Fatih-Hesen

فەتاح حەسەن : کۆچی ئاوەژوو .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیسبووکە چیرۆك -٤-

نەوەدەکانی سەدەی رابردوو خەڵکانێکی زۆر بەتایبەتی لە باشوری کوردستانەوە هەریەکەو لەبەر هۆکارێك ، بەسەروسامانی رێگەی هەندەرانی دەگرتەبەر .

ئەو ساڵانە دۆلار لە وڵاتی خۆماندا بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا زۆر گرانبوو ، هەرکەسێکیش ئەو رێگایەی بگرتایەتەبەر ، دەبوایە دۆلارێکی زۆری هەبوایە ، زۆریش بوونە خۆراکی دەریا، لەسەرما رەق هەڵاتن ، یا لە برسا مردن .

ئەوەی گەیشت گەیشت ، ئەوی بۆخۆی ژیا، بنکە و بنەی بۆخۆی پێکهینا ، ئەوانەش کە بۆ کەسووکارو خەڵکی ژیان ئێستا بەو ئاواتەوە دەژین باری ئابورییان وەك جارانی لێبێتەوە .

ئەمڕۆش ئەگەر پێتوابێت لێرە پارەپەیداکردن ئاسانە ، ئەوە هەڵەی هاورێ .

ئێستا لێرە، ئەو ئیشەی بۆ خۆیان گرانەو حەزی پێناکەن بۆ ئێمەمانانی بەجێدەهێلن ، کە پاش دانی باج ئەوەندەت بۆ دەمێنێتەوە کە تەنها پێیبژیت، ئەگەر لەدەمی خۆتی نەگریتەوە

دووساڵ جاریکیش ناتوانیت سەردانێکی زێدی باوو باپیرت بکەیت .

پیاوێکی گەنمرەنگ دەناسم لە پیناوی پارەپەیداکردندا خۆی کردووە بە عەموود ، لەسەرسوچی کۆلانێکدا ئاراستەی شوێنی رێستۆرانتیکیان بە ملیدا هەڵواسییوە .

ئەوانەی بنەیەکیان هەیە و باخەڵیان گەرمە و خۆیان لە هەندەران بە نامۆ دەزانن کۆچدەکەنەوە بەرەو کوردستان ، ئەوی خۆشی لە وڵاتی خۆی بە نامۆتر دەزانێت ، بنەی هەبێت یان .. نا، دەبێت لەم وڵات و ئەو وڵات بە ناسۆری نامۆییەوە سەربنێتەوە .

سواڵی مۆدێرن

بەکارهێنانی کۆمپیوتەر لەکتێبخانە خۆشییەکی تایبەتی هەیەو زیاتر پێی ئاسودە دەبم ، هەربۆیە ناوبەناو بە شەمەندەفەر و پاس دەچم بۆ ( کۆبنهاون- پایتەختی دانیمارك ).

لە شەمەندەفەردا دانیشتبووم ، پیاوێك وەك دەستی بە ساجدا سوتابێت ، بە خێرایی، بەمبەر و ئەوبەری کورسییەکاندا پارچەکاغەزی سەوزی دادەنا ، بەخەتێکی درشت لەسەری نوسرابو :-

تکایە پاش خوێندنەوەی فڕێی مەدە . دوو کوڕم هەیە کۆرسی زمانی دانیمارکییان هەیە، کەم دەرامەتم، پێویستم بە یارمەتی ئێوەیە هەزار جار سوپاس.

( باوترین جۆری سوپاسە لە دانیمارك ) .

لە خوێندنەوەی تەواوبوم ، دوو کوڕی دوانزە سیانزە ساڵان یەکی جانتایەکیان لەپشت بەستبوو ، بەمبەرو ئەوبەری کورسییەکاندا کەوتنە کۆکردنەوەی پارەو کاغەزەکان ،

کچێکی گەنچ و ژنێکی بەتەمەن ، لە بەرامبەرم دانیشتبوون ، کچەکە ( بیست کرۆنییەك ) ، کەدەکاتە نزیکەی سێ دۆلارو نیو ، دەدات بە کوڕێکیان .

پاش رۆیشتنی کوڕەکان، ژنە بەتەمەنەکە بە کچە گەنجەکەی وت کارێکی باشت نەکرد ، بەوشێوەیە تۆ هانیدەدەیت کەلەسەر ئەو کارە نابەجێیە بەردەوام بێت!!

کچەش کەوتە تەقاندنی پەنجەکانی و بنێشتێکی خستە دەمی .

……..

تێبینی :- بۆ زیاتر ئاشنابوون بەتایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك ، دەتوانن بابەتێك لەم سایتەدا بخوێننەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).

فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگای دانیمارکیین .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت