دکتۆر کەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی دووەم

مانا فەرهەنگیی و باوەکانی ئایدیا

٣. کەوایە تکایە با لە پێناسەی ئایدیاوە دەست پێ بکەین؟ ئەم وشەیە لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا فرە بەکاردێت . هەر ئەو رۆژە پرسیارم لە کەسێک کرد رێگای ئێستگەی شەمەندەفەرم نیشان بدات . وەلامی دامەوە :

I have no idea!

ئایدیا مانای چییە ؟

– – لێرەدا ئایدیا بە مانای [ هەرە کەمترین زانیاری ] دێت . کە ئەو کەسە پێی وتووی : [ من هیچ ئایدیایەکم نییە ( ئێستگەی شەمەندەفەر لە کوێیە ) مانای وایە کەمترین زانیاری لا نییە . واتە ناشتوانێ پێت بلێت بەرەو ئاقاری رۆژەلات ، یان خواروو یان سەروو بڕۆیت چونکە هەر هیچ ڕێکەوت و دەرفەتێکی نەبووە کەمترین [ ئایدیا ] واتە زانیاری هۆشمەندیی سەرەتایی وەربگرێت تا لە مێشکیدا بمێنێتەوەو ئێستا سەرەداوێکی لە بیر مابێت و پێت بڵێ : هەر ئەوەندەی لە بیر ماوە کە ئێستگەکە لە لای رۆژەلاتی ئەو جاددەیە کە پرسیارەکەت لێ کردووە ، یان نزیکی فلان و فلان بینایەو دیارنمای ناسراوە. بەلێ : ئایدیا زۆر بە کاردێت ، هەر لە وەلام بۆ پرسیارێکی وا ئاسایی یەوە تا هەرە ئاڵۆزترین و سەختترین و خەتەرترین پرس و کێشەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و بوون و نەبوون

بەکارهێاننی وشە لە رستەدا بیرسازی یە

٤. وای ! کە ئەم وشە هێندە گرنگە ئەی چۆنە دەوترێ ئایدیۆلۆجی نەبوونی لە بوونی باشترە ، یان گرنگ نییە، یان بوونی خراپە ؟ تکایە بۆم روون کەوە ؟

جارێ، هەر لە باسی ئایدیا داین و نە چووینە سەر ئایدیۆلۆجی . وشەی ئایدیۆلۆجی، وەک لۆجی – یەکی واتە ئاخاوتن واتە بابەتی باسی کایەیەکی زانستی سەربەخۆ ، یەکەمجار وەک

Idéologie

وەک ئایدیۆلۆگی / لە زمانی فەرەنسییدا لە کاتی شۆڕشی فەرەنسییدا لە لایەن فەیلەسوفێکی فەرەنسی بە ناوی دێستوت دی – تراسی

A.-L.-C. Destutt de Tracy

بەکارهات . ئەو وەک وەک کورتە ئاماژە بۆ زانستێکی نوێ بە ناوی [ زانستی ئایدیاکان ] بە کاری دێنا .

http://www.compilerpress.ca/Competitiveness/Anno/Anno%20Cranston%20Ideology%20EB%202003.htm

دوایی بە درێژی باسی هەلومەرجی دەرکەوتن و پەرەسەندنی ماناکانی ئایدیۆلۆجی دەکەم . بەلام لەوەتی ئایدیا هەیە ئایدیۆلۆجیش هەر هەبووەو هەر دەشمێنیت . بۆیە تا ئایدیا تێنەگەین ناتوانین ئایدیۆلۆجی تێ بگەین ، چونکە ئەوە مانای ئەسلی ئایدیۆلۆجییە : زانستێک بۆ تێگەیشتنی ئایدیاکان . کارەساتی ولاتان وکۆمەلگاکانی وەک ئێمە ئەوەیە کە بی ئاگان لە ئاگایی و بێئاگایی خۆیان!! بۆیە ئایدیا لە ئاستی کارسازیی ناهوشیاریی دا ماوەتەوە . واتە کۆمەلگا، تاکی ناو کۆمەلگا ، تا بینەقاقای نوقمی ئایدیاکانەو ئاگای لێیان نییە ،  ئایدیاگەلێک کە ئەویان کردۆتە گا ، یان کۆیلە ، یان سەیارەی بێ پاتری و ئاگای لێیان نییە ، بەو مانایە نا کە هەر نازانێ ئەو بیرانە چین ، رەنگە بزانێ و قبووڵێشیان بکات بەلام بێئاگایە لە مێژوو – و هەلومەرجی بوونیان ، لە شێوە و رەوشی بوون و کارکردنیان لەسەر هٶش و ژیانی ئەو ، هەروەک چۆن گاڕانێک ، مەڕگەلێک بێئاگایە لەوەی چۆنە وا بۆتە مێگەل و تاکە کەسیك کە منەتی شوانیشی بەسەردا دەکات دەتوانێ رایدات بۆ لەوەڕاندن یان سەربڕین . بۆیە واگۆیی [ ئیددیعای ] نەبوونی ئایدیۆلۆجی خراپترین جۆری ئایدیۆلۆجی یە . مەحالە هیج کارێک ، کردەوەیەک ، قسەیەک ، هەلوێستێک ئایدیاو لەمەوە ئایدیۆلۆجی لەگەڵ نەبێت . هەر زمان خۆی ، هەر ناوێکی ، هەلگری ئایدیایەکە ، بەکارهێنانی وشە لە رستەدا ، تەنیا رێزمان و رستەسازیی نییە ، بەلکو رێبیرو ئایدیاسازیشە . هیچ وشەیەک نییە هەڵگری هەلومەرجی لە دایکبوون و بەکارهاتن و بلاوبوونەوەی نەبێت . هیچ وشەیەک نییە نەچێتە ناو پێوەندییەکی ئاڵۆزەوە بە بەکارهێنانی بۆ رستەسازیی لەگەل وشەی تردا .

هەموو وشەیەک پرۆسەی بیرە ، بیراندنە

هەموو زانینێک ئایدیۆلۆجییە

بەلام تەنانەت پێش ئەوەی بچێتە ریزی رستەسازیشەوە هەموو ناوێک ، وشەیەک هەلگری مانایەکە ، واتە ئایدیایەک ، بیرێک ، هزرێک ، دەربارەی بوون یان نەبوون یان رەوشی شتێکی تر . وشە هەرگیز ناوی شت یان کار نییە : وشە پرۆسەی بیرە ، بیراندنە ، هەر کە ناوی شتێک دێنین بە پێی زانیاریی ، پەرەوردە ،  یان ئەزموونی کۆمەلایەتی و کەلتووریی ، پرۆسەیەکی بیریی ناهوشیارانە دەربارەی ئەو [ ناوە ، شتە ، بووە ] لە مێشکماندا دەست پێدەکات ، ئەو پرۆسانە جۆری وتارمان و ئەوسا جۆری رەفتاری کۆمەلایەتی تاک یان بەکۆمەلمان دیاری دەکەن . بۆ نموونە کە ناویك وەک : ئاسمان دەبیسین و پێمان دەلێن ئاسمان چییەو دەمانەوێ وەلامی بدەینەوە ئێمە تەنیا مانا [ فەرهەنگی ] یەکە دەرنابڕین ، یەکسەر لەگەڵ بیستنی ناوەکە یان هەول دان بۆ دەربرینی ماناکەی ، کۆمەلێ بیر لامان دروست دەبن ، واتە پرۆسەیەکی بیرکردنەوە ، بیراندن یان بیرهاتنەوە دەست پێدەکات کە [ بیر ] ی ئێمە ، ئایدیای ئێمە دەربارەی ئاسمان دەنوێنێت . واتە راستی هەموو وشەیەک لە مێشکماندا تەنیا وشە نییە بەلکو [ چەمکە ]، کۆزانە ، کۆی چەند زانینیكی بە یەکەوە بەستراوە ، یا [ ئایدیا ] یەکە . ئەمەش لە بەر ئەوەیە کە هیچ وشەیەک فەزایەکی مانای سەربەخۆی نییەو کایەی ماناکەی کایەیەکی [ زانیاری ] یە کە بە دەیان وشەی تری دەبەستێتەوە . لە ناوی ئاسماندا بیر لە فەزایەکی فراوان لە دەور و سەرووی زەمینەوە دەکەینەوە ، بەرزایی بێ سنوور ، هەرێم وهەواری هەورەکان ، فەزای دەسەلاتێکی بێ پایان ، عەرشی خوداوەند ، مەلبەندی خۆرو مانگ و ئەستێرەکان … هتد . بەلام ئەم بیرانەش تەنیا وەک زانین نین ، بەلکو بە نیسبەت هەر کەسێک یان کۆمەلێک یان شارستانییەتێکەوە دەشێ [ جۆرێک بن لە زانین ]، کە ئەم جۆرە زانیارییە ئایدیاو لە شیکردەنەوەی دواییدا ئایدیۆلۆجی ئەو کەسە دەربارەی ماناو چییەتی ئاسمان و پێوەندی بە زەمین و مرۆڤەکانییەوە دیاری دەکەن .

لەرۆژوادا ئاسمان فەزایەکە بۆ دۆزینەوە ، بەکارهێنانی زانستیی تەکنۆلۆجی ، پرسی ژینگەو کارکردنی لە سەر گۆرانەکانی سەر زەمین و ژیانی مرۆڤ ، ئاسمان ئێستا قەڵەباڵغە بە سەدان مانگی دەسکرد [ سەتەلایت ] و [ تەیارەی درۆن ] ی بێ فڕۆکەوان، کە خزمەتی یان کۆنترۆلی دنیا دەکەن و دەیکەن بە گوندیكی گلۆبالی و هەرێمی رکەبەرایەتی دەسەڵاتەکان . بەکورتی [ پرۆسەی بیر ] کە وشەی ئاسمان دەیخاتە کار ، وەک سویچی سەیارەکە ، بە نیسبەت زۆربەی خەلکەوە ئێستا پرۆسەیەکی زانستییە یان لە پرینسیپ و سەرەتای زانستییەوە دەستپێدەکات . لای زەمەنێکی تر و کۆمەلگایەکی تر دەشێ ئاسمان تەنیا وەک هێزێكی ئاسمانی سەرووی ئیرادەی مرۆڤ ببینێت و سەرووی پرۆژەی دنیا بێت . واتە لە سەرەتای دینیی یا ئەفسانەیی یان خەیالیی دەستپێدەکەن . ئەم بیرکردنەوە گەر خۆڕسکیش بێت مانای ئایدیایی و ئایدیۆلۆجی هەڵدەگرێت و باوکردنی هەر لێکدانەوەیەک لە لایەن دەسەلات و دەزگاکان و ‌هێزە کۆمەڵییەکانیەوە دەوری سەرەکی لە ئایدیۆلۆجییکردنی هەر یەک لە تێگەیشتنە جیاوازەکانی [ مانای ئاسمان ] دەبینێت . بە مانایەکی تر زانین لە هەر کۆمەلگایەکدا ، هەر لە فێربوون و زانینی سەرەتایی مانای وشەو بەکارهێنانی رستەوە ، زانینیكی ئایدیۆلۆجی یە !!

مانا فەرهەنگییەکانی ئایدیا :

دوایی لە باسی ئایدیۆلۆجیدا ناچارین ئەمە زیاتر بە نموونەی زۆرەوە روون بکەینەوە ، بەلام ئێستا با وەلامی پرسیارەکەت بدەمەوەو لە روونکردنەوەی مانای ئایدیاوە دەست پێ بکەین

با لە مانا فەرهەنگییەکانییەوە دەست پێ بکەین .

ئایدیا زۆر مانای چەسپاوی هەیە لە ئاخاوتنی رۆژانەدا هەم لە نووسیندا بەکاردێن

با سەیری هەندێ لەو مانایانە لە سایتی

.www.dictionary.com

بکەین :

i•de•a

[ahy –  dee – uh , ahy – deeuh ]

noun

1.

any conception existing in the mind as a result of mental understanding, awareness, or activity.

هەر کۆزانێک لە هۆشدا هەبێت لە ئەنجامی تێگەیشتنی عەقڵیی ، وریایی یان چالاکی دا.

2.

a thought, conception, or notion: That is an excellent idea.

هزرێک ، کۆزانێک ، بیرۆکەیەک . وەک ئەمە ئایدیایەکی زۆر باشە .

3.

an impression: He gave me a general idea of how he plans to run the department. 

بنسەرنجێک ؛ وەک ئەو ئایدیایەکی گشتی دامێ چۆن نەخشەی بەڕێوەبردنی دائیرەکە دادەنێ .

4.

an opinion, view, or belief: His ideas on raising children are certainly strange.

رایەک ، روانگەیەک یان باوەڕێک :

ئایدیاکانی دەربارەی مناڵ پێگەیاندن بە دلنیاییەوە سەیرن .

5.

a plan of action; an intention: the idea of becoming an engineer.

نەخشەی کارێک ، نیازێک : ئایدیای بوون بە ئەندایار .

http://dictionary.reference.com/browse/idea?s=t :

با زیاتریش مانا باوەکان روون کەینەوە :

١. ئایدیا بیریكە کە لە مێشکدا هەبێت، هوشیارییەک ، چالاکیییەکی زەینی : وەک لەم رستەدا : هەموو کوردێک کەموزۆر خاوەن [ ئایدیا ] ی کوردایەتییە

٢. هەر بیرێک ، هزرێك ، دەربارەی هەر شتێک پێشکەشی ئەوی تری بکەین . وەک دەڵیین : ئەمە ئایدیایەکی باشە واتە بیریكی باشە .

٣. بە مانای بنسەرنج ، یەکەم کاردانەوەو و زانیاریت دەربارەی کەسێک یان شتێك : ئەو ئایدیایەکی گشتی دەربارەی کێشەکە دامێ .

تا ئێستا ئایدیایەکم لە سەر پرۆژەکە بۆ دروست نەبووە .

٤. بۆچوون ، بیرورا : ئایدیاکانی دەربارەی مافی ژنان کۆنەپاڕیزن .

٥. نەخشە ، پلان :  ئەو ئایدیای ئەوەی هەیە ببێتە ئەندازیار .

٦. بیروباوەر ، عەقیدە :

ئایدیاکانی سەدەی بیست دەربارەی مافی مرۆڤ وەک ئێستا پێشکەوتوو نەبوون .

جیاوازی لە نێوان ئایدیای عەقڵیی و زانستیی و ئایدیای دینیی و خەرافییدا هەیە .

٧. نیاز، پێشنیاز : دەڵێی چی ئەم هەینی یە بچین بۆ سەیرا ن؟  ئایدیایەکی چاکە .

ئەمانە تەنێ مانای فەرهەنگیی باون ، هێشتا باسی مانا فەلسەفییەکانمان نەکردووە .