perlemani-kurdistan

ئاکۆ برایم : سەردانى پەرلەمانتاران خەموخۆریەیان ..؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە پەرلەمانتارە تازە هەڵبژێردراوەکان ، کەوتونەتە سەردان و بەسەرکردنەوەى دەزگاو دامەزراوە حکومیەکان ، ئەگەر ئەو بەسەرکردنەوە ودیدارانە بۆ مەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربون لە ئەداى کارى ئەو شوێنانەو ، کێشەو گرفت و داخوازیەکانیان بێت و ، لەکەمو کوڕى وداواکانیان بپرسنەوە ، ئەوا من بۆخۆم پڕ بەدڵ سوپاس و دەستخۆشیان لێدەکەم ، بەڵام ئەگەر تەنها بۆ خۆنمایشکردن و ، خۆ دەرخستن و ، کات بەسەر بردن بێت ، ئەوا نەچونیان زۆر باشترە . بۆ ئەوەى روبەروى رەخنەو گلەیى نەبنەوە!

لەمیانەى بەسەرکردنەوەکانى شاندى پەرلەمانتاران ، بەتایبەت بەڕێزانى لیستى سەوز ، لەم رۆژانەدا سەردانى (( بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى کۆمەڵایەتى / ماڵى کوڕان )) یان کرد . بەڵام ئەوەى کە جێگەى پرسیارە لاى من ئەوەیە ، هاتنەکەیان زۆر کوتوپڕ بوو ، هەروەها تا رۆیشتنەوە نەمانزانى ، مەبەست و ئامانجى ئەو سەردانەیان چى بوو ؟ جگە لەسەردانێکى تەشریفاتى هیچى دیکەم بەدى نەکرد .

لەهەمووى ناخۆشتر لاى من ئەوەبوو ، کە جگە لەبەڕێزێکیان کە ئەویش پێشتر دەیناسم ، کەسى دیکەیان لەژێر لێویشەوە و بەئەسپایى سڵاوى نەکرد ، لەسەر ئەوە کەوتمە گومانەوە لەخۆم پرسى : تۆ بڵێیت پەرلەمان یاساى تازە دەرکردبێت و تیایدا سڵاوکردنى لەپەرلەمانتاران قەدەغەکردبێت ، من نەمزانیبێت ؟

لەوەش سەیرتر تاکە یەک بەڕێزیان ، لەهیچ کێشەو کەموکوڕى و گرفت وناتەواویەکى ئەو خانەیەیان نەپرسیەوە ! پرسیاریان لەکەس نەکرد ، کە سوپاس بۆخوا ، بەهەوڵ و هیمەت وکۆششى بەڕێوەبەران وخەمخۆران ، تەواوى پێداویستى یەکانیان بەزیادەوە ، بۆ فەراهەم کراوە ، کەلەراسیتدا ئەوە ئەرک و کارى لەپێشینەى ئەوانە ، تا لەنزیکەوە لەبارى ژیان وگوزەران و گرفتەکانیان بپرسنەوە .

جا بۆیە لێرەدا رووى دەمم دەکەمە ئەو بەڕێزانەو ، تەواوى پەرلەمانتارانى دیکەو دەپرسم ، کە بمانەوێت یان نا ، ئەوان نوێنەر و دەمڕاست و نمایندەى ئێمەن ، ئەوان داخوازى و کێشە وگرفت و پێداویستەکانى ئێمە ، دەگەیەنن بەحکومەت ، تا بیر لەچارەسەریان بکاتەوە . بەڵام ئەگەر بەو حاڵە بێت ، سەردان و دیدارەکانیان شتێکى رۆتین بێت و بۆ بەڕێکردنى مانگ و رۆژ بێت ، ئەوا من زۆر رەش بینم ، ئومێدم نیە لەسەر بچوکترین داواو خواستمان هەڵوەستە بکەن و بێن زمانو . دەنگمان بگەیەننە سەرو خۆمان .

بەهیواى ئەوەى سەردانەکانى داهاتویان بەرهەمدار و ئەنجام گیربێت ، بۆ هەر شوێنێک چوون ، کۆمەڵێک سەرنج و تێبینى و گلەیى و گازندە کۆبکەنەوە ، تا بەهەگبەى پڕ لەداواکارى ، گفتو گۆ و کۆبونەوەکانى ناو پەرلەمان گەرمتر بکەن . ئێمەش چاوى پڕ لە ئومێد و هیوامان لەوان بێت ، ئاسودە بین و هەست بکەین ، کە نوێنەرى راستەقینەمانن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت