عەتا قەرەداخی : کۆبوونەوە لە نێوان پێویستیی پێکەوەژیان و رقی مێژووییدا !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆمەڵگەى کوردیدا لەبەرئەوەى بنەمای پێکەوەژیانی نێوان بیروڕا جیاوازەکان زۆر لاوازەو تاکو ئێستا پێکەوەژیانی جیاوازەکان نەبووەتە بەشێک لە کەلتووری رۆشنبیری بە گشتی و کەلتووری سیاسی بە تایبەتی ، بۆیە زۆرجار نەک هەر سیاسی و رۆشنبیرەکان خۆیان ، بەڵکو جەماوەری خەڵکیش بەسەیر دەڕواننە ئەوەى ئەگەر کەسانی جیاواز لەبیروڕاو بۆچووندا پێکەوە بن ، یان تەنانەت پێکەوە کۆببنەوە . هەر لەم روانگەیەوە دەشێ ئەو کۆبوونەوەیەی سەرۆکی پارتی و رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان تا ئەندازیەکی دیار لە نێوەندی رۆشنبیری و سیاسی کوردیدا بە نائاسایی سەیر بکرێت ، کە لەراستیدا پێچەوانەى ئەمە نائاساییە چونکە ئەوە ئاشکرایە کە کۆبوونەوەو پێکەوە ژیان و هەڵکردنی جیاوازەکان گرنگترو پڕبایەخترە لە کۆبوونەوەو پێکەوەژیانی هاوشێوەکان . هەروەک ئاشکراشە پێکەوە ژیان و کارکردنی جیاوازەکان سەرچاوەی هێزی زیاترە لە پێکەوەکارکردنی هاوشێوەکان . ئەمە بێجگە لەوەى کە لە رووی دیالکتیکی سروشتەوە پەیوەندی و ناکۆکی و ململانێی نێوان جیاوازەکان و تەنانەت دژەکان ئەگەر بە شێوەیەکی سرووشتی بێت دەبێتە سەرچاوەی جوڵەو داهێنان و لە ئاکامی ئەوەشدا هارمۆنیایەک درووست دەبێت کە پێی دەوترێت هارمۆنیای سرووشت کە زیاترین داهێنان و بەرهەمهێنانی گونجاوو درووست لە ئەنجامی ئەو ململانێ و ناکۆکیانەوە بەرهەم دەهێنرێت کە سەرئەنجام ئەو هارمۆنیایە بەرهەم دەهێنن . ئەگەر ئەم چەمکە بۆچوونە بگوازرێتەوە بۆ سەرئاستی مرۆییش دیسان هەمان دەرئەنجام بەرهەم دێت. ئەمەش بە تەواوی راستە کاتێک گەردوون بە گشتی لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەرامبەر یەکتر وەستانی دووانە دژەکان راوەستاوە . کە بەرئەنجامی ئەو دووانە دژانە جۆرێک لە هاوسەنگی درووست دەکات کە ئەوە لە سرووشتدا ئەو هارمۆنیای سرووشتەیە کە باسمان کرد ، لەسەر ئاستی مرۆییش ئەو هاوسەنگی و سەقامگیرییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و دەروونییەیە کە مرۆڤەکان بە گشتی پێویستیانە بۆ ئەوەى لە بارێکی ئاسایدا بژین . هەروەک ئەو باری جێگیریء سەقامگیری و هەست بە دڵنیایی کردنە زەمینەى پێویستە بۆ عیمرانی مرۆیی و مادی یان شارستانێتی .

ئەگەر لەم روانگەیەوزە سەیر بکەین ، ئەوا کۆبوونەوەى هەموو جیاوازو ناکۆکەکان لە کوردستاندا دەبێتە زەمینەخۆشکەر بۆ ئەو ساقامگیری و دڵنیاییەى کە باسمان کرد . هەر لەهەمان ئەم چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەی سەرۆکی پارتی و رێکخەری گشتی بزووتنەوەى گۆڕان دیسان بایەخدار دەبێت ئەگەر بتوانێت خزمەتی درووستکردنی زەمینەیەکی لەبار بکات بۆ درووستبوونی جۆرێک لە سەقامگیری لە کوردستاندا ، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ کام لەو دووانە دەستبەرداری دیدوبۆچوونەکانی خۆی بێت سەبارەت بە کاری سیاسی و سیستێمی حوکمڕانی لە کوردستاندا ، بەڵکو ئێمە پێمان وایە کە دەبێ ئەو کۆبوونەوانە لە پێناوی رێکەوتنێکی ناوەنددا بێت لەسەر ئەوەى کە چۆن پێکەوە کاربکرێت بە مەبەستی بیناکردن و بەرهەمهێنانی عەقڵی یەکتر قبوڵکردن و لەسەر ئەو بنەمایەش دامەزراندنی جۆرە سیستێمێکی حوکمڕانی کە باشترین نموونەى مومکین بێت .

دیارە ئەگەر سیاسی و پارت و دەستەو گروپ و رۆشنبیرە سیاسیەکانی کوردستان توانای ئەوەیان هەبێت بابەتیانە سەیری واقیع بگەن ئەوا دەبێ باش لەوە تێبگەن کە حەقیقەت لای هیچ کەسیان نییە بە تەنهاو هیچ کەسیشیان بە تەواوی لە حەقیقەت رووتکراوە نین ، بەڵام سەرباری جیاوازی و تەنانەت ناکۆکیش مادەم هەموویان ویستی ئەوەیان هەیە لەم وڵاتەدا پێگەو جێگەو شوێنیان هەبێت و هەریەکەشیان لە روانگەی خۆیەوە باس لەوە دەکات کە چۆن ئەم وڵاتە بە باشترین شیوەی شیاو بەڕێوەببەن ، مانای ئەوەیە هێشتا رووبەرێکی فراوان بۆ کاری پێکەوەیی هەیە ، بەڵام بە مەرجێک لەو راستیە تێگەیشتبن کە هیچ کامیان ناتوانێت کۆی ویست و خواست و روانینەکانی جێبەجێ بکات یان بەدەست بهێنێت ، بەڵکو دەبێ لەو رووبەرەداو لەسەر بنەمای یڕوابوون بەوەى کە زیاترین خزمەت فراوانترین رووبەرت بۆ مسۆگەردەکات کار بکەن . ئەگەر پارتی کوردی و سیاسی کوردی گەیشتنە ئاستی تێگەیشتن لەو چەمکەی کاری پێکەوەیی ، ئەوا بێگومان دەتوانن باشترین نموونە پێشکەش بکەن ، هەرچەندە من بۆ خۆم زۆربەی کات بە گومانەوە سەیری گەیشتنی عەقڵی سیاسی کوردی بەو خاڵەو بەو تێگەیشتنە دەکەم چونکە ئاشکرایە زۆرجار سەرباری ئەم تێڕوانینانە ، لە نەستی سیاسی و بەرپرسانی کورددا جۆرێک لە رق و کینەو دەمارگیری عەشایەری و خێڵایەتی کاردەکات و بەردەوامیش پاڵنەرەکانی رابردوو لە نەستی گشتی سیاسی و بەرپرسانی کورددا دەژی و زیندووە کە ئەمەش خاسێتی دیاری مرۆڤی کۆمەڵگە پاشکەوتوو پەراوێزییەکانە . بۆیە زۆرجار جەماوەری خەڵکی کوردستانیش بە گومانەوە سەیری کۆبوونەوەو لێکتر نزیکبوونەوەى بەرپرسانی پارت و لایەنە جیاوازەکان دەکەن .

ئایا کۆبوونەوەى ئەم دوو بەرپرسە چی دەگەیەنێت کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا ریزبەندی یەکەم و دووەمی دەنگەکانی کوردستانیان گرتووەو ئەگەر مێژووى پێش شکستی 1975یش لە بیربکەین ئەوا لە دەست پێکردنەوەى بزاوتی کوردایەتیەوە لە نیوەی دووەمی حەفتاکان بۆ دواوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت وەکو دوو نەیار دەرکەوتوون و پێموایە ئەوەش جۆرە رقێکی نەک هەر لە لای ئەو دوو سەرکردە بەرامبەر بەیەکتر بەرهەمهێناوە ، بەڵکو رقی نێوانیان یان رقی رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان بەرامبەر بە بنەماڵەى بارزانی و لەبەرامبەریشدا رقی بنەماڵەى بارزانی بەرامبەر بە رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان دابەزیووەتە خوارەوە بۆ ناو ئەندامانی هەر لایەنەیان و تەنانەت بۆ ئاستی لایەنگرانیشیان . ئەوە راستیەکی رەتنەکراوەیە کە هیچ پارتییەک لە کەسی یەکەمەوە تا دوا لایەنگر خۆشی لەچارەی رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان نایەت ، لەبەرامبەردا رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان و شوێنکەوتووانی بەجۆرێک بە رقەوە سەیری بنەماڵەى بارزانی دەکەن کە هەندێجار هەست دەکرێت پێیان وایە مەترسی بنەماڵەى بارزانی بۆ سەر کورد لە مەترسی داگیرکەرانی کوردستان زیاترە . بێگومان ئەم دوو رقە کە رەگوریشەى مێژوویی هەیە هەروا بە ئاسانی کۆتایی نایەت . بەڵام بۆ هەردوولا گرنگە کە لەوە تێبگەن ئێستا بە پێی ئەو دەنگانەى کە هەردوولایان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هێناویانە لە سەدا شەستی کۆی دەنگەکانی هەرێمی کوردستان زیاترە ، هەر بەو پێیەش نەک هەر بەرپرسارن لەو رێژە زۆرەى دەنگەکان ، بێگومان بەرپرسیارن لە چارەنووسی باشووری کوردستان ، بۆیە دەبێت زۆر بە بەرپرسیارانەوە رەفتار بکەن . دیارە مەبەست لەم قسەیەش ئەوە نییە کە لە پێناوی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیاندا رێکبکەون ، نەخێر بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە سەرباری ئەو رقە مێژووییە بەرامبەرەو سەرباری ناکۆکی و دژایەتی کردنی چەندین ساڵی یەکتری ، لەسەر بنەمای بڕوابوون بەوەى کە دژو ناکۆکەکانیش دەتوانن پێکەوە بژین ، هەوڵبدەن بۆ درووستکردنی سیستێمێکی فەرمانڕەوایی ئەوتۆ کە لەبەرژەوەندی دۆزی کوردو لە بەرژەوەندی هاووڵاتی کورد کاربکات ، بەجۆرێک کە هاووڵاتی ئەم نیشتیمانە هەست بکات ئەو سیستێمی فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنە سیستێمی ئەوەو لەپێناوى ئەوو بەرژەوەندییەکانی ئەودا دامەزراوەو کاردەکات .

دیارە ئەو بۆچوونە لای زۆرینەى جەماوەری خەڵکی کوردستان جێگیرە کە هەمیشە ئارەزوومەندی ئەوەن کە کۆی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە کاربکەن و کۆک و تەبا بن ، بەڵام رەنگە ئەم بۆچوونە بە گوێرەى زۆرینەى حیزب و رێکخراوەکانی تر راست نەبێت بە تایبەتی ئێستا بە ئاشکرا هەست دەکرێت کە کۆبوونەوەى نێوان ئەو دوو بەرپرسە جۆرێک لە نێگەرانی لای یەکێتی نیشتیمانی و تەنانەت دوو لایەنە ئیسلامییەکەش درووست کردبێت . دیارە بە گوێرەى پارتی کە زیاتر بەرەو حیزبێکی پراگماتیکی دەچێت ، سەرباری ئەوەى کە لە راگەیاندنەکانی و وتەى هەندێ لەبەرپرسانییەوە باسی ئەوە دەکات کە هەر بەهەمان چاوی پێشوو سەیری یەکێتی نیشتیمانی دەکات ، بەڵام راستیەکان واناڵێن و لۆجیکیش ئەوەیە هەرکەس بەپێی بوون و ئامادەبوونی خۆی مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت ، ئێستا لە سنووری ئەوسا سەوزدا گۆڕان هێزی یەکەمەو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و کاریگەری ئەوەش لەسەر ناڕوونی لە گوتارو هەڵوێستی ئەو حیزبەدا هۆکارن بۆ ئەوەى کە پارتی نەتوانێت لەگەڵ ئەو فرە مینبەرەییەى یەکێتیدا بە باشی و ئاسانی ماموڵە بکات بۆیە دەشێ لە دوای بەهێزترین ئەڵتەرنایتیڤ بگەڕێت لەم رووبەرەدا ، کە ئەویش ئێستا بزووتنەوەى گۆڕانە ، لەسەر ئاستی تاکەکەسیش پێشتر پارتی مامەڵەى لەگەڵ مام جەلالدا دەکرد وەکو کەسی یەکەمی رووبەری سەوزی ئەوسا ، ئێستا لە غیابی مام جەلالدا کەسی یەکەمی ئەم رووبەرە کە رەنگەکەى لە سەوزەوە ئێستا گۆڕاوە بۆ مۆر ، نەوشیروان مستەفایە ، بۆیە سەرباری ئەو ناکۆکی و رقە مێژووییەش کە باسمان کرد پارتی دەیەوێت لەگەڵ ئەودا تاوتوێی کێشەکان و چۆنێتی پێکهێنانی حکومەت و سیستێمی نوێی فەرمانڕەوایی و تەنانەت کێشە ناوخۆییە ئیدارییەکانی ئەم رووبەرەش بکات ، بە واتایەکی تر دەبێ لەوە تێبگەین کە ئەوەى سیاسەت دەجوڵێنێت بەرژەوەندییەکانە نەک پەیمانە رۆمانسی و دۆستایەتییەکان کە ئەمانە خاسێتی دڵدارین ، نەک سیاسەتی وشک کە بە هیچ پێوانەیەکی ئەخلاقی ناپێورێت .

بەهەرحاڵ من پێموایە ئەگەر عەقڵی سیاسی کوردی بگاتە ئەو ئاستەى کە سەرباری ناکۆکییەکان ، زەمینەى پێکەوە ژیان بڕەخسێنێت ، ئەوە هەنگاوێکی گرنگی بەرەوپێشەوەچوونە ، کە لە رووی راستیشەوە دەبێ ئەو عەقڵیەتە درووست ببێت ، هەروەک گرنگیشە هەر پارت و لایەنەش بوون و ئامادەبوونی خۆی لە ئێستادا لەسەر زەمینەى واقیع ببینێت و بناسێت و چیتر لەسەر رابردووی پیرۆزو رابردووی شکۆمەندی و پێشەنگی نەژی چونکە مێژوو رەوتی خۆی دەکات و ئەوانەى کە بەپێی ئەو رەوتە ناتوانن خۆیان بگونجێنن و ناتوانن لە هەر ساتێکی ئەو مێژووەدا وەڵامی پێداویستییەکانی خەڵک بدەنەوە ، مێژوو بێباکانەو دڵڕەقانە بەجێیان دەهێڵێت و فڕێیان دەداتە پەراوێزەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت