Erdogan-Barzani

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : ئەمڕۆ بارزانی لە ئامەدە ، بەڵام بۆ ئەمڕۆ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕانکارییەکانی ئەوڕۆ لە رۆژهەڵاتی نێویندا دەگوزەرێن ، هوموو دانیشتوانی نێوچەکەی سەرقاڵ کردووە، بەهاری عارەبی بە کڕێوە و تۆفان گەڕایەوە ، لەووشدەچێت ئێران مل شۆڕکات بۆ داخوازییەکانی ئەمەریکا، لاپەڕێکی نوێ لەنێوان ئاخوندەکانی ئێران و ئەمەریکادا بکرێتەوە بەشێوەیەک ئسڕائیلیش پێی رازی بێت- بەواتای ئەوەی ئێران واز لە چەکی نەوەوی بهێنێت و ئاخوندەکان مل بۆ ئەمری واقیع شۆڕکەن واز لە حیزبوڵڵا و پشتگیری رێژیمی ئەسەد بهێنن. ئەگەر وەها بڕوا ، ئاشتەواییەکیش لەنێوان رێژیمەکانی تورک و فارسدا دژی کورد دێتە ئاراوە، عارەبیش وەک هەمیشە دەبێتە سێ کوچکەی دژە کورد.

بۆ نەورۆزی ئەمساڵ ؛ کوردانی باکوور ، بانگهێژی بەڕێز بارزانییان کرد ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ، ئایا بارزانی بەبێ مۆڵەتی تورکیا دەیتوانی بەشداریی نەورۆزی باکوور بکات ؟

لەسەر بانگهێژی ئیردۆگان ، ئەوڕۆ بارزانی دەگاتە ئامەد و بەو بۆنەیەوە هەردووک هونەرمەندی کورد و تورک ” شوان پەروەر و تاتلیتاس” ئاهەنگێک دەگێڕن کە رەنگە ئیردۆگان و بارزانیش ئامادەی بن . هەڵبەت پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چ خێرە لەم کاتەدا ، ئیردۆگان میوانداری بارزانی دەکات؟

نووسەری ” دێلی نیوز ” و لێکۆڵەری سیاسی ، موڕات ێتکین Murat Yetkin، لە وتارێکدا کە دوێنێ هەینی ١٥ ی مانگ لە ” دێلی نیوز” دا بڵاوکروەتەوە ، لە بڕوایەدایە کە ئیردۆگان دەیەوێت بارزانی وەک تۆپی یاری” بۆڵینگ ” بەکار بهێنێ و لە یەک کاتدا ، پێنج ئامانجی پێ بپێکێت . یەکەم ؛ بەم پێشوازییە ، ئیردۆگان ، دەیەوێ بە ئۆجەڵان بڵێت ، تۆ تەنها ئەستێرەی سەر شانۆی سیاسی کورد نیت . هیچ نهێنییەک لەوەدا نییە کە بارزانی و ئۆجەلان ململانێیانە لەسەر ئەوەی کێ سەرکرداێتی کوردی دابەشکراوی چوارپارچەکەی کوردستان دەکات .

دووهەم ؛ داوەتکردنی بارزانی لەکاتێکی زۆر هەستیار و دەتوانین بڵێین پەرێشانی وپڕ مەترسیدا هاتووە ئەویش هەڵبژاردنەکانی مانگی سێی ساڵی داهاتووە لە ناوچە کوردییەکاندا، ئیردۆگان ، نایەوێت پارتی” BDP ” کە سۆزداری پارتی کرێکارانی کوردستانە تەنها پارت بیت سەرۆکاێتی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەرێتەوە و هێڵێکی نافەرمی بۆ کورد لە ناوچەکەدا وەک ئەوەی ئێڕاق و سوریا بکێشێت . بە ماوەیەکی زۆر کەم پێش داوەتەکەی ئیردۆگان ” PYD ” دەستە خوشکی رێکخراوی” PKK ” لە سوریا ، بەڕێوەبەراێتییەکی سەربەخۆیان پێکهێنا و پارتی دیمۆکڕاتی کوردستان – باشوریان ، وەک دوژمنی کورد دایە قەڵەم لەبەر ئەوەی پشتگیرییەکی تەواویان ناکات لەسەر جاڕدانی ئۆتۆنۆمی لە سوریا . لەگەڵ ئەوەشدا کە PKK بازگەی سیاسی و رامیاری لە قەندیلە و لەژێر رەحمەتی بارزانیدایە . داوەتەکەی بارزانی بۆ تورکیا راست دوای دەربڕینی ناڕەزایەکەی PYD هات . بۆ یەکەم جار داوەتکردنی بارزانی بۆ دیاربەکر ، ئیردۆگان ، بارزانی وەک کاریگەرێکی سەرەکی نێوان کێشەی کورد و تورک سەیردەکات .

سێهەم ؛ داوەتی بارزانی لە کاتێکدا دێت کە رێژیمی تورکی لە هەوڵدایە پێوەندییەکانی لەگەڵ رێژیمی نوری مالیکی دا بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی کە لە دوو ساڵی رابوردوودا باش نەوبوون ، هۆکاری سەرەکیش ، هەر یەکەیان پشتگیری لایەنێکی کردووە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا. با سەردانەکەی ” ئەحمەد داود ئۆغلو” مان بیر نەچێت بۆ نەجەف و کەربەلا – دیارە ئەو سەردانەی ئۆغڵو مانایەکی تایبەتی دەبەخشێ ….. نووسەر . رێکەوتن لەگەڵ بەگدا و هەولێر لەسەر هێڵی رەوانەکردنی نەوت و گاز لە کوردستانەوە و لە رێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا ، ئێڕاق لە خنکانی ناردنی نەوت و گاز لە رێگای خەلیجەوە رزگار دەکات . بارزانی لەسەردانی تورکیادا دەتوانێ هەواڵێکی خۆش بدات ، ئەویش بە رازیبوونی بە دانانی پێوەر لەسەر هێڵە نەووتی و گازەکان بۆ ئەوەی بەگدا ئاگاداری هەناردنەکردن بێت .

چوارهەم ؛ ئیردۆگان ، بەهیوایە کوردانی کۆنسێرڤاتیڤ و دلسۆزی لایەنانی دەرەوەی” BDP ” ی بەلای پارتەکەی خۆیدا رابکێشی .

ئەوەی سەرەوە بۆچوونی موڕات ێتکین بوو . بە بڕوای منیش ، ئێتکین ، باشی پێکاوە ، بەڵام پرسیاری بەندە ئەوەیە ، ئایا بارزانی دەزانێ پێگەی کورد لەم گەمەیەدا لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا راوێژکارەکانی دەزانن ئەمڕۆ کورد لە رۆژهەڵاتی نێویندا ، چ پێگەیەکی گرینگی هەیە ؟

تورکیا رامیارییەکی درێژخایەنی داڕشتووە و پێڕەوی دەکات ، دەیەوێت لە بەرگێکی جیاوازدا – بەرگی ئابووریدا ، هەژەمۆنی تورک، لە رۆژهەڵاتی نێویندا زیندوو بکاتەوە . بەڵام بێ کورد و سەروەت و سامانی کورد ، مەحاڵە بۆی بچێتە سەر . ئەوەتا داوود ئۆغڵوو، پێشنیازی ئەوەی کردووە کە هەموو داهاتی نەوتی کوردستان بخرێتە بانکێکی تورکیاوە و لەوێوە رەوانەی ئێڕاق بکرێت . هێمایەکی ئاشکرا بۆ زیندوکردنەوەی ئیمپاێری ئۆتۆمان .

هیوادارم ؛ کاک مەسعوود ، لەم سەردانەیدا ، پێ نەخاتە ئەو ئاوە گەرمەی تورکیا بۆی رشتووە و پشتی براکوردەکانی باکووری بەرنەدات . بارزانی لەم سەردانەد دەتوانێ بە تورک بڵێت ” بێ ئێمە ئێوە هیچ نین ” ئێوە ئابووریتان داڕزاوە و ئێمە دەتوانین یاریدەتان بدەین بەڵام بەرامبەر بە راگەیاندنی سەربەخۆیی ئینگلیز گوتەنی پێیان بڵێت . TAKE IT OR LEAVE IT

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت