بەهرۆز جەعفەر : کاریگەرییەکانى ( دین و نەتەتەوە ) لەسلێمانییەوە بۆ ئەمریکا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناکرێت ، لەشارێکدا حکومەتێک سەدوپەنجاهەزار پۆلیس بۆ سەدو پەنجاهەزار هاوڵاتى دابین بکات ، تاوەکو تاوان نەکەن ، دەستدرێژى نەکەنە سەرئەوانى تر ، بەڵکو دەبێت لەویژدان و ناخى هەر تاکێکدا پۆلیسێک بچێنیت ، تا واى لێبکات کەمترین کارى ناشایستەو نامرۆیی بکات . ئەوەى لە زهنیەت و دیوى ناوەوەى مرۆڤەکاندا ، ئەم ئەرکەى گێڕاوە بریتى بووە لە ” دین”.. تاوەکو خەڵکى چاکە بکەن و خراپە نەکەن . دینیش خەیاڵە . خەیاڵیش ناوکى ژیان و جوانیی و ئیرۆتیکە ، بڕین و بینینى گشت دیوارە سروشتى و دەستکردەکانە.هەروەختێ جەستە خاڵى بوو لەخەیاڵ ، خاڵییە لە ڕۆح .بارگاوییە بەماددە ، بەتەکنەلۆژیا ، بەکەرەستەکانى ژیان .

دەکرێت ئەمەى سەرەوە زەرورەتى ئاین بێت بۆکۆمەڵگە . نەک بۆ دروستکردنى دەوڵەتێک کەتاکەکان تیایدا هەست بەئارامى و داوەریی بکەن . ئەگەر ئاین و یاساکان پێوەرن بۆئەوەى مرۆڤەکان دووربن لەنەهى وتاوان، ئەوەتا دواى ڕۆما کۆنترین یاساکانى ژیان لەعێراقەوەسەریانهەڵداوە،وەکو ئۆشۆسناى و حامورابى و … هتد. باشترین شاعیرو ئەدیب و کۆنترین شارستانیەتەکان لە (3000) ساڵ ( پ . ز) ەوە ، لەدۆڵى رافیدەین ( عێراق ) دا بوون ، کەچى لەمێژوودا یەک کاتژمێر بێ کوشت و بڕ نەبووە . ئەوەتا سەرۆکى پێشووى ڕێکخراوى مافى مرۆڤى عێراق ( فیراسی جبوریی ) لەساڵى (2011) دەستوپێی (14) منداڵ بەبلۆک دەبەستێتەوەو دەیانخاتە ئاوى دیجلەوە !.

ئێمە نامانەوێ ، لەچوارچێوەى سیستەمى سیاسییدا قسە لەسەر جیاکاریی نێوان دوو دەوڵەت بکەین ، نامانەوێ دووشار بەیەک بچوێنین ، دەزانین ئەمریکا بەئاو دەوردراوە ، سلێمانیش بەعەربەت و چەمچەماڵ . بەڵکو گەرەکمانە لەکاریگەرییە سلبیەکانى جینات و بونیادى ئاینى و نەتەوەیی بدوێین ، سەرنج بە : ئەمریکا ساڵى (1777) سەربەخۆیی خۆى ڕاگەیاندووە ، سلێمانیش ساڵى (1783) دروست بووە ، واتە هەردوکیان بەنزیکى (250) ساڵێک تەمەنیانە ، کە بۆمێژوو هیچ نییە ، ئەمریکا کەدروست بوو ، خەڵکى وڵاتانى ئەوروپا چوونە ناوییەوەو ، دروستیانکرد.

لەهەر وڵاتێک سەدان و هەزاران کەس بوون بەهاوڵاتى ئەمریکا. ئەوانەى کە دروستییان کرد دەوڵەمەندەکان و عەقڵ کراوەکان بوون ، سلێمانیش کەدروست بوو ، خەڵکى ناوچەى پشدەرو قەڵاچوالان و قەرەداغ و پیرەمەگرون و دەوروبەرەکەى ، هاتنە شارەکەوە . واتە ئەوخەڵکانەى دەوڵەمەند بوون و ، تواناى دروستکردنى خانوویان لەشارەکەدا هەبوو ، هەروەها ئەوانەش کە خاوەن عەقڵ و داهێنان و ڕچەشکێن بوون ، مرۆڤ کەى داهێنان دەکات ؟ تەنها ئەو مرۆڤانەى ئیرادەى موجازەفەکردن و سەرکێشی یان هەیە ، دەتوانن داهێنان بکەن ، ئەگەر شکاندنى ترس و ئامادەگى بۆ موجازەفەکردن نەبوایە ، هەرگیز مرۆڤ نەیاندەتوانى فڕۆکەیەک دروست بکا ، بەسەدان سەرنشینەوە ، لەسەرووى هەورەکان چەندین کاتژمێر ڕێ ببڕێت . ئێستا هەقە بپرسین بۆچى ئەمریکا لەماوەیەکى کەمدا توانى دروست بێت و ببێتە سەردارى عالەم،کەچى سلێمانى سال بەساڵى خۆزگەى بەپار !، ڕۆژ بەڕۆژ چەندین دەستى ئەمنى و حزبی بەبەرنامەوە سیماو دیمۆگرافیاى شارەکە دەشێوێنن . بۆچى وایە ؟.

سلێمانى کەدروست بوو ، هەموو ئەهلەکەى موسڵمان بوون ، کەمێکى زۆرکەم جولەکەش هەبوو ، ئەمریکا کەدروست بوو ، مەسیحیەت و یەهودیەت و بێ دینى تیابو ، لەناو مەسیحیەتیشدا سێ مەزهەب هەبوو ( کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسەدۆکسیش کەدەکاتە ماسۆنیەتى جاران ) . واتە دین پەرت پەرت بوو ، زاڵێتى خۆى نەنواند . لەسلێمانى دین وحوجرەو فەقێکان هۆکاری بڵاوبونەوەى عەقڵ و خوێنەوارى بوون ، کۆمەڵگەیەکى تاسەر ئێسک خێڵەکى و داخراو لەکوردستان بەرجەستە بوبو . ئێستاش هەمان ڕیتمە بەڵام تەکنەلۆژیا تەکانێکى پێی داوەو ئاڕاستەى ئەکا. لەئەمریکا مادام هاونیشتمانییەکانى خڵتەیەکن لە زۆربەى وڵاتانى ئەوروپاو دەوروبەرو ناوخۆیی ، کەواتە شتێک نەبووەو نی یە ناوى ( نەتەوە) بێت . بەڵکو (نیشتمان) ى ئەمریکا هەیە . هەموو کەسێک هەموو بەیانیەک ، لەتەنیشت خوێندنگەیەکەوە تێدەپەڕێت ، کەگوێی لەسرودى نیشتمانى دەبێت ، وەک ڕێزێک دەبێت بوەستێت .پیرۆزترین شتێک بریتى یە لەئاسایشى نیشتمانى ئەمریکا. ئەوان یەکەم هەنگاو کەهاتن (نیشتمانێک) یان بۆخۆیان دروست کرد. لەسلێمانى و کوردستانیش ، هەموو شتەکان بەستراون بە ( نەتەوە) ەوە. مزگەوتەکانیش پرکراون لەبیرى ئوسوڵى و سەلەفى و چەندین بیروبۆچونى ئاینى ، بۆبەرژەوەندیی تەسکى حزبایەتى . گەورەترین شەرف و شانازیی لاى تاکێکى ئەمریکیی ئەوەیە لەدەزگایەکى ئاسایشى نیشتمانیدا کاربکات ، لاى ئێمە دەزگاکانى زانیارى و پاراستن وەکو دێو خەڵکى لێیان دەترسێت .

ئەمڕۆکە ، بەملیۆنان کورد ، وەک خەڕات لەوڵاتانى ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ نیشتمان دەژین ، تەنانەت هەرکەسێک لەئێمە کەسەفەردەکات ، پێی دەڵێن (where are u from) واتە ( لەکوێوە هاتووى ؟) دەبێت بڵێین ( لەعێراقەوە) یان ئێمە (عێراقین ) . لەهەر شوێنێکى دونیا کوردەکانى سوریا بەسوری ناویان تۆمارئەکرێت ، ئەوانەى ئێران و تورکیا بە ئێرانى و بەتورکى ناویان دەنوسرێت ، لەهەر وڵاتێک بن و بۆى بچن . کەواتە نەبونى ( دین و نەتەوە) لەهاوکێشەى دەوڵەتداریدا ، ئەمریکای کرد زلهێزترین وڵاتى جیهان ، تاک جەمسەرانە لەهەموو کونجێکى ئەم کەونەدا بونى هەیە ، سلێمانیشى کرد بەو شارەى کەهێدى هێدى دابخرێت و ، لەڕاپۆرتى شەش مانگ جارێکى نەتەوە یەکگرتووەکاندا ، سەبارەت بەدۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست،ناوى بە ( مدینە غیر امنە) هاتبێت .