Hiwa-Mirani

هێمن میرانی : لە هەڵبژاردنی پێشوودا یەکێتی لە بەشى پارتى کورسییەکانى خۆى بەدەستهێنا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دیمانە: ستیڤان شەمزینی

* بە لابردنى تەواوى ئەندامانى مەکتەبى سیاسیش یەکێتى نابێتەوە بە هێزەکەى جاران

* گۆڕان هێزى دووەمە بەڵام مەرج نییە پارتى بەشداریى پێ بکات لە حکوومەتدا

هێمن میرانى ، هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر لە زانستى سیاسەت. خوێندکارى دکتۆرا لە سیاسەت و حوکمڕانى لە زانکۆى لێستەرى بەریتانیا باس لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان و سەنگی حزبە سیاسییەکان دەکات .

ستیڤان: بۆچى یەکێتى تووشى پاشەکشەیەکى بەرچاو بوو لەم هەڵبژاردنەدا؟.

هێمن میرانى : بە بڕواى من یەکێتى لەم هەڵبژاردنە دووچارى پاشەکشێ نەبووە، بەڵکو لە هەڵبژاردنەکانى 25ى تەموزى 2009 یەکێتى بە جیابوونەوەى باڵى نەوشیروان مستەفا و دروستکردنى بزووتنەوەى گۆڕان ئەو نەخۆشییەى بەسەر هات کە لەم هەڵبژاردنە ئاکامەکانى دەرکەوتن. گۆڕان لەسەر لاشەى یەکێتى لە هەڵبژاردنى پێشوو 25 کورسى پارلەمانى برد، یەکێتیش لە بەشى پارتى کورسییەکانى خۆى بەدەستهێنا، چوونکە ئەوکات پارتى و یەکێتى بە یەک لیستى هاوبەش بوون و سیستمەکەش داخراو بوو، واتە نەزانرا حەجمى راستەقینەى پارتى و یەکێتى چەندە. ئەم هەڵبژاردنە بە رێژەیى هەر حزبێکى خستە سەر حەجمى راستەقینەى خۆى. بۆیە بە بڕواى من یەکێتى لەم هەڵبژاردنە نەدۆڕاوە، بەڵکو ئەو دەنگانەى هێناوە دەبوایە لە2009 بەهۆى جیابوونەوەى باڵى نەوشیروان مستەفا بیهێنابوایە.

ستیڤان : غیابى مام جەلال تا چەند رۆڵى هەبووە لەسەر پاشەکشەى یەکێتى لەم هەڵبژاردنەدا؟.

هێمن میرانى: کەس ناتوانێ رۆڵى گەورە و کاریگەرى سەرۆک مام جەلال لە عێراق و کوردستان و بۆ ناو یەکێتى نادیدە بگرێ، ونبوونى ئەو لە شانۆى سیاسیى کاریگەریى گەورەى لەسەر زۆر بابەت هەبووە، بێگومان دۆخى ناوخۆیی یەکێتى یەکێکە لەو پرسانە. ئەو فرە لێدوان و جەمسەر و هەندێ جار دیدە تەواو دژ بە یەکانەى مەکتەب سیاسییەکان و هەندێ ئەندامانى سەرکردایەتى، یان ئەنجومەنى ناوەند لە ساڵى رابردوو نواندوویانە هۆکارى یەکەم بێ مام جەلالییە. بەڵام بۆ ئەنجامى هەڵبژاردن رەنگە کاریگەرییەکى رێژەیى بچووکى هەبوو بێ، بەڵام وەکو لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کرد یەکێتى بە رێژەیى دەنگى راستەقینەى حەجمى ئێستاى خۆى هێناوە.

ستیڤان : جەماوەری یەکێتى داواى دەست لەکار کێشانەوەى ئەندامانى مەکتەب سیاسیى دەکەن، ئایا ئەم هەنگاوە یەکێتى دەکاتەوە بە رەقەمێکى دیارى نێو گۆڕەپانەکە؟.

هێمن میرانى: لاوازبوونى یەکێتى بە تەنیا پەیوەست نییە بە ئەداى ئەو چەند ئەندام مەکتەب سیاسییەى سەروکارى حزبەکە دەکەن، هەرچەندە بەشێکى دیارى بەرپرسیارى هەڵدەگرن و خۆشیان باسیان کردووە، بەڵکو وەکو باسم کرد باڵێکى گەورەى یەکێتى شکا. نەوشیروان مستەفا ئەندامێکى ئاسایی یەکێتى نەبوو کە واز بێنێ و یەکێتى تەندروست بمێنێتەوە، بێگومان ئەوەى خوێندنەوەى بۆ مێژووى یەکێتى و چۆنیەتى دروستبوونى و دەورى سەرۆک مام جەلال و نەوشیروان مستەفا هەبێ، دەبێ بزانێ کە نەوشیروان مستەفا ژمارەیەکى ئێجگار قورسى ناو یەکێتى بووە، جیابوونەوەى گورزێکى کەمەر شکێن بوو بۆ یەکێتى. بۆیە ئاسان نییە تەنانەت بە لابردنى تەواوى ئەندامانى مەکتەبى سیاسیش یەکێتى ببێتەوە هێزەکەى جاران. هەڵبەت ئەوە شتێکى سروشتییە کە حزب رووبەڕووى شکست و هەڵسانەوە ببێتەوە، بە بڕواى من ئێستاش یەکێتى ژمارەیەکى قورسە، بەڵام ئەوەى ئێوە دەیڵێن کێبڕکێ لەسەر هێزى یەکەم بکا، کارێکى ئاسان نییە کە دوو هێزى دیکەى گەورە لە گۆڕەپانەکە هەن کە پارتى و گۆڕانە.

ستیڤان : گۆڕان دەیەوێت بەشدار بێ لە دەسەڵات، ئایا ئەمە ناکۆک نییە بە دروشمەکانى پێشووى ئەو حزبە کە باسى گۆڕینى سیستمى سیاسیى دەکرد؟.

هێمن میرانى: روون نییە گۆڕان چۆن دەیەوێ بەشدار بێ لە حکوومەت، چوونکە پەیامى جۆراوجۆر و هەندێ جار دژ بە یەک لە لایەن سەرکردەکانیان دەربارەى ئایندەى سیاسیى بزووتنەوەکەیان بۆ چوار ساڵى دیکە دەبیسترێ. نەخێر بێگومان هیچ جۆرە دژیەک نییە، چوونکە گۆڕان و هەر حزبێکى دیکە کە کارى سیاسیى دەکەن ئامانجیان ئەوەیە بێنە حکوومەت و بەرنامەى سیاسیى خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەنجامەکان دەرکەوتن، گۆڕان هێزى دووەمە، بەڵام مەرج نییە پارتى بەشداریى پێ بکا لە حکوومەت. چوونکە ئەوە حزبى براوە (یان کوتلەى زۆرینەى پارلەمانە بڕیار دەدا حکوومەت لەگەڵ کێ دروست دەکا)، واتە بە دەست گۆڕان نییە بەشداریى حکوومەت دەکا یان نا، بەڵکو بەستراوەتەوە بە ویستى کوتلەى زۆرینەوە.

ستیڤان : یەکێتى باس لەوە دەکا لە سلێمانى تەزویرێکى زۆرى لێکراوە لە لایەن گۆڕانەوە و هەروەها بە پێچەوانەشەوە، تۆچۆن دەڕوانیتە ئەم پرسە؟

هێمن میرانى: من لە کوردستان دوورم و وەک ئێوە گوێم لە هەندێ دەنگوباسى تەزویر بووە، بەڵام وەکو لە دوورەوە چاودێریم کردووە، هەست دەکەم ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بەوانەى دیکە لە باشترین هەڵبژاردنەکانى کوردستانە، هەڵبەت دەشێ پێشێلکاریى و تەزویر لێرە و لەوێ کرابن کە من زانیاریى پشت راستکەرەوەم لا نییە.

ستیڤان : سەرکەوتووى پرۆسەى هەڵبژاردن پارتى و گۆڕان بوون، یەکێتى و یەکگرتوو پاشەکشەیان کردووە، پێتوایە بۆچى جگە لە یەکێتى یەکگرتووش پاشەکشەى کردووە؟.

هێمن میرانى: زانیاریم لەسەر دەنگەکانى یەکگرتوو نییە لە رابردوو تا بەوەى ئێستا بەراووردیان بکەم، بەڵام ئەگەر وەکو ئێوە دەڵێن دەنگى کەمى کردبێ رەنگە دوو هێزە هاوپەیمانەکەى کە گۆڕان و کۆمەڵن لێیان بردبێ، بۆیە یەکگرتووش لە دواى ئەم هەڵبژاردنە دەبێ حسابێکى دیکە لە گەڵ هاوپەیمانەکانیشی بکا، چوونکە ئیدى ئەوانیش مونافسى یەکگرتوون و دەنگى لێ دەبەن .

ستیڤان : ئەگەر یەکێتى ببێتە ئۆپۆزیسیۆن ئایا قەیرانى حوکمداریى لە هەرێم دروست نابێ بەو پێیەى ئاسان نییە پارتى و گۆڕان بگەنە بەرنامەیەکى هاوبەش؟.

هێمن میرانى: نەک لەبەرئەوەى رەنگە پارتى و گۆڕان بە سانایى نەگەنە رێکەوتن، بەڵکو لەبەرئەوەى هێشتا یەکێتى و پارتى هێز و چەکداریان لەبەر دەستە، پێویستە بۆ ئەم خولەش لە حکوومەت بن، بەو مەرجەى فشاریان لەسەر بکرێ لەلایەن خەڵک و هێزەکانى دیکەوە کە ئەم چوار ساڵە قۆناغى کۆتایی یەکخستن و بە نیشتیمانیکردنى هێزەکانى ئاسایش و پێشمەرگە و چەکدار بێ بە گشتیى. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەشداریى حکوومەت بکا دەبێ ئەمە بکەنە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانى نێو داواکارییەکانیان. چوونکە ئەو دۆخەى ئێستا هەیە لە بەرژەوەندیى پارتى و یەکێتییە، بەڵام لە بەرژەوەندیى کوردستان نییە.

قۆناغى گواستنەوە ناکرێ بەو کراوەییە بهێڵدرێتەوە. وڵاتانى رۆژهەڵاتى ئەوروپا لە دواى کەوتنى یەکێتى سۆڤیەت، یەکێتى ئەوروپا مەرجى بۆ دانان تا خۆیان لەگەڵ ئەو مەرجانە بگونجێنن و ببنە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا، ئەو مەرجانەش سەقفى زەمەنیان هەبوو. کوردستان لە ژێر فشاری لایەنێکى دیاریکراو نییە و مەرجى نێودەوڵەتى روونى لەسەر نەچەسپاوە، بۆیە پارتى و یەکێتى خەمساردن لە تێپەڕاندنى قۆناغى گواستنەوە و بەهێزکردنى دامودەزگا نیشتیمانییەکان لە کوردستان.

ستیڤان : چاودێرانى سیاسى دەڵێن چەند ساڵى داهاتوو گۆڕەپانى سیاسیى دەکەوێتە دەستى گۆڕان و پارتى. یەکێتى و ئیسلامییەکان لە پەڕاوێزدا رۆڵ دەبینن. چۆن سەیرى ئەم بۆچوونە دەکەیت ؟.

هێمن میرانى: لە ئێستادا هەر ئەو پێنج هێزە کاریگەرن کە لە 2009 یش کاریگەر بوون تەنیا بە جێگۆڕکێى ریزبەندیى نێوان یەکێتى و گۆڕان. کێ ئیدارەى وڵات دەکا و کێش دەبێتە چاودێر، ئەوە رێکەوتن و هاوپەیمانێتیە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنى حکومەتى نوێ بڕیارى لەسەر دەدەن .