Q-Tallebani

قوباد تاڵەبانی : ره‌وشی یه‌كێتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ئازادانه‌ بۆ ره‌وشی یه‌كێتی

له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2009-دا گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا روویدا .

گۆڕانكارییه‌كه‌ش له‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌راندا بوو، بۆ یه‌كه‌مجار بوو ده‌نگده‌ر كه‌متر گرنگی بدات به‌وه‌ی له‌ڕابردوودا چی بۆ كراوه‌و زیاتر گرنگی بدات به‌ به‌رنامه‌ی كاری ئاینده‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان و پرسیاری ئه‌وه‌ی « چیمان بۆ ده‌كه‌ن؟ ». ئه‌مه‌ وانه‌یه‌ك بوو كه‌ یه‌كێتی سوودی لێ وه‌رنه‌گرت .

هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنمان زیاتر ته‌ركیزی خستبووه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی « چیمان كردووه‌ »و كه‌متر گرنگی درابوو به‌وه‌ی «چی ده‌كه‌ین». كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنمان وێنه‌ی زۆر جوان و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی و شاخ و سروودی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌ییان په‌خشده‌كرد.

هه‌ر چه‌نده‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنمان ساڵی 2009 یه‌كگرتووتر بوو له‌چاو ئه‌وه‌ی 2013-دا، به‌ڵام دیسان نه‌مانتوانی ئه‌و كاریگه‌رییه‌مان له‌سه‌ر بۆچوونی ده‌نگده‌ر هه‌بێت و له‌وه‌ی پێی ده‌وترێت ناوچه‌ی سه‌وز، ده‌نگێكی به‌رچاوی ئێمه‌ به‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان درا . شیكردنه‌وه‌ی زۆربه‌مان بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009/2010 له‌وكاته‌دا ئه‌وه‌بوو كه‌گۆڕان تازه‌ جیابوونه‌ته‌وه‌ له‌یه‌كێتی و ئه‌و دابڕانه‌ی گۆڕان كاریگه‌ری له‌سه‌ر وره‌ی كادرو ئه‌ندامانی یه‌كێتی، به‌تایبه‌تی له‌شاری سلێمانی هه‌بووه‌ .

ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌مانبینی، یان نه‌مان ویست بیبینین ، ئه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كێتی بۆ چه‌ندین ساڵ وه‌ك خۆی مابووه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان گۆڕانی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیبوو. ته‌نانه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستانیش توانیبووی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ گۆڕاوه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان بگونجێنێت، به‌ڵام یه‌كێتی هێشتا له‌ڕابردوودا ده‌ژیا. میلله‌ت خواست و داواكاریی نوێیان هه‌بوو.

رۆڵی كاریگه‌ریی یه‌كێتی له‌ڕزگاركردنی كوردستان له‌زوڵمی رژێمی به‌عس به‌ته‌نیا وه‌ڵامده‌ری ئه‌و خواستانه‌ی نه‌بوون . خه‌ڵك چاوه‌ڕێی حوكمڕانییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ترو شه‌فافی ده‌كرد. خه‌ڵك ده‌یانویست بزانن بۆ ده‌نگ به‌یه‌كێتی بده‌ن و ئێمه‌ش چییان بۆ ده‌كه‌ین؟. نه‌وه‌ی نوێ نه‌یده‌زانی بۆ ده‌نگبدات به‌یه‌كێتی، واتێگه‌یه‌نرابوو یه‌كێتی له‌سه‌ر خه‌رمانی سه‌ركه‌وتنه‌كانی رابردوو كارده‌كات . له‌نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 كاری زۆرمان كرد، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت بێ كه‌موكوڕیی نه‌بوو .

له‌كابینه‌كانی 6 و 7 كه‌ئێمه‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌بووین تیایدا، به‌هه‌موو كه‌موكورتییه‌كانییه‌وه‌ دڵسۆزانه‌ كارمان كرد بۆ هێنانه‌كایه‌ی حوكمڕانییه‌كی باشتر له‌كوردستاندا . سه‌قامگیری له‌كوردستاندا به‌رده‌وام بوو و پڕۆژه‌ی گرنگمان جێبه‌جێكردو هی تریشمان راگه‌یاند، سلفه‌كانی نێسته‌جێبوون ، زه‌واج و به‌رنامه‌ی تواناسازی به‌رده‌وام بوون و كه‌سانێكی زۆر لێیان سوودمه‌ند بوون. له‌نێوان به‌رپرسانی یه‌كێتیدا جۆره‌ ته‌باییه‌ك په‌یدابووبوو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی كه‌كه‌یفیان به‌یه‌كتر نه‌ده‌هات موجامه‌له‌ی یه‌كتریان ده‌كرد! به‌متمانه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ یه‌كێتی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ئه‌كرد .

زۆر له‌شیكه‌ره‌كانی سیاسیی بڕیاره‌كه‌ی ٣٠ی حوزه‌یرانیان ده‌ستنیشان كرد به‌هۆی سه‌ره‌كی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان. راسته‌ بڕیاری یه‌كێتی بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم و له‌ویش گرنگ تر شێوازی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر متمانه‌ی ده‌نگده‌ری بێلایه‌ن و ده‌نگده‌رانی دژ به‌پارتی هه‌بوو. به‌ڵام به‌بۆچوونی من هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌مان كێشه‌ی 2009 بوو. خه‌ڵك نه‌یده‌زانی بۆچی ده‌نگ به‌یه‌كێتی بدات؟.

پارتی هه‌ڵمه‌تێكی رێكخراو و روونی هه‌بوو. ده‌یووت «ده‌نگمان پێ بده‌ن ، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌تانپارێزین و سوود له‌نه‌وتی كوردستان وه‌رده‌گرین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان». گۆڕان به‌رده‌وام بوون له‌ڕه‌خنه‌كانیان له‌ ده‌سه‌ڵات و باسی ده‌سه‌ڵاتێكی نوێیان ده‌كرد . یه‌كێتیش هه‌ر ده‌یووت « ده‌یبه‌ینه‌وه‌ »!.

نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كگرتوو بۆ ئیداره‌دانی هه‌ڵمه‌تێكی یه‌كگرتوو هۆكارێكی دیكه‌ی ئاڵۆزی و ناڕوونی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی بوو. بۆ هه‌موولایه‌ك روون بوو كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بێ پلان بوو، كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دا خۆی ئه‌بینییه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ركرده‌ی نه‌بوو: هه‌ر به‌رپرسێك به‌بیرو بۆچوونی خۆی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كردو هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێكیش له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی خۆی كاری ده‌كرد. لایه‌نێك نه‌بوو كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ستراتیژی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بكات و هه‌موو تواناكانی یه‌كێتی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بخاته‌ گه‌ڕ. ئێمه‌ رێزمان له‌ده‌نگده‌رانی كوردستان و ئاستی هۆشیاری و تێگه‌یشتنیان نه‌گرت .

وامان ده‌زانی به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ند وتارێك، كه‌ هه‌ندێكیشیان به‌نرخ بوون ، ده‌نگده‌ر بۆ لای خۆمان راده‌كێشین. جگه‌ له‌ هه‌ندێ به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ تێیدا باسمان له‌بواری جیا جیا ئه‌كرد، وه‌ك سیاسه‌تی سۆسیال، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، ..هتد، نه‌مانتوانی ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌كانی پێشووش بكه‌ین به‌ده‌ستكه‌وتی یه‌كێتی، نه‌شمانتوانی تێشك بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌ند په‌یامێكی گرنگ و كاریگه‌ر بۆ ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی داهاتووی یه‌كێتی. هه‌موو كه‌مپه‌ینێك، به‌بێ جیاوازی شوێن، چ له‌ئه‌مریكا، چ له‌ژاپۆن، یان له‌هه‌ر شوێنێكی تر بێت په‌یوه‌ندیی ته‌واوی به‌ ئاینده‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ ته‌نیا رابردوو وه‌ڵامده‌ری خواستی خه‌ڵك نییه ‌.

ئێمه‌ خواستی خه‌ڵكمان نه‌كرد به‌ بناغه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان. نه‌مانتوانی بۆ خه‌ڵكی روون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆچی ئه‌بێ ده‌نگمان پێبده‌ن. هیچ حزبێك، (مه‌گه‌ر حزبی شیوعی چین)، ناتوانێت ته‌نیا به‌ ده‌نگی ئه‌ندام و كادری خۆی هه‌ڵبژاردنێك بباته‌وه‌. جاران سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ناو جه‌ماوه‌ردا بوون. به‌ڵام ئێستا به‌ پێی رای خه‌ڵك ، به‌رپرسانی یه‌كێتی دابڕاون له‌جه‌ماوه‌رو ئاگامان له‌كێشه‌و گرفتی ژیان و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك نه‌ماوه‌. زۆر گرنگه‌ هه‌ر به‌رپرس و نوێنه‌رێكی یه‌كێتی ئه‌م پرسیاره‌ له‌خۆی بكات : كه‌یبوو دواجار وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی و ساده‌ و دوور له‌ قه‌ره‌باڵغی و پاسه‌وان، سه‌ردانی بازاڕو شه‌قامه‌كانم كردو راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دوكاندارو هاووڵاتیاندا قسه‌م كرد؟ باگوێ له‌خه‌ڵك بگرین نه‌ك ته‌نها سیاسه‌تیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكه‌ین. سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌مان ده‌بێت خزمه‌تی حزبه‌كه‌ی بكات، حزبه‌كه‌ش ده‌بێت خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتییه‌ك بكات، نه‌ك ته‌نها ئه‌ندام و كادری خۆی .

گۆڕان له‌ 2009دا هێزێكی نوێ بوون، زۆرمان هه‌ڵه‌ بووین كه‌ پێمان وابوو ئه‌وان ناتوانن به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام به‌هێز بن ، دڵی خۆمان خۆش ده‌كردو ده‌مانووت جه‌ماوه‌ریان كه‌مبووه‌ته‌وه‌. ره‌نگه‌ جه‌ماوه‌ریان كه‌م بووه‌ته‌وه ‌، به‌ڵام هی ئێمه‌ش زیادی نه‌كردووه‌. چۆن پێویسته‌ رێز له‌ ده‌نگده‌رو هاووڵاتیانی كوردستان بگرین، ئاواش ده‌بێت رێز له‌و راستییه‌ بگرین كه‌ ئه‌مڕۆ گۆڕان هێزێكه‌ كه‌خاوه‌نی ده‌نگی خه‌ڵكانێكی زۆری ناڕازییه‌ له‌بارودۆخی كوردستان كه‌چاوه‌ڕوانی ژیانێكی باشترن. خه‌ڵك ده‌زانن بۆ لایه‌نگری گۆڕانن، به‌ڵام گۆڕانیش ده‌بێت رێز له‌بیرو رای ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ بگرێت كه‌ ده‌نگیان پێ نه‌داون .

٦٠% ی ده‌نگده‌ر له‌پارێزگای سلێمانی هاوڕا نه‌بوون له‌گه‌ڵ گۆڕان و ده‌نگیان دا به‌لایه‌نی تر . بۆیه‌ به‌٤٠% ده‌نگ ناتوانی سیاسه‌ت و بۆچوونی خۆت فه‌رز بكه‌یت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا . ئێستا یه‌كێتی خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ كۆنگره‌ی حزب. دڵسۆزانی یه‌كێتی چاوه‌ڕێی گۆڕانكارییه‌كی زۆرن، نه‌ك ته‌نها له‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی روخساری نوێ ، به‌ڵكو رێككه‌وتن له‌سه‌ر وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گرنگ. با له‌ «بۆ»وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین. بۆ یه‌كێتی؟ بۆ ئێمه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتین؟ ده‌بێت بزانین بۆ باوه‌ڕمان به‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی باشترین رێگایه‌ بۆ خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌مان.

ده‌بێت پێش هه‌موو كه‌س خۆمان باوه‌ڕمان به‌وه‌ڵامی ئه‌و « بۆ »یه‌ بێت ، پاشان ده‌بێت متمانه‌ی خه‌ڵكیش بگه‌ڕێنینه‌وه‌ تا باوه‌ڕیان به‌ « بۆ »ه‌ كه‌ی ئێمه‌ هه‌بێت. كه‌وه‌ڵامی «بۆ»ه‌ كه‌مان لاڕوون بوو، پاشان دێینه‌ سه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی «چی» بكه‌ین بۆ خه‌ڵكی كوردستان و به‌چ شێوازێك؟. گه‌لی كوردستان شایسته‌ی ژیانێكی باشتره‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتی به‌خه‌ڵك بناسێنینه‌وه‌ وه‌ك باشترین میكانیزم بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌. هه‌روه‌ها ده‌بێت حزبه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بگونجێنین ؛ به‌پێكهاته‌و په‌یكه‌رێكی نوێوه‌ . ده‌بێت خواسته‌كانی خه‌ڵكمان لاڕوون بن، نه‌ك هه‌روا له‌خۆمانه‌وه‌ داواو خواستی خه‌ڵك دیاری و پێناس بكه‌ین .

ته‌نیا ئه‌و كاته‌ ده‌توانین ده‌نگه‌كانی خۆمان وه‌ربگرینه‌وه‌و متمانه‌ی خه‌ڵك بگه‌ڕێنینه‌وه‌ شوێنی شایسته‌ی خۆی. ئه‌وكات هه‌موو پێكه‌وه‌ «یه‌كێتیبوون » بكه‌ینه‌ باشترین رێگه‌ بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌كانی خه‌ڵك . هه‌ر ئه‌و كاته‌ش نه‌ك ته‌نها یه‌كێتی ئه‌گونجێنینه‌وه‌ به‌م گۆڕه‌پانه‌ سیاسییه‌ی ئه‌مڕۆ، به‌ڵكو ده‌بینه‌وه‌ به‌و هێزه‌ سیاسییه‌ كه‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ به‌ره‌و ئاستێكی پێشكه‌وتووتر ده‌بات .

 

كوردستانی‌ نوێ