Behroz-6

بەهرۆز جەعفەر : با قسەیەک لەسەر ئایندەى پارتى بکەین !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەکردن لەسەر (ئایندە)،پشت بە (3) فاکتەرى سەرەکى دەبەستێت :

یەکەم : پاشخانێکى مێژوویی ، ڕۆشنبیریی گشتى . دووەم : ئامارو داتا . سێهەم : ڕوئیایەکى ناوچەیی و نێودەوڵەتى ، بەپێی ئەو ڕووداو و وێستگەیەى پیایدا گوزەر ئەکەین .

پارتى دیموکراتى کوردستان (67) ساڵە . خەباتى چەکداریی دەکات،قۆناغەکانى مێژوو لەگەڵ ڕووداوە خێراکانى ناوچەکە چرچ و لۆچیان لەدەموچاوى ئەم حزبەدا دەرخستووە ، بۆئەم مەبەستەش پارتى لەماوەى (10) ساڵى ڕابردوودا ، لەدواى پرۆسەى ئازادیی عێراقەوە ، دەستى گرت بەکۆمەڵێک پەتەوە ، کەوا دیارە بەقازانجى کاتى حزب و زیانى میللەت و کیانەکە کۆتایی دێت . ئەو ئامرازانەى پارتى بە بەهێزى هێشتۆتەوە (4) خاڵى سەرەکین :

یەکەم : نوخبەیەکى ڕاوێژکاری ئەمریکى و ئەوروپى ، کە هەم سوود لەداڕشتنى سیناربۆکانیان وەردەگرێت ، هەمیش پشتگیریی وڵاتەکانیان بەدەستدەهێنێ ، لەبەرامبەردا ئەم موستەشارانە بەرژەوەندیی ئابوریی و ماددیى بەهێزیان هەیە لەکوردستان ، کەدیارە چییە .

دووەم : پەیوەندییە دبلۆماسیەکان ، لەڕێگەى کۆنتاکتە ئابورییەکانەوە ، بەتایبەت لەگەڵ تورکیا.

سێهەم : پارەو نەوتى کوردستان و بودجەى حزب و بودجەى پرۆژە گەوەرەکان و گومرکەکان …هتد.

چوارەم : مەرکەزیەتى پارتى ، بەدیوێکى ئیجابی شکابۆیەوە بۆ پارتى ، ئەوەش لەغیابى تاڵەبانى و پەرتەوازەیی لایەنەکانى بەرامبەر.

*پەکەکە سوعبەت نازانێ .

ناوى ئۆجەلان (11) یەمین ناوە ، لەڕیزى (100) کەسە کاریگەرەکانى ساڵى (2012) دا. چەپەکان و نەتەوەییەکان ، واى دەبینن ئیدى لەسایەى نوسین و بۆچون و هزرە تایبەتیەکانى ئەم ڕێبەرەوە ، جیهان (پێنجەمین) قوتابخانە دەکاتەوە ، دواى ( سۆشیالیزم ، کەپیتاڵیزم ، سۆشیال دیموکرات ، ئیسلامى) . قوتابخانەى ( ئۆجەلانیزم ) هاتۆتە کایەوە . لەژێرئەم ئایدۆلۆژییەتەدا ، ڕێکخستنێکى نیمچە دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانە بەباشترین ڕێگە دەزانن لەهەرچوار پارچەى کوردستاندا ، تابگەنە ئامانجەکانى خۆیان . ئەگەرچى لە ساڵانى ڕابردوودا ، هەردوو حزبەکەى باشور شەڕی پەکەکەیان کردووە ، بەڵام پەیوەندیی پەکەکە لەگەڵ (ى ، ن ، ک) باشتربووە ، بەوپێیەى هەر لەسەرەتاوە یەکێتى و پەکەکە هەردوکیان لەباوەشی ( حافز ئەسەد) و لەسوریا لەدایک بونە و ئینتڵاقیان کردووە ، ئەو پەیوەندییە هەر ماوەتەوە بەتایبەت لەچوارچێوەى ژیرێتى یەکانى تاڵەبانیدا . ئیدى بە پێدراوەکانى شەڕ لەسوریاو نەخۆشکەوتنى تاڵەبانى و دەستپێکردنى قۆناغى ئاشتى لەئیمراڵیەوە ، ویستى فراوانخوازیی پارتى زیادى کرد ، پەکەکە زوو فریاکەوت و توانى لەسوریا جڵەوى دەسەڵاتى ناوچە کوردستانیەکان بخاتە ژێر ڕکێفى خۆیەوە کە پەیەدەیە ، پارتى گەلێک هەوڵى دا بەهاوکارى تورکیا پێشمەرگەکانى خۆى بخزێنێتە ناوخاکى سوریاوە ، گەلێک هەوڵى دا بیرەنەوتەکان نەکەونە دەستى پەیەدە ، تەلبەندیی کرد ، چاودێریی کردن ، نەیتوانى (1) ژمارە لەحیسابە سیاسییەکە کەم بکاتەوە . کۆتا خاڵ کۆنگرەى نەتەوەیی هەرەسی هێناو ، ڕێگەى فیشخابوریشى بەڕووى ( ساڵەح موسلیم ) دا، داخست . مەگەر پارتى نازانێت نەوتى قامیشلۆو کانەکانى ڕومێلان هیچى لە ئەوانەى زاخۆو شاکەل و داناغاز کەمتر نییە . ئەم کارەى پارتى لەئایندەیەکدا ، دوور نییە وەهاى لاواز بکات ، کەتاماوە دەست بۆ کارتى وا نەبات . چۆن ؟.

– پارتى بەم هەنگاوە ، بەخەڵکى ووت : دەبێت گشت ئەندامانى کۆنگرەى نەتەوەیی وەک ئەندامانى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى ، لەژێر چەترى مندا بن ، پەکەکە سوعبەت نازانێ !. لەفەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەروە (104) کەس هەیە . (101) پارتى و (3) کەس یەکێتى . پەکەکە یەکێتى نییە . سەیریشە : کەدایکى قاسمى سولەیمانى دەمرێت ، یان ئەحمەدى کوڕى ئەردۆغان ئولفەتێک بەخەمەوە دەگرێت ، یەکسەر وەفدێک بۆ دڵنەوایی دەچنە ئێران و تورکیا ، لەکاتێکدا کوڕى ساڵەح موسلیم دەکوژرێت ، وەفدێکى کوردى باشور بەشدارى پرسەکەى ناکەن !.

– ڕەنگە پارتى بتوانێ یەکێتى یان لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن ، یان سەرنوسەرێکى میدیاى ئەهلى بخەڵەتێنێت . بەڵام یاریزانانى باکورو ڕۆژئاواو قەندیل هەو نین .

– ئەمڕۆکە ، هەموو جیهان بەدواى بەرژەوەندییدا ئەگەڕێت ، ئەوەتا تادوێنێ پژاک شەڕى ئێرانى دەکرد ، ئێستا بەفرۆِکەى ئێرانى پژاک دەگوازرێتەوە بۆشەڕى بەرەى نوسرە لەسوریا . کەواتە ( مالکى و ئێران و پژاک و پەیەدەو ئەسەدو… هتد) چەندین تۆڕن ، بەپێی واقیعى خوازراوى سیاسەت بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە.

– ئەمریکا ، لەماوەى (2) مانگدا، (4) موجامەلەى گەورەى ئێرانى کردووە ، تەنانەت هەردوو وەزیرى دەرەوەیان کۆبۆنەتەوە ، لەسەر داواى ئێران ، ئەمریکا پشکنەرانى چەکى کیماویی لەسوریا کشاندەوە . جەژنە پیرۆزە لەیەکە دەکەن ، بەشدارى بە ئێران دەکەن لە کۆنگرەى جنێف دا. ڕەنگە ئیدارەى ئۆباما لەماوەى (3) ساڵى ڕابردوودا بەهیچ شێوەیەک نەک شەڕ بەڵکو بیر لە ئاڵۆزیی سیاسیش نەکاتەوە لەم ناوچەیە ، بەحوکمى ئەوەى خەریکى نێۆ ماڵى خۆیەتى ، حاڵى قەرزە ئابورییەکانى جوانە گەیشتۆتە (16) تریلیۆن و (700) ملیۆن دۆلار.لەهەرکەسێک بپرسی لە(50) ویلایەتى ئەمریکیدا ، دەڵێت: شەڕى عێرا هەڵەبو ، ئەمریکا سەدامى ڕووخاند ، ئێران بەرهەمەکەى بۆخۆى برد .

کەواتە ، حکومەتى عێراقى لەڕێگەى وشیار زێبارییەوە ، سەردانى تورکیاى کرد ، مالکى سەردانى ئەمریکا دەکات ، ( ئەوپیاوەى کە ئەمریکاو ئێران لەخواپەرستنیشدا جیاوازن ، کەچى لەمالکیدا هاوبەشن ). لەوەدەچێت ئێران بیەوێ دووکارى گەورە بەمالکى بکات :

یەکەم : تورکیا لەخەتى خۆرئاوا دەربکات . هەرنەبێت یارمەتى بات لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا دەربچێتەوە . چونکە ئەمجارە شیعەکات پەرت بوون ،

دووەم : وەساتەت بکات ، لەنێوان تاران – واشنتۆن .

ئەم هاوکێشەو پەیوەندییە نوێیانە ، هەمیشە بارێکى جوڵاوى میکانیکى ناو کایەى سیاسەتبونە لەم ناوچەیەدا. ئەگەر هۆیەکى هەبێت ئەوەیە : زیاد لەپرۆژەیەک و لە دەپرۆژە هەم لەڕۆژهەڵات و هەم لەکوردستاندا هەیە . ئەگەرچى ئاڵۆزن ، بەڵام لەئایندەدا پارتى بەرەو شوینێکى نادیار دەبات . ئەو ڕۆژەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقى ( نوجێفى ) لەگەڵ سەرۆکى هەموولیستەکاندا ، بەرەو هەولێر دێت ، لەناو فڕۆکەخانە مالیکى تەلەفۆن بۆ سەرۆکى لیستەکەى ( خالد عەتیە) دەکات و ، دەلێت : نەچى بۆ هەولێر !. هەرێمى کوردستان ، گۆڕەپانێکە پۆ پشودانى زلهێزەکان و پیاوانى موخابەرات و کائینە سەیرەکانى سەردەمى تەکنەلۆجیاو کرانەوە . ئەوەى دەگوزەرێت (70%) ى پەیوەندیی بەجیهانى دەرەوەوە هەیە ، لەوەدەچێت بەشێکى زۆرکەمیشى پەیوەندیی بە مەعمەعەى نێۆخۆیی و فشارەکانى نێومیدیاوە هەبێت . هیچ کاتێک پارتى بەق ئێستا لەژێر ( گوشارى دەرەوە) و ( ناڕازیبونى ناوەوە) دا نەبووە . ئەوەتا بۆیەکەمجارە لەهەڵبژاردنى نەقیبى سەندیکاى پارێزەراندا ، پارتى بەتەنها (1) کانیدى هەیە ، لەبەرامبەر کاندیدەکەى پارتیش ، یەکێتى و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ پێکەوە (1) کەسیان داناوە . ئەمرۆِکە بەیەکجاریی پارتى بەرپرسە لەخروقاتە یاساییەکان ، لەنەبونى ژیان و عەدالەت ، لە هەر خڵتەیەک لەناو کایەى قەومیدا ، لەداخستنى دەرگاو پەنجەرەیان بەڕووی ئەوانەى قسەیەکى ڕاست دەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت