له‌سه‌ر داوای‌ پارتی‌ ، تاڵه‌بانی‌ پلانی‌ بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتی‌ داڕشتوه‌ .

به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ سه‌ره‌تاكانی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرمی‌ ناو یه‌كێتی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا‌و دورستبونی‌ لیستی‌ گۆڕان ئاشكراده‌كات كه‌ له‌سه‌ر ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ پارتی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ پلانی‌ بۆ ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان داڕشتوه‌و یه‌كگرتنی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵیش له‌گه‌ڵ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ سه‌ره‌تاكانی‌ جیابونه‌وه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرمی‌ ناو یه‌كێتی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا‌و دورستبونی‌ لیستی‌ گۆڕان ئاشكراده‌كات كه‌ له‌سه‌ر ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ پارتی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ پلانی‌ بۆ ده‌ركردنی‌ نه‌وشیروان داڕشتوه‌و یه‌كگرتنی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵیش له‌گه‌ڵ باڵی‌ ریفۆرمدا به‌تاكتیك وه‌سفده‌كات.

ئا: هاوكار حسێن

ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پێگه‌ی‌ ویكیلیكسه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌، ئاشكرایده‌كات كه‌ نیازی‌ دروستكردنی‌ لیستی‌ جیا له‌لایه‌ن نه‌وشیروانه‌وه‌، ترسی‌ لای‌ پارتی‌ دروستكردوه‌ به‌وپێیه‌ی‌ بوه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و په‌یوه‌ندیه‌كانیان.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ناو به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، هه‌ر زو دوای‌ ئاگاداركردنه‌وه‌كه‌ی‌ پارتی‌، تاڵه‌بانی‌ ده‌ستیكردوه‌ به‌هه‌نگاونان به‌ئاراسته‌ی‌ “ده‌رپه‌ڕاندنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتیدا”، به‌مه‌به‌ستی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ دروستیكروه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ” تاڵه‌بانی‌ بۆ دواینجار ئاگاداری‌ نه‌وشیروانی‌ كردوه‌ته‌وه‌: یان له‌گه‌ڵی‌ كاربكات بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ یان یه‌كێتی‌ جێبهێڵێت”.

له‌باره‌ی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌، زانیارییه‌كانی‌ ناو به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ “پشتیوانیكردنی‌ كۆسره‌ت بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی‌ رون نیه‌، ره‌نگه‌ ئه‌م یه‌كگرتنه‌ی‌ ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ دیكه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرم ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی‌ تاكتیكی‌ بێت”.

مێژوی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ بۆ ساڵی‌ 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، تێیدا هاتوه‌، “راگه‌یاندنی‌ ئه‌م لیسته‌ نوێیه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌. به‌پێی‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ كردوه‌”.

ئای‌ دی‌: 09BAGHDAD476

بابه‌ت: لیستی‌ گۆڕان ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌

سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا

به‌روار: 24ی‌ شوباتی‌ 2009

پۆلێن : زۆر نهێنی‌

پوخته ‌:

نیازی‌ دروستكردنی‌ لیستێكی‌ جیا له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا (2009) له‌لایه‌ن جێگری‌ پێشوی‌ یه‌كێتی‌، نه‌وشیروان مسته‌فا قه‌یرانێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا له‌نێوان تاڵه‌بانی‌‌و ریفۆرمخوازه‌كانی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ دژی‌ پلانی‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ نه‌وشیروان له‌ناو یه‌كێتیدا. ئه‌گه‌ری‌ له‌ده‌ستدانی‌ به‌شێكی‌ ده‌نگه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و چونی‌ بۆ لیسته‌ نوێیه‌كه‌، گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بهه‌ژێنێت. سه‌ركرده‌ی‌ هه‌ردو لایه‌نی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ سودمه‌ندبون له‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ ئێستا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌دابه‌شكاری‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌شێت یه‌كێتیه‌كی‌ لاواز رێككه‌وتنێكی‌ له‌مشێوه‌یه‌ په‌كبخات كه‌ پێشتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردولادا بوه‌ (دوریش نیه‌ ناكۆكیه‌ ناوخۆیه‌كانی‌ حزبیش زیاتر بكات).

نه‌وشیروان ئه‌مری‌ واقیعه‌كه‌ ده‌هه‌ژێنێت

له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2009، نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری‌ پێشوی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ئاشكرایكرد كه‌ به‌نیازه‌ به‌لیستێكی‌ جیا به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی‌ ئه‌و ساڵه‌ بكات، ئه‌مه‌ش به‌سودوه‌رگرتن له‌به‌نده‌كانی‌ ناو یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراق كه‌ رێگه‌ی پێده‌دات به‌لیستێكی‌ سه‌ربه‌خۆ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، به‌مه‌رجێك بتوانێت ئیمزای‌ 500 كه‌س كۆبكاته‌وه‌. به‌پێی‌ وته‌ی‌ یه‌كێك له‌كه‌سه‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، ئه‌ندامی‌ پێشوی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسییه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا پلانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بۆ راگه‌یاندنه‌كان ئاشكراكردوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌رنجڕاكێشانی‌ جه‌ماوه‌رو پارته‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كان پێش ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌سمی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ رابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام تۆفیق ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند، كه‌ له‌ئێستادا نه‌وشیروان هیچ پلانێكی‌ نیه‌ بۆ دروستكردنی‌ حزبێكی‌ نوێ‌.

پارتی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

راگه‌یاندنی‌ ئه‌م لیسته‌ نوێیه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌. به‌پێی‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ كردوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ كه‌ پێشتر به‌هۆی‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌وه‌ به‌لیستێكی‌ هاوبه‌ش به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردوه‌و كورسیه‌ براوه‌كانیشیان به‌یه‌كسانی‌ له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردوه‌. سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ وایان لێكداوه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان ده‌نگێكی‌ زۆری‌ یه‌كێتی‌ بۆ خۆی‌ ده‌بات، بۆیه‌ هه‌ستیانكردوه‌ چیتر مه‌عقول نیه‌ له‌رێگه‌ دابه‌شكردنی‌ كورسیه‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌شێوه‌ی‌ نیوه‌ به‌نیوه‌، خه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ بكه‌ن.

تاڵه‌بانی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ قوڵترده‌كاته‌وه‌

تۆفیق ره‌حیم پێی‌ وتین، هه‌ر زو دوای‌ ئاگاداركردنه‌وه‌كه‌ی‌ پارتی‌، تاڵه‌بانی‌ ده‌ستیكرد به‌هه‌نگاونان به‌ئاراسته‌ی‌ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتیدا، به‌مه‌به‌ستی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ كه‌ نه‌وشیروان له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ (رێككه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) دروستیكردبو. چه‌ندین سه‌رچاوه‌ له‌سلێمانی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ پشتڕاستكردینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ هه‌ستی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ له‌لای‌ چه‌ندین ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ له‌باڵی‌ ریفۆرمخوازه‌كان دروستكردوه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ته‌واو نزیكبون له‌نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌، له‌وانه‌: عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌، جه‌لال جه‌وهه‌ر، مسته‌فا سه‌ید قادر، عوسمان حاجی‌ مه‌حمود. ئه‌مانه‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ناڕه‌زایه‌تیان پێكهێنا، به‌تایبه‌ت كاتێك كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی‌، جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌ چوه‌ پاڵیان. هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ وازهێنانیان كرد ئه‌گه‌ر بێتو تاڵه‌بانی‌ پلانه‌كه‌ی‌ بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی‌ نه‌وشیروان جێبه‌جێبكات. (به‌پێی‌ زانیارییه‌كانمان، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ وه‌كو جارانی‌ پێشتر بۆ دواینجار ئاگاداری‌ نه‌وشیروانی‌ كردوه‌ته‌وه‌: یان له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی‌ كاربكات بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ یان یه‌كێتی‌ جێبهێڵێت). به‌هۆی‌ ناڕازیبونیان له‌شێوازی‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی‌ تاڵه‌بانی‌، ریفۆرمخوازه‌كان به‌رده‌وامبون له‌داواكارییه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانیان بۆ شه‌فافیه‌تی‌ زیاتر له‌داهاتی‌ یه‌كێتی‌‌و بڕیاردان به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراتیانه‌ی‌ راسته‌قینه‌ له‌ناوخۆی‌ حزبدا. راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان‌و سه‌رچاوه‌كان له‌سلێمانی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌كۆتاییدا هیچ شتێك چاره‌سه‌ری‌ كۆتایی بۆ نه‌كراو لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانیش به‌رده‌وامبون له‌كۆبونه‌وه‌كانیان.

كۆمێنت :

سه‌رچاوه‌ی‌ زانیاریه‌كان له‌سلێمانی‌ وامانلێده‌كات پێمانوابێت تاڵه‌بانی‌ بڕیاریدابێت به‌زویی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ جدییه‌ی‌ وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی‌ ناوخۆیی وایه‌ له‌ناو حزبه‌كه‌یدا، كۆتایی پێبێنێت، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی‌ ده‌رپه‌ڕاندانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا مه‌یسه‌ر ده‌بێت، به‌مشێوه‌یه‌ش ده‌توانێت مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ له‌هه‌ر زیانێك بپارێزێت. له‌هه‌مانكاتدا تاڵه‌بانی‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ئه‌نجامدانی‌ دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ چاكسازیی‌. به‌ڵام تاڵه‌بانی‌ ئه‌م دیدارانه‌ زیاتر وه‌ك تاكتیكێك به‌كارده‌هێنێت بۆ گه‌مه‌كردن به‌كات. بۆ نمونه‌، ته‌نها له‌مانگی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ رابردودا، هه‌ر چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ له‌باڵی‌ ریفۆرم نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ كردو تێیدا داوای‌ چاكسازیی‌ حزبیان لێكرد، ئه‌م داواكارییه‌شیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌راگه‌یاندنه‌كاندا ده‌نگیدایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كانی‌ چاكسازیی‌ هێشتا جێبه‌جێنه‌كراون.

دواین هه‌نگاوی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵیش له‌وچوارچێوه‌یه‌دا بایه‌خێكی‌ زۆری‌ پێدرا به‌هۆی‌ ئه‌و پێگه‌ سیاسی‌و سه‌ربازیه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌ناو هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا. پشتیوانیكردنی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی‌ رون نیه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م یه‌كگرتنه‌ی‌ كۆسره‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ دیكه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرم ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی‌ تاكتیكی‌ بێت. پێده‌چێت له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ تاڵه‌بانیش رێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆسره‌ت له‌چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ باڵی‌ ریفۆرم داببڕێت.

هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی‌ نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ بڕوابونی‌ له‌مێژینه‌ی‌ خۆی‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌ سه‌باره‌ت ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و شێوه‌ پاوانكارییه‌ی‌ هه‌ردو حزبی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ نادیموكراتیه‌‌و بونی‌ ئۆپۆزسیۆنێكی‌ سیاسیی‌ راسته‌قینه‌ پێویسته‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌یه‌وێت ببێته‌ سیستمێكی‌ دیموكراسی‌ راسته‌قینه‌. له‌راستیدا نه‌وشیروان دژی‌ ئه‌و شێوه‌ پێكهێنانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هاوبه‌شی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیه‌ كه‌ ریشه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1992، له‌پاش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، ئه‌ویش به‌هۆی‌ هه‌مان هۆكاری‌ پێشو.

ئه‌م لیسته‌ نوێیه‌ی‌ نه‌وشیروان زیاتر بوه‌ته‌ كێشه‌ بۆ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، ئه‌وه‌ش نه‌ك به‌ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌م لیسته‌ نوێیه‌ ده‌نگه‌كانی‌ پارتی‌ بۆ خۆی‌ ده‌بات. هه‌ردو سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ سودمه‌ندبون له‌م شێوازه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم‌و یه‌كێتیه‌كی‌ لاواز‌و دابه‌شبو زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌م رێككه‌وتنه‌ی‌ كه‌ پێشتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردولادا بوه‌. سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش، ترسی‌ كۆتاییهاتنی‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی‌ نێوان دو پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ ده‌شێت ناكۆكیه‌كانی‌ ناوخۆی‌ حزب قوڵتر بكاته‌وه ‌.

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد