mela-bextiar-nawshirawn

عەتا قەرەداغی : نامەیەکی کراوە بۆ کاک مەلا بەختیار .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لە کێشەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی بە گشتی و سیاسی و رۆشنبیرەکانی بە تایبەتی ئەوەیە کە خاسێتی چاویان هەیە ، واتە ناتوانن خۆیان ببینن. یان ئەگەر خۆیشیان بینن ناتوانن دان بەوەدا بنێن کە ئەوە ئەوانن ئەو سیماو روخسارو خاسێتانەیان هەیە . ئەم قسەیەم بە تەنیا بۆ کاک مەلا بەختیار نییە چونکە من کە بۆ یەکەمجار لەسەرەتای هەشتاکاندا کاک مەلا بەختیارم لە قەرەداخ بینیووە وەکو پێشمەرگەو بەرپرسێکی گورج و گۆڵ و بەدەم و پل و جەماوەری خۆشم ویستووەو تاکو ئێستاش سەرباری ئەوەى کە زۆرێک لە هەڵس و کەوت و شێوازی دەربڕینەکانیم بەدڵ نییە بەڵام بەڕێزو تەقدیرەوە سەیری خەباتی ئەو دەکەم و تاکوئێستاش لەو کەسانەم کە پێموایە ، جارێک یەکێتی غەدری گەورەى لێکرد کە دەستگیریکرد و مامەڵەی ناشایستانەی لەگەڵدا کرد، جارێکی تریش خۆی غەدری لەخۆی کرد کە بە هەمان تموحی ئەو کاتەوە هاتەوە ناو یەکێتی کە چۆن پێشتر خۆیی بە شوێن گرەوەى شەهید ئارام دەزانی ، ئەمجارەشیان پێی وابوو لە دوای مام جەلال ئەو کەسی یەکەم دەبێت بە تایبەتی دوای وازهێنانی کاک نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی ، ئیتر ئەم ئەوەى پێوە دیاربوو کە هەست بکات رێگای بۆ تەخت بووە . بڕواشم وایە دەبوو ئێستا ئەو وەکو دێرینترین بەرپرسیاری نێو یەکێتی دەستبەرداری ئەو گوتارو دەربڕینە عاتیفیانەی ببووایەو رۆڵی دادوەری ببینیایە لە نێو کێشەو ململانێکانی نێو سەرکردایەتیداو لەبری تموحی بوون بە سکرتێر یان پشتگیری کردنی باڵێک بە دژی باڵێکی تر ئەو دەوری رێکخەرەوەى ببینیایەو ئەو متمانەى کە زۆرێک لە کادیرانی حیزب و ئەوانەشی کە لە دەرەوەى یەکێتین و خەمکینن بە هەر شکست و پاشەکشەیەکی یەکێتی بە پیاوێکی سەنگینی وەکو کاک عەدنان موفتیان هەیە ، متمانەى زیاتریان بە کاک مەلا بەختیار هەبووایە . دیارە کێشەى کاک مەلا بەختیار ئەوەیە کە دەیەوێت لە سیاسەت و لە فیکرو لە رۆشنبیری و لە ئەدەبدا هەمووی هەر خۆی بێت ، بۆنموونە ئەگەر باسی مۆدێرنێتە کرا لە هەر کۆڕێکدا نابێت کەس لەو باشتری لێبزانێت .

من لەو کەسانەم بڕوام بەو قسەیەی ترۆتسکی هەیە کە دەڵێت : هەمیشە سەرکردە مەیدانییەکان یان دووەمییەکان ئەگەری چوونە پێشەوەیان هەیە . ئەم قسەیەش بەرامبەر لینین دەکات لە کاتێکدا ئەوە ئاشکرایە لە رووی فیکرییەوە ترۆتسکی زۆر لە پێش لینینەوە بووە بەڵام سەرئەنجام لینین رابەری شۆڕشی بەلشەفیک بوو . رەنگە لە وێستگەیەکدا ئەم قسەیە سەبارەت بە کاک مەلا بەختیار راست بووبێت وەکو سەرکردەیەکی مەیدانی و جەماوەری ناو پێشمەرگەو بە تایبەتی لە قۆناغی خەباتی شاخدا ، بەڵام لە دوای دەستگیرکردن و زیندانی کردنی کە مەبەستی سەرەکی بۆ ئەوە بوو بچووکی بکەنەوە ئیتر ئەو هەلەی لەدەستدا . بە تایبەتیش دوای گەڕانەوەى بۆ ناو یەکێتی بە پێگەیەکی لاوازەوە زەحمەت بوو جارێکی تر ببێتەوە بەو سەرکردە مەیدانییەى کۆتایی حەفتاکان و تا ساتەوەختی گرتنی .

رووبەری کارکردنی کاک مەلا بەختیار لە دوای هاتنەوە ناو یەکێتی سلێمانی بووە . لە کاتێکدا ژمارەیەکی دیاری بەرپرە باڵاکانی یەکێتی خەڵکی هەمان زەمینەن و کەلتووری سلێمانیش وەکو من زووتریش نووسیوومە کەلتوورێکە بە ئاسانی دەرەوەى خۆی فبوڵ ناکات ، ئەمە راستیەکی حاشا هەڵنەگری ئەم شارەیە . رەنگە کاک بەختیار یەکەمین کەسی ناو سەرکردایەتی یەکێتی بووبێت کە زیاترین پەیوەندی لەگەڵ خوێ ، دەوارو نووسەرو ئەدیب و هونەرمەندانی ئەم شارەدا هەبووبێت ، بەڵام هێشتا بەوەش نەیتوانیووە نموونەیەکی لەپێشتربێت لەچاو کاک نەوشیروان مستەفا یان کاک فەریدوون عەبدولقدرو کاک سالار عەزیزو کاک مولازم عومەرو کاک قادری حاجی عەلی و سەید عەمەری سەید عەلی … ئەمەش بەزۆر نابێت . ئەم قسەی بۆ هەموو ئەو بەرپرسانەى تریش راستە کە کەلتووری سلێمانی بەهی خۆییان نازانێت .

بێگومان هەوڵدانی کاک بەختیار بۆ زیاتر بەدەستهێنانەوەى متمانەى مام جەلال رەنگە دەوری هەبووبێت لەوەیدا کە دوای وازهێنانی زۆرینەى ئەو ناوانەى لەسەرەوە هێنران پێگەى بەرپرسیارێتی کاک بەختیار لە ناو یەکێتیدا زیاد بکات ، بەڵام بەئاشکرا دیارە ئەو پێگەیە لە ناو جەماوەردا وانیەو پێموانییە لە ناو حیزبیشدا پێگەیەکی ئەوەندە بەهێز بێت . بەتایبەتی کاک بەختیار لە شاڵاوى راگەیاندنی هەڵبژاردندا زۆر کورت بین بوو ، من بەلامەوە سەیر بوو کە بەدەنگی بەرز دەیگووت لە سلێمانی یەکەم دەبین ، لە هەولێریش یەکەم دەبین . بێگومان ساسی وردبین و دووربین هەرگیز تەسریحی بەوجۆرە رەها نادات . دیارە چ کاک بەختیارو چ زۆرینەى مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی رایانگەیاند کە ئەوان بەرپرسیارێتی شکستی هەڵبژاردن دەخەنە ئەستۆی خۆیان ، بەڵام ئەوان خۆیان لە شتێک بواردووەو نایانەوێت دانی پێدا بنێن ئەویش ئەوەیە جیاوازی رێژەى دەنگەکانی یەکێتی ئەمجارە لەچاو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئەوەندە زۆر نییە ، بەڵام ئەمجارە سڕەکەیان دەرکەوتووەو شکستەکە ناشاردرێتەوە . لەراستیشدا بەرپرسی یەکەم لە شکستی یەکێتی کە من پێمخۆش نییە ئێستا لەو بارودۆخەی کە بەڕێز مام جەلالی تێدایە بیڵیم ، بەڵام هۆکاری سەرەکی بەڕێزیانن کە ئەو وەکو رابەری رۆحی ئەم سەرکردایەتییە هەرگیز رانەهاتووە دان بە شکستدا بنێت ، ئەمانیش هەمان پەروەردەى ئەون بەڵام ئەو مام جەلال بوو . هۆکاری شکستی یەکێتی پێشتر من پێم وابوو تەنیا سەرکردایەتییەکەیەتی بەڵام ئێستا گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی یەکێتی قاعیدەکەیشی وەکو سەرکردایەتییەکەى لاوازە ، ئەگینا دەبوو ئەو هەزارو ئەوەندە ئەندامەى کە چوونە پلنیۆمەوە نەهاتنایەتە دەرەوە هەتا هەتا ئیمزای دەست لە کارکێشانەوەیان بە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەکەیان دەکرد . بەڵام دەشزانم بۆچی شتی وایان لێناوەشەیەوە چونکە حیزب بووە بە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەیەکانی بەرپرسان و زۆرینەى کادیرانیش .

بەهەرحاڵ ئەوەى لە وتارەکەى ئەمڕۆی کاک مەلا بەختیاردا لە رۆژنامەکەى خۆیدا هاتووە ئەوەى پێوەی دیارە کە دەیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی شکستەکانی یەکێتی بێبەش بکات بەجۆرێک ناڕاستەخۆ دەیەوێت بڵێت : ئەو بەرپرسیار نییە لەوەى تاکو ئێستا لە حیزبەکەیدا روویداوە بەڵام ئەگەر بە واقیعی سەیر بکەین کاک بەختیار یەکێکە لەو چوار کەسەى سەرەوەی حیزبەکەی کە زیاترین بەرپرسیارێتیان هەبووەو هەیە لە سەرکەوتن یان شکستی حیزبەکەیانداو پێموانییە هیچ کامیان بتوانن قەناعەت بە جەماوەری دەرەوەو تەنانەت لایەنگرو رەنگە ئەندامانی حیزبەکەشیان بکەن کە ئەمان بەرپرسیارنیین لەوەى بەسەر یەکێتی هاتووە . بۆیە پاساو هێنانەوەو هەڕەشەکانی کاک بەختیار بەوەى کە چی لەسەر بەڕەیە دەیهێنێـە سەربەڕە هیچ شەکوایەک بۆ ئەو ناکەن و ئەگەر بەڕاستی کاک بەختیار خۆی بەبەرپرس نازانێت لە گەندەڵی و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت هێنانە پێشەوەى چەندین کەسی لاوازو بار بەسەر حیزبەکەیەوەو پێی وایە ئەو خاوێنەو هیچ بەرپسیارێتییەکی نییە لەو هەموو ناعەدالەتییەى کە دەسەڵاتی کوردی لەم ماوەیەدا کردوویەتی کە نیوەى ئەو دەسەڵاتە حیزبەکەی ئەوە ، ئەوا باشتر وایە ئەو وەکو کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەى دەست لە کاربکێشێـەوەو ببێتە ئازاترین نموونەى ناو حیزبەکەى لەوەشدا مێژوو ناوى تۆمار دەکات . حەزدەکەم ئەوەش وەبیری کاک بەختیار بهێنمەوە کە پێگەو پلەو پایەی مۆرڤ تەنیا لە ناو حیزب و دەسەڵاتدا نییە باشترین نموونەش پیاوێکی وەکو کاک مولازم عومەرە کە بە ئاشکرا دیارە ئێستاکە پێگەى کۆمەڵایەتی ئەو زۆر لەو کاتە گەورەترە کە بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری یەکێتی یان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یان جێگری سەرۆک وەزیران بوو . وای بۆدەچم هەرچۆن کاک مەلابەختیار لە زۆر شتی ناو حیزبەکەیدا سەرتۆپ شکێن بووە ، ئەمجارەش لە پێناوی زیندووبوونەوەى حیزبەکەیدا یەکەم کەس دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە ، بەو ئومێدەى کە وەکو کاک فەرید ئەسەسەرد دەڵێت : پیاو ژنە پیرو نەخۆشەکانی تری ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی شەرم بیانگرێت و چاو لەم بکەن و جێگا بۆ کادیرانی گەنج و سەردەم چۆڵ بکەن ، چونکە دەبێ بزانن نمێژوو لەماندا کۆتایی نایەت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت