Kawe-Germyani

لوقمان غەفوور : تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی چیمان پێدەڵێت ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوورو نزیک ئەم گەنجە ناناسم ، نەشم بینیوە و هاوڕێشم نەبووە ، دوور نییە لەرووی بیرکردنەوەوە جیاوازیش بین ، بۆ ئەوەیان دڵنیا نیم ، بەڵام تیرۆکردنی کاوە گەرمیانی پێمان دەڵێت فەلەتانی ئەمنی لەم هەرێمەدا هەیە ، پێمان دەڵێت ، دەستی رەشی تیرۆر بۆی هەیە خۆی بکات بە کون و کەلەبەری هەموو ژوورەکاندا و بێئەوەی رێگری هەبێت لەبەردەمیدا ، لەسەرو ئەوەوە ئەوەمان پیشاندەدا کە هێزێکی تر هەیە لەئیرادەی ئاسایش و ئەمنییەتی هەرێم سەرووترە و ئەتوانێت خەڵک تیرۆر بکات .
ئیتر بۆمان هەیە وەک چۆن لەهەولێر لەدوای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان ترساین ، لەگەرمیان هەموو رۆژنامەنووسان بەچەپ و راستەوە، بترسن ، ئیتر بۆمان هەیە گومانمان لەهەموو ئەو میوان و سەردانیکارانەمکان هەبێت کە لەبەردەرگاوە بانگمان داکەن ، بەهاورێ و کاک و هەڤاڵ ، دەبێت ئیتر بەگومانەوە لەئۆتۆمبێل بڕوانین کە بەتەنیشتماندا تێدەپەڕن ، ئەگەر جاران ترسمان لەئۆتۆمبێلە جام تاریکەکان هەبووبێت ، ئێستا ئۆتۆمبێلە جام رووناکەکانیش ترسیان هەیە ، بەگومان دەبین لەوەی دەینوسین و بەگومان دەبین لەوەی بەئازادی دەیڵێین .
بەلای منەوە گرنگ نییە کێ ئەو گەنجە رۆژنامەنووسەی تیرۆر کردووە، گرنگ ئەوەیە لەسەر چی تیرۆر کراوە ، لەوانەیە هۆکارەکان زۆر سادە بن ، بەڵام لەناوەخندا دنیایەک قسە هەڵدەگرن کە ئەویش تیرۆرکردنە ، چونکە تیرۆر بەمانا تەقلیدییەکەی دەستی گەیاندە هەر کۆڵانێک ئیتر ژیانی ئازاد و قسە لەسەر ئازادی بۆ رۆژنامەنووس لەو کۆڵانەدا تەسکدەبێتەوە ، بۆیە تیرۆر کە سەری کرد بە ماڵەکانی گەرمیاندا واتە ئەو سنوورە هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی ئازادی دەنێت ، لەهەر کوێش ئازادی خنکا لەو شوێنە ژیان گیرۆدە دەبێت ، ئیتر لەگفتوگۆکانمدا دوای قسەی ئازا و ئازادانە ، وشەی بەڵام و ئەگەر…. هتد . بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، واتە پاساو بۆ قسە دەهێنرێتەوە و لەئازادیدا دەچینەوە بۆ خاڵی سفر .
وەک وتم ئەو گەنجە ناناسم ، بەڵام دەزانم ئازا بوو ، ئازادانەش کاری میدیای دەکرد ، بەڵام تۆ بڵێ لەمەودوا ئازادی قسەکردنیش لەم دەڤەرەشدا هاوکێشەیەک بێت بە تیرۆر پارسەنگی بدرێتەوە ؟، ئومێدمە هەڵەبم و وانەبێت و تیرۆرکردنەکەی کاوە گەرمیانی پەیوەندی بەئازادی رادەربڕینەوە نەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت