لەبڕیارێکى سەختى سەرکردە و سەرۆکەکان تەنها دەبێت لەپێناو ئامانجێکى باڵاو ڕەوادا ، بێت . بەجۆرێکى تر دواى ئەوەى هیچ ڕیگەیەکى دیبلۆماسیی و گفتوگۆ نامێنێتەوە ، شەڕ و بەریەککەوتن کۆتا بژاردەیە لەژینگەى دەرەکیدا ، چونکە کەدەست پێدەکەى ، نازانیت کەى کۆتایی دێت ؟. تێچووەکەى چەندەو چەند گورزێکى کوشندە بەر وڵات دەکەوێت .

جەنگى ئەهلى : بریتى لە جەنگێکى نێوخۆیی لەوڵاتێکدا ، لەسەرهەمان خاک هەر تاکێک بەرامبەرەکەى بە تاوانبارو خائین دەناسێت ، پێکەوەژیان و پێکەوە کارکردن نامێنێت . دەکرێت ئەم شەڕە هۆکارەکەى (سیاسیی- ڕەگەزیی- ئاینى – چینایەتى- ئیقلیمى) بێت . ئەوەى لەئەمریکا (1861-1865) ڕووى دا ، سەرەنجامى دڵەڕاوکێی نێوان ویلایەتە ئازادەکان و ویلایەتە کۆیلەکان بوو ، کۆیلە ( ڕەش پێستەکان ) هیچ مافێکیان نەبو ، شەڕی جەدەلییان لەسەر زیادکردنى پەیوەندیی بو لەنێوان ویلایەتەکان و حکومەتى فیدراڵی بو ، ئەوکاتەى حزبى کۆمارییەکان ، بەسەرکردایەتى ” ئەبراهام لینکۆڵن ” ، بانگەشەى کرد دژى بەرفراوانى عبودیەت لەدەرەوەى پەنجا ویلایەتەکەو ، لەناکاو (7) ویلایەت جیابونەوەى خۆیان ڕاگەیاند لەیەکێتیەکە . دواى چەندین جار لەهەموارى دەستوریی ، ئەم جەنگە بووبە لەکەیەک بەسەر مێژووى ئەمریکاوە ، کە تیایدا زیاتر لە (620،000) شەس سەدو بیست هەزار سەرباز کوژران .

دووەم : دوو جەنگى جیهانى و ئەمریکا لەو نێوانەدا.

ئەمریکا بیلایەن بوو،کە یەکەم جەنگى جیهانى لەساڵى (1914) هەڵگیرسا، }بێلایەنى (محاید) – خۆ دابڕاندن (انعزالى). هیچ کات بەماناى ئەوەنایات بێ ئاگابن و،وەک کۆتەرەى سەرئاو کەوتبن .بەڵکو ئەو وەختە هاوسۆزیی زۆربەى ئەمریکاییەکان بۆ بەریتانیاو فەڕەنسا بوو.دواى ئەوەى کۆمەڵەى گەلان (عصبەالامم) نەیتوانى ڕێگە لەجارێکى تر دروستبونەوەى شەڕ بگرێت . بەهۆى زیاتر دەستوەردانى زلهێزەکانەوە ، بەتایبەت بەریتانیا . دووەم جەنگى جیهانى سەریهەڵدایەوە ، لەگەڵ هێرشکردنى ئەڵمانیاى نازى بۆ پۆڵەندا لەمانگى سێپتەمبەرى (1939) دا .  ئەمریکا جوڵەى دایە بەرخۆى . چیرۆکەکە گێڕانەوەى مێژوو نییە ، بەڵکو نیشاندانى فرسەتێکە کەڕەنگە لەوەتەى بەشەریەت لەزەویدا هەیە ، هەلى وا بۆ کەس ڕێک نەکەوتبێ ، چۆن ؟. لەدواى یەکەم جەنگى جیهانى کە (8،538،315) کەس لەجیهاندا بوون بەقوربانى ، جگە لە بێسەروشوێنەکان و خاپورکردنى سەدان شارى گەورە ، لەڕووى سیاسیشەوە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى هەڵوەشایەوە ، بەشێکى ئەوروپا کاولبو ، بەیارمەتى ئینگلیزەکان دەوڵەتى عێراق دروستبو ، کوردستانى گەورە دابەشکرایەوە . لەشەڕى دووەمیشدا زیاتر لە (78) ملیۆن کەس بونەتە قوربانى، ئالەم کاتانەدا ئەمریکا ساغ و سەلیمەو ، بەشێوەیەکى گشتى تەنها یەک گوللەیەک چییە نەگەشتۆتە کەنارى گوندێکى ئەمریکیش .!. ئەوەنەبێت لەساڵى (1945) و کۆتایی جەنگى دووەمدا ، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشى قورسی کردە سەر ئیمپراتۆریەتى یابان و ، لەهێرش یەکەمدا بۆ سەرهێرۆشیما (140،000) ى لێ کوشتن ، لەهێرشی دووەمیشدا بۆ سەر ناکازاکى (80،000) ى لێ کوشتن . جگە لەتەختکردنى دووشارى گەورەى یابان لەگەڵ زەوى . ئەمەش بەهۆى هەڵەى سەرۆکوەزیرانى یابان (سوزۆکى) کە پابەند نەبو بە دەقەکانى ڕێککەوتننامەى (بوتسدام) . بوتسدام : کۆتا کۆبونەوەى } سەرۆکى ئەمریکا (هارى ترومان) ، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا(چەرچل) و سەرۆکوزەیرانى یەکیەتى سۆڤیەتى پێشوو جۆزیف ستالین ) { لەنزیک بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا بەسترا ، لەپاى دابەشکردنى ئەڵمانیا بۆ ئەمریکاو بەریتانیاو ڕوسیا .

سێهەم : جەنگى سارد و سیاساتى ناڕەزایی دەربڕین .

دوو جەنگەکە تەواو بوو، ئینجا ئەمریکا دەستى کرد بە دەستوەردان لەهەموو جیهان،پێشوتر تەداخولاتى نەبوو، جەنگێکى تر لەڕێگەى : ( شەڕ بەوەکالەت ) و ( شەڕى دەروونى ) و ( ڕاگەیاندن ) و بەکارهێنانى سیخوڕ و وەگەرخستنى دەمودەزگا هەوالگرییەکانەوە ، ( شەڕى سارد )  دەستى پێکرد . شەڕێک کە لەسەرێکەوە دوو ئایدۆلۆژیاى جیاواز ( کاپیتاڵیزم و سۆشیالیزم ) یان ( لیبراڵیزم و شیوعیەت ) ململانێ دەکەن ، لەسەرێکیشەوە هۆیەکەى دیوە بەدکارییەکەى مرۆڤە بۆ سەرکێشى و فراوانخوازیی و زاڵبون بەسەر ئەویتردا . ئەمە لەکاتێکدایە ڕێکخراوى (نەتەوەیەکگرتووەکان UN) دروستبووە بۆ ( پاراستنى ئاشتى و ءئارامى جیهانى ) . دەبێت هەموو دەوڵەتەکان پێوەى پابەند بن . ڕەنگە بیرى ستراتیژیی و سیاسییانەى ئەمریکا ، واى کردبێت کەلەمەولا بەخێرایی ژمارەى دەوڵەتەکان زیادبکەن ، بەجۆرێک کاتێک (un) لە (24ى ئۆکتۆبەرى 1945) دروستبو ، لەهەموو جیهاندا (50) دەوڵەت بونى هەبو،ئێستا (193) دەوڵەت ئەندامن لەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە . ئەمریکا بەوپێیەى هاوپەیمانى ستراتیژیی لەگەڵ بەریتانیا هەبو ، بەئاسانى دەیتوانى زۆربەى وڵاتە تازە دروستبوەکان لەوماوەیە بەکاربهێنێت . دژى سۆڤیەت،وەکو عێراق . وەکو تورکیا کەشەڕى ئایدۆلۆژییان لەگەڵ سۆڤیەت هەبوو . زۆرجار بۆ ئیحتیواکردن (دەوردان) بەکارى دەهێنان .

دواجار ویلایەتەیەکگرتووەکان ، توانى نیو سەدە،ململانێی لەگەڵ سوڤیەت بکات ، جەنگەکە بباتەوە .گورج فەیلەسوفى ئەمریکى (فۆکۆیاما) کتێبى (نهایە تاریخ) ى نوسی،تیایدا جاڕى کۆتایی مێژووى داو،ئیتر لیبراڵیزم کۆتا قۆناغى مێژووەو،مێژوو و مرۆڤایەتى ئا لێرەدا دەوەستن !.مەگەر هەر مێژوو خۆى یاخود ئایندەى مێژوو بتوانێ وەڵامى فۆکۆیاما بداتەوە.هەرچەندە ئەو چەند ساڵیًک پێش ئێستا پەشیمانى خۆى لە (کۆتایی مێژوو) دەربڕی،بەنوسینێک بەناونیشانى ( جا بۆڕاى خۆم نەگۆڕم).

چوارەم : ئەمریکا دەچێتە هەموو ماڵێکەوە .

ئیتر دواى سەرکەوتنى ویلایەتە یەکگرتووەکان،جیهان لە فرەجەمسەرى و دوو جەمسەرییەوە، دەبێت بەیەک جەمسەر. بۆیە قۆناغى جیهانگیریی (Globalization) بۆ ئەمریکا دیاردەیەکى نامۆ نییە،لەگەڵ ئەوەى (U.S.A) خۆى سەرکردایەتى پرۆسەى بەجیهانگیریی دەکات،چونکە ئەمریکا لەماوەى سەرەتاکانى سەدەى بیستەوە،بۆ نەوەد ساڵ ئەچێت ئەزمونى کارى سەربازیی و هەواڵگریی و فکریی و ئابوریی کردووە،اەواقعیشدا بوعدەکانى جیهانگیریش (ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتى و …هتد).

ئەم سەردەمە تەکانە تەکنەلۆژییەکان،مایەى ئازارو نەنگییەکى پتر بوو،لەو خەڵەفاوییەى لەسەرەتاوە هەندێک بە باشبونى ژیانى خەڵک وەسفیان ئەکرد،پەیوەندییە رۆحیی و ڕاستەوخۆکانى کرد بە پەیوەندیی لاوەکى و ماددیی،ترس کەوتە سەرجوگرافیاو زمان و کلتورو ناسنامەى گەلان .بەتایبەتى وڵاتانى دواکەوتوو یان تازە پێگەیشتوو.لەڕێگەى (سەتەلایت و کومپیوتەرو ئینتەرنێت و سکایپ و مۆبایل و ئایفۆن و …هتد) ەوە.کۆمەڵگەکان. جارێکى تر پێناسە دەکرێنەوە،بەوپێیەى کەهەیە.ئیدى ئەمریکا هەرتەنها لە بۆشایی ئاسمان وسەرمانگ ناگەڕێت، هەرتەنها کانە نەوتەکانى ڕۆژهەڵات ڕووپێو ناکاتەوە، بەتەنها بەدواى دوژمنێکدا ناگەڕێت تا یارى لەگەڵ بکات،بەڵکو تەنها لەڕێگەى هەڵکردنى تەلەفزیۆنى ماڵەکەتەوە دەرگایەک بەڕووى ئەمریکاو (سی ئاى ئەى) دا،دەکرێتەوە، بۆ پشکنینى ماڵەکەت،دەتوانێت بەهەر تەلەفۆنێک لەهەرشوینێکى جیهان قسەبکەى کۆنترۆڵت بکات،بگرە دەتوانێت هەندێک جۆرى ئامێرى تەلەفۆن (بەبنا گوێتەوە بتەقێنێتەوە).هەروەها بۆنمونە:هەرکەسێک و هەر کاتێک باسی (قاعیدە،ساروخ،موخابەرات، تەقینەوە،11ى سێپتەمبەر….هتد) بکەى،دەنگت تۆماربکات و بۆت بگەڕێت .چیرۆکى تەلەفۆنەکەى سادات باشترین بەڵگەیە لەسەر کارە موخابەراتیەسەرسورهێنەرەکانى ویلایەتەیەکگرتووەکان،یاخود (جمال الکشف) لەکتێبى (سیخوڕە مەترسیدارەکان لەمێژوودا) باس لەو باڵۆنە دەکات بەدرێژیی (16) پێ و پانى (25) پێ.ئەمریکا ڕەوانەى بۆشایی ئاسمانى کردووە بەدوورى (24)کم لەزەوییەوە،ئامێرێکى تۆمارکردنى دەنگ و تەسویرى تیا چاندووە،لەودوورییەوە دەتوانێت خەتەکانى ڕۆژنامەیەک وێنە بگرێت کەدەبەدەست پیاوێکەوەیە لەکاتى ڕۆیشتندا،وەتواناى تۆمارکردنى دەنگى دوو کەسی هەیە کەبەتەلەفۆن پێکەوە گفتوگۆ دەکەن.ئەمریکا بەهەر مەواسەفاتێک چى بوێت دروستى دەکات،بۆنمونە: ڕۆبۆتێک بۆسەر دەبابە و مودەڕەعەکانى،لەهەر شوێنێکەوە تەقەیان لێبکەى چەند خولەکێک پێش ئەوە ئاماژەیان دەداتێ،کەواتە ئەمریکا دەزانێت لەکوێوە تەقەى لێدەکرێت .

پێنجەم : قەیرانى ئابوریی لەئەمریکا .

سەرەتاى مانگى (10ى 2013) بومەلەرزەیەکى ئابوریی گەورە (U.S.A) ى هەژاند،ئەمە یەکەمجار نییە،لەساڵى (1975) لەسەردەمى سەرۆکایەتى (جیراڵد فۆرد) لەگەرمەى شەڕى ساردا،ئەم کێشەیە ڕووى دا.ساڵى (1995) یش لەسەردەمى (بیل کلینتۆن) دا ڕوویدایەوە،کاتێکیش (11ى سێپتەمبەرى 2001) چەند فڕۆکەیەک خۆیان کێشا بە بورجى تاوەرەکانى بازرگانى جیهانى لە (نیۆرک).ئیتر بەیەکجار ئەمریکاییەکان شۆک بون،شۆکێک کە یەکەمجارە سەرمایەداریی بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکانى مارکس،داوا لەئیشتراکیەت بکا لەو قوڕوچڵپاوە دەرى بهێنێت .

قەیران (ئەزمە) سێ خاسیەتى هەیە (یەکەم: لەناکاو دێ ،دووەم:هەڕەشە ئەکا،سێهەم: کات کەمە بۆچارەسەرکردنى) .ئەزمەى مالى :بریتى یە لە ڕووخان و هاڕەکردنى بازاڕو پشکەکان،یاخود پارەى وڵات،یاخود بازاڕى عەقارات ،یان ڕوودەکاتە کۆمەڵێک دەمودەزگاى بانکى و مالى گرنگ .بەم پێیەش ئەمریکا تووشی ئەزمەیەکى گرنگى ئابوریی بووە، کە (بودجە) یە.ژیانى نەک هاوڵاتیانى ئەمریکا، نەک هەر ئەو مشتومڕەى نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە سەر بیمەى تەندروستى،کەبووە هۆى زیاتر زەقبونەوەى گرفتەکە،بەڵکو ترسێکە لەسەر کۆى ژیان و مرۆڤایەتى لەسەرەتاى سەدەى بیست و یەکدا، سادەترین بەڵگەیەکیش ئەوەیە،تا ئێستا لە (90%) ى بازاڕ و بانکەکانى جیهان ،مامەڵە بەدراوى ئەمریکى ئەمریکى ($) دەکەن، کاتێک بەهاى دۆلار دائەبەزێت،ئۆتۆماتیکى گورز بەر بازاڕەکانى جیهان ئەکەوێت، بەتایبەتى بازاڕە تازە پێگەیشتووەکان .

ئەوە یەکەمجارە لە (u.s.a) ، (700،000) هەزار داواى مووچە دەکەن،پارەنییە بیاندرێتێ ، سەیربکە : بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو بودجەى تەنها وەزارەتى بەرگرى (پنتاگۆن) لە (540) ملیارەوە هەڵکشاوە تا لەساڵى (2013) دۆلار بووە بە (633) ملیار دۆلار،ئاماژەیە بەوەى ئەمریکا بۆ سەد ساڵى تریش دەیەوێ گەورەى دونیا بێت .دەیەوێ بایەخ بەهێز بدات،بەجۆرێک تەنها بودجەى پنتاگۆن لەئەمریکا بەقەد بودجەى هەموو وەزارەتى بەرگرییەکانى جیهانە .بەقەد بودجەى دەیان دەوڵەتە.ئێستا بودجەى تەخمینکراو بۆ وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا (0،6%) کەمى کردووە .بێجگە لەوەى ئەمریکا دەبێت مووچەى (2،5) ملیۆن و نیو سەباز بدات،مووچەى (700000) حەوت سەد هەزارى دیکەى مەدەنى بدات.!.بێجگە لەوەى ئابوریی چین کێبرکێی گەورەى لەگەل ئەمریکا دەستپێکردووە،چین بەڕێژەى (6،2%) ئابورییەکەى گەشەى کردووە، یابان (2%).هەروەها بەرزبونەوەى بەهاى یۆرۆ و دابەزینى بەهاى دۆلار لەهەمان کاتدا.لەهەر سلتێکدا ئەمریکا تەداخولاتى لەهەر وڵاتێکدا کردبێت،یەک هۆکارى هەبووە،ئەویش بەهاى (بازاڕودۆلارەکەى ) بووە.لەپێش شەڕى کەنداو تائەمریکا دەستى وەرنەدا،(1) دینارى عێراقى بەرامبەر بە(3$) ى ئەمریکى بو،کەئەمریکا دەستى وەردایە شەڕەکە،بێجگەلەکاولکاریی ناوچەکە،نرخى دۆلار دەیان هێندە بەرزبۆیەوە.پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا کواپارەکانى ئەمریکا ؟ دەریش کەوتوە چین گەورەترین قەرزپێدەرى ئەمریکابووەو،خوازیارە پارەکانى بکشێنێتەوە،دەبێت چەند کەشتی بارهەڵگرو چەند سەد فڕۆکە ئە پارانە هەڵبگرن ؟.گرفتە ئابوریی و بانکیەکانى ئەمریکا لەژنارە نایەن،چەند بانکى گەورەى وەک (لیمان برازەر ومیریال لینج) هەڵوەشانەوە .ئێستا قەرزە کەڵەکەبووەکانى سەر ئەمریکا،نەک ژمارەى پێوانەیی،بەڵکو ژمارەیەکى فەلەکى و گەردوونییەو گەیشتۆتە (16) تریلیۆن و (700) ملیار دۆلار.ئاخر ئابوریی ئەمریکا یەک لەسەر سێی ئابوریی جیهانە،تۆبڵێی چەند کاریگەرى بخاتە سەر جیهان .؟.جگە لەوەى هەر سەرۆکێک ئەوى پێشوتر تۆمەتبار دەکات،جگەلەوەى ئەندامانى کۆنگرێس و پیران هەست بەشکستى حکومەت دەکەن،جگەلەوەى هەست بە زیادبونى ڕێژەى هەژارى دەکەن،چ هەنگاوێک نراوە .؟.بەپێش چاوى جیهانەوە،ئەم زلهێزە خوێن لەناوگەڵى دەچۆڕێت،فۆکۆیاماش ئەیوت شکستى ئیشتراکیەت کۆتایی مێژووە ؟.

دەرکەوتەکانى ئەم قەیرانەى بودجە لەئەمریکا،هەر لەکەرتەکانى ئۆتۆمبیلەوە تادەگاتە بوارە کلتورییەکە وەک رۆژى رووناک دیارە،تەنانەت هۆلیۆدیشى گرتەوە،لەڕابردوودا (ۆول ستریت) لەئایندەدا چى ؟.لەڕابردوودا ” بوشی کوڕ” شەڕى دژە تیرۆرى ڕاگەیاند و ئەفغانستان و عێراقى داگیرکردو،بیرى لیبراڵیزمى نوێی خستەکار بۆ سەرمایەدارى لەجیهاندا،ئەى لە ئایندەدا چى ؟.تۆبڵێی ئەوەندە ڕاست بێت بوترێت: ئەمریکا ئەوەندەى شەونخونى کرد بەدیار بیرە نەوتەکانى شەرقەوە،هێندە خەمى بودجەى وڵاتەکەى خۆى نەبو.ئەوەندەى لەدەرەوە بو،لەناوەوە نەبو .