هەندرێن هەورامی : مەرگ لە پێناوی ژیان .

  هەموو ڕۆژێ لە پێناوی پاروە نانێ بۆ مانەوە لە ژیانێ کە هیچی لە مەرگ کەمتر نییە ڕۆحم دەدەم بە کۆڵم دا و دەگرمە بەر ملی هەوراز و سختە ڕێ […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

 

هەموو ڕۆژێ

لە پێناوی پاروە نانێ

بۆ

مانەوە لە ژیانێ

کە هیچی

لە مەرگ کەمتر نییە

ڕۆحم دەدەم

بە کۆڵم دا و

دەگرمە بەر

ملی هەوراز و

سختە ڕێ

لەم سەفەرە نادیار و

تاقەت پڕوکێنەی ژیان

کێو و چەم و دۆڵ و سنورەکان

یەک یەک دەبڕم

بۆ تێکردنی

سکی خۆم و خاوخێزان

ڕۆژانە

نەک هەر جارێ

بەڵکو هەزاران جار دەمرم

کەچی هێشتا

داگیرکەران

نەک چاویان

بە ژینی کولەمەرگیم

هەڵنایێ

هەر چۆن

لە ڕابردووی

نەچەندان دوور

بە داکوتاندنی مێخ و

ڕژاندنی رەنگی سور

دابەشیان کرد

جەستەی کوردستان و

ناویان لێنا مەرز و سنور

ئەوا ئێستاکەش

هەمدیسان

بە فیشکە و گوللەکانیان

سنور دەخەنە نێوانی

ڕۆح و جەستەی

منی کۆڵبەری کورد و

دەیکوژن ئەو هیوایەشم

وێرای هەموو زەحمەتیەکان

هێشتاش هەمە و

ماومە بۆ ژیان

 

پێشکەشە بە گیانی پاکی هەموو ئەو مرۆڤە ڕەنجدەرانەی کە لە سەر سنورە دەستکردەکانی کوردستان لە پێناوی پاروە نانێک و ژیانێکی ئابڕوومەندانە تێکۆشاون و بە دەستی دوژمنانی کورد شەهیدکراون .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
هەندرێن هەورامی

ئەرشیڤی بەڕێز: هەندرێن هەورامی