goran_puk

عیماد عه‌لی : هه‌ماهه‌نگیی یه‌كێتی‌و گۆڕان زه‌روره‌تێكی قۆناغه‌كه‌یه‌ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پارتی ژماره‌یه‌كی له‌قه‌باره‌ی جه‌ماوه‌رێتی خۆی گه‌وره‌تری ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی بۆخۆی مسۆگه‌ر كرد ، گۆڕان پێشكه‌وتنێكی ‏به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌و یه‌كێتیش تاڕاده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كرد  .  له‌م باره‌شدا واقعی سیاسیی كوردستان پێویستی به‌عه‌قڵ‌و ره‌فتارو كرده‌وه‌ی گونجاوی ‏لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه ‌.‏

ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی گۆڕان‌و یه‌كێتی ستراتیجیانه‌ بێت نه‌ك رق‌و كینه‌ی شه‌خسی‌و تۆڵه‌كردنه‌وه ‌، پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا حه‌كیمانه‌ ‏مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كاندا بكه‌ن‌و له‌ئامانجه‌ پیرۆزه‌ گه‌وره‌ دووره‌كه‌ی گه‌لی كورد بڕوانن ، نه‌ك شتی شه‌خسی، هه‌چه‌نده‌ ده‌زانم ئه‌مه‌ قسه‌ی تێۆری‌و ‏نموونه‌ییه‌و له‌وانه‌یه‌ كه‌س كاری پێنه‌كات‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان زاڵبن . به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانیش بێت ، چ شه‌خسی یان حزبی ‏یان گرووپ گرووپێنه‌و به‌وردی‌و دوور له‌هه‌ڵچوون مامه‌ڵه‌ی كوردستانی پاش هه‌ڵبژاردنی له‌گه‌ڵدا بكرێت ، ئه‌ركی گرنگ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی ‏زۆرێك له‌حزبه‌كان‌و به‌تایبه‌تی گۆڕان‌و یه‌كێتی ، به‌تایبه‌تی تریش سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و دوولایه‌نه ‌. ‏

به‌بێ گۆڕان حكومه‌ت شه‌ل ده‌بێت ، بێ یه‌كێتیش حكومه‌ت ئیفلیجه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر پایه‌ی گرنگی راییكردنی كاروباری حكومه‌تی ‏به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ، بێ پارتیش حكومه‌ت تاسنووری دێگه‌ڵه‌ بڕده‌كات . ئه‌مانه‌ هه‌مووی وا ده‌خوازن كه‌ حكومه‌تێكی بنكه‌ فراوان دروستبكه‌ن. جا له‌م ‏كاته‌دا هه‌وڵی قۆرخكاریی پارتی‌و زاڵبون به‌سه‌ر كوردستاندا رێگریی لێده‌كرێت‌و به‌سیاسه‌تی راست‌و دروستی یه‌كێتی‌و گۆڕان سنوورێك بۆ ‏هه‌موو ره‌فتارێكی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی پارتی داده‌نرێت‌و له‌م چوار ساڵه‌ی دادێت هه‌مووان ئه‌سپی خۆیان تاوده‌ده‌ن‌و هه‌وڵی سه‌پاندنی ئه‌و ‏بۆچوونانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی‌و جه‌ماوه‌ریی خۆیانه‌و كۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنی تازه‌ ده‌سه‌ڵاتداریش له‌خه‌می جه‌ماوه‌رێتی خۆیدا ده‌بێت كه‌ ‏له‌كاتی حكومدارێتی خۆیدا نه‌یدۆرێنێت‌و جه‌ماوه‌ره‌ ناڕازییه‌كه‌ له‌خۆی رازیبكات . ‏

یه‌كێتیش ئه‌ركێكی زۆر قورسی له‌سه‌ره‌و ده‌بێت زۆر زانسییتانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا مامه‌ڵه‌ بكات‌و بۆ چوار ساڵی داهاتوو و پلانێكی ‏ستراتیجیی نوێ دابڕێژێت‌و له‌زۆر بواردا خۆی ساغبكاته‌وه‌و له‌سفره‌وه‌ ده‌ست پێبكات ، به‌تایبه‌تی له‌ناوخۆی خۆیدا رێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت ‏بگرێته‌به‌ر كه‌ شكستێكی گه‌وره‌ی تری به‌سه‌ردا نه‌هێنێت . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كارلێكی لێكی بده‌ینه‌وه‌؛ هاوپه‌یمانیی ستراتیجی خۆی‌و ‏پارتی به‌م ده‌ره‌نجامه‌ی له‌هه‌ڵبژاردندا به‌دیهات ، ئیكسپایه‌ربووه‌ . ده‌بێت بیر ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بكاته‌وه‌، یان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو دوور له‌هاوپه‌یمانی ‏ره‌فتاری سیاسی خۆی بكات‌و كاروباری خۆی رایی بكات ، به‌ڵام ده‌بێت ئاگاداری وه‌زعه‌ نوێكه‌ی بێت كه‌ كه‌س ئیستغلالی نه‌كات . ‏

گۆڕانیش به‌م هه‌موو دوژمنانه‌ی ده‌وریانی داوه‌ به‌بێ یه‌كێتی كارێكی گه‌وره‌ی پێ ناكرێت كه‌ له‌قازانجی خۆی‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌و خه‌ڵكی ‏كوردستاندا بێت به‌گشتی . بێگومان پارتیش له‌هه‌وڵی دابڕاندنی یه‌كێتی‌و گۆڕاندایه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك، چونكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ستراتیجی ‏چوارساڵی داهاتووی خۆیدا ده‌بینێته‌وه ‌، ئه‌گه‌ر بۆی بچێته‌سه‌ر كه‌ تائێستا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ تێیدا. ‏

بۆیه‌ ، له‌م حاڵه‌ته‌دا ، هه‌وڵی هه‌ماهه‌گی یه‌كێتی‌و گۆڕان له‌ڕووی سیاسی‌و مه‌بده‌ئییه‌وه‌ خۆی فه‌رزده‌كات‌و وه‌ك زه‌رووره‌تێكی مێژوویی قۆناغه‌كه‌ی ‏لێهاتووه‌‌و خۆی فه‌رزكردووه‌ به‌سه‌ر عاقڵه‌كانی هه‌ردوولادا .‏

له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌كرێت سلبییه‌تێكی گه‌وره‌ بێته‌كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویپش نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی واقعییه‌و ئه‌مه‌ش بۆ ره‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كورد له‌م ‏قۆناغه‌دا زه‌ره‌ری خۆی ده‌بێت‌و ده‌شێت حكومه‌تی نوێ ده‌ستكراوه‌ بێت‌و سڵ له‌زۆر شتی خراپ نه‌كاته‌وه‌ . به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی ‏یه‌كێتی‌و گۆڕان زیانه‌كه‌ی گه‌وره‌تر ده‌بێت‌و پارتی به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ هه‌موو ره‌فتارێك ده‌كات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌و قازانجی تایبه‌تی حزبه‌كه‌ی خۆی ‏بێت . ‏

لێره‌دا ده‌كرێت بڵێین هه‌ماهه‌نگی تا راده‌ی یه‌كگرتنی یه‌كێتی‌و گۆڕان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا قازانجێكی وای ده‌بێت كه‌ ‏باری لاری ره‌وتی سیاسیی راسته‌قینه‌ی قازانجبه‌خشی كوردستان راست ببێته‌وه‌و هێزی محافزكارو ماوه‌ به‌سه‌رچوو پاشه‌كشه‌ بكه‌ن‌و ره‌وتی ‏سیاسیی پێشكه‌وتنخوازانه‌ جێگه‌یان بگرێته‌وه‌ . به‌هه‌ماهه‌نگیی راسته‌قینه‌ی درێژخایه‌نی یه‌كێتی‌و گۆڕان تا راده‌ی یه‌كگرتن‌و به‌مه‌ش له‌ڕاده‌ی ‏له‌خۆبایی بوونی پارتی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆی به‌حزبی یه‌كه‌م‌و پێشره‌و له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات .‏

بۆیه‌ ئه‌ندامان‌و لایه‌نگران‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی‌و گۆڕان ئامرازی راسته‌قینه‌ی نه‌هێشتنی ره‌فتاری كۆنه‌پارێزانه‌ن‌و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌توانن به‌ربه‌ست ‏له‌به‌رده‌م نیازی خه‌ته‌رناك‌و دوورمه‌ودی له‌وجۆره‌ بگرن‌و نه‌هێڵن هیچ لایه‌نێكی كۆنه‌پارێز یاریی به‌چاره‌نووسی خه‌ڵكه‌وه‌ بكات . بۆیه‌ تاكه‌ كرداری ‏به‌هێزكردنی به‌ره‌ی پێشكه‌وتنخوازی ، هه‌ماهه‌نگی تاڕاده‌ی یه‌كگرتنی یه‌كێتی‌و گۆڕانه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا . كه‌ به‌قازانج ده‌شكێته‌وه‌ بۆ ‏هه‌مووان به‌گشتی  .‏