Derbaz-Serabi

دەرباز سەرابی : دەبڵ مۆڕاڵی تاک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

بەشی دوەم

بەرلەوەی ئاڕاستەی ئەرگۆمێنتەکەمان بەلای ئافاتەکانی ئایدۆلۆژیادا بڕوات ، جێی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ تاکی دەبڵ مۆڕاڵ کێیە ؟ تەنها ئەو کاتە تاک خاوەنی مۆڕالی خودیەتی خۆی دەبێت کە توانای ” نا ” کردنی هەبێت ، گرنگ نیە شتەکان چەند پیرۆزکراون ، گرنگ ئەوەیە تاک توانای ڕەتکردنەوەیانی هەبێت ، ئەگەرچی من لەگەڵ ڕەتکردنەوە لەپێناوی ڕەتکردنەوەدا نیم ، بەڵکو دەبێ هەمو ڕەتکردنەوەیەک بە عەقڵانی بکرێت ، وەک ئەوەی ناکرێ تەنها لەپێناوی چێژی بێ باوکی بیر لەکوشتنی باوکەکان بکەینەوە ، چونکە دواجار بونی باوک لە فیترەتی تاک دا بوەتە زەرورەتێک ، جا ئەوە چەند لۆگیکیە یان نا ئەوە پرسێکی ترە .

تاکی دەبڵ مۆڕال : کەسێکە بەتەواوی مانا دەستبەرداری خود بوەو خۆی لەنێو بازنەی کۆمەڵدا شاردۆتەوە،خۆی لەهەمو ” نا ” کردنێک داماڵیوە. باشە ” نا ” کردن چیەو بۆچی دەبێ تاک جورئەتی ناکردنی هەبێت؟ ناکردن واتە : گێڕانەوەی متمانە بۆ خودی کەسی تاک ، واتە بەرهەڵستی کردن لە توانەوەی خود لەنێو گشت دا .

ئەگەر کەمێک واقیع بینانە رەفتار بکەین ، نەتوانین و هەڵنەکردنی تاک بەبێ باوک رێگا خۆشکەرە بۆ ئایدۆلۆژیا تا ئەسپی خۆی لە مەیدانەکەدا تاوبدات و خۆی وەک باوکێکی دڵسۆز پیشان بدات ، باشە بۆ تاک بەبێ باوک هەڵناکات ؟! ئایا ئەمە لەکەم هێزی تاکەوەیە یان سروشتی تاک ئەمە دەخوازێت هەمیشە باوکێک هەبێت بەڕێوەی ببات ؟! دواجار باوکەکان تاک بەرەو کۆیلەبون و تەقدیسکردنی باوک هەنگاو پێدەنێن ، ئەمەش پەیوەندیەکی پێچەوانە لەگەڵ مۆڕاڵ بونی تاک دەبەستێت ، تا ڕادەی ڕۆڵی باوک لە دەستکاریکردنی پڕۆسە خودیەکانی تاک زیاتر بێت ، تاک کەمتر دەتوانێ مۆڕاڵ بونی خودی بپارێزێ . لەگەڵ کاڵ بونەوەی ڕۆڵی تاک و پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیا ، ڕۆڵگێڕانی داڕێژەرانی ئایدۆلۆژیا وەک باوکێکی میهرەبان تاکی لەنێو پێدەشتێکدا بەندکرد ، کە پڕاوپڕە لە تابوو یاساخکراوەکان ، سنوربەندکردنی بیرکردنەوە ، بە کوفرکردنی ” نا ” کردن ، تاکی لە مۆڕاڵ چیەکی بوێرەوە کردە کەرەستەیەکی شەرمنی قەبوڵکەری چەپاندنەکانی ئایدۆلۆژیا . لەوانەیە بپرسن باشە دەبڵ مۆڕاڵ بونی تاک چ پەیوەندیەکی بە ئایدۆلۆژیاوە هەیە؟تەنها ترس لە ڕەتکردنەوەی ئایدۆلۆژیا ئەگەرێکی زۆر بەهێزە بۆ دەبڵ مۆڕاڵ بون ، بە دیوێکی تر، من زۆرێک لە بەندەکانی ئایدۆلۆژیای دینیم قەبوڵ نیە بەڵام ترسی پەرچەکردارەکانی هەڵگرانی ئەو ئایدۆلۆژیایە ، ترسی نامۆ بونم لەتەک تاکەکان وام لێدەکەن بەرەو دەبڵ مۆڕاڵ بون هەنگاوبنێم ، ئەمەش من دەخاتە نێو دۆخێکی شڵەژاوی دەرونیەوە،نەدەتوانم شەڕ بکەم و نەدەشتوانم ڕازی بونی ئەفکاری خۆم بەدەست بێنم.گرفتی مرۆڤ لەوەدایە تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی لە دین دابماڵێت ، دەکرێ چەپ بون بە بەدیلی دین ناوزەند بکەین ، بەڵام ئەمە کۆی باسەکە نیە چونکە خودی چەپ بون لاسایی کردنەوەیەکی زیرەکانەی ئایدۆلۆژیای دینیە ، بەڕای من چ ئەوانەی دان بە بونی خودادا دەنێن لەگەڵ ئەوانەی ڕەتی دەکەنەوە ، هەردوکیان شەرعیەت بە خودا دەدەن .

گرفتەکە لە بون یان نەبونی خودا ، سەرۆک ، باوک دا نیە ، بەڵکو گرفتی سەرەکی لە پیرۆزکردنیانە ، لە دیدی پیرۆزکەرانەوە ، مرۆڤ بونی تۆ تا ئەو خاڵە ڕەوایە کە ڕەزامەندبون بە پیرۆزکردنی ئەوان پیشان دەدەی .

کاتێک ئایدۆلۆژیای چەپ بون تەواوی بونیەتی خۆی لەڕەتکردنەوەی دیندا دەبینێتەوە چ جیاوازیەک لەگەڵ پەیڕەوکەرانی دین کە چەپ بون بە مولحید یان کافر ناوزەند دەکەن دروست دەکات؟! کێشەی تاک سڕینەوەو دانانی بەدیلێکی هاوشێوە نیە ، بەڵکو هەمو کێشەکان لەگشتاندنەوە دەست پێدەکات ، بۆ من گرفت نیە باوکم ، دایکم ، هاوڕێکەم … چەپە یان ڕاست ، ئەو کاتە گرفتە بیەوێ منیش وەک ئەو بم ، گرفت ئەوە نیە سەرۆک فەیلەسوفە یان مەلا ، ئەو کاتە گرفتە کە عادل نەبێت ، کە تاک فێری لۆبی کردن بکات تەنها لەپێناوی مانەوەو بەدەست هێنانی قوتی ڕۆژانە ، بەڵام لێرەدا فرە مانایی عەدالەت دۆخەکە ئالۆزتر دەکات ، چونکە هەر ئایدۆلۆژیایەک دیدێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ عەدالەت ، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربون لەو دۆخە کردنە پێوەری مرۆڤایەتیە وەک ئەوەی هەیە ، نەک وەک ئەوەی دەیانەوێت ببێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت