Baskall-Bunifas

هاشم ساڵح : ڕۆشنبیرە شەریفەکان کامانەن ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

باسکال بونیفاس، لە کتێبە نوێکەییدا هێرشدەکاتە سەر ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی کە راگەیاندنەکانی پایتەختی فەرەنسایان داگیرکردوە .

وەرگێرانی : جیهاد موحەمەد

ئەم پرسیارە تووند و هەڵەشەیە دەخەمە روو : کێ دەتوانێت لەسەر رۆشنبیرە ئاژاوەچیی و ساختەچییەکان لە جیهانی عەرەبیدا کتێبک بنووسێت ؟ کێ بوێریی بونیفاسی هەیە بۆ نمایشکردنی ناوی ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیران؟ تا ئێستا دایک کەسێکی وای دروستنەکردوە! لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی یاسایی نییە بۆ پاراستنیی کاتێک چاویی لێسوردەکرێتەوە و چەندین لایەن ئامانجیانە پاکتاوی بکەن! .

جارێکیتر باسکال بونیفاس سەلماندیەوە کە ڕۆشنبیرێکی گەورەیەو ڕێز لە راستینە دەگرێت . حەق وایە فەرنسا شانازیی بەم جۆرە ڕۆشنبیرانەیەوە بکات . مەڵێن بوونی ئەم جۆرە رۆشنبیرە گەورانە کە ڕاستیی خۆشدەوێت و رێزی لێدەگرێت سروشتیی و ئاساییە ، نەخێر پێچەوانەکەی راستە ، چوونکە ژمارەی رۆشنبیرانی ساختەکارو چەواشەکار ، یان رۆشنبیرە ماکیاڤیلییگەراییەکان کە مەبەستییان کردوە بە پاساو بۆ ڕەفتارەکانیان زۆر زیاترن لە ژمارەی ڕۆشنبیرە پاک و بێگەرد و شەریفەکان .

بێگومان رۆشنبیرێک نییە پێمان بڵێت من دژی ڕاستییم و ناشەریفم ! بە پێچەوانەوە خۆی زۆر بە ڕۆشنبیر و خەباتگێرێکی گەورە و شۆرشگێرێکی مەزن پیشاندەدات ، بەو پەڕی خۆ بە زلزانین و خۆ بە گەورەزانین بەسەر هەموو ئەوانەشدا کە گیانی خۆیان دەبەخشن و خۆیان و ژیانیان دەخەنە بەردەم ریسکەوە لە پێناوی خۆشەویستیی و ڕێزگرتن لە راستیی . بەمەش دەتوانن ساختەکاریی و چەواشەکاریی خۆیان بشارنەوە . ئەم کردەوانەش ڕاستییەکان دەسرێتەوە و ئەوی سوکە قورس دەبێت و ئەوی قورسە سوک دەبێت و سپی دەبێت بە ڕەش و ڕەش دەبێت بە سپیی .

ئەو پێوەرە کامەیە کە بتوانیین ڕۆشنبیری پاک و ڕۆشنبیری ناپاکیی پێ بپێویین ؟ تەنیا یەک شتە : ئەویش ، ئەو نرخ و لەسەرکەوتنەیە کە داوێتی لە پێناویی هەڵوێستەکانیدا . بۆ هەڵسەنگاندنی هەر شۆشنبیرێک دەبێت بپرسین ، ئایا ڕۆشنبیرییەکەیی و هەڵویستەکانی هیچ کەوتوە لە سەریی یان نا ؟ ئایا ساتێک لە ساتەکانی ژیانی کەوتوەتە بەردەم هەڕەشەلێکردن یان نا؟ ڕاستەوخۆ ـ خودی خۆی ـ تووشیی هیچ شتێک بووە ؟ جگە لە هەموو ئامانە ، قسەکردن و زۆربڵێیەتیی خۆش و ئاسانە و بە دەم هیچی تێناچێت ، هەرکەسێک دەتوانیت وەک گەورەترین خەباتگێر خۆی نمایشبکات ، دەشتوانێت بە گوتار و لێدوان ڕۆژنامەکان پربکاتەوە ، لە کاتێکدا لە یەکێک لە جوانتریین پایتەختی ئەوروپادا دەژیی و بە بێ ئەوەی هیچ زیانێکیی کردبێت و هیچ زیانێک بکات . ژیان و تەندروستی وەک خۆی بە خۆشیی و بەختیاریی دەباتەسەر و تووشی هیچ ریسک و دوژمنایەتییەک نابێت ، لەوانەشە خۆی دەوڵەمەندبکات و ببێت بە ملوێنەر لە پشتیی ئەم خۆ نمایشکردنانەیەوە ! خەڵکیش وا بیردەکەنەوە کە گەورەترین خەباتگێر و شۆرشگێرە لە مێژوودا ، تەنانەت وانەی ئەخلاق و نیشتیمان پەروەریی لێوە فێردەبن ! ئەمە حاڵەتی بەرزترین لوتکەی ساختەکاریی و چەواشەکاریی ڕاستییەکانە . لێرەوە دەگەینە ئەو حاڵەتەی کە بە مانای وشە پێیدەوترێت بێ ڕەوشتیی وئابرووبردن و بێ بەهاکردنیی فکریی سیاسیی . بەڵام خۆشبەختانە ئەم حاڵەتە هەموو خەباتگێڕ و شۆرشگێرە سیاسییەکان ناگرێتەوە. خەباتگێر و شۆڕشگێرە راستینەکان ئەوانەن کە بە بێ بەرامبەر کاردەکەن و هەوڵدەدن دژی سیستەمی گەندەڵ و ستەمکار و داگیرکار .

ئەوەی تێبینیدەکرێت ، بە درێژایی مێژوو ڕۆشنبیرە گەورەکان ئەوانە بوون کە راونراون و دەربەدەرکراون و تەنانەت توشیی پاکتاویی جەستەیش بوون . کاتێکیش کە دەمردن گیرفانیان بەتاڵ بووە و پەلێکی تێدا نەبووە. گەورەترین نموونەشیان سوقرات بوو ، کە گۆرا بۆ” بارادیغم ی مەزن ” لە ڕۆشنبیریی و وشەی ئازاد دا، واتا بوو بە ” نموونەیەکی باڵا ” یان سیمبولی گەورەی شەرفی فکر . سوقرات نەوەی زۆری هەبوو کە کەمتر نەبوون لە مەسیح ، یا جان جاک روسۆ، یان مارتن لوثەر و نیلسون ماندیلا … هتد . ئەرستۆ کاتێک هەستی بە ترسناکییکرد لە ژێر باڵی تاریکی رزگاری بوو ، ئەم گوتە بەناوبانگەی دەربریی : ” وازییان لێناهێنم چیتر تاوان بکەن بەرامبەر بە فەلسەفە ” .

هەرچەندە لە مێژووی بەشەریەت وردبینەوە لە رۆژئاوا و لە رۆژهەڵاتدا ڕۆشنبیرێکی راستینە نادۆزینەوە کە لەسەر نووسینەکانی و کتێبەکانیی و هەڵوێستەکانی نرخی زۆری نەدابێت و زۆر لەسەری نەکەوتبێت . مەرج نییە پاکاتاوی جەستەیی کرابێت ! بەڵکو ئەگەر لەوەشکەمتر بەر شاڵاو و پەلامار کەوتبێت بەردەوام ئازاری پێگەیشتوە و بە رێکەوت رزگاریبووە لە کوشتن. ئەم جۆرە لە رۆشنبیران بە درێژایی چەندین ساڵ توشی راونان و تەنگەژە و ئازار و ئەشکەنجە بوون ، بە زیندانییکردن، یان بە شەریی دەرونیی و مەعنەویی لە رێگەی تۆمەت خستەنەپاڵ و جنێودان و سوکایەتیی و هەڕەشەکردنەوە تووشی شکستی دەکەن … هتد . چەندین جۆری چەوساندنەوە و شەریی فیزیکی و دەرونیی لەگەڵ دەکەن .

بیرمەندی فەرەنسی ، میشیل سیر دەلێت : بیرمەندێکی گەورەیی ئەوروپیی نەبووە کە بە ئارامیی توانیبێتیی چاوی لێکبنێت پێش سەرکەوتنیی مۆدێرنە و دەوڵەتی یاسا .

هەموو فەیلەسوفەکانی ئەوروپا نرخێکی گەورەییان دا و خەبات وتێکۆشانیان زۆر لەسەر کەوت ، هەر لە غیوردانو برینو وە تا دەکات بە غالیلۆ ، لەویشەوە بۆ دیکارت، کە لە دواجاردا دەرکەوت کە مردنەکەی بە کوشتن بووە نەک بە مردنێکی سروشتی ، بە پێچەوانەی ئەوەی کە حیکایەتە ڕەسمیەکان بۆ ماوەی سێ سەدەو نیو خەڵکیان پێ چەواشەکرد . تەماشاکەن چۆن ڕاستییەکان دەرکەوت دوای نزیکەی چوارسەد ساڵ ! ئەمەش بەو مانایە دێت کە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە ، دەسرێنەوە ، بەڵام نامرن و زیندودەمێنەوە ! ئێستا کاتی ئەوەیە بچینە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە ، بزانین باسکاڵ چیی نووسیەوە و چیی دەڵێت لە ساڵی ٢٠١١ دا بە ناونیشانی : ” ڕۆشنبیرە چەواشەکارەکان .. سەرکەوتنی راگەیەندنەکان بۆ پێدانی هەواڵی درۆ و شاردنەوەی راستیەکان ” کتێبی دوەمی باسکاڵ کە لە پاریسدا چاپکرا و بڵاوکرایەوە بەم ناونیشانە ساکارەوە : ” ڕۆشنبیرە شەریفەکان “، یان ” ڕۆشنبیرە بیگەردەکان “، ئەگەر بمانەوێت وەک خۆی تەرجەمەی بکەین، کامانەن ؟.

بونیفاس ، لە کتێبی یەکەمیدا ‌هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆژنامەنووس کە روخساریی راگەیاندنەکان و شاشەی تەلەفزوێنەکانیان لە پایتەختی فەرنسادا قۆرخکردوە . یەکێک لەوانە ڕۆژنامەنووس ئەلکسەندەر ئادلێر بوو ، لێکۆرەوەی سیاسی و فریدریک ئانسێل و توێژەر فرانسوا هیزنبرغ و ، ڕۆژنامەنووسی جەزائیریی محەمەد سیفاوی و ، چەندینی تر جگە لە ( لیفی ) کەگەورە و سەرۆکەکەیان بوو . کە یەکێک بوو لە ڕۆشنبیرە چەواشەکارە گەورەکان لەو سەردەمەدا ، وە دیارترین ئەستێرەی نێو شاشەیی تەلەفزوێنیی فەرنسیی بوو .

کێشەی گەورە لەوەدایە کە : ڕۆشنبیریی ڕاستینە هەندێک جار سەرکەوتوونابێت لە تەلەفزوێندا ، یان لەسەر شاشەکەن بە کەمیی نەبێت دەرناکەوێت ، یان خۆی نایەوێت خۆی دەربخات و ڕادەکات لە خۆ دەرخستن و خۆپیشاندان لە شاشەکانەوە . بەڵام ڕۆشنبیریی درۆزن و ساختەکار و چەواشەکار وەک پاڵەوان هەموو حەفتەیەک یان هەموو رۆژێک لە شاشەکانەوە دەردەکەوێت و وەک کەسی سەرکەوتووی نێو شاشەکان پیشاندەدریت !

بۆ ئەوەی بە باشی لە هەڵوێستەکە تێبگەین : من نامەویت هێرش بکەمە سەر هنری لیفی و بیکەم بە بابەت بە هۆکارێک یان بە بێ هۆکار، ناشمەوێت چاکە و سودەکانی ئەفرۆزەبکەم و رەتیبکەمەوە . ئەمە هەڵوێستێکی نەشیاوە و بابەتییان نییە ، ئەوە باسکاڵە کە ئەو هێرشە دەکات نەک من . نەک هەرنامەوێت هێرش بکەمە سەری بەڵکو بە میتۆدە سەرنجڕاکێشەکانیش لە نووسینەکانیدا سەرسامم . زۆرجاریش بابەتەکانی لە گۆڤاری هەفتانەی” لوبوان ” دا دەخوێنمەوە . کتێبە گەوەرەکەشیم لەسەر سارتەر خویندوەتەوە ، هەندێک کتێبی ترییم خوێندوەتەوە و چێژم لێوەرگرتوە . بۆچی نەفیکردنی ڕاستیی ؟ بەڵام ئەوەی من تێبینیدەکەم زیاد لە پیویست سیاسییە ، وە میکاڤیللییگەراییەکی زۆر چالاکیی جددیە وەک بونیفاس دەڵێت .

ئەو ڕۆشنبیرە شەریفانەی کە بونیفاس لە کتێبە نوێکەیدا باسی لێوە دەکات ئەم ڕۆشنبیرانە دەگرێتەوە : ریجیس دوبریەی زۆر بە ناوبانگ ، جان بوبیرو تایبەتمەند لە عەلمانەیت و بروتستانیەتدا ، دۆست و هاورێم موحەمەد ئارگۆن . کە لەسەر دانەری ئەم پەرتوکە دەڵێت : ئەگەر من بیریی درۆزنانەم بەکاربهێنایە و گەشم پێبدایە ، یان لە وانە وتننەوە گشتیەکانمدا فێڵمبکردایە و جەماوەرم بەو فروفێڵانە قایلبکردایە لە دوای نووسینی کتێب و نووسینەکانی بونیفاس لە ڕووم نەدەهات لە ئاوێنەشدا سەیریی خۆم بکەم . بۆ هەتا هەتایە لای خەڵک خەجاڵەتیم دەکێشاو و لە ڕوومنەدەهات خۆم پیشانبدەم . ئەم قسانەی ئارگۆنیش نیشانەی پاکیی و بێگەردیی و شەرییفیەتییە لە فکردا.

پێویستە لێرەدا ئاماژەش بە جان زیغلیری بیرمەندیی سویسریش بدەین کە هەموو تەمەنی خۆی لە پێناویی بەرامبەروەستانەوە و ڕەخنەگرتن لە عەلمانیەتی رۆژئاوادا بەسەربرد کە عەڵمانیەتێکی دۆرزنانەیە چوونکە وڵاتانی باشور برسیی دەکەن . هەروەها ئولیفییە مونجان وتیی : ڕۆشنبیرانی دەرەوەی شاشەکانی تەلەفزوێن رەگەزێکە خەریکە دەسرێتەوە و نامێنێت ئەگەر گەورەترین و بلیمەتتریین ڕۆشنبیرانێکیشبن لە جیهاندا !، ئادغارد موران ، تودوروف ، ستیفان هیسیل .. و چەندینیی تر . باسکال بونیفاس دیالۆگی لەگەڵ پانزە ڕۆشنبیردا بە قوڵییکردوە لەم کتێبە دەگمەن و گرنگەدا .

کێ دەیەوێت پشوویی هاوینەی بەسەر بەرێت لەگەڵ کتێبدا ، نەک ڕاکردن بە دوای کچاندا ، با ئەم کتێبە بکرێت و بیخوێنێتەوە و پەخشی بکات و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ کەنار دەریاکان و سەر لوتکەی شاخەکان .

باسکال بونیفاس لە پرۆژەکەیدا دەڵێت : لەگەڵ لایەنی نەرێنیی گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی فەرەنسیدا، من ویستومە لایەنە ئەرێنێکەشی پیشانبدەم . دەمەوێت بە نەوە خوێندەوار و بە دواداچووەکان بلێم : هەموو گەندەڵ نیین ! ڕاستە کۆمەڵە رۆشنبیرێکیی درۆزن و چەواشەکار و ساختەکار هەن کە زیانیان داوە لە شەرەفیی ڕۆشنبیریی و فکر . بەڵام کۆمەڵە رۆشنبیرێکی ڕێزداریش هەن کە شایستەی خۆشەویستیی و شانازیین . کەواتە ناکرێت هەموویان لە سەبەتەیەکدا دابنێین. ئەمە ستەمە . ناکرێت لە لایەکەوە برنار هنری لیفی دابنێین و لە لاکەی ترەوە واتا بە تەنیشتێوە ریجیس دوبریە یان ئادغار موران یان ستیفان هیسیل دابنێیین ، لە هەمان جێگە و شویندا !.

ئەوەی کە ڕۆشنبیرە گەورەکان تیاییدا هاوبەشن لەگەڵ جیاوازیی بیر و ئاراستەکانیاندا ئەوەیە کە بێ چەندوچوون ئەم گوتەیە ڕەتدەکەنەوە کە دڵێت : لە پێناوی ئامانجدا هەر ڕێگەیەک پاساوە . ڕۆشنبیریی بە بێ ئاکار یان بە بێ ئاسۆیەکی مۆراڵیی و مرۆیی فراوان یەک پول ناهێنێت ، هەروەها سیاسەتیش . بە مانایەکی تر ڕۆشنبیریی بە ڕەوشت و مۆراڵبەرز و خاوەن ئاسۆیەکی مرۆیی مکیاڤیلییانە کار ناکات ، وەک ڕۆشنبیرە هەلپەرستە چالاکەکانی نێو شاشەی تەلەفزوێنەکان .

رۆشنبیریی گەوەرە، ئەوانەن کە بەردەوام بە ئاراستەیەکدا کاردەکەن و دەڕۆن دژ بە شەپۆلە باوەکە ، یان دژ بە ڕای گشتیی کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و حەشاماتی میللی فەرنسیی گەشیپێدەن و لەگەڵیدا هانگاودەنێن . ڕۆشنبیری گەوەرە بەرژەوەندی کەسیی خۆیان ناخەنە سەرو بەرژەوەندیی گشتییەوە ، یان بەرژەوەندیی ڕاستیینەوە . ڕاستیینە لای ڕۆشنبیریی پاک و بێگەرد شتیکە کە هەستیپێدەکریت ، واتا دەتوانرێت مامەڵەی لەگڵدا بکرێت لە ژیاندا بە پێچەوانەی ڕۆشنبیرە هەلپەرستەکانەوە . بۆەیە ڕۆشنبیری گەورە ئامادەیە لە پێناوییدا گیانی خۆی بەختبکات .

ئاردغار موران توشی دەردەیسەریبوو بە هۆی بەرگریکردنی لە ڕاەوایەتی مافی فەلەستینیەکان و داواکاریی بۆ ئاشتییەکیی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکاندا، یان بە شێوەیەکی گشتیی لە نێوان عەرەب و یەهودیەکاندا . هەمان دەردیسەریش توشی بیرمەندی سیاسیی گەورە ستیفان هیسیل ـیش هات .

لە دواجاردا ، ئەم پرسیارە تووند و هەڵەشەیە دەخەمە روو : کێ دەتوانێت لەسەر رۆشنبیرە ئاژاوەچیی و ساختەچییەکان لە جیهانی عەرەبیدا کتێبک بنووسێت ؟ کێ بوێریی بونیفاسی هەیە بۆ نمایشکردنی ناوی ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیران ؟ تا ئێستا دایک کەسێکی وای دروستنەکردوە ! لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی یاسایی نییە بۆ پاراستنیی کاتێک چاویی لێسوردەکرێتەوە و چەندین لایەن ئامانجیانە پاکتاوی بکەن ! .

 سەرچاوە / الشرق الاوسط