دکتۆر کەمال میروادەلی : خوێندنەوەی قورئان بە قورئان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی یەکەم : قورئان وەک تێکستیكی زمانیی

ئەمە پرۆژەیەکە بۆ خوێندنەوەی قورئان بە قورئان خۆی .

مەبەستم لەمە ئەوەیە کە وەک تێکستێکی پیرۆز، کە خۆی بە ( لوح محفو‌ظ ) وەسف دەکات ، دروستترین و سەلامەتترین میتۆد ئەوەیە کە خوێندنەوەی قورئان تەنیا بەو تێگەیشتنانەو و لە رێگەی ئەو چەمک و گوزارشتانەوەنەوە بێت کە تێکستەکە خۆی لە سورەت و ئایەتە جۆراجۆرو زۆرەکانیدا ئاشکرای کردووە .

واتە کە ئێمە بمانەوێ لە چەمکێکی قورئانیی وەک ( قوم ) ، ( دین ) ، ( ئیسلام ) ، ( علم ) ، ( عەقڵ ) تێ بگەین ئەوە پێویست ناکات بۆ سەدان تەفسیرو رای جیاوازی ئەوانەی بە هەق یان ناهەق پێیان دەوترێت عولەماو موفەسسیرینی ئیسلامی بگەڕێینەوەو هەر لە بەرئەوەی ئەوان کۆنن یان گوایە پلەی ئایینیان بەرز بووە ، ئەو جۆرە تێگەیشتنە جیاوازانە قبوڵ بکەین و بەم کارە خۆمان لە ئەرکی مەزنترو پێویستتری تێگەیشتنی خودی دەقی قورئان وەک هەیە بدزینەوەو یان بەو ئاستی جەهالەتە رازی بین کە وامان لێدەکا دەرەقەتی ئەو ئەرکە نەیەین .

دیارە ئەمە ئەرکێک نییە کە ئاسان بێت و میتۆدێک نییە کە بە هەوانتەو بێ هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیاریەتێکی زانستیی و ئەخلاقیی گەورە بە ئاکام بگات .

لەم بەشەدا باسی گرفتەکانی میتۆدۆلۆجییەکانی ئەم بۆچوونە دەکەم .

بەشی یەکەم : قورئان وەک تێکستی زمان

قورئان تێکستە ، دەقە ، زمانە لە چوارچێوەی کتێبێکی ئاینییدا کە لای مسلمانان پیرۆزە و هەڵگری پەیامی خودایی یە .

بەلام پەیامەکە لە دەقەکە جیاناکرێتەوە ، واتە لە ئایەتەکانی کە بە زمانی عەرەبی دەربردڕاون . بۆ ئەوەی کەسێک لەو پەیامەش تێ بگات دەبێ لە زمانی دەقەکە بگات . زمانی نووسراویش چ هی ئایین بێت ، یان ئەدەب ، یان شیعر، یان فەلسەفە یان هەر بابەتیکی فیکریی و زانستی تر ، پێوسیتی بە تێگەیشتن و لێکدانەوە هەیە .

ئیشکالەکە لێرەوە دروست دەبێت کە ئەو لێکدانەوە و تەفسیرانە ناشێ وەک یەک بن و حەتمەن جیاوازی لێکدانەوەو فرە – ڕایی دروست دەبێت بە پێی جیاوازی سەردەم و زانیاریی و بۆچوون و ئامانجی تەفسیرکارەکان ، واتە خودیاریی خوێندنەوەی تەفسیرکار یان توێژەرەوە ناچاریی جۆری لێکدانەوەکەی رەنگ دەکات . کە واتە هەرچەندە منیش هەوڵ بدەم لە چوارچێوەو ماناسازیی تێکستەکە دەرنەچم ، ئەو میتۆدەی منیش هەر دەبێتە هەوڵێکی خودکەسیی کە هی منە بۆ خویندنەوەیەکی قورئان کە ئەنجامەکەی ئاستی تواناو تێگەیشتنی من بۆ تێکستەکەو روانگەی من بۆ ماناکانی دیاری دەکات .

لە لایەکی ترەوە ناکرێ بە هیچ جۆرێک پەنا بۆ لێکدانەوەو تەفسیری کەسانی تر نەبردرێت هەر نەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ تیگەیشتنیکی وردو تا بکرێ تێرو تەسەلی مانای ئایەتەکان. ئەوەش لە بەر تەبیعەتی زمان و پێشکەوتنیەتی کە

١. دەشی وشەیەک زیاتر لە یەک مانای هەبێت یان مانای مێژوویی و کەلتووریی شاراوەو نادیاری هەبێت .

٢. وشەی زمان ملکی ئەو کۆمەڵەیە کە قسەی پێ دەکات وئەو ژینگەیە کە تێیدا دەرکەوتووەو بە شێوەی هەرەمەکیی کۆمەلەدەنگێک لە ژینگەی ئەو زمانبێژانەدا بە یەکەوە مانایەکیان وەرگرتووە کە تەنیا خۆیان تێی دەگەن. واتە هیچ لێکدانەوەیەکی زانستیی نییە بۆ چەند دەنگ بە یەکەوە وشەیەکی مانادار دروست دەکەن ، بەلام بە پێی راهاتن و لێتێگەیشتن وهاوڕێکی کۆمەلایەتی وشەکان ئەو مانایەیان وەرگرتووە کە لەو کۆمەلگایەدا هەیانە . بۆ وێنە : تەنیا لە عەرەبیدا وشەی ( ماء) بە مانای ( ئاو) دێت لە زمانی تردا ئەم وشەیە یان هیچ مانای نییە یان مانای جیاوازی هەیە بە پێی راهاتن و تیگەیشتنی کۆمەلایەتی ئەو کۆمەلە و دیارە وشەی جیاوازی خۆشیان بۆ مانای (ماء) هەیە وەک (ئاو/ ئاڤ) لە کوردییدا ، ( ئاب ) لە فارسییدا ، ( ۆتەر) لە ئینگلیزیدا ، (ڤاسەر) لە ئەڵمانییدا ، (سو) لە تورکییدا ، (ئەو) لە فەرەنسیدا ، (بۆدێ) لە رووسیدا ، (ئاکوا ) لە ئیتالییدا … هتدد . تەنیا کۆمەڵی هاوزمان یان کەسێکی دەرەوە کە زمانەکە فێربوو بێت دەتوانێ کە ئەم وشانەی خوێندەوە یان بیست ، بە مانای (ئاو) تێیان بگات . کەوایە مادام وشەکانی قورئان بە زمانی عەرەبیین ئەوە بە پلەی یەکەم مانای وشەکان مڵکی ئەو کۆمەلگا عەرەبییەن کە خاوەنی وشەکانن و ناچارین ئێمەش لە فەرهەنگ و تەفسیری ئەواندا بۆ ماناکان بگەڕێین

٢. مانای وشە بە پێی کات دەشێ بگۆردرێت : واتە وشەیەک لە سەرەدەمێکدا مانایەکی هەبووە لە سەردەمێکی تردا یان ئەو مانایە دەگۆرێت یان جگە لەومانایە مانای زیاتریش بەدەست دێنێت.ئەمەش وا دەکات نەتوانی تێکستێکی مێژوویی وەک قورئان یەکسەر بە پێی مانای ئێستای وشەکان لێکدەیتەوەو نەکەویە هەڵەی گەورەوە . بۆ وینە مانای وشە یەکی وەک ( دنیا ) یان [ عالم ، عالمین ] هەمیشە لە گۆراندایە ، لە سەردەمیکدا عالم بەشێکی کەمی سەرزەمینی ناسراو بووە ئێستا لە رووی جوگرافی و فەلسەفیی و شارستانی و ئابووریی و جیۆپۆلیتیکییەوە تیگەیشتنی مانای دنیا گۆڕانی زۆر بە سەردا هاتووەو بەردەوام ئەو دنیایەی مرۆڤ تێیدایە لە گۆڕان دایە . هەروەها وشەکانی وەک : دین ، امة ، ملة ، قوم ، تەنانەت وشەکانی وەک اللە و اسلام – یش کە هێندە بناغەیی و جەوهەرین بۆ لێکدانەوەی قورئان و ئیسلام ، جیاوازیی و گۆرانیی زۆر لە لێکدانەوەکانیان هەیەو تا ئەم لەحزەیەش کۆدەنگیی وکۆرایی یەک لە سەر ماناکانیان نییە . هەوڵ بدە لە گۆگل بە دوای مانای ئەم وشانەدا بگەرێ تا رادەی زۆریی و قوولی جیاوازیی لێکدانەوەو تەفسیرەکانت بۆ روون ىێتەوە . ئەمەش وای کردووە لە جیاتی کۆدەنگی عەقلانی بەربەرەکانی مەزهەبیی و لەوێشەوە تایەفی و نەتەوەیی جێگەی بیروباوەری یەکگرتوو بگرێتەوە .

.٣ مانای وشە بە پێی کۆئاخنەکەی [ سیاق ، کۆنتێکست ] ـە کەی دەگۆڕێت . کۆئاخنیش زۆر دامێنی هەیە :

یەکەم : کۆئاخنی رستەسازیی : دیارە یەکەمیان و هەرە راستەوخۆیان کۆئاخنی رستەسازیی وشەکانە لە دەقەکەدا. لێرەوە چەند ئەگەرێک بۆ لێکدانەوەی جیاوازی مانای یەک وشە دروست دەبن وەک :

١. مانای وشەکە وەک لە فەرهەنگە جیاوازەکانی زمانەکەدا لێکدراوەتەوە

٢. مانای وشەکە بە پێی پێوەندی بە وشەکانی تر لەو رستەی تێیدا بەکار هاتووە

٣. مانای وشەکە بە پێوەندی بە بەکارهێنانی لە رستەی تردا لە هەمان دەقدا

٤. گۆران یان دامێنی زیاتری مانای وشەکە بە دۆزینەوەی بەکارهێنانی لە تێکستی تری ئەو زمانە یان زمانی تردا لەدەرەوەی دەقی لێکدراوە ،

٥. مانای وشەکە بە لێکدانەوەی رەگ و ریشەی زمانیی و مێژووی بەرکاهاتنی

دیارە ئەم ئاستانەی جیاوازیکاریی لە مانادا لای موفەسسیرانی قورئان هەر لە سەرەتاوە شاراوە نەبووەو راستیی تەفسیر لە کردەیەکی لێکدانەوەو روونکردنەوەی ماناوە زوو بۆتە زانستێک [عیلمی تەفسیر] کە هەموو ئەو هۆکار و سەرنجانەی گرتۆتە خۆی ، وەک لە پێناسەکانی تەفسیردا بۆمان روون دەبێتەوە .

هەر ماناکانی ( تەفسیر) و ( تەئویل ) ی قورئان وەک موفەسسیرە ئیسلامییە هەوەڵەکان پێناسەیان کردووە خۆی ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ کۆمەلە ئیشکالەکانی لیکدانەوەی قورئان وەک دەقیکی زمانەوانیی واتە بە وشە – دامەزراو .

وشەی ( تەفسیر) دوو مانای سەرەکی هەیە : روونکردنەوەو دۆزینەوە : البيان والكشف.

تەئویل: مانای گەراندنەوەیە بۆ ئەووەل ، واتە مانای هەوەلی سەرەتایی وشەکە لەو کۆمەلگایەدا کە تێیدا دەرکەوتووە. بڕوانە:

http://uqu.edu.sa/page/ar/143144

دیارە روونکردنەوە (بیان ، توضیح ) : مانای روونکردنەوەی شتێکە کە خۆی روون نەبێت یان تەماویی بێت یان قورس بێت یان غەریب و ئاڵۆز بێت کە ئەمانە هەموویان بۆ پرسی زمان شتێکی ئاسایین . دۆزینەوەش ( کەشف ) مانای دۆزینەوەی شتێکە کە شاراوە بێت . گەراندنەوە بۆ هەوەلێش (تەئویل) مانای شۆرىوونەوەیە بە مێژووی وشەدا بۆ مانا سەرەتاییەکانی لە کۆمەلگەی زمانبێژەکانیدا و بەکارهێنانی دواتریدا ، واتە ئیتیمۆلۆجی وشەکە ئەوسا لە پرۆسەی روونکردنەوەی مانای وشەدا گرفتی لێکدانەوە ( شرح) و رستەسازی ( ڕێزمان ) دێتە پێشەوە .. لە بەر ئەم هۆیانە لە دوای هیندییەکان و یۆنانییەکان ، عەرەبەکان یان مسلمانەکان لە فارس و عەرەب و گەلەکانی تر ، پێشڕەوبوون لە داهێنانی زانستەکانی زمان و لێکدانەوە و رێزمان و رەوانبێژیی و بەروارداو پەرەپێدانی تەفسیر خۆی وەک زانستێکی ثیۆلۆجیی و زمانەوانیی و میژوویی گرنگ و دەوڵەمەند زۆر لە پێش دەرکەوتنی زانستەکانی زمان لە ئەوروپادا .

دووەم : کۆئاخنی مێژوویی

واتە مانای وشەکان لە و کات و زەمانەدا کە تێیدا دەرکەوتوون [ ئەووەل . تەئویل ) چونکە ئاشکرایە کە وشە بە پێی بەکارهێنانی مێژوویی مانای زیاتر و زۆر جار جیاوازتریش وەردەگرێ . چونکە هەر نەوەیەک و زەمانێک بەو جۆرە زمان بەکاردێنێتەوە کە خزمەتی پێویستییە کۆمەلیی و پەروەردەیی و زانیارییەکانی خۆی پێ دەکات .

ئەمە بۆ لێکدانەوەی تیکستی ئایینی وەک قورئان ئیشکالی گەورەتر دروست دەکات :

١. گەر ئەو بۆچوونە وەربگیرێت کە قورئان یەک مانای نەگۆڕی هەیە و ناکرێ بە پێی زەمان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت ئەوا ئەو کاتە دەبیت تەنیا بە پێێ ماناکانی کاتی دەرکەوتنی ئایەتەکان لێکبدرێتەوە کە ئەمەش ئاشکرا نییەو کۆرایی لە سەر نییە بەلکو رای جیاوازی لە سەرە کە بۆتە هۆی دروستکردنی تەفسیری جیاواز. راستیی گەر قورئان وەک [ تێکستێکی پیرۆز ] یان [ لوح محفو‌ظ ] وەربگیرێت کە [ ئایاتی بەیینات ] ی بۆ پێغەمبەری خوا هێناوە ، ئەوە تاکە رێگایەک بۆ هەلسوکەوتکردن لەگەلی رێگای عەقیدەیە ، واتە باوەرهینان بە قورئان و پەیامەکەی و پیرۆزییەکەی وەک هەموویەکی گشتی و هەولنەدان بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی چونکە لە حالەتی دووەمدا دەیکاتە تێکستێکی زمانەوانی [ وشەیی ] وەک هەر تێکستێکی تر کە شایانی لێکدانەوەو هەلىژاردن و هەڵوەشاندن و رای جیاوازو بەکارهینانی جیاوازە بۆ مەبەستی سیاسیی وکۆمەلایەتی و مەزەبیی و تایەفی جیاواز . دیارە ئەوەی بە درێژایی مێژوو کراوە بەربژێری دووەم بووەو مێژووی قورئان لە مێژووی تەفسیری قورئان و ئەو بەربەرەکانییە سیاسیی و تایەفییانە جیا ناکرێتەوە کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەو تەفسیرانەو جیاوازییەکانیان و ئەو تەریقەت و مەزەبانەی لە سەر لێکدانەوە جیاوازەکان هەڵچنراون .

٢. گەر بشوترێ تێکستەکە بۆ هەموو کاتێکە ئەوا کاتەکە حوکمی تەفسیرەکەی دەکات نەک تەفسیرەکە حوکمی کاتەکەی بکات . بۆ نموونە : هەندێ داهینانی زانست کە دەردەکەون و دەکرێ ئیشارەتیان لە قورئاندا بۆ بدۆزرێتەوە ، یەکسەر ئەوانەی تەفسیری دینییان بۆ دنیا و زانست هەیە ، ئەو مانا زانستییانە لە قورئاندا دەدۆزنەوە کە پێشتر نەزانراوە . واتە کات ئەگەری ئەو مانا زیادە دۆزراوانەی دروست کرد نەک بە پێچەوانەوە . کە دیارە ئەو مانا زیادانەش زۆر جارلە تەفسیرو ئیعتیقادو ئیجتیهادی ئەوانە زیاتر نییە کە ئەو جۆرە بۆچوونانەیان هەیە .

٣. کۆئاخنی فیکریی : ئەمە هەمیشە لە گۆران و پێشکەوتندایە ؛ زمان وەک ژیان لە جەدەلی جیاوازییەکاندا دەژیت ، تیۆریی و بۆچوونە فیکرییەکان مانای زیاتر و قوولتر بۆ وشەکان زیاد دەکەن . راستیی هەموو چەمک یان بیرۆکەیەک ، ئایدیایەک ، لە سەرەتادا لە وشەیەکی سادە زیاتر نەبووە دوایی بە هۆی لێکدانەوەی زۆر بۆی و بیراندنی بۆتە بیرۆکە ، کۆزان ، یان چەمک . گەر سەرنجی دەرکەوتن و دامەزراندنی چەمکە فەلسەفیەیکانی وەک ماددە ، جەوهەر، دیاردە ، پرۆسە ، رەوش ، نەفس ، ئیختیار ، ئیجبار، ئازادیی ، ماف ، دنیا ، تەنانەت چەمکی مرۆڤ خۆشی لە پرۆسەی پەرەسەندنی ئاخاوتنی فەلسەفیدا بدەین دەبینین هەموو ئەوانە لە سەرەتاوە وشەیەکی سادەو رۆژانەی ئاسایی بوون و فەیلەسوفەکان کردوویانن بە کۆزان : واتە بە کۆگەی ماناو زانینی زیاتر، بە پێی رۆژگارو تا ئێستاش بە پێی کۆمەلگاو کەلتوورە جیاکان مانای ئەو ناو ناوو چەمکانە دەگۆڕدرێت . واتە بوونی دەنگیی یان حەرفی وشەو چەمکێك مانای بوونی زیندوو- و مێژوویی و ئاخاوتنگەریی ئەو وشەیە نییە ، سەدان تیکستی گرنگ کە خاوەنیان نییەو کەس لێیان ناپرسێتەوە بە نەزانراوی و مردوویی دەمێننەوە … هتد .

کەوایە لە پرۆسەی پێویستی و دەسەڵات و لێکدانەوە و جەدەلی ماناکاندایە کە زۆر وشەی ئاسایی رۆژانە دەبن بە چەمکی فیکریی گرنگ . ئەمە زیاتر لەو کۆمەلانەدا روودەدا کە ئازادی جەدەل و بیرو دەربرینی تێدایە ، بۆیە نزیکەی هەموو چەمک و کۆزانە فەلسەفیی و هزریی و زانستیی و تەکنیکییە مۆدێرنەکانمان لە کۆمەلگاکانی یۆنانی ولاتینی و رۆژاوایی سەرچاوەیان گرتووە و لەوێدا پرۆسەکە هەر لە سەرەتای سەدەی حەڤدەمەوە هەمێشە لە بەردەوامیی و نوێبوونەوە و پێشکەوتندایە و ئەو پێشکەوتنەیە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ماناو رەوشی ئەو دنیایەی تێیداین و لەوێشەوە پێوەندییەکان و زانستەکان و تەکنۆلۆجییەکان و چەمکەکانی بە بەردەوامی و بەخێرایی دەگۆرێت .

٤. کۆئاخنی کەلتووریی : دیسانەوە زمان هەلقولاوی ئەو کەژو ژینگەو دوروبەرو کەلتوورەیە کە تێیدا بەکاردێت . قورئان جەخت لەوە دەکات کە پەیامێکی خودایی ئیبراهیمیی ئیسلامییە و بۆ عەرەب و بە زمانی عەرەبیی هاتووە . واتە لە کاتێکدا پەیامەکە ئیسلامیی و گەردوونییە ، ئامرازەکە کە زمانە تایبەتییەکەیە وەک دەربڕین زمانی عەرەبییەو وەک ئامانچ تێگەیاندنی کۆمەلگای عەرەبی قوڕەیشییە لە پەیامی ئیسلام لە رێگای زمانی زگماکی خۆیانەوە . لێرەوە [ نەتەوەیی بوونی ] زمانەکە بەشێکە لە کەلتوورە نەتەوەییەکەو میراتی ئەدەبیی و نەریت و رەوشتی عەرەب . ئەمەش ئیشکالێکی تر دروست دەکا کە کولتوری نەتەوەیەکی تر مانا و لێکدانەوەیەکی جیای بۆ قسەکان و تێکستەکە بە پێی جیاوازی کەلتووری یان بەرژەوەندی سیاسیی هەبێت ، یان زمانەکە وەک ئەبستراکت و وەک ڕیزمان وەربگرێت و تەرجەمە بکات دوور لەو هەموو ئیشکالانەی باسمان کردن .