Dofski

دکتۆر ضیاء نافع : سەلامە موساو دستۆفسکی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە عەرەبیەوە  : جیهاد موحەمەد

لە ساڵی(١٨٨٧ـ ١٩٥٨)سەلامە موسا کتێبێکی بە ناوبانگی بە چاپگەیاند لە ژێر ناونیشانی ( ئەوانەی فێریانکردم ) ، ناوی کۆمەڵێک لە ئەدیب‌و بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان دەبات، هەوڵیداوە کە بیرو فەلسەفەو داهێنانی ئەم بیرمەندانە بە خوێنەر بناسێنێت ، لەوانەی کە ناوی بردوون ، دستوفسکی‌و تولستوی‌و گۆرگی ( بە پێیی ڕیزبەندی ناوەکان کە لەو کتێبەدا هاتوون ) . ئێمە لەم بابەتەدا دەمانەوێت کەمێک هەڵوێستە بکەین لەسەر ئەو بیرەی کە نووسەری ناوبراوی کتێبکە نمایشیکردوە دەربارەی تەنیا یەکێک لەو ئەدیبە گەورانەی ڕوسیا ، ئەویش ( فیودور میخایلوفیتش دستویفسکی (١٨٢١ـ ١٨٨١)ە ، هەروا پێوەندیەکانی‌ ئەم ئەدیبە بە ناوبانگەی ڕوسیا بە داهێنانەکانی‌و فەلسەفەکەیەوە .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕێگەنادات بە هەڵوێستەکردن لەسەر تولستۆی‌و گۆرکی‌و خستنەڕووی ڕاکانی سەلامە موسا لەسەریان ، کە مەسەلەیەکی یەجگار گرنگە بۆ نووسین لە سەریان ، ئومێدەوارین دەرفەتمان هەبێت لە پاشەڕۆژدا بەم کارەش هەستین .

ناوی دستویفسکی ، کە بە (دستوفسکی) نووسیوێتی ، هەشتەم ناوە، لەو بیست کەسایەتیە بیرمەندەی کە سەلامە موسا دەربارەیان نووسیوێتی لەم کتێبەیدا ، لە ژێر ناوەکەیدا ناونیشانێکی تری نووسیوە ـ زیرەکێکی بە سۆز ، نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا ئاماژەی داوە بە سەرسامبوونە زۆرەکەیی بە ئەدەبی ڕوسی‌ بە بەراوردکردن بە ئەدەبی ئەوروپی ، ناوی ئەو ئەدیبە ڕوسیانە لە کتێبکەیدا یاداشتدەکات کە سەرسام بووە پێیان وەک ـ ( تۆلستوی ، دستۆفسکی ، گۆرکی ‌، تشیهوف‌و ترجیف ) . ئەوەی کە دیارە ، زنجیرەی مێژووی ئەم ئەدیبانەی لە بەرچاو نەگرتوە لە ڕیزبەندی ناوهێنانیاندا ، بۆیە ناوی گورکی لە پێش ناوی گوگول‌و تشیخوف ، کە بە( تیشهوف !! )نووسیوێتی ، دیسان لە پێش ناوی تورگینفیف ەوە هاتووە .

سەلامە موسا بە ئاماژەدان بە ڕۆمانە کورتەکەی دستوفسکی ـ ( هەژارەکان ) دەستیکردوە بە قسەکردن لەسەریی ، کە ناوی دەبات بە( چیرۆکی یەکەم )، یەکسەر دەپەڕێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر دوا ڕۆمانی دستۆفسکی ( برایانی کارامازوف ) و ناوی دەبات بە (یەکەم ، لە ناو چیرۆکە جیهانیەکاندا) ، دواتریش دەگەڕێتەوە بۆ ناوهێنانی رۆمانی پێش ئەم دوا رۆمانەی دستۆفسکی (تاوان‌و سزا) ، ناوی ئەمیش دەبات بە (چیرۆکی تاوان‌و سزا ) . ئەمانە هەمووی بە شێوەیەکی پەلە دەنووسێت ، بە بێ ئەوەی نووسەر زاراوە ئەدەبیە جێگیرە بەکارهاتووەکانی جیهانی ڕەخنەی عەرەبی لە چیرۆکە کورتەکاندا ، یان چیرۆکە درێژەکاندا یان ڕۆمانەکاندا …هتد ، بەکاربهێنێت ، یان لە بەرچاویانبگرێت، لە دواجاردا دەگاتە ئەم دەرەنجامە دەربارەی هەموو بەرهەمەکانی دستویفسکی داهێنەر ـ ( کۆمەڵە چیرۆکێکی تژی لە سۆز‌و هەستی ناسک کە لە ناخماندا هەستێکی دینی سەوزدەکات، واتا هەستێک کە دەچەسپێت‌و دەمێنێتەوە، هەموو ئەم هەستانەش لە پێناوی بانگهێشتێکدایە بۆ خێرو کاری چاکە‌و خۆشەویستی مناڵ‌و پەرۆشیی دایکایتی‌و چێژوەرگرتن لە خۆبەخشی‌و دوورکەوتنەوە لە مادەو سەروەت‌و سامان‌و خۆپەرستی، هەروەک ژیانی خۆی کە پڕ بوو لەم جۆرە سۆز‌و خۆشەویستیە)، ئەم دەرەنجامە لای سەلامە موسا وەک دەردەکەوێت بە شێوەیەکی گشتی زۆر ورد نییە‌‌و هاوئاهەنگ‌و گونجاو نییە لەگەڵ قوڵیی فەلسەفەکەی و داهێنانەکانی دستویفیسکدا، گوزارشتیش ناکات لە ناوەڕۆکی نووسیەنەکانی‌‌و گرنگیی ‌و بەهاکانی، نامەوێت شیکاریەکی ورد یان هەڵوێستیەک بکەم لە سەر هەندێک لە گوزارشتەکانی ئەو وەسفەی کە کردویەتی لەسەر دیستوفسیکی، وەک گوزارشتی(خۆشەویستی مناڵ) یان (پەرۆشیی دایکرایی ) ، یان قسەکردن لە سەر( چیرۆکگەلێک کە ناوی دەبات بە سۆز‌و ناسکی کە هەستێکی دینیانە لە ناخدا سەوزدەکات )، بڕواشم وایە کە خوێنەری عەرەبی سەردەم بە شێوەیەکی گشتی ئەم وەسفەی سەلامە موسای بۆ دیستوفسکی قبوڵ نییە ، بە هەڵسەنگاندنێکی زانستیانەی وردی سروشتی داهێنانەکانی دستویفسکی‌و بە تایبەتی خەسڵەتە هونەریەکی قبوڵی ناکەن .

لە کۆتادا ، نووسەری ئەم کتێبە قسە لەسەر بەندکردنی دستیویفسکی دەکات ، وەک زانراوە، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵەی بیتراشیفسکی دا ‌و ، حوکمدانی بە لە سێدارەدان لە گەڵ هاورێکانی کە پێوەندییان هەبووە بەم ڕێکخستنەوە ، کە لایەنگریی بیریی سۆسیالیستی فەرنسیان کردوە ، لەم بارەیەوە نووسەر دەڵێت ـ ( کۆبوونەوەکە ، ئاهەنگی لە دایکبوونی نووسەری فەرنسی فورییە بووە ، کە ناوبانگی بە بەرنامەیەک دەرکردوە ، کە تیاییدا پێشنیاریکردوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا ، کاتێک ئەوێ رۆژێ دەخوێنینەوە دەزانین کە لەو رۆژەدا ئەو بیرە خەیاڵیە چەند گێلانە‌و دواکەوتوو بووە ).

ئەوەی کە زانراوە، ڕێکخستنی بیتراشیفسکی گرێدراوی بیرێک بووە کە ناودەبڕێن بە بیری سۆسیالیستی خەیاڵی ، ئەمە جۆرە بیرێکی خەیاڵی بووە کە دوور بووە لە واقیعەوە ، بەڵام لەگەل ئەمەشدا ڕیشەی قوڵدەبێتەوە بۆ بیرێکی مرۆییانەی قوڵ‌و خەونی شارستانیەتێکی مرۆییانە‌و دادپەروەرانە‌و ئازادانە ، بۆیە ناکرێت ئەم بیرە هەرچەندە ڕەخنەشمان لەسەری هەبێت ناویبنێین بە پوچگەرایی ، یان هیچوپوچیی ، وەک نووسەر لە کتێبەکەیدا ناوی دەبات، ئەم هەڵسەنگاندنە ناگونجێت لە گەڵ وتووێژێکردنێکی زانستیانە‌و بابەتیانە دەربارەی مێژووی بیری فەلسەفی بە شێوەیەکی گشتی .

دوای ئەمە سەلام موسا دەگویزێتەوە بۆ بابەتێکی تر، ئەویش بابەتێکە پێوەندی بە مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی ڕوسیەوە هەیە، کە پێناسەیەکی(سەیرمان!) پێشکەش دەکات لەسەر ڕەخنەگری گەورەی ڕوسی(بیلینسکی)و نامە بە ناوبانگەکەی بۆ غوغول، (گوتارەکەی بیلینسکی بۆ ڕۆماننووس غوغول کە تیایدا سەرزەنشتی کردوە، چوونکە لە بێ باوەڕیەوە گەڕاوەتەوە بۆ باوەڕداری)، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم قسەیەی سەلامە موسا ئاماژەیە بەو تۆمەتی کە دەیداتە پاڵ ئەو کۆمەڵەیە، بەڵام ئەم ئاماژەیە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتە‌و هەڵوێستێکی روون‌‌و بوێرانە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە بیلینسکی لەو نامەیەدا ڕەخنەی نەگرتوە لە غوغول، نە لە نزیک نە لە دوور بەوەی کە لە ئەنجامی (گەڕانەوەی بێت لە بێ بڕوایەوە بۆ برواداری)، چوونکە غوغول هیچکات بێ دین نەبووە، بەڵکو ڕەخنەی لێگرتوە لەسەر گەڕانەوەی ڕۆحیەتی بەرهەمە ئەدەبیەکانی پێشووی‌و دەرکردنی کتێبێک بە ناونیشانی(پەرەگرافگەلێکی هەڵبژێردراو لە نامەکانم لەگەڵ هاورێکانمدا)، کە ناگونجێت لەگەڵ هەڵوێستە فکریەکانیدا کە زووتر هەیبووە، نامەکەی بیلینسکی بۆ غوغول لە واقیعدا بەڵگەیەک بووە کە تیایدا جیاوازیە فکریە توندەکانی نێوان ئەدیبە ڕوسیەکان‌و ڕۆشنبیرەکانیی لەو ماوە مێژووییە ئاڵۆزەدا لە نێوان خوازیارانی بیری ڕۆژئاوایی و خوازیارانی بیری سەلەفی لە خۆ گرتبوو، کە نزیکەی درێژایی سەدەی نۆزدەی گرتەوە لە وەسەتی ئەدەبی ڕوسیدا، هەتا ئیستاش ئەو نامەیە وتووێژێکی تووندی درووستکردوە لە نێوان توێژەرەکانی ڕوسیی‌و ئەو کەسانەی تردا کە بە تایبەتی گرنگی دەدەن بە ئەدەبی ڕوسی‌و بە گشتی بیری ڕوسی‌و مێژووەکەی‌ و ئارستەکەی، هەندێک لایەنی دەگرن و هەندێکیش بە تووندی دژی دەوەستنەوە‌و، بە ناڕاست و نا بابەتیانەی لە قەڵەم دەدەن، بابەتی دیستویفسکی ـش گرێدراوێکی بە هێزی ئەم مەسەلەیەیە، کە سەلامە موسا خۆی ئاماژەی پێدەدات، لە وەسفکردنی دیستویفسکیدا دەڵێت ( ڕقی لە ئەورپا بووە‌و داوایکردوە واز لە ڕۆشنبیریی ئەوروپا بهێنرێت ، بە پێچەوانەوە تورجنیف داوایکردوە کە لە ڕوشنبیری ئەورپا نزیکبنەوە ) ، ئەمەش ئاماژەیەکی وردو ڕاستە ، لەگەڵ ئەوەی ساکارانە خراوەتە روو .

بە کورتی نووسینەکەی سەلامە موسا لە کتێبەکەیدا لەسەر دیستویفسکی بە پێی تێڕوانینی ئێمە، هەندێک فشۆڵی بچووک لە خۆدەگرێت لە هەندێک شوێندا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو تێبینیانەی ئێمەدا کە ئاماژەمان پێدا لە سەرەوە، بە شێوەیەکی ڕاست‌و درووست گەوهەری فەلسەفەی نووسەری ڕوسی دەستنیشاندەکات، بە کورتی سەلامە موسا هەڵوێستی دیستویفسکی لەسەر مەسیحیەت پیشاندەدات ، بە پێی تێڕوانینی سەلامە موسا، دیستویفسکی توانیوێتی مەسیحیەت بکات بە ئەدەب‌ و دین ، واتا تێکەڵەیەکی لێدرووستبکات ، ئەم گوزارشتەش هەڵوێستێکی زۆر سەرکەوتووبووە ، لە هەمانکاتدا هوشیار بووە بەوەی کە ( زانست بە بێ دین دەبێت بە داڕمانی مرۆڤایەتی )، ئەم بیرەشی بە ڕووداوی هیروشیماوە گرێداوەتەوە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دوەمدا ، ئەم گرێدانەوەیەش بوێرانەو درووست‌و ئازایانە بووە .

دوا قسەم لەسەر کتێبەکەی سەلامە موسا ئەوەیە کە ئەمە هەوڵێکی عەرەبی زۆر زوو بووە ( دووبارە دەڵێم هەوڵێک بووە ) کە شایستەی ڕێزلێنانە، بۆ ڕوونی و ئاشکارایی ڕای عەرەبی درووست‌ بە شێوەیەکی گشتی دەربارەی گرنگیی ئەو نووسەرە ڕوسیە گەورەیە .

سەرچاوە /  http://www.almadapaper.net/ar/news/