دکتۆر کەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی .

بەشی پێنجەم عەقڵ و دایەلۆگ کەوایە رێگام بدە بگەرێمەوە بۆ پرسیارەکەی پێشووم : وا بزانم پێوەندی راستەوخۆی نێوان عەقڵ و دایەلۆگ بوو . تۆ وتت و ئێستاش لەم نموونانەدا نیشانت […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

بەشی پێنجەم

عەقڵ و دایەلۆگ

کەوایە رێگام بدە بگەرێمەوە بۆ پرسیارەکەی پێشووم : وا بزانم پێوەندی راستەوخۆی نێوان عەقڵ و دایەلۆگ بوو . تۆ وتت و ئێستاش لەم نموونانەدا نیشانت دا کە هەموومان لە ژیانی رۆژانەماندا دایەلۆگی فەلسەفیی وەک میتۆد بەکاردێنین بەلام هوشیاریمان دەربارەی نییە. ئەو میتۆدەش هەوڵدانی عەقڵە بۆ سەلماندنی خۆی وەک وتت : عەقڵ رێبازێک و میتۆدێک دەدۆزێتەوە تا خۆی لە دژی خۆی بخاتە کار تا خۆی بە خۆی بسەلمێنێت “، ئایا ئەم نموونانەی لە سەرەوە باست کردن چۆن ئەمە دەرەدخات؟ چونکە بە راستی ئەوە ئەو نموونانەن کەم یان زۆر لە ژیانی رۆژانەماندا بەکاریان دێنین ؟

– – بۆ ئەوەی بە تەواویی و دڵنیایی وەلامی ئەو پرسە بدەینەوە ، با هەندێ ئەنجامی سەرەوە بێنینەوە یاد :

– ١. وتم لای یۆنانییەکان ئەو کاتە عەقڵ لە دایکبوو کە سەیری قسە / وشە یان کرد وەک بابەتیكی سەربەخۆ کە لە ژیانی مرۆڤدا بەکاردێت بێ گەراندنەوەی بۆ هێزو دەسەلاتیكی سەرووتر . یان گەر دەسەلاتی تر هەبێت ئەوە هەر لە وشە لە [ لۆگۆس] دایە ، لۆگۆس مانای وشەو قسەیە . دەربری عەقڵ و ئایدیایە ، دیارە ئەمە دواتر لای ئەفلاتون مانایەکی تری وەرگرت ودوایی باسی دەکەم . لەبەر ئەوە بەکارهێنانی دایەلۆگ لە دوو دامێنەوە عەقلانییە :

١. وەک دەربڕی ئەو راستییەی کە مرۆڤ زیندەوەریکی کۆمەلیی و پۆلیتییە [ گوندنشین و شارنشینە ] و لە رێگەی زمانەوە پێوەنییەکانی دادەمەزرێنێت و لە دنیاکەی دەگات و کێشەکانی چارەسەر دەکات .

٢. وەک زمان ، قسە ، ئاخاوتن کە بانگدەرو دەرخەرو بەکارخەری [ عەقل ] و [ عەقلانییبوونی ] مرۆڤە . واتە بە بی زمان ، وشە مرۆڤ وەک زیندەوەریکی هۆشمەند ، ژیر ، عاقل ناسینی ئەستەمە . کەوایە بەکارهێنانی زمان ، دایەلۆگ ، خۆی لە خۆیدا چالاکییەکی عەقلانییە ، یان وردتر : چالاکی عەقڵە . بەڵام من لێرەدا عەقل بە مانای گشتی و ئەبستراکتەکەی [ هیگل ] بەکار ناهێنم . تەنیا وەک توانستی تایبەتی مرۆڤ ، هەر مرۆڤێکی تاک ، کە هوشیاریی دەربارەی خۆی دەوروبەری هەبێت و ئەم توانستە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی لە زماندا دەربڕێت . کەوایە عەقڵ دوو لایەنی هەیە : لایەنی گشتی : وەک توانای گشتی هەموو مرۆڤ و هەر مرۆڤێک ، بەم مانایە عەقل هێزێکی گشتیی و ئەبستراکت و بەردەوامی مرۆڤە لە پرۆسەی ژیانی مرۆڤایەتیی و شارستانیی خۆیدا، دووەم : وەک تایبەتی : هێزی هٶشمەندیی و تاکی هەر مرۆڤێک کە لە زمان و بیرکردنەوە بڕیاری سەربەخۆی هەر تاکێکدا خۆی دەردەخا .

کەواتە با سەرنجی دایەلۆگەکانی سەرەوە بدەینەوە بزانین لە دایەلۆگەکاندا چ روو دەدات ؟

١. لە هەموو دایەلۆگەکاندا بیروراو زانیاری گۆڕینەوە هەیە .

٢. ئەوەی پرۆسەی دایەلۆگەکە دروست دەکات جیاوازی بیرو راو ئاست و چەندێتیی و چۆنێتیی زانیاریی و توانستی قەناعەتپێکردنە .

٣. ناوەرۆکی جیاوازییەکە وتنی ئاخاوتن، قسە یان بەلگەی [ دژە ] بەرامبەر ئەوی تر بۆ سەلماندنی رایەکەی خۆت یان گەیشتن بە جۆرێک هاورایی .

٤. کەوایە جەوهەری دایەلۆگ بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەی زانیاریی و بەڵگەی جیاوازو دژە . واتە بەرێوەبردنی پرۆسەی دژەکانە بە ئامانجی ئاشتکردنەوە هەڵوەشاندنەوەو رەتکردنەوە یان سەلماندنی راستیی و کۆنترۆلی ئاخاوتنێک بەرامبەر ئاخاوتنێکی تر . بە مانایەکی تر چارەسەری[ ناکۆکیی دژەکان ] بە ئاخاوتنی عەقلانیی .

٥. ئەو دایەلۆگە قسەیە . قسە دەربڕی عەقڵە یان عەقڵە لە کاتی خۆدەربڕینیدا، کەوایە کاتێ ئێمە دایەلۆگ دەکەین عەقڵ دایەلۆگ لەگەڵ خۆی دەکات ، خۆی خۆی راست دەکاتەوە ، خۆی رەخنە لە خۆی دەگرێت ، خۆی خۆی تەواو دەکات . من کە دایەلۆگ لەگەڵ تۆ دەکەم عەقڵی من تەنیا هوشیاریی رەخنەیی بەرامبەر قسەکانی تۆ نییە ، هەوڵ نادات تۆ راستبکاتەوەو راکانی خۆیت پێ بسەلمێنیت ، بەلکو عەقلی من هوشیاریی دەربارەی ئەوەی خٶشم دەیڵیم یان خۆشی دەیڵێ هەیە و بە پێی پرۆسەی تێککاریی دایەلۆگەکە بیروراکان هەموار دەکا یان پتەو تریان دەکا یان دەیانگۆڕێت . ئەوە بوو مەبەستم کاتێ وتم : عەقڵ رێبازێک و میتۆدێک دەدۆزێتەوە تا خۆی لە دژی خۆی بخاتە کار تا خۆی بە خۆی بسەلمێنێت .

عەقڵ رەخنەیی یە

بەراستی ئێستا مەبەستەکەم لا روونە ، ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە عەقل هەمیشە رەخنەیی یە و ئەو پرۆسە یان میتۆدەی دژی خۆی دەیخاتە کار میتۆدێکی رەخنەیی یە بەو مانایەی کە هەمیشە لە پرۆسەی زمان و دایەلۆگدا ئامادەی ئاڵوگۆری زانینی زیاترو تێگەیشتن و گۆڕان و پەڕەسەندنە ؟

ئەمە دروستە ، دروستیش نییە . مەبەستم ئەوەیە ئەم پرسە ئاڵۆزە . ئەمە پێوەندی بە دروستبوون و وەرگرتنی ئایدیاکانەوە هەیە . کەواتە لە باسی ئایدیاو ئایدیۆلۆجیدا ئەم بابەتە روونتر دەبێتەوە ، بەلام وەک بۆچوونێکی گشتیی مێژوویی ئەو بیرە راستە : عەقڵ هەمیشە رەخنەیی یە ، لە ئاستی تاکەکەس و کۆمەڵ و شارستانییەکاندا ئەو کاتە عەقل توانستی گەشەکردن و داهێنان و چارەسەری کێشە سەختەکانی ژیانی نامێنێت کە هیزو کارسازیی و کاریگەریی رەخنەییبوونی دەوەستێت . واتە ئەوە راستە کە عەقڵ هەمیشە رەخنەیی یە ، بەکارکەوتنی عەقڵ بەکارکەوتنێکی رەخنەیی یە بەلام پێوەندی عەقڵ و دەسەلات دەشێ وای لێ بکات عەقڵ ببێ بە دەزگایی ، بە دۆگمایی ، بە دەسەڵاتیی، چ وەک دەسەلاتدار چ وەک بێدەسەڵاتکراو ئەمەش ئەو کاتە دەبێت کە پێوەندی یەکسانیی و ئاسایی و هاوسەنگیی دایەلۆگبوون تێک دەچیت ، دایەلۆگ دەبێت بە مۆنۆلۆگ ، بە یەک قسەیی، مۆنۆلۆگیی ، یەک لایی ، بە بێدەنگیی و تەنیا دەسەلات هەموو بیرو وتارو کردارەکان و پرۆژەکان بڕیار دەدات .

من هێشتا دەمەوێت زیاتر لەو میتۆدە رەخنەیی یەی عەقڵ / یان دایەلۆگ بگەم کە بەهۆیەوە عەقڵ رەخنە لە خۆی دەگرێت و خۆی تەواو دەکات ؟

– دیسان دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە لەم هەنگاوەی دایەلۆگەکەماندا ، عەقڵ وەک بابەتیکی ئەبستراکت ، وەک ماکینەیەک ، یان هیزێک لە دەرەوەی خۆمانداو لە دەرەوەی زمان سەیر ناکەم . مەبەست ئەوە نییە کە هوشیارییەکی سەربەخۆ لە خۆمان و لە قسەکانمان و کردەوەکانمان هەیە کە خۆی تەواو دەکات ، گەرچی دوایی دەبینین ئەم مانایەش وەک خڕبوونەوەی عەقلی بە کۆمەڵیی مرۆڤایەتی ، وەک مێژوو ، وەک زانستی ئایدیا ، مانا پەیدا دەکات یان وەک ئایدیالیکرنی عەقل و بابەتییکردنی یان وەک دین . ئێستا مەبەستمان ئەوەیە روونی بکەینەوە چۆن پرۆسەی عەقڵ و عەقلاندن ، کارسازیی لۆگۆس ، لەناو زمان خۆیدا لە دایک بوو، چۆن لە دایەلۆگەوە ئەو پرۆسە یان میکانیزمە یان میتۆدە رەخنەیی یە دەرکەوت کە بیرکرنەوەی رەخنەیی فەلسەفیی فێری مرۆڤی یۆنانیی ئەوسا لاتینیی و لەوانەوە رۆژاوایی بکات و ئەمەش بووە هۆی لە دایکبوونی زانست و تەکنۆلۆجیاو کۆمەلگای مۆدێرن و ئەو دنیایەی ئێستا لە رێگەی مۆبایلێکی بچووکەوە کۆنترۆلی بەسەر هەمووماندا هەیەو لە جیاتی مرۆڤان سەدان هەزار کۆمپیوتەر هەموو دەقیقەیەک قسە لەگەڵ یەکدیی دەکەن و ئەم دنیایە بەرێوە دەبەن . بێگومان ئەمەش جۆرێکە لە بابەتییکردن و تەکنۆلۆجییکردنی عەقل ، بەلام ئێمە ئێستا باسی لەدایکبوونی میکانیزمی عەقل لە ناو خودی زماندا دەکەین . دۆزینەوەی میکانیزمی عەقلی رەخنەیی لە ناو زمانداو دامەزراندنی بە زمان، چونکە عەقڵ و زمان دوو شتی جیاواز نین . دەتوانین بڵێین عەقڵ هوشیاریی زمانە دەربارەی خۆی بەلام هەر وەک چۆن زمان تەنیا لە بەکارهێناندا بە تایبەتی لە دایەلۆگدا هوشیارییەکەی دەردەبڕێ ئەوە مانای ئەوەیە عەقڵ هەر لە بەکارهێنانی مرۆڤانەیدا خۆی دەردەبڕێ.

لە سەرەوە وتم : [ جەوهەری دایەلۆگ بەرهەمهێنان و گۆڕینەوەی زانیاریی و بەڵگەی جیاوازو دژە . واتە بەرێوەبردنی پرۆسەی دژەکانە بە ئامانجی ئاشتکردنەوە هەڵوەشاندنەوەو رەتکردنەوە یان سەلماندنی راستیی و کۆنترۆلی ئاخاوتنێک بەرامبەر ئاخاوتنێکی تر. بە مانایەکی تر چارەسەری [ ناکۆکیی دژەکان ] بە ئاخاوتنی عەقلانیی . ]] ئەمە ئەفلاتون ناوی ( دایەلیكتیک ) ی بەسەردابڕی . بەم مانایە ئەفلاتونییە کە لە دایەلۆگە سۆکراتییەکاندا بەکارهاتووە:

The dialectical method is discourse between two or more people holding different points of view about a subject, who wish to establish the truth of the matter guided by reasoned arguments.

میتۆی دایەلێکتیکی بریتیە لە ئاخاوتن لە نێوان دوو کەس یان زیاتردا کە بیروبۆچوونی جیاوازیان هەبێت و دەیانەوێت راستیی بابەتێک یان پرسیك لە رێگای گفتوگۆی عەقلانیی چارەسەر بکەن .

The Republic (Plato), 348b

http://en.wikipedia.org/wiki/Dialectic#cite_note-1

 

واتە کە دوو کەس یان زیاتر ئاخاوتن دەکەن لە پێشەوە جیاوازی لە نێوان زانیاریی و بیرو بۆچوونەکانیان دەردەکەوێت، هەنگاوی دووەم ئەو جیاوازییە وەک ‘ناکۆکی’ بۆچوون دەردەکەوێ بەلام لە رێگای گۆڕینەوەی بەلگەی زیاتر و بیری چاکتر دوایی دەگەنە ئەنجامێک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکە. ئەم تێگەیشتنە سەرەتاییەی دایەلیکتیک دوایی لای فەیلەسوفەکان بە تایبەتی هیگل و مارکس بوو بە چەمکیکیئ فەلسەفی گرنگ و دایلەکتیکیان، گەرچی بە شێوەی جیاواز، وەک یاسایەکی دینامیکی سروشتی و مێژوویی و کۆمەلایەتی ناساند بۆ پەڕەسەندن و پێشکەوتنی مێژووی کۆمەلگای مرۆڤایەتی؛ واتە پەرەسەندن لە رێگای بەربەرەکانی و چارەسەریی ناکۆکییەکانەوە.

بەلام ئێستا مەبەستی ئێمە مانا سۆکراتییەکەی دایەلیکتیکە کە بریتییە لە تەکنیکێکی ئاخاوتن یان دایەلۆگ. واتە

dialectics : A method of argument or exposition that systematically weighs contradictory facts or ideas with a view to the resolution of their real or apparent contradictions.

واتە دایەلێکتیک میتۆدیکی ئاخاوتن یان دەرخستنە کە بە شێوەیەکی سیستیماتیکی راستیی یان بیرە دزەکان هەڵدەسەنگێنێت بە ئامانجی چارەسەری ناکۆکیی روالەتیی یان راستەقینەیان.

http://www.thefreedictionary.com/dialectic

ناکۆکی دژەکان :

ناکۆکی دژەکان بە ئاخاوتنی عەقلانی؟ ئەمە وەک بیرێکی فەلسەفیی زۆر نایاب ودەگمەن دەردەکەوێت. بەلام راستیی ئەم میتۆدە ئەو میتۆدەیە کە سۆکرات بەلای کەمەوە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا بەکاری هێناو ئەفلاتون لە [دایەلۆگە سۆکراتییەکان] یدا نموونەی زیندووی بەکارهێنانی میتۆدەکەمان لە لایەن سۆکراتەوە خۆی دەداتێ.

بەلام راستییەکەی ئەوەیە کاتێ ئێمە کە زمان بەکاردێنین زۆربەی کات هۆشیارییمان دەربارەی نییە، ئێمە عەقڵ/زمان وەک هەموو شتێکی بایۆلۆجی /کۆمەڵایەتی دراو و پێسەلمینراو بەکاردێنین، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، هەرەمەکی، غەریزیی، بێسەروبەریی . لە بەر ئەوە ناکرێ زمانیش رێزمان و میتۆدی ئاخاوتنی نەبێت.

لە دایکبوونی میتۆدی فەلسەفیی سۆکراتیی

دیسان من خەریکە جەمسەری شتەکانم لا ئالٶز دەبێتەوە.. لە پێشەوە وتت هەموو رۆژ دایەلۆگی ئاسایی دەکەین و نموونەشت ‌هێنانەوە، وتیشت ئەم دایەلۆگانە ناوەرۆکی فەلسەفی یان میکانیزمی فەلسەفی هەر شتێ بێت تێدایە کە ناوت نا: ناکۆکی دژەکان و بەرێوەبردنیان بە ئاخاوتنی عەقلانی؟ ئایا مەبەستت ئەوە یە ئەمە روودەدات یان رەنگە روو بدات بە بێ ئەوەی خۆمان هوشیارییمان دەربارەی پرۆسەو ناوەرۆکی قسەکانمان هەبێت؟ ئەمە چی دەگەیەنیت بۆ ناساندنی سروشتی دایەلۆگ بە تایبەتیی و ئاخاوتن یان بەکارهێنانی زمان بە گشتیی؟

– بەلێ ئەمەیە مەبەستم. جاری وایە دەشێ دە سەعات دایەلۆگ بکەین و ئەنجامێكی عەقلانی بەدەستەوە نەدەین. نەزانین چۆن قسە دەکەین، تەنانەت سەیر نییە کە نەشزانین باسی چی دەکەین گەرچی لامان وابێت دەزانین .

سەیر نییە زانینی نهێنیی ئەم نەزانییە سەرەتای هەرە بەهیزی لە دایکبوونی میتۆدی فەلسەفیی بێت. دەلێم میتۆدی فەلسەفیی نەک فەلسەفە، چونکە بەلای منەوە فەلسەفە وەک سیستمێکی ئایدیایی مرۆڤی/کۆمەلایەتی/گەردوونی تەواو لە لەلایەن زەردەشتیزمەوە دامەزرا. بەلام میتۆدی فەلسەفی لە فەلسەفە جیایە. میۆدی فەلسەفی فەلسەفاندنە واتە چۆن فەلسەفە دەکەین، فەلسەفە کردن لە هوشیاری دەبارەی زمان زیاتر نییە. زمانیش وتمان لۆگۆس – ە عەقڵە، زانینە. بیراندنە. هۆشیاریی دەربارەی بەکارهێنانی زمان و پرۆسەی دایەلۆگ و ئاخاوتن دەبێتە وانەی یەکەمی فێربوون و فێرکردنی فەلسەفە.

گەر لای سۆکرات قسەت بکردایە و خۆت لەوە زاناتر بزانیبایە کە نازانی کە نازانی، یان خۆت وا نیشاندابایە کە دەزانی کە دەزانی یان لە خۆت زیاتر دەزانی، ئەوە حەتمەن تووش دەبووی؟ چۆن؟ ئەمە سەرەتای لە دایکبوونی فەلسەفەمان وەک میتۆدی بیرکردنەوەو رەخنەی عەقلانیی دەداتێ.

ماسیم بۆ مەگرە فێری ماسیگرتنم بکە

واتە ئەم هەموو هێنان و بردنە دەربارەی زمان و دایەلۆگ و عەقڵ ، خۆ ئامادەکردن بوو بۆ تێگەیشتنی میتۆدی فەلسەفیی سۆکرات؟ ىۆچی میتۆدی سۆکراتیی ئەوەندە بەلاتەوە گرنگە؟

-: ئەو قسەت بیستووە کە دەلێت: ماسیم بۆ مەگرە ، فێری ماسیگرتنم بکە. ئەمە دەشی ببێتە نموونەکار بۆ چەندین دارشتەی لۆجیکی لەم شێوە. ئەوەی لێرەدا لای من گرنگە ئەوەیە: زانینم مەدەیە، فێرم بکە چۆن زانین بەدەست بێنم. یان لەمە گرنگترو گەوهەرییتریش: ئامۆژگاری عەقڵانیم مەکە فێرم کە خۆم عاقڵ بم، عەقڵی خۆم بەکاربهێنم. عەقڵم ئازاد بێت و تا خۆم ئازادانە نەمەوێت پشت بە هیچ عەقلیکی تر نەبەستم. ئەمەیە ئەرکی فەلسەفە: کۆکردنەوەی قسەو حیکمەتی کۆنی فەیلەسوفەکان نییە، قسەو زانین هەرچەندە گرنگ و بەنرخ بن کۆن دەبن زانین و روانگەی نوێ جێیان دەگرێتەوە. ئەمڕۆ کێشەی کەمیی زانینمان نییە کێشەی زۆروزەبەندیی زانیاریمان هەیە لە هەموو بوارێکدا، لە هەموو ئاستێکدا ، بە هەموو جۆرێک و لە هەموو چەشنێک. چۆن سەری خۆمان لەو هەموو زانیارییە دەرەدەکەین گەر وەک لە سەرەتاوە وتم: سەرمان نەبێت، واتە ئاشنای زانستی بیرەکان نەبین. عەقل وەک پارە نییە. پارە هەمان هێزی دراوە، بۆ هەموو شتیک بەکاردێت. هەموو کاڵایەکی پێ دەکردرێت. پارە دەگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، سەرف دەبێ، دەبڕێ، بەەدستدەهێنرێتەوە. بەلام عەقڵ ناکڕدرێ و ناگوازرێتەوە. عەقڵی خۆت تەنیا هی خۆتە. مڵکی سەرەتایی و ئەبەدی خۆتە تا لە ژیاندا بمێنیت. بنامایەکە لە بن نایە ، لە هەموو شوێنیک لە گەڵتایە، ئەو هێزەیە کە زانینی دنیاو دنیا دەخاتە بەردەستت، زانایەکان، فەیلەسوفەکان، حەکیمەکان، لە تۆ زیاتر نەبوون و نین. جیاوازییەکە جیاوازی نێوان بەکارخستن و لە کارخستنی عەقڵە.

لەم قسانەتەوە گەیشتمە ئەو ئاکامەی کە میتۆدی سۆکراتیی ئەوەمان فێر دەکا خاونی عەقڵی خۆمان بین، عەقل وەکار خەین نەک لە کارخەین؟

فێرمان دەکا هەوڵ بدەین ببینە خاوەنی عەقڵی خۆمان ، خاوەنی بیرکردنەوەی خۆمان بین، ئاگاداری ئەو کۆتوبەندە هوشیارو ناهوشیارانە بین کە عەقڵ چەواشەکارو نەکار دەکەن. فێرمان ناکا چۆن عەقڵ بەکاربێنین بەلام فێرمان دەکا ئاگاداربین لە رادەی نەزانیی خۆمان و داننان بە نەزانی بکەینە سەرەتای فەلسەفاندن و بیرکردنەوەی فەلسەفی واتە نەک وەک: نازانم رەحەتی گیانم، بەلکو وەک وامزانی دەزانم بەلام ئێستا دەزانم کە نازانم و دەمەوێ فێربم چۆن ژیرانە بیربکەمەوەو میتۆدی ئاخاوتنی عەقڵانی فێر ببم، ببمە فەیلەسوف چونکە هەموو کەسێک کە فێری میتۆدی بیرکردنەوەی فەلسەفیی بێت دەتوانێت ببێت بە فەیلەسوف هەروەک چۆن هەموو کەسێک کە فێری راوەماسی ىێت دەتوانێ ماسی راوبکات، هەموو کەسێک کە فێری میکانیزمی سەیارە لێخورێن بێت دەتوانێت سەیارە لێبخورێت، هەموو کەسێک کە فێری ماتماتیک بێت دەتوانێ ببێتە ماتماتیکەوان. گەرچی دیارە پرسە فەلسەفییەکان ئالۆزترن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دکتۆر کەمال میراودەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر کەمال میراودەلی