kobwnawa_anjwman

عەتا قەرەداخی : ئایا هەستکردن بە غوبن سلێمانی دەکات بە فیدراڵی پارێزگا ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تێبینی : ئەم وتارە لە مانگی ئەیلولی 2009 نووسراوەو بڵاوکراوەتەوەو لە پایزی هەمان ساڵیشدا لە کتێبی ( ترس لە ئایندە بڵاومان کردۆتەوە . ئێستا سلێمانی بەرەو ئەو پێشبینیانە دەچێت کە ئەوکاتە ئێمە کردوومانە . بۆیە پێموایە یۆ زۆرینەى ئەوانەى کە ئەوکاتە وەها بۆچوونێک نەدەچوو بە عەقڵیاندا کە سلێمانی بەرەو ئەوە بچێت ببێت بە هەرێمێک ئێستا رەنگە ئەو بۆچوونە ئاسایی وەربگرن یان بەکاری تێکدەرانەو ئاژاوەگێڕی بزانن یان دیسان پێیان وابێت ئەوە وەهمەو سەرناگرێت . بەڵام پێموایە شیًوازو سرووشتی پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەلایەک و گۆڕان و پارتی لەلایەک سەرئەنجام ئەو بۆچوونانە دەکات بە واقیع .

ترس لە ئایندە :

مرۆڤ بەگشتی ئەفریدە بووە کە سەرباری دانانی چەندین نەخشە بۆ ئایندە بەڵام هێشتا بەترسەوە سەیری ئایندە دەکات و بە گومانیشەوە لێی دەڕوانێت چونکە هەمیشە ئایندە بە روانینی ئەو نادیارو نەزانراوەو تاکە شتێک کە هەموومان سەبارەت بە ئایندە لێی دڵنیاین مردنە کە هەر ئەویش هۆکاری هەموو ترسی مرۆڤایەتیە لە ئایندە . بێگومان لێرەدا ئەوەندەى دەمانەوێت سەبارەت بە ترسێکی سیاسی پەیوەست بە ئایندەى کورد لەم بەشەى کوردستاندا ئاخاوتن بکەین ئەوەندە مەبەستمان نییە لە بارەى ئەو ترسە ئەزەلیەوە بدوێین کە لە بوونی مرۆڤدا سەبارەت بە داهاتوو هەیە . دیارە پێشتر و لە سەرەتای دەستپێکردنی شاڵاوەکانی هەڵبژاردندا هەموومان لەوە دەترساین کە سۆزو عاتیفەو هەڵچوون باڵادەست ببێت و لۆجیکی عەقڵ و لێکدانەوە ببەزێت بەڵام خۆشبەختانە ئەوە رووى نەداو جگە لە چەنەبازى و قسەى چەند کادرێکی نامەسئول لە هەموو لایەنەکاندا ئەوانی تر توانیان کۆنترۆڵی عاتیفەو هەڵچونی خۆیان بکەن و سەرکەوتنی پرۆسەکەش بەهێمنی لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەمان بوو رووزەردیش بۆ ئەو چەنەبازانەیە کە نووسین و قسەکانیان بۆنی شەڕی لێدەهات و مەسەلە شەخسیەکانیان تێکەڵاوى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن کردبوو . هەرچەندە دەبوو حیزب و بەرپرسی لیستەکانیان رێگای ئەو بێسەروبەریەیان نەدایە ، بەڵام دیارە ئەوانیش بەگشتی گوێی خۆیانیان لێخەواند ، چونکە دیارە ئەوانیش تا ئەندازەیەک لەرق و کینە خاڵی نین .

بەهەرحاڵ ئێستا ئەو قۆناغەو ترسی سەرهەڵدانی شەڕی پیشتر تێپەریووەو لە سەرەتای قۆناغێکی ترداین قۆناغی پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت کە هیوای ئەوە دەخوازین بەرهەمی ئەمجارەى هەڵبژاردن کە جیاواز لە جارانی پیشوو هەڵبژاردنەکە و شێوازى ململانێکە خاسێتی هەڵبژاردنی هەبوو دەنگدەر ئیختیاری لەبەردەستدا بوو ، ململانێی راستەقینەى نێوان دەسەڵاتێک و چەند لیستێکی تریش هەبوو . دەسەڵاتێک کە تاکو ئێستا بیری لەوە نەکردبووەوە کە هێزێک درووست دەبێت مەترسی هەیێت بۆ سەری و وریای بکاتەوەو پێی بڵێت : ئەگەر وەکو لەمەو پێش کاربکات ئەوا لە ئایندەدا مەترسی دۆڕاندنی گەورەترى هەیەو دەشێ بکەوێتە دەرەوەى کورسی دەسەڵات کە ئەمەش حاڵەتێکە دوو حیزبی دەسەڵاتدار پێشتر بیریان لێنەکردۆتەوەو تەنانەت تەسەورى بوونی خۆیشیان ناکەن لە دەرەوەى دەسەڵات و هەرگیزیش خۆیان بۆ ئەو پێشهاتە ئامادەنەکردووە کە رۆژێ لە رۆژان ببن بە ئۆپۆزسیۆن .

تاکو ئێستاش ترسێک لاى هاووڵاتی هەیە لەوەى کە یەکێتی و پارتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات رێکنەکەون چونکە سەرباری ئەوەى کە هەندێ لە بەرپرسانی گەورەى یەکێتی هیچ ناڵێن لەبەرئەوەى بە دڵنیاییەوە دەزانن ئێستاو لەم هەڵبژاردنەدا ئەمان دەنگێکی کەمتر لە پارتیان هێناوەو رەنگە ئەوەش وای لێکردبن کە بە ئاشکرا لە روویان نەیەت داوای سەرۆکایەتی حکومەت بکەن هەرچەندە هەندێ بەرپرسی تری یەکێتی ئەو داوایە وەکو مافی شەرعی حیزبەکەیان باس دەکەن . زۆرینەى ئەم بەرپرسانەى یەکێتی کە سوورن لەسەرداواکردنی جێبەجێکردنی رێکەوتنی ستراتیژی نێوانیان هەگیز جورئەتی ئەوەیان نییە دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و باسی سەرکەوتن دەکەن و پێیانوایە ئەگەر سەرکەوتوبن ئەوە سەرکەوتنی یەکێتی و پارتیە پێکەوە ئەگەر دووچاری شکستیش بووبن ئەوە شکستی هەردوولایانەو تاوانی شکستەکەشیان دەخەنە ئەستۆی حکومەت و پارێزگارو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سپڵەیی و بێوەفایی خەڵک لەبەرئەوەى گوایە ئەمان خزمەتێکی زۆری خەڵکیان کردووە کەچی دەنگیان پێنادەن لە کاتێکدا لیستێکی وەکو گۆڕان پێشتر بوونی نەبووە کەچی دەنگی دەدەنێ ئەمەش ئەو چەمکە ناشیرینەمان بیر دەخاتەوە کە یەکێک لە بەرپرسان خەڵکی کوردستانی بە سەگ شوبهاند بوو . لە راستیدا هەوڵدانی بەرپرسان بۆخۆ رزگارکردن لەوەى کە خۆیان هۆکاری شکستن ، لایەک گاڵتەکردنە بە جەماوەرو لە لایەکیش نەتوانینی بینینی واقیع و داننەنانە بەو واقیعەدا . قسەی هەندێ لەو بەرپرسانە شەڕى موحەمەرەى نێوان عێراق و ئێرانمان بیر دەخاتەوە کە لە شەوێکدا ( سی ) هەزار سەربازى عێراقی کوژران کەچی سەدام حسێن هاتە سەر تەلەفیزۆن و گووتی بە پشتیوانی خوا ئێمە سەرکەوتووین . بەداخەوە کە ناچارین بەراوردی لەم جۆرە بکەین چونکە ئەو عەقڵیەتەی لە پشتی قسەى هەندێ لەم بەرپرسانەوەیە هەر هەمان ئەو عەقڵیەتەیە کە لە پشتی قسەکانی سەدام حسێنەوە بوو کە بریتیە لە نەتوانینی داننان بە شکستدا ، دیارە ئەوەى نەتوانێت دان بە شکستەکانی خۆیدا بنێت ناتوانێت هەرگیز هەوڵی خۆدرووستکردنەوەو خۆبینا کردنەوە بدات . هەڵبەت بەشێک لەو بۆچوونانەى کە رەشبینن سەبارەت بەوەى کە یەکێتی بتوانێت خۆی درووست بکاتەوە لێرەوە سەرچاوە دەگرن . واتە کاتێک کە پێکهاتەیەک یان رێکخراوو حیزبێک تەنانەت تیپێکی دوو گۆڵیش ئەگەر لە کاتی شکستدا نەتوانێت بە جورئەتەوە دان بە شکستی خۆیدا بنێت ئەوا ستەمە بتوانێت بینای خۆی بکاتەوەو لە باری شکست خۆی دەرباز بکات .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر  .. ئایا هەستکردن بە غوبن سلێمانی دەکات بە فیدراڵی پارێزگا؟