Cihad-Muhemed

جیهاد محەمەد : ڕۆشناییەکانی نێو شەوەزەنگ !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمێکە ، سەرسامم بە بیریی چەند بیرمەندێکی گەورەیی عەربیی ، لەوانە هاشم ساڵح ، هیشام غەسیب و تاریق حجی . لە بەدواچوونێکی زۆرمدا بۆ نووسین‌و لێکۆڵینەوەکانی ئەم بیرمەندانەدا ، زۆربەی زۆری نووسین‌و لێکۆڵینەوەکانییانم خوێندوەتەوە . هەندێکیشیانم تەرجەمەکردوە بۆ زمانی شیرینیی کوردی خۆمان ، بەو ئومێدەی خوێنەری کورد‌و ئەو گەنجانەی کە عەرەبیزان نیین ، بتوانن سودی لێببینن .

توانیم کۆمەڵێک لە وتارەکانی هەردوو بیرمەند هیشام غەسیب‌و تاریق حەجی لە دووتوێیی کتێبکدا ، لە ژێر ناونیشانی ( ڕۆشناییەکانی نێو شەوزەنگ )دا لە رێگەی دەستگای چاپ‌و پەخشی سەردەمەوە بە چاپبگەیەنم . قەوارەی کتێبەکە بریتییە لە نزیکەی ٥٢٠ لاپەڕە ، بە تیراژی ٥٠٠ دانە چاپکراوە ، ئێستا کەوتوەتە بازارەوە ، لە ناوەندی ئەندێشە دەستدەکەوێت .

بۆچی ئەم کتێبە ؟ هەرکەسێک ئەم کتێبە بخوێنێتەوە ، وا هەستدەکات کە ئەم دوو بیرمەندە باسی کێشەکانی عێراق بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتیی دەکەن ، هەڵبەت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کێشەی ڕۆژهەڵاتیی ناویین و مانەوەی ئەم وڵات و دەوڵەتە عەرەبیی‌و رۆژهەڵاتییانە بە دۆگمایی و چەقبەستویی ، لە زۆر روەوە سەرچاوە‌و فاکتەرەکانی یەک بابەت و یەک مەسەلەن ، بۆ نموونە مەسەلەی ئاڵۆزیی سیستەمیی ئابووریی ، هەر وەک چۆن مارکس لە ژێر ناویی (نمط الانتاج الاسیاوی)دا ئاماژەی پێداوە ، یان لێکۆلێنەوەکانی مەهدی عامل کە باسی ڕەوشی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای لوبنانی دەکات ، کەچی وا هەستدەکەیت باسی عێراق‌و کوردستان دەکات ، یان لە خوێندنەوەی رۆمانکانی ( عەبدولرحمان مونیف ) دا بەهامان شێوە ، خوێنەر هەستدەکات باسەکە باسی کوردستانە ، هەندێک جار خوێنەر وا هەستدەکات پاڵەوانەکانی نێو رۆمانەکە کوردن ، یان لە کوردستاندا ژیانیان بردوەتە سەر .  

لە لایەکی تر ، ئەم دوو بیرمەندە سەر بە دوو ئاراستەی فکری جیاوازن .

هشام غەسیب کەسێکی مارکسیەو مارکسیانە بیردەکاتەوە ، لەگەڵ رەخنەکانیدا بەرامبەر بە حیزبە شیوعیەکان‌و مارکسیەتیش .

تاریق حاجی ، کەسێکی لیبراڵەو بروای تەواوی بە ئازادی ئابووری هەیە .

بەڵام کاتێک بابەتەکانای ئەم دوو بیرمەندە ئاراستە جیاوازە دەخوێنینەوە ، هەستدەکەین ئەو چارەسەریانەی کە دەیخەنە روو بۆ کێشەکان‌و هاوکێشە ناکۆکەکان ، ئەگەر وەک یەکیش نەبن زۆر نزیکن لە یەکتریەوە ، بە تایەبەت بۆ قۆناغی سەردەمی گواستنەوەی ئێستای کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی لە حوکمڕانیەکی بێ سەروبەریی‌و ناهەموارو ستەمکاری‌و نادیموکراتەوە ، بۆ حوکمڕانیەکی دیموکراتیانە . ئەم بەراوردکردنەش ڕەنگە زۆر سودی هەبێت بۆ خوینەرو کردنەوەی عەقڵی خوێنەر ، بۆیە ئەم بابەتانەم هەڵبژارد‌و کۆمکردنەوە لەم کتێبەدا هیوادارم خوێنەر سودی لێوەربگرێت .

Cihad Muhemed

کتێبەکە ، لەم بابەتانە پێکهاتووە :

یەکەم/ چەند نامیلکەیەکی فەلسەفیی‌و زانستیی هیشام غەسیب . ئەم نووسەرە زۆر بە ڕوونی باسی فەلسەفە دەکات .

ئایا فەلسەفە تا ئەمڕۆ وەک خۆی کاریگەریی هەیە ؟

لەو چاوپێکەوتنەدا ، بە وردی وەڵامیی دەیان پرسیار دەداتەوە لەسەر مەسەلەی فەلسەفە وەک : فەلسەفە چییە ؟

بەزم‌و هەرای میتافیزیکیا چییە ؟

ئایا هیشام غەسیب فەلسەفەیەکی تایبەتی هەیە ؟

بە پێی قسەی فۆکۆ‌و پۆڵ ریکۆر ، فەلسەفە رابوردومان دەبەستێتەوە بە ئێستامانەوە ، ناتواین واز لە فەلسەفە بهێنین ، تا هەنووکە ئەفلاتون لەبەردەستماندایە ، گۆرانکارییەکان تەنیا گواستنەوەیەکی داهێنەرانەیە ، ئایە ئەمە وایە لای هیشام غەسیب ؟

ئایا هەموو نەتەوەیەک ، یان هەموو شارستانێتیەک فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە ؟

هەڵوێست بەرامبەر بە فەلسەفەی بوونگەرایی ؟ لەم چاوپێکەوتنەدا هیشام وەڵامی دەیان پرسیاریی جۆراوجۆری داوەتەوە کە زۆر گرنگن بۆ خوێنەر .

نامیلکە فەلسەفەیەکان بریتییە لە ٧ نامیلکەی جۆرا و جۆر . نامیلکە زانستیەکانیش بریتیە لە ١٦ نامیلکەی جۆرا و جۆر کە زانیارییەکی وردی لە خۆ گرتوە لە سەر زانست‌و پیویستییمان بە زانست‌و ، چارەسەریی کێشەکان لەسەر بنەما زانستیەکان‌‌و کاریگەریی زانست لە مێژوویی مرۆڤایەتییدا .

دوەم / کورتەیەک لە ژیانی تاریق حاجی ، ئەم بیرمەندە یەکێکە لە بیرمەندە زۆر قوڵەکان ، زۆر بە وردی‌و بە سەلیەقە‌و ئەکادیمانە باسی کێشەکان‌و چارەسەرییەکانی دەکات . لە زۆربەی زۆری زانکۆ بە ناوبانگەکانی وڵاتانی عەرەبیی‌و ئەوروپیی‌‌و ئەمریکیی‌و بەریتانیی‌و ئوسترالیەوە بانگهێشتکراوە ‌، بۆ وانە وتنەوە ، بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی ئیسلام‌و کێشەی ئیسلام لەو وڵاتانەدا . چەندین خەڵاتی وەرگرتوە .

سێەم/ ڕۆشنبیریمان لە نێوان ئەفسانەو واقیعدا : بریتیە لە ١٣ بابەتەی جیاوازی تاریق حەجی .

چوارەم / ڕاچڵەکین : چیتان دەوێت ؟ بە پیشاندانی واقیع ڕاتانچڵەکێنم ، یان بە خۆشخەیاڵی فێڵتان لێبکەم ؟. بریتییە لە ٢٢ وتارو بابەتیی جیاوازی هەمان بیرمەند .

پێنجەم / گۆران . گۆران دەشێت رووبدات ، یان ئاستەمە رووبدات ؟ ئەم مەسەلەیەش ، ٨ بابەتیی لە خۆگرتوە .

شەشەم / ملوانکەیەک مرواریی ، لە وتارە مرواریەکانی تاریق حاجی . لە ژێر ئەم ناونیشانەدا ئەم بیرمەندە ١٠٠٠ وتاری بڵاوکردوەتەوە ، لەو هەزار وتارە ،  وەرگێری ئەم کتێبە ٨٣ دانەی لێهەڵبژاردوە و لە کتێبەکدا دایناوە . کۆمەڵە وتارێکی یەجگار بە سودە ،  بە تایبەتی بۆ خوێنەرانی زانکۆی زانستە مرۆییەکان ، سەرچاوەیەکی یەجگار بە سودە .

حەوتەم / وتارێکی ئەم بیرمەندەیە لە ژێر ناونیشانی ئەگەر من کوردێکی سوریا بوومایە ؟ کاتێک ئەم وتارە دەخوێنیتەوە ، وا هەستدەکەییت کەئەم بیرمەندە ئەوەندە مرۆییانەو بە ویژدانانەوە لەسەر کێشەی کورد نووسیوێتی کە رەنگە رۆشنبیرە سیاسییە کوردەکانی خۆشمان نەتوانن وا لەسەر مەسەلەی کورد بدوێن .

هیوادارم توانیبێتم ، وەک خۆی بیرو ئەندێشەی ئەم دوو بیرمەندەم گەیاندبێتە خوێنەر ، هەڵبەت ئەو بریارەش دەگەڕێتەوە بۆ لای خوێنەر .  وەک لەسەرەوە ئاماژەم پیدا ، ئەوەی کە زیاتر وایی لێکردم ئەم دوو بیرمەندە هەڵبژێرم ئەوەیە کە هەر یەکێکییان ئاراستەیەکی فکریی هەیە ، هیشام غەسیب وەک مارکسیەک شیکاریی دەکات و تاریق حەجیش وەک لیبراڵێک . بەڵام لە راستییدا هەردووکیان لە زۆر مەسەلەدا وەک یەک بیردەکەنەوە‌و شیکاریی‌و چارەسەرییەکانییان وەک یەک وایە . بۆیە داواکارم لە خوێنەری ئەم کتێبە ، بە چاوێکی رەخنەگرانەوە ، بیخوێنێتەوە . هەرکەس‌و خوینەرێک توانی رەخنەو تێبینیەکانی خۆیم بۆ بنێرێت لە هەموو ڕوویەکەوە ، من پێخۆشحال دەبم‌و سوپاسی دەکەم .

ئێستا کتێبێکی پێداگۆگی / بیرمەندو زانای بەرازیلی / پاولو فریری ـ م لەبەردەستدایەو سەرقاڵی تەرجەمەکردنیم ، بەم زووانە لێدەبمەوە ، بەڵام نازانم کەی دەزگایەکی چاپەمەنی ، ڕەحمم پێدەکات‌و بۆم چاپ دەکات ، چوونکە بە داخەوە خۆم توانای دارایی ئەوتۆم نییە لەسەر حسابی خۆم بە چاپی بگەیەنم . بە سپوپاسەوە ، دەزگای سەردەم / بۆ پەخش‌و چاپەمەنی کتێبی ( ڕۆشنایەکانی نێو شەوەزەنگ ) یان بۆ چاپکردم .

جیهاد موحەمەد / وەرگێری کتێبکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت