jin

دارا خونچە : سێ توندوتیژیی فرە مەزن لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مرۆڤ تا خۆی نەناسی ناتوانی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خۆی بکا ، گرنگترین کێشەی کوردانیش لەوەی کە تا ئێستا لە هەموو بوارەکان وە تایبەتییش لە بواری پرسی ژنان زۆر لە پاش میللەتانی ناوچەکە و جیهانە ئەوەیە کە هێشتا نەیتوانییە خۆی بناسی .. واتە لەوەتەی وەک میللەتەکی جودا لە میللەتانی دراوسێ خۆی هاتیتە بەرچاوان هەرگیز دانی بەوەدا نەنایە کە لە ماوەی ئەو دوو هەزارەیەی دوایی سەرکردە و بڕیاروەدەستانی میللەتەکەی زۆر ترسنۆک و نەزان بوونە و هەردەم لە بەرانگژبوونەوەی دەسەڵاتدارە چەوسێنەران و داگیرکەرانی میللەتانی دی بەشیان هەر بەزین و هەڵاتن بووە و پەنایان بردیتە بەر چیایەکان و جێیە سەخت و دوور لە ئاوەدانییەکان و میللەتیان ناچار کردییە وەدوویان بکەون و وەک دڕندەگەلەک لە ئەشکەوت و پەناوپەسیوان خۆیان حەشار بدەن و ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی بگوزەرێنن .. ئەگەر جاروبارەکیش بەرگرییەکیان کردبی ئەوە لە ئەنجامی خۆفرۆشتنی هەندێک هۆز و خێڵ بووە بە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە بەرانبەر هۆز و خێڵی دیکەی میللەتەکەی خۆیان و هەمیشە وەک جەردە و چەکداری بەکریگرا بەرانبەر یەک و بەرانبەر بەرهەڵستکارانی میللەتانی دیکە وەکار بردرانە .

ئەوە هەرگیز نابتە خۆناسینی میللەتەک وەک ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵەک رۆشنبیری کۆلەوار و رووکەش لە نێو میللەتەکەمان هەن و لە پێناو خۆدەرخستن جوون دەدەن و هێرش دەکەنە سەر هەر تشتەک و لە روانگەیەکی بان چینایەتییەوە رەش و سپی و هەموو رەنگەکان تێکەڵ دەکەن و بە پێی بەرژەوەندییە تەسکە خودپەرستییەکانیان وەنێو دەکەوین و دەبێژن : ( کورد میللەت نییە.. کورد خۆخۆرە .. نەزان و بێ مێشکە.. ئاژەڵە … هتد . چونکە رەگەزپەرست نین و میللەتانی دیکە وە دوژمنی خۆیان نازانن و شەڕی مان و نەمانیان دەگەڵ بەرپا ناکەن) کەچی لە ناخیشەوە ئەوها نین و هەر کاتەک بەرژەوەندییە خودییەکانیان رووبەڕووی مەترسیی دەبتەوە ئەوە دیسان هەمان بالۆرە لێدەدەنەوە کە کورد ئازاترین و چاونەترسترین و بە ویژدانترین میللەتە و لە هەر میللەتەکی دیکە پتر خاوەنی مێژووەکی پڕ سەروەرییە و شارستانییەتی جیهان لەسەر دەستی ئەوان دامەزرایە و میللەتەکی زۆر دادپەروەر و ئاشتییخوازە!!!

سەبارەت بە پرسی ژنان .. بە هۆی درێژەکێشانی چەوسانەوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی – وەک سەرباری کێشە چینیاتییەکان – کە ئاسانتر لایەنە جوان و ئەرێنییەکانی رووە کۆمەڵایەتییەکە لەبەریەک هەڵدەوەشێنتەوە میللەتەکی توندوتیژ و ژنکوژمان لێ دەرچووە کە بە پلەی یەکەم دەسەڵاتداران و بە پلەی دووەمیش و فەرهەنگی پیاوسالاریی و دینەکان – کە کەونەپەرستانەن و تەنیا دینی پیاوانن – لێی بەرپرسن، رەوینەوە یان لەنێوبردنی ئەو توندوتیژییەش – کە ژنکوژیی پلە هەرە باڵایەکەیەتی و فرە باوە لە نێومان – کارەکی زۆر ئەستەمە تا رۆشنبیر و چالاکوانەکانی بورای یەکسانییخوازیی بە تایبەتییش پیاوەکان تەنێ گفتاری بێ رەفتاریان هەبی .

کێشەی نەبوونی بەرابەریی نێوان ژنان و پیاوان کێشەیەکە تەنێ پیاوان دروستیان کردییە .. لەبەرئەوە هەر دەبی پیاوانی یەکسانییخواز چارەسەر بن و ژنانی هۆشیاریش لایەنگر و هاوکاریان بن ، لێ بە داخەوە تا ئێستا ئەو جۆرە پیاوانە لە نێو کوردان بوونیان نییە ، پیاوی یەکسانییخوازی کورد تەنێ بە هۆی دابڕان لە سۆز و خۆشەویستیی و نەرمونیانیی و سێکسی ژن یەکسانیخوازە .. هەر ئەوەش هۆیە هەرە کاریگەرەکەیە کە وای لێکردییە نەتوانی لە چارچیوەی ماڵ و خانەوادە – دایک و خوشک و هاوسەر و ژنە نێزیکەکانی خزمان – یەکسانییخواز بی و لە بەرانبەر ژنانی دیکەش رووکەشانە لە پێناو گەیشتن بە ویستە نێرینەییەکەی و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی یەکسانییخواز خۆی بنوێنی ، هەر یەکەک لەو پیاوانەی لە نێو کۆمەڵی خۆمان کە بە یەکسانییخواز ناسرایە و رۆژانە لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینەکانەکانی پرسی ژنان دەبیندرێ لە پێناو تێکەڵبوون بە ژنان یان لە پێناو تەنێ یەک تاکە ماچ یان لەپێناو گەیشتن بە ژنەک و سێکسکردن لەگەڵی ئامادەیە سازش بە یەکسانییخوازییەکەی بکا و کەونەپەرسترین نەریتی پیاوسالاریی پەیڕەو بکا .. لە کن ئەو گرنگ نییە ئەو ژنەی مرخی لێ خۆش کردییە مێشک پووچە .. فەرهەنگی پیاوسالاریی هەیە.. دیندار و کەونەپەرستە .. سەرپۆش و باڵاپۆشە.. لە حیزب و رێکخراوەیەکی پیاوسالار و کۆنەپەرستە و هەر خودی خۆی دژەژن و دژە بەرابەرییە یان نا .. بەڵکە گرنگ ئەوەیە بە ئامانجی نێو لنگی خۆی بگا ! کە لە بەرانەبەر ئەو رەفتارانەشی رووبەڕووی دەبیەوە .. دەبێژێ : ” ئاخەر دەبی واقیعبین بین و لەگەڵ خەڵکی سادە و ناهۆشیار و نایەکسانییخواز و تێکەڵ ببین تا بتوانین بیانگۆڕین ”!!!

دیارە تاکوتەرا و لێرە و لەوێ پیاوی یەکسانییخوازامان هەن لێ ئەوانیش هێندەی خەریکی مێبازیی و خۆدەرخستن و بازارگانییکردنن بە پرسەکە یەک لەسەر سەتی ئەوە خەریکی ئەوە نین لەگەڵ کۆمەڵەک پیاو و ژن کە لە گفتار و رەفتار بە راشکاویی یەکسانییخوازن یەک بگرن تا بتوانن رەوت و هێزەک پەیدا بکەن کە بە هۆی ئاکار و رەوشتە چاک و بەرابەرییەکەیان خەکانی دی لە خۆیان خڕبکەنەوە و بە جۆرەک خۆ بچەسپێنن کە بتوانن گۆڕانکاریی لە نێو کۆمەڵ ئەنجام بدەن .

ئەو دەستکەوتانەی لە پرسی یەکسانیی نێوان ژنان پیاوان لە نێو میللەتان وە تایبەتیش لە وڵاتانی رۆژئاوا وەدەست هاتینە ئەنجامی تێکۆشانی نەبەردانە و گیانبازانەی ئەو پیاوگەلە یەکسانیخوازانە بووە کە بە هاوکاریی ژنانی هۆشیار پێشمەرگە ئاسا قوربانییان بە تێکرای کات و سەرمایە و ژیان و گوزەران و حەز و ئارەزووە پیاوسالارییەکانیان و تەنانەت گیانی خۆشیان دایە .. سەرەنجام وەک تێکۆشانەک کە هەمیشە لە پەرەسەندن و بەرەپێشەوەچوونە رەوتی خۆی وەرگرتییە ، نەک وەک ئەوانەی خۆمان هەر کە نێو لنگیان دادەمرکێتەوە ئیدی یەکسانیخوازییەکەشیان سست دەبیتەوە و قوژبنەک لە ئەرشیفی لەبیرچوونەوە داگیر دەکا !

ئیدی لە بارودۆخەکی لەو بابەتەی پرسی ژنان لە نێو کوردان زۆر ئاساییە لە خودی رۆژی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان سێ توندوتیژیی مەزن و گورچکبڕ دژ بە ژنان ئەنجام بدرێ و وەک چەند دەنگوباسەکی سادە و ئاسایی بە خێرایی بە نێو ئەو حەمکە رێکخراوەی ژنان و کۆمەڵگەی سڤیل و ئەو حەمکە یەکسانییخوازە تێبپەڕی بە بێ ئەوەی هیچ هەڵوێستەکی ئەوتۆ بنوێنن کە بتوانن بەرانگژبوونەوەیەک ئەنجام بدەن یان بە لایەنی کەم نیشانی بدەن بەرگرییەک لە بەرانبەر ئەو توندوتیژییانە بوونی هەیە : 

– لەو رۆژەدا هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە ژێر سەرپەرشتیی بەرپرسی تێکڕای روودانی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان تا پلەی ژنکوژیی لە ماوەی پازدە ساڵی رابردیی کە (نێچیروان)ی سەرۆکی حکومەت و یەکەک لە دیارترین پیاوە پیاوسالارەکانی نێو بنەماڵەی دەسەلاتدارە بەڕێوەچوو !!! هەر خودی ئەو سەرپەرشتییکردنە لە لایەن پیاوەکی ئەوتۆ یەکەکە لە مەزنترین توندوتیژییەکان !

– لەو رۆژەدا (مەسعود بارزانی و نەوشێروان مستەفا) کە دوو کەسن لە گەورەترین و کاریگەرترین نێرسالارانی کورد و ٢٣ ساڵە بڕیاردەری یەکەمی کوشتنی دەیان هەزار ژنن لە کوردستان .. لە پیرمام کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر درێژە پێدانی ئەو دەسەڵاتە دەدەن کە توندوتیژترین و دڕندەترین دەسەڵاتی دژ بە ژنانە لە تێکڕای جیهان ، خۆ ئەگەر لەسەر هیچ تشتەک رێکنەکەتبن ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە لەسەر ئەوە رێککەتینە کە درێژە بەو یاسایە کەونەپەرستییەی ( باری کەسیی) و فرەژنیی و هەموو ئەو توندوتیژیی و هەڵاواردنانەی نێوان ژنان و پیاوان بدەن کە ژنانی کوردستانیان بەو دەرەسەرییە بردییە و تا هەنووکەش پێیەوە دەناڵێنن !!! هەرگیز رێکەوت نییە لەو رۆژەدا پەیمانی پیاوسالاریی و ژنکوژیی وەک یەکەک لە مەزنترین تووندتیژییەکان نوێ دەکرێتەوە !

– بە ناو سۆشیال دیموکراتە پەرپووتبووەکانی دەڤەری سەوزی ( ماوە بەسەرچوو ) چاویان بەرایی نەدا تەنانەت (لەو رۆژە)شدا ژنان بە بێ فرمێسک بیگوزەرێنن .. ئەوە بوو زۆر دڕندانە لە بەرانبەر خۆپیشاندانی دژ بە توندوتیژیی گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهینا و ژنانیان لە فرمێسک هەڵکێشا !!! بەوەش مەزنترین توندوتیژییان لە مێژووی سۆشیال – پیاوسالاریی خۆیان تۆمار کرد !