Xiam

دکتۆرکەمال میراودەلی : حیکایەتی ژیان و بوون وەک خەیام وێنای دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

 بەشی چوارەم .

لێکدانەوەی چوارینەی ٢١-٣٠

(٢١)

هاتمە گەردوون – بۆچی؟ نازانم

بۆ کوێ وەک رووبار، وا سەرگەردانم؟

وەک شەوەبایەک لە وێرانەدا

نازانم بۆ کوێ هەڵدەکات ژیانم

(٢٢)

چییە بێ پرسیار هاتووم بۆ ئێرە

چییە بێ ئیختیار من دەڕۆم بۆ وێ ؟

ئای چەند کاسە لەم ، مەیە حەرامە

خنکاندیان یادەوەرییەکەی ترێ !!

(٢٣)

لە سەر رووی زەوی ، تا زەحل و موشتەری

هاتم و لە سەر تەختێ رۆنیشتم

لە سەر رێ چەندین گرێم کردەوە

لە گرێی بوونی خۆم هەر تێنەگەیشتم

(٢٤)

دەرگایەک : کلیلم نەدۆزییەوە بۆی

پەردەیەک : روانین نەکرا لە دوو توێی

تەنێ کورتە ئاخاوتێکی من و تۆ ،

ئەوسا نە من منم و نە تۆ تۆی !!

(٢٥)

نە زەمین دایمێ وەڵام ، نە دەریای شیوەنگێڕ

نە ترسی بنەوشە ، نە تەنیایی خوداوەن

نە ئاسمانی پان کە هەموو ئایاتی ئاشکرای

لە ناو سووڕی شەوو رۆژدا شاراوەن !

(٢٦)

ئەوسا بۆ فەلەک خۆی هاوارم برد

پرسیـم : کام چراو قەدەر ڕێبەرە

بۆ ئەو منالەی تاریکە رێگای ؟

ئاسمان وتی: بە کوێریی ڕێ بگرە !

(٢٧)

تۆ لە ناو مندا لە ودیو پەردەوە حەشاری

دەستم بەرز کردەوە تا بتکەم دیاری

چرایەک لە تاریکستاندا بوو بینیم

لە دەرەوەم ‘ من لە ناو تۆدا ‘ کوێرەکاری

(٢٨)

لە لێوی ئەم گۆزە شکاوەی هەڵم گرت

بیستم سادە نهێنییەکی بوون و ژیان

لێو لە سەر لێوم چرپاندی : تا ماوی

مەیخۆر بە ، جارێکی ترنایەیتەوە ، ئامان؟

(٢٩)

گۆزە پێی وتم بە زمانێ رەوان :

” زەمانێک منیش خاوەنی ژین بووم

زۆرحەزم دەکرد لە ماچی لێوان “

سەرسام بووم چەندی داوەو چەندی ستان

(٣٠)

بەیانییەک لە ناو قەدی بازاڕا

بینیم گۆزەکەر قوڕی دەشێلا

بە زمانی وەریو بیستم نالاندی

” هێمن بە ئاخر رۆحمت نەهێڵا “

( ٢١ )

ئاه ، دڵەکەم ، دیارە ورد گوێم لێدەگری ، تۆش ئێستا پرسیاری قورسم لێدەکەی ؟

دەپرسی : ئەرێ ئێمە بۆ لێرەین ؟ ئەم هەموو ئازارو ژانە بۆ ؟  ئەم هەموو شەرو جەنگ و پێکهەڵپڕژانە بۆ ئەم کەمە ژیانە ، بۆ؟  ئەم هەموو خەمو ئازارو گریانە ، بۆ ئەم دنیا وێرانە ، بۆ ؟ دەزانی من عالمی دین و زانستم ، گەورەشارەزام لە ئەستێرەناسی و پسپۆری متماتیکم . فەلسەفەی یۆنان و ئیسلامم بەردەست کردووە . قورئانم بەرگاو بەرگ لە بەرەو چەندین جار خەتم و دیراسەم کردووە ؟ بەلام راستیی بۆ تۆ دەدرکێنم ؛ لە هیچ شتێک نەگەیشتووم بە یەقین ؟ وەلامیكی جددیی هیچ پرسیاریکی جددیم وەرنەگرتووە ، جا گوێم لێبگرە گەشتی گومانی خۆمت بۆ بگێڕمەوە . دڵنیابە هیچ شتێکم بە چاوی نوقاوو مێشکی داخراوەوە وەرنەگرتووە .

بۆ هاتووینە گەردوون و چۆن ؟ نازانم . .

بۆچی وەک جۆگەئاوێک لە کونجەزەوییەک هەلقولاوین و سەرگەردان رێگەدەگرین ؟ نازانم

بۆچی بۆ ماوەیەکی کەم تەمەنم لەم وێرانەی دنیادا وەک شنەبایەک هەلدەکاو وەک گەردەلوول لە منالییەوە بۆ پیریی ، لە نێوان خەوو هۆشیاریی و شایی وبۆشاییدا ، بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوەو بەسەر دەچێ : نازانم ؟

( ٢٢ ) 

من کە خۆم دیتەوە لەم دنیایەدا فڕێدرابووم ، کەس پرسی پێ نەکردبووم ؟

من کە دەبێ رۆژێ ، ساتێ ، بە هەر رووداو قەدەرێک بێت ، ئەم دنیایە چێ بێلـم ، بۆ خۆم هیچ خواست و ئیختیارێکم لەمەدا نییە . سات و شوێن و رەوشەکەی خۆم هەڵی نابژێرم .

بیر لە حیکایەتی مەی بکەوە؟

مەستیی مەی بۆ خنکاندنی بیرەوەری ترێ یە ، بیرەوەری هەموو ئەوانەی لە دامێنیدا رەنجیان داوە و مەست بوون و رۆێشتوون ، ئێمە بەردەوام بیرەوەرییەکانمان بە مەستییەکانی ژیان دەخنکێنین تا بتوانین کارەساتی سەرووی خواست و توانستی خۆمان ، لە بیر بەرینەوە .

( ٢٣ )

من وەک ئەستێرەناسێکی خولیای زانست و عەوداڵی سۆراغی نهێنییەکان ، لە دیاردەو پەیداکانی زەمین تا زوحلەو موشتەری سەر نجم داو لەو رێگایەی زانین و تۆژێنەوەدا زۆر گرێی سەختی دیاردەکانی سروشتیم کردەوە ، بەلام هەرگیز یەک تۆز زانیارییم لە سەر نهێنیی و مەبەستی بوونی خۆم بۆ زیاد نەبو و، هیچ لە شوناسی خۆم حاڵی نەبووم .

( ٢٤ )

ئەمە ئەو دەرگایە نهێنییەیە کە هیچ کلیلیكم بۆ نەدۆزیەوە ، ئەو پەردەی رازەیە لە نێوان زەمین و ئاسماندا کە نەمتوانی لە هیچ درزو کونێکەوە بۆی بڕوانم . ئەوەی هەیەو نییە ئەو ئاخاوتن و باسە کەم و کورتەیە کە من و تۆ ماوەیەک بۆ یەکتری دەکەین و خۆمانی پێوە دەخافڵێنین . لە نەکاوێک دەزانین شتێک نییە من و تۆ بووبین . ئەو هەموو زانا مەزنانەی بیرو مێشکی خۆیان ماندوو دەکەن ، ماوەیەک دنیا بە ئاخاوتن و تێڕوانینەکانی خۆیان مەشغوڵ دەکەن ، لە نەکاوێکدا تەواو دەبن و، لە بیر دەچنەوە، وەک نەبووبن ، بیرو زانستیشیان خەلکی دی وەک دەیانەوێ لێکی دەدەنەوەو بەکاری دێنن، یان تووڕی هەڵدەدەن . خوا دەازنێ دوای مەرگی منیش چی لە زانستەکەم دەکەن، چ گەمژەیەک گاڵتە بە شیعرەکانم دەکات .

( ٢٥ )

ئەمە بۆ وایە ؟ زەمین بە هەموو پانیی و قووڵیی دیاردەو رووداوەکانی خۆیەوە وەلامی نەدامێ . دەریا بە شەپۆلە شیوەنگێرەکانی نەمزانی بۆچی و بۆ کێ شێوەن دەکا ، نەمزانی گریانی شەنمی بەرەبەیانیانی بنەوشە لە ترسی چییە ، خودا بۆچی تەنیایە و چ دەکات ، ئەو ئاسمانە بەرینەو ئایاتی ئاشکرای خۆرو مانگ و ئەستێرەکانی کە بەڵگەی مەزنی بوونی کردگاری مەزنن ، لە ناو سووری شەوو رۆژدا چ نهێنییەکییان شاردوونەوە ، هیچیان سەرەداوێکیان لە نهێنی بوونی خۆم و سەرەتاو چارەنووسم نە دامێ .

(٢٦)

بێهومێد و بێدەسەڵات ، هاوارم بۆ فەلەک خۆی کرد . پرسیم ئەو منالەی مرۆڤ کە لە تاریکیدا هەنگاو دەنێ و هەمیشە هەڵە دەکاو هەڵدەنگوێ ، چ چرای زانست و وەلامی دڵنیا بۆ پرسەکانی هەیە ؟ ئاسمان پێێ وتم : ئەو پریسیارانەی تۆ دەیانپرسی لەمەڕ نهێنی بوونی مرۆڤ، لە کوێوە هاتووەو بۆ بۆتە خاوەنی ئەم حێکایەتەی بوون وژیان ، ئەمانە لە حوکمی عەقڵی تۆدا نین و هەر دەبێ بە تاریکی هەنگاو بنێی ؟

(٢٧)

خوداوەند، تۆ لەو دیوی پەردەی نهێنی بوونمەوە حەشاری ، من هەموو لەحزەو تاوێ هەستت پێ دەکەم، دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە تا خۆم لە تۆدا وتۆ لە ناو خودی خۆمدا ببینم . پەییم بە نهێنی ئەستێرەکان بردو چرایەکم لە تاریکستانی وجود دا بینی . بەلام من هەر لە دەرەوەم و بەشێک نیم لە زانستەکانت .  [ من لە ناو تۆدا ] دەگاتە کوێرەرێگایەک و زانستکاری نامێنێ .

(٢٨)

بەلام عەقڵم کۆڵی نەدا و بە پرسیارەکانی هەراسانی کردم . ناچار گەرامەوە بۆ راستیی و دیاردە سەرنجدراوەکانی سروشت و جیهان و ژیان . دوێنی لەو دەشتە لەتکە گۆزەیەکم هەڵگرتەوە . لێوی لە سەر لێوم داناو نهێنییەکی سادەی بوون و ژیانی بە گوێدا چرپاندم و وتی : تا لە ژیندای مەی ژیان بنۆشەو تامی خۆشییەکانی بچێژە ! ئامان ، کە رۆیشتی جارێکی تر نایەیتەوە ئەم دنیایە .

(٢٩)

ئەوسا بە زمانیکی رەوان نهێنییەکی سەیری بۆ درکاندم . وتی : زەمانێک منیش مرۆڤیكی زیندە و گەنج و قیت و قنچ بووم وەک تۆ ، زۆر حەزم لە ماچی لێوان بوو .”

ئەوسا گۆزەکە بێدەنگ بوو ، لە دەستم بەربۆەو کەتەوە سەر خاک . منیش رامام و بیرم کردەوە داخۆ ئەم لەتە گۆزە چەند ماچی لێوی کردبێ ، چەندی بەخشیی بێ و چەندی ستاندبێ !

(٣٠)

بەیانییەکیش بە لای گۆزەکەرێکدا گوزەرم کرد .  خەریک بوو قووڕی دەشێلا بۆ هەویری گۆزەکانی . گوێم لە نووزەی قووڕەکە بوو دەیناڵاند : هێمن پێم بێدا بنێ ، ئەوەندەت ئازار دام رۆحمت نەهێڵا . ئەرێ دەبێ ئەو قووڕەش رۆحی ئێمە بێت ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت