Shehid

دەرسیم پێشەوا: گفتوگۆی داستانی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتی ( شکاندنی باستێلەکەی موسڵ، یان چەواشەکردنی مێژوو ؟ )، کە وەڵامێک بوو بۆ نامیلکەیەکی پڕ لە هەڵە و چەواشەکارییانەی مێژووی خەباتی کۆمەڵێک قارەمانی سزا دراو بە سزای مەرگ لە زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ، کە لەلایەن نەریمان مەجید لەژێر ناوی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ)دا نووسراوە. سەرەتا نووسینەکەم لە چەند ماڵپەڕێکی ئەلکترۆنی و فەیسبووک بڵاوکرایەوە ، دواتریش لە پێنج بەش لە پێنج ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ (6152، 6153، 6154، 6155، 6157)ی ڕۆژانی (13، 14، 15، 16، 19ی ئابی 2013)دا بڵاوکرایەوە .

نەریمان مەجید، بۆ وەڵامدانەوەی نووسینەکەم چەندین لاپەڕەی لەژێر ناوی (وەڵامێکی هێمنانە بۆ دەرسیم دیبەگەیی)دا لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارەکانی (6162، 6163، 6164، 6165) ، ڕۆژانی (25/26/27/28-8-2013)دا پڕکردۆتەوە، کە گوایە وەڵامم منی داوەتەوە، کەچی دووبارە چەندین هەڵەی دیکەی کردووە، دووبارە پەنای بۆ چەواشەکاری و شێواندنی ئەو داستانە بردووە و لە هەندێ شوێنی نووسینەکەیدا درێژدادڕی زۆری پێوە دیارە. لێرەدا هەوڵ دەدەم خاڵ بە خاڵی نووسینەکانی ئەو بەبێ چاککردنەوەی هەڵەکانی لە خوارەوە وەکو خۆی بنووسمەوە، دواتریش لەژێر هەر خاڵێکدا ، وەڵامی بدەمەوە .

وەڵامی بەشی یەکەمی (وەڵامێکی هێمنانە بۆ دەرسیم دیبەگەیی ):

نەریمان دەڵێ: (وشەی نەشیاوی خستۆتە پاڵ من بەناوی (چەواشەکردن‌و درۆو دوور لەڕاستی‌و چەندین وشەی تر کە لێرەدا نامەوێ قسەی لەسەر بکەم) گوایە من ئەم شتانەم لەخۆمەوە نووسیوەو خۆم کردووە بەپاڵەوانی چیڕۆکەکەو ویستۆمە خەباتی کۆمەڵێک تێکۆشەر بدزم بیکەم بە خەبات و تێکۆشانی خۆم).

بەر لە هەموو شتێک لە نووسینەکەم کە لە کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە، وشەی درۆ، دزی و بوختانم بەکار نەهێناوە کە لەسەر داوای کوردستانی نوێ لادران. دواتر کە نەریمان ئەو وشانەی باسکردووە، دەبوایە ئاماژە بە ناوی ماڵپەڕەکە یان پەیژی فەیسبووکم بکات کە لەوێ ئەو وشانەم بەکارهێناوە.

بەڵێ دووبارەی دەکەمەوە کە ناوبراو چەواشەکاری و شیواندنی مێژووی ئەنجام داوە، پەنای بۆ ناڕاستی بردووە، بەڵێ ویستوویەتی خەباتی کۆمەڵێک تێکۆشەر کە ژمارەیان تێکڕا بەلای کەمەوە نزیکەی (58) کەسێک دەبێت، بکات بە خەباتی ئەو (10) شەهیدەی بازیان، لەکاتێکدا کە ئەوان نە خاوەنی بیرۆکەکە و نە پلاندانەر و نەخشەدانەری شکاندنی ئەو زیندانە بووینە، بەڵکو تەنیا بەشێک بووینە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی هەوڵەکە کە تێکڕای ژمارەی زیندانییەکان ئەوکات (42) کەس بووە لەکاتی شکاندنی زیندان لە شەوی (2.6.1981)دا. ئەگەر نەریمان ژمارەی زیندانییەکانی ئەو شەوەی نەزانیوە، با ڕاستییەکە بڵێ، خۆ ئەگەر زانیویەتی و باسی ناکات و پرۆسەی شکاندنەکە تەنیا لەو (10) شەهیدە و بەرزانی عومەر عەلی و محەمەد حەمەساڵح کاکەبرا (ئامانج شاتری) قەتیس دەکاتەوە، ئەوە هەم بە هەڵەدا چووە و هەم شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان و دەست بەسەر داگرتنی خەباتی هاوڕێکانی دیکەیە بۆ ئەو (10) شەهیدەی بازیان و دوو شەهیدەکەی دیکە. ئەگەر نەریمان ئاگادار بووەو دڵنیایە لەوەی کە ئەو (10) شەهیدەی بازیان هەر بە گەیشتنیان بە ژووری سێدارەی موسڵ بیریان لە داڕشتنی پلانێک کردۆتەوە بۆ شکاندنی زیندانەکە، بۆ لە هەر سێ نووسینەکەی پێشووی خۆیدا باسی ئەوەی نەدەکرد کە لە کوێی گوێ لێبووە یان کێ بۆی باسکردووە کە ئەوان خاوەنی بیرۆکەی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ و پلاندانەر و نەخشەدانەری ئەو نەبەردییە بووینە؟

نەریمان دەڵێ :  (من ئەم بابەتەم لەساڵی 5.6.2000 لەکوردستانی نوێ بڵاوکردۆتەوە) .

ئەو دەربڕینەی نەریمان هەڵەیە مادام ئەو ڕۆژ ، مانگ و ساڵەکەی نووسیوە ، بۆیە دەبوایە بەمشێوەیە بنووسێ : (من ئەم بابەتەم لە ڕێکەوتی 5.6.2000دا لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکردۆتەوە).

نەریمان نووسیوێتی: (دەرسیم دەڵێ چەواشەکار ئەگەر چەواشەکار بومایە بەدڵسافی‌و دڵپاکی خۆم نوسخەیەکم بۆ نەدەنارد) .

سەرەتا لەو ڕستەیەدا کەس نازانێ کامە و هەتا کوێ قسەی منە و لە کوێ بۆ کوێ قسەی نەریمانە، چونکە لێرەدا خوێنەر وادەزانێ تەواوی ڕستەی نێو دوو کەوانەکە هی منە، کە لە ڕاستیدا تەنیا (چەواشەکار) قسەی منە! دواتر دڵنیام ئەگەر ناوبراو بیزانیبایە ناردنی ئەو نامیلکەیە ئەو نووسینە (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ، یان چەواشەکردنی مێژوو)ی بەدوادا دێت، هەرگیز ئەو نامیلکەیەی نەدەنارد و زۆریش پەشیمانە لە ناردنی. با لێرەوە نەریمان و خوێنەرانیش ئاگادار بکەمەوە کە ئەوەی تا ئێستا لە (هەوڵێکی سەرنەکەوتووی شکاندنی زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ و دوو قارەمان) و (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ، یان چەواشەکردنی مێژوو؟)، کە یەکەمیان لە ئەنجامی پشتگوێ خستنی مافەکانی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس و شەهید مەردانی برای وەکو زیندانی سیاسی نووسراوە، ئەوەی دووەمیشیان وەڵامێکە بۆ چەواشەکاری و شێواندنی مێژووی کۆمەڵێک تێکۆشەر و قارەمان لەلایەن نەریمان مەجید لە نامیلکەی (شکاندنی باستێلەکەی موسڵ)، کە ئەو تێکۆشەرانە هەموویان لە سێدارە دراون، ئەگینا هێشتا لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوە و نەخشەو پلان داڕشتنی شکاندنی ژووری سێدارەی موسڵ و کارکردن لەپێناوی بە ئەنجام گەیاندنی ئەو هەوڵەم نەنووسیوە، کە لە داهاتوودا هەوڵدەدەم نامیلکەیەک یان پەرتووکێک بنووسم و ئەو دوو بابەتەشم دەکەم بە بەردی بناغە و چوارچێوەی نامیلکەکەم یان پەرتووکەکەم .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر .. گفتوگۆی داستانی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت