wefdi-parti

مام رۆستەم : ئێستا گۆڕان لە سلێمانی هێزی یەکەمە بۆیە رەنگە بەلای ئێرانەوە گۆڕان بایەخی هەبێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ئاڵۆز و سەخت دەبن

ئێران چاودێریی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم دەکات

راپۆرت : ستیڤان شەمزینی  – سامان تاهیری

* دکتۆر بورهان یاسین : پێکهێنانی‌ حکوومەت کارێکی‌ زەحمەتە چوونکە گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی هێز روویداوە 

* دکتۆرئاسۆ محەمەد: ئێرانییەکان بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن گۆڕان بەشداریی لە کابینەی هەشتەمدا بکات

* مامۆستا جەعفەر : حکوومەتی بنکە فراوان دەبێتە هۆی نەمانی ئۆپۆزیسیۆن ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە

* مام رۆستەم :  ئێستا گۆڕان لە سلێمانی هێزی یەکەمە بۆیە رەنگە بەلای ئێرانەوە گۆڕان بایەخی هەبێت 

  هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیپێکردووە و بەپێی زانیاریی و بەڵگەکانی بەردەستی ئێمە زۆربەی لایەنەکان بەنهێنی و دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و زیاتر دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکوومەت . چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پێکهێنانی ئەم کابینەیە بە بەراوورد بەهەر حەوت کابینەکەی پێشوو قورس و زەحمەتترە و بارودۆخی سیاسیی و ئیستحاقاتی هەڵبژاردنی لایەنەکان ، بە فۆرمێکە پرۆسەی دانوستان لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە زەحمەت و پڕ سەرئێشەتر دەبێت. لەلایەکی تریشەوە چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دەوڵەتانی دراوسێ ” ئێران و تورکیا ” بە تایبەت ئێران بە وردیی چاودێریی پێکهێنانی حکوومەت دەکەن و بەهەر بارێکدا بێت کاریگەرییان دەبێت لەسەر پێکهاتە و شێوازی پێکهێنانی کابینەکە .   

کابینەی هەشتەم .. پرۆسەیەکی ئاڵۆز

لە هەڵبژاردنی  21-9-  2013 ، پارتی براوەی یەکەم بوو ، هاوکێشەکەش بە هاتنە پێشەوەی گۆڕان وەک هێزی دووەم و دۆڕانی یەکێتی لەم هەڵبژاردنە ، ئاڵوگۆڕی جیددی بەسەردا هات، پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەو هۆیەوە بوو بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز ، چوونکە هەم لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەت گۆڕان داوای بەشداریی لە حکوومەت دەکەن بە پێی قەبارەی خۆیان ، هەم یەکێتی و پارتی دەیانەوێ لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. بەم هۆیەوە وەک چاودێرانی سیاسیی و خودی حزبەکانیش پێشبینیان دەکرد ، پرۆسەی دانوستان درێژە دەکێشێت و پێکهێنانی ئەم کابینەیە بە ئەندازەی کابینەکانی پێشوو ئاسان نابێت .  د.بورهان یاسین، لێکۆڵەری سیاسیی کورد و مامۆستای زانکۆی لۆند لە سوێد، پێیوایە “لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەستهێنانی ژمارەیەک لە کورسی شتێکە ، توانست لە کارکردن‌ و یاریکردنی سیاسیی بەو ژمارانە بەرەو پێکهێنانی حکوومەت بە تەواوەتی شتێکی ترە”. ئەو باس لەوە دەکات پێکهێنانی‌ حکوومەت پاش ئەم هەڵبژاردنە کارێکی‌ زەحمەتە، چوونکە ئەمجارە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێز لە کوردستاندا روویداوە و ریزبەندیی‌ هێزەکان گۆڕاون. ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت “ئەم جارەیان دامەزراندنی حکوومەت نەک هەر ئاسان نابێت بەڵکو لەوە دەچێت زۆر قورس ‌و پڕ لە کێشمەکێش بێت، چوونکە لایەنێکی دەسەڵات (یەکێتی) بەشێوەیەکی ریشەیی بچووکبۆتەوە، جێگاکەشی لە ریزبەندیی ‌هێزە سیاسییەکان بۆ هێزێکی‌ تر جێهێشتووە”. مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، پێیوایە بەهۆی ئەو بارودۆخە تازەی دوای هەڵبژاردنی 21-9-2013 هاتۆتە پێشەوە، کۆمەڵێک سیناریۆ لە ئارادان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەمەش پرۆسەکە ئاڵۆز و پڕ سەرئێشە دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی پێکهێنانی حکوومەت درێژە بکێشێت .

مامۆستا جەعفەر پێیوایە “ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ هەرێمی‌ کوردستان 21/9 ئەو راستییەیەیان بە زەق ‌و زۆپی‌ دەرخست، سـێ‌ هێزی‌ سەرەکی‌ (80) کورسی‌ پەرلەمانیان بردۆتەوە. پارتی‌، گۆڕان‌ و یەکێتی‌، هیچیان سەرکەوتووی‌ رەها نەبوون، هیچیشیان دۆڕاوی‌ رەها نین. گرنگ ئەوەیە بە هەڵبژاردن، گەل نوێنەری‌ خۆی‌ رەوانەی‌ پەرلەمان کردووە‌ و دیموکراسی‌ ماوە‌ و بەردەوامە. زۆرایەتی‌ ناو پەرلەمانیش متمانەی‌ خۆی‌ بە فراکسیۆنی‌ زۆرایەتی‌ دەبەخشێت بۆ ئەوەی‌ کابینەیەکی‌ نوێ‌ دروستبکەن”. وتیشی “هیچ هێزێک دۆڕاو نییە! چوونکە هەر هێزێک لەم سـێ‌ هێزە دەتوانن، لە پێکهێنانی‌ حکوومەتی‌ داهاتوودا، شان بدەنە بەر قورسایی‌ بەرپرسیارێتی‌ بەشداریکردن لە پەرلەمانی‌ کوردستان‌ و پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نوێ‌. هیچ هێزێک بە تەنیا نە دەتوانێت شەرعیەتی‌ دەنگدانی‌ ناو هۆڵی‌ پەرلەمان دەستەبەر بکات‌، نە حکوومەتیش پێکدێت!”. لە بارەی ئەگەر و پێشبینییەکان بۆ کابینەی نوێی حکوومەت “د.کامەران مەنتک” مامۆستای زانکۆ رایگەیاند: پێکهێنانی حکوومەت بەو شێوەیە گران نییە ئەگەر نیەت پاکی بەرامبەر یەکتری لە ئارادا بێت و هەروەها بەوشێوەیەش ئاسان نییە وەک هەندی کەس باسی دەکەن، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین هاوسەنگیی هێزەکان لە هەرێمی کوردستان جۆرە گۆڕانکارییەکی بەسەرداهاتووە، ئەو گۆڕانکارییانە وا دەکات پێکهێنانی حکوومەت تۆزێک بەو ئاسانی و خێراییە نەبێت .

  د.کامەران رونیشیکردەوە دەبێت ئەوەش بزانین پێشتر ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ دەسەڵات ململانێی ئەوەندە توند بوو کە رەنگە هەر لەبەر رای گشتیی و لەبەر خەڵک نەرمی نەنوێنن لە رووکەشدا، هەرچەندە لەوانەیە لە ژێرەوە سازشکردن لە گۆڕێ بێت، چوونکە هیچ حکوومەتێک بێ مساوەمەکردن و سازشکردن دانامەزرێت. د. کامەران مەنتک ئەوەشی خستە روو: هەموو لایەنێک کە دەچێتە ناو گفتوگۆوە هەندێک مەرجی تەکتیکی هەیە و هەندی مەرجی ستراتیجیشی هەیە، هیچ حزبێک ناتوانێت هەموو مەرجەکانی خۆی جێبەجی بکات، ئەگەر حزبێک بڕوای وابێت دەتوانێت هەموو مەرجەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، پێموایە ئەوە لە سیاسەت و دۆخی سیاسیی تێنەگەشتووە، حزب دەتوانێ هەندێک مەرجی بنەڕەتی کە پێیوایە گرنگە بە نسبەت ئەوەوە هەوڵبدات بە دەستی بهێنێت، لەناو ئەو گرنگانەش گرنگ و گرنگتر هەیە، تا دەگاتە راددەی سازشکردنەکەی بەرامبەر، بەو شێوەیە لە کۆتاییدا دەگەنە دەرەنجامێک بەرژەوەندیی هەموو لایەک مسۆگەر بکات .  

حکوومەتی بنکە فراوان

تائێستا هیچ لایەنێکی سیاسیی بەشێوەی فەرمی دژایەتی خۆی لەگەڵ حکوومەتی بنکە فراوان دەرنەبڕیوە، بەڵکو کۆی لایەنەکان بە تایبەت هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکە فراوان دەکەن، بە مەرجی هاوبەشێتی راستەقینە، بەڵام بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن بەشداریی هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا لە دەسەڵاتدا، بۆشاییەکی گەورەی سیاسیی دروست دەکات ئەویش نەمانی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەرە کە بۆ پرۆسەی دیموکراسی مەرجێکی پێویست و گرنگ و هەستیارە. د. ئاکۆ حەمە کەریم رەحیم، مامۆستای زانکۆ، پێیوایە کۆمەڵێک سیناریۆی جیاواز هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، یەکێک لەو سیناریۆیانە حکوومەتی ئیئتلافییە، بەو شێوەیەی دوو هێز یان زیاتر هاوپەیمانێتی ببەستن یاخۆ جۆرێک لە ئیئتلاف دروست بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە حکوومەت پێکبهێنن. د.ئاکۆ وتیشی: وەک ئاشکرایە لە کوردستان کەس نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە ناتوانرێت حکوومەتی زۆرینە دروست بکرێت، کەواتە تاکە پێشبینی کە دەکرێت ئەوەیە حکوومەتێکی ئیئتلافی پێکبهێنرێت، بە بۆچوونی من ئەگەرەکان روو لەوەن حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان حکوومەتێکی بنکە فراوان بێت، بەشی زۆری هێزە براوەکان بەشداریی تێدا بکەن، چوونکە رەوشی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و بۆ داهاتووش رەنگە وا بخوازێت هەموو هێزەکان بەشداربن لە حکوومەتدا بۆئەوەی حکوومەتی ئایندە، حکوومەتێک بێت بتوانێت چاکسازیی ئەنجام بدات و ئەجێندایەکی نیشتمانی هەبێت بۆ هەموو بوارە جیاوازەکان .

د. ئاکۆ حەمە کەریم پێیوایە رەنگە پێداویستییەکانی خەڵک و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان وا بخوازێت لەم قۆناغە بە دواوە حکوومەتێکی بنکە فراوان هەبێت کە بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن هەموو هێزەکان تێیدا بەشداربن و ئەرکی چوار ساڵی داهاتووی ئەرکی ئەنجامدانی چاکسازیی بێت لە کوردستاندا. ئەبوبەکر هەڵەدنی‌، ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسیی‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستان لە بارەی‌ بەشداریکردن لە حکوومەت ‌و بەرنامەی‌ حزبەکەیانەوە، ‌ رایگەیاند “بەشداریکردن لە حکوومەتی‌ داهاتوو یان مانەوەمان لە ئۆپۆزیسیۆن جارێ‌ ئەم پرسە لە گفتوگۆدایە لە ناو ریزەکانی‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامی‌ کوردستاندا‌ و بەپێی‌ پەیڕەو و پرۆگرام لە دەسەڵاتی‌ ئەنجوومەنی‌ سەرکردایەتی بە دوو لەسەر سێی‌ ئەندامەکانی و دوای‌ راوێژ بە رێکخستنەکان یەکلا‌ دەکاتەوە”. کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ نایەوێت تەنیا بەشداریی بکات ‌و پۆستێکی‌ “کارتۆنی‌”‌ وەربگرێت، محەمەد حەکیم، ‌وتەبێژی‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ لەو بارەیەوە وتی “بۆ بەشداریکردنی‌ سێ‌ لایەنەکەی‌ ئۆپۆزیسیۆن لە حکوومەتی‌ داهاتوو، بەرنامە و میکانیزمێک دادەنێین کە چۆن بەشداریی‌ بکەین، نامانەوێت بچینە ناو حکوومەت‌ و ‌وەزارەتێک ‌وەربگرین، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت لەمجارەدا دەسەڵاتمان بەدەستەوە بێت بەوەی‌ پێکەوە لەگەڵ چەند لایەنێکی‌ دیکە حکوومەت پێکبهێنین”.

جەعفەر ئیمینکی، وتەبێژی پارتی رایگەیاند “لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی بنکە فراوانین بە بەشداریی لایەنە براوەکان”، بەڵام هۆشداری ئەوەیدا کە پێشمەرج لە هیچ حزبێک قبوڵ ناکەن. سەرکردەکانی‌ پارتی‌ لەگەڵ‌ ئەوەی‌ خۆیان پاراستووە لەوەی‌ باسی‌ هیچ لایەنێک بکەن بۆ پێکهێنانی‌ حکوومەت، بەڵام ئەوەش ناشارنەوە کە یەکێتی‌ نزیکترین لایەنە لێیانەوە. بەو پێیەی‌ کورسییەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە 111 کورسی‌ پێکهاتووە، بۆیە هەر هاوپەیمانێتییەک بگاتە نیوەی‌ کورسییەکان (56 کورسی‌) لە توانایدا هەیە حکوومەت پێکبهێنێت ، هەرچەندە پارتی‌‌ و یەکێتی‌ بە تەنیا دەتوانن وەک رابردوو حکوومەت پێکبهێنن ، بەڵام هیچ یەکێک لەو دوو حزبە خۆیان یەکلایی‌ نەکردووەتەوە، چوونکە یەکێتی‌ لەوە دەترسێت بە بەشداریکردنی‌ لە حکوومەتدا ژمارەیەکی‌ زیاتری‌ دەنگدەرانی‌ لەدەست بدات، لە بەرامبەریشدا پارتی‌ بە دوای‌ هاوبەشێکی‌ بەهێزدا وێڵە.  مامۆستا جەعفەر، پێیوایە، پێکهێنانی حکوومەتی بنکە فراوان ئەگەر لە رەهەندێکەوە ئیجابی بێ، لە چەندین لاوە زیان بە پرۆسەی دیموکراتی دەگەیەنێت و دەڵێت “ئەم جۆرە کابینەیە لە روویەکەوە زۆر باشە ‌و ئیدی‌ هیچ لایەک بیر لە رێپێوان ‌و مانگرتن ‌و خۆپیشاندان ناکاتەوە ‌و «کش‌ومات»ی‌ باڵ بەسەر هۆڵی‌ پەرلەماندا دەکێشێت. کاریگەریی‌ مەکتەبی‌ سیاسیی‌ حزبەکان زۆرتر دەبێت. ئەوان لە پشت دیوارەکانی‌ کابینەی‌ هەشتەمەوە، کۆبوونەوەی‌ خۆیان دەکەن‌ و رێکدەکەون ‌و بڕیارەکان رەوانەی‌ ناو ئەنجوومەنی‌ وەزیران دەکەن . نەمانی‌ ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتێکدا کارەساتێکی‌ گەورەیە، ئەگەر دەسەڵاتی‌ تەنفیزیی‌ بەهۆی‌ رێکەوتنی‌ پێشەکی‌ هێزە سیاسییەکانەوە ، داواکاریی‌ خەڵک پشتگوێ‌ بخرێت ‌و پەرلەمان بێدەنگی‌ هەڵبژێرێت… تاد. ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت، بزاڤە توندڕەوەکان دەبنە پێشەنگی‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی‌ شاراوە “.

رۆڵی ئێران لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا

“سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلوولی هەرێمی کوردستان بە واتای نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان ئەنقەرە و هەولێر دێ”. ناوەندی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنقەرە لە نوێترین راپۆرتیدا بەم شێوەیە باس لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکات. راپۆرتە 18 لاپەڕەییەکەی ئەو ناوەندە دەڵێت هەڵبژاردنەکانی 21ی ئەیلوولی رابردوو تا راددەیەک هەڵبژاردنێکی شەفاف و رێکخراو بوو. راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات ئەمە دڵنیاییەکە بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا لە باشوور. پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین ژمارەی دەنگەکانی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکاندا و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە هاوپەیمانی پارتییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، نەیتوانی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێ و پێگەی خۆی وەک دووەمین پارتی بەهێزی ناوچەکە لە دەستدا و بزووتنەوەی گۆڕان جێگەی گرتەوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنقەرە، بەشێوەیەک باس لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات باڵادەستیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی داهاتوودا هێزێکی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نیودەوڵەتى دەدات. راپۆرتەکە کە بە هاوبەشی لەلایەن د. فەیسەڵ ئەیهان لە تورکیا و هاوبەشەکەی لە کوردستان د. عەزیز بارزانی نووسراوە، دەڵێت ” لە ئەنجامی هاوکارییە ئابووری و سیاسیی و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ئێستا سەقامگیریی سیاسیی لە کوردستان بووەتە هێزێکی سەرەکی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان”. بەپشتبەستن بەسەرچاوە حکومییەکانی تورکیا، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات هەندێک لە ناوەندە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ هاوکاریی پارتی بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەت. بەگوێرەی راپۆرتەکە لەبەرئەوەی گۆڕان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران هەیە ، ئەگەر ببێتە هاوبەشێک لە حکوومەتی داهاتوودا لەگەڵ ئێرانیشدا بەهێز دەبێت، هەروەها حکوومەتی تارانیش دەیەوێت هاوکاریی گۆڕان بکات، وەکو هاوبەشێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەر بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ، هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو بەها دیموکراسیانەی هەیەتی بووەتە جێی بایەخی ئابووری و سیاسیی تورکیا .

راپۆرتەکە دەڵێت مەسعود بارزانی یارمەتی جووڵانەوە دیموکراسییەکانی داوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەردوولاش لەسەر هەندێ خاڵی بنچینەیی هاوڕان لەبارەی مامەڵەکردن و چارەسەری قەیرانی سووریا. بەپێی راپۆرتەکە، سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا سوودێکی بۆ پێگەی هەولێر هەیە لە بەرامبەر حکوومەتی مەرکەزیی بەغدا، بە تایبەت لە هەندێک کاروباری وەک گرێبەستەکانی نەوت لە کەرکووک. هەولێر و بەغدا هەمیشە لە ناکۆکیدان لە بارەی سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستاندا، بەغدا دەڵێت تەنیا ئەو مافی ئەوەی هەیە گرێبەست ئیمزا بکات، بەڵام هەولێر حکوومەتی مەرکەزیی فەرامۆش کردووە و ئێستا زۆر لە کاری دۆزینەوەی سەرچاوەکان و هەناردەکردنیش دەکات. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دوای دیدارە تایبەتییەکانیی نەوشیروان مستەفا و “قاسم سڵێمانی” نوێنەری تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ماوەییەک درێژ بوو لە سلێمانی مابووەوە، پێ دەچێت شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی نەوشیراون مستەفا یان عومەری سەید عەلی ، سەردانی ئێران بکەن .

پێدەچێت ئێران داوا لە یەکێتی و گۆڕان بکات هەردوولایان بەشداریی کابینەی هەشتەم بکەن. ئەو هەوڵەی ئێران پاش ئەوە دێت کە چەند رۆژێک دوای ئەنجامەکانی  هەڵبژاردن، شاندێکی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیان کردووە. مام رۆستەم هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئێستا گۆڕان لە سلێمانی هێزی یەکەمە و لە کوردستانیش هێزی دووەمە، بۆیە رەنگە گۆڕان بەلای ئێرانەوە بایەخی هەبێت. هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی لەم دواییانەدا لە میدیاکاندا بڵاوکرانەوە، ئێران فشار دەخاتە سەر یەکێتی و کۆمەڵ و گۆڕان بۆ ئەوەی بەشداریی لە حکوومەتی داهاتوو بکەن و بە بەشداریکردنی ئەوان پشکی زیاتریان هەبێت لە کابینەی داهاتوو، بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی بەسەر حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە ، ئەو سیناریۆیەی ئێران مەترسیدارترین سیناریۆیە، کە دەیەوێت لە رێگای ئەو سێ هێزە مەرج بەسەر حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بسەپێنێت. لەو بارەیەوە ئاوات شێخ جەناب سەرکردەی‌ دیاری‌ بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاندووە: ئێران فشاری‌ خستووەتە سەر گۆڕان بۆ ئەوەی‌ کار نەکات بەمەبەستی‌ زیان گەیاندن بە یەکڕیزیی‌ یەکێتی‌، لەبەرانبەریشدا فشاری‌ خستۆتە سەر یەکێتی‌ بە تەنیا بەشداریی‌ حکوومەت نەکات لەگەڵ پارتیدا بە تایبەت بێ گۆڕان .

موعتەسەم نەجمەدین ، نووسەر و چاودێری سیاسیی، پێیوایە کە دەوڵەتانی دراوسێ کاریگەرییان لەسەر شێوە و پێکهاتەی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و رۆڵیان دەبێت لە کۆکردنەوەی هێزەکان لە دەوری یەکتر. ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت “لە بواری ئەجندای دەرەکیدا، بە هۆی زەقبوونەوەی ناکۆکی و ململانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانەوە، هەردوو بەرەی تورکیا و ئێران راستەخۆ و ناڕاستەخۆ دەست و گوشارەکانیان لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمدا هەیە، هێزە هەرێمایەتییەکان هەموو ئامڕاز و تواناکانیان خستووەتە کار بۆ سەپاندنی ئەجندای خۆیان. لەم نێوەندەدا و لە کۆتایدا هاوسەنگی لە نێوان کۆی ئەجندا دەرەکی و ناوەکییەکان پێکەوە هاوکێشە سیاسییەکە پێکدێنن و هاوسەنگیی هێز رادەگرن. بۆیە لە کۆتایدا دامەزراندنی حکوومەتێکی بنکە فراوان و دەسەڵاتێکی سازانی نیشتمانی باشترین ئەڵتەرناتیڤە بۆ هەڵبژاردنی سیناریۆی داهاتووی حوکمڕانی لە کوردستان”.  د.ئاسۆ محەمەد، نووسەر و چاودێری سیاسیی، پێیوایە ئێران نەک لە دوورەوە بەڵکو زۆر لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی دانوستان و پێکهاتنی لایەنەکان دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم. ئێستا وا دەردەکەوێت، ئێران بیەوێت بە راگرتنی باڵانس لە نێوان یەکێتی و گۆڕان و بە بەشداریی هەردوولایان لە کابینەی نوێی حکوومەت، هەژموونی خۆی بەسەر زۆنی سەوزی پێشوودا بهێڵێتەوە ، بۆیە ئێرانییەکان زۆر بە پەرۆشەوە چاودێریی ئەم دۆخە تازەیە دەکەن کە دوای هەڵبژاردنی 21-9 دروست بووە . ئاسۆ محەمەد وتی ” گۆڕان بووە بە بەشێک لە ئەجیندای ئێرانی، بۆیە ئێرانییەکان بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن گۆڕان بەشداریی لە کابینەی هەشتەمدا بکات، بەپێچەوانەوە پارتی دەیەوێ رێگریی لە هەژموونی ئێرانی بکات، بۆیە خوازیارە حکوومەت وەک پێشوو لە نێوان خۆی و هاوپەیمانە ستراتیجییەکەیدا دروست بکات، لە باشترین حاڵەتدا تەنیا پێی خۆشە پێشوازیی لە یەکگرتووی ئیسلامی بکات بۆ ناو کابینەکە، ئەویش بەو هۆیەی لە ئێران دوور و لە تورکیا نزیکە “.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت