Iran-5+1

بەهرۆز جەعفەر : ڕەهەندەکانى ڕێککەوتننامەى ئێران و کۆمەڵەى (5+1) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکیەک :

لەڕوانگەى ” هنرى کیسنجەر” ەوە : ” باشترین کات بۆ ئاشتى ، ئەوکاتەیە کە لەڕووى نێودەوڵەتیەوە ، هاوسەنگى هێز ڕووئەدات “. ئاشکراشە ، ئەوەى کە جڵەوى ئاڕاستەکردنى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان دیاریدەکات ، وە ڕێکخەری ئەو باڵانسی هێزەیە لە نێوان دەوڵەتاندا ، بریتى لە دووشت ، یەکەمیان: ” بەرژەوەندیی “. دووەمیان : دیدگایەکى ستراتیژیی .

ئێران و ئەمریکا ، دوو دەوڵەتن ، نەک تەنها لەجۆرى بەرژەوەندیی و بەرنامەى سیاسیی دا جیاوازن ، بەڵکو لەخودا پەرستیشدا جیاوازییەکى گەورەیان هەیە . مێژووى ( ملمڵانێ ) و ( ناکۆکی) یەکانى ئەم دوویەکە نێودەوڵەتیە ، دەگەڕێتەوە بۆ دواى سەرکەوتنى شۆڕشی ئێرانى و ڕوخانى شا لە (11ى شوباتى 1979) . ڕونتریش لەدواى جەنگى ( ئێران – عێراق) ەوە. ئێران ئیشى خۆى خستە سەر بەرهەمهێنانى چەکى ناوەکى ( قمبلە ضری ) و بۆمبى ناوەکى ستراتیژیی و هەروەها چەکى نەوەوى تەکتیکى ناوەند مەداو … هتد. لەبەرامبەردا خۆرئاواو ئیسرائیل نزیکەى نیوسەدەیە ، لەگەڵ ئێران زۆرانبازییەکى سارد دەکەن ، ئێرانیەکان زیاتر لە چل ساڵە هاوارئەکەن ( مەرگ بۆ ئەمریکا ،،، مەرگ بۆ خۆرئاوا ،،، مەرگ بۆ ئیسرائیل ).

وێڕاى ئابلوقە ئابوریی و سیاسیی و ئەمنیەکانى سەرئێران ، وێراى پەراوێزخستنى بۆماوەیەکى زۆر لەمەحفەلى دەولیدا ، هێشتا ئێران ( ستراتیژێکى ئابوریی خۆڕاگرانە ) ى نیشانى جیهان ئەدا.

سەربارى ئەمە ڕەنگە هیچ شتێک لەڕۆژهەڵاتدا ، بەقەد ئەوە ئەمریکا ئازار نەدات ، کەهێزێکى گەورەى وەک ئێران دەستوەربدات لەوڵاتانى کەنداو و ڕێرەوە ئاوییەکانى ، خاڵى هەرە گرنگى ئێران ئەوەیە بە بەرارورد لەئیسرائیل خاوەنى پێگەیەکى ستراتیژیی و جوگرافیی بەهێزە . سەیربکە : لەدواى ڕووخانى سەددامەوە لەعێراق چەند جار وتراوە ( ئەمریکا سیستەمى بەعسی لەعێراق ڕووخاندو ئێران بەرهەمەکەى بۆخۆى برد) . ئێران بەگۆشت و ئێسقانەوە لەعێراقە.. ئێران لەسوریایە . ئێران لەلوبنانە .. لەبەحرەین و قەتەرە .. جاروبار سەرێکى ڕووسیاش ئەدات . سنوردارکردنى هەڵسوکەوتە سیاسییەکانى ئێران لەناوچەکەدا ، لەلایەن فشارەکانى خۆرئاوە ، سەدان سیناریۆی تێپەڕاند ، لێدوانە توندو دژبەیەکەکانى ( ئیسرائیل – ئەمریکا) لەلایەک و ( ئێران ) یش لەلایەکى تر ، سەبارەت بە ڕاوەستانى چەکى ئەتۆمى لەئێران . هەزاران جار دەقى سەر ڕۆژنامە و پێگە بەناوبانگەکانى جیهانى شکاندووە .

ڕۆژى یەک شەممە ، بەروارى (24/11/2013) رۆژێکى مێژووییە ، بەو پێیەى ئەستێڵى مێژوو گەورەترین پەیماننامەى نێودەوڵەتى لەخۆئەگرێت لەسەدەى بیست و یەکدا،ئەویش : ڕێککەوتنى ئێران و کۆمەڵەى (5+1) ە.کە بریتى یە لە : پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەى ئەنجومەنى ئاسایش ( ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا ، بەریتانیا ، فەڕەنسا ، چین ، ڕوسیا) لەگەڵ ( ئەڵمانیا) .

ئێمە لەم باسەماندا ، هەوڵەدەین ، بێجگە لە خستنەڕووى بەندەکانى ڕێککەوتننامەکەو ، شیکردنەوەى ڕەهەندەکانى ڕێککەوتنەکە ، هاوکات سۆراخى چەند پرسێکى هەستیار بکەین ، ئایا ئەم ڕێککەوتنە ماناى کۆتایهاتنى تەواوى قەیرانى ئەتۆمی یە لەئێران ؟. ئایا دواى ئەم ڕێککەوتنە ، ئایندەى دەستوەردانەکان و شێوازى نوێی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چۆن دەبێت ؟. دڕودۆنگیەکانى ئیسرائیل سەبارەت بەم ڕێککەوتنە بەرەو کوێ ئەگات؟. نزیکبونەوەى ئێران و ئەمریکا لەسەر حیسابى کێیە ؟.

یەکەم : ئامادەکاریی بۆ ڕێکککەوتننامەى ئێران و خۆرئاوا .

ڕۆحانى ، پیاوى دیبلۆماسییەت لەدەرەوەو،شکاندنى شکۆى مافى مرۆڤ لەناوەوە ، حەوتەمین سەرۆک کۆمارى ئیسلامیی ئێرانە. لەتەمەنى کارى سیاسییدا ، ئەندام بووە لە : ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ساڵى (1989) ، ئەنجومەنى دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى سیستەم لەئێران ساڵى (1991) ، ئەنجومەنى شارەزایان ساڵى (1999) . سەرۆکى ناوەندی توێژینەوەى ستراتیژیی ئێران ساڵى (1992) .سەرۆکى گەورەترین وەفدەکانى دانوستاندن بووە سەبارەت بەچەکى ئەتۆمى ئێران لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا . دیارترین کتێبەکانى ئەم پیاوە :

* ئاسایشى نەتەوەیی و دیبلۆماسیەتى ئەتۆمی (2011) .

* ئاسایشى نەتەوەیی و سیستەمى ئابوریی لەئێران (2010) .

* فکری سیاسیی ئیسلامیی (3 بەرگە) .

* ئاسایشى نەتەوەیی و سیاسەتى دەرەوە.

* ئاسایشى نیشتمانى و ژینگە .

* لەگەڵ یادەوەرییەکانى خۆى و گەلێک دانراوى تر بەزمانى عەرەبى و ئینگلیزیی چاپکردووە .

حەسەنى ڕۆحانى ، لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا ، بەڵێنى دا : پرسی ئابڵوقەى سیاسیی و ئابوریی سەر ئێران چارەسەر بکات. هاوڵاتیانى ئێرانى متمانەیەکى زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو ، بۆیە لە (15/6/2013) ڕێژەى (50.86%) ى دەنگدەرانى بەدەستهێنا و بوو بەسەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران . لێرەوە ، موجامەلات و کۆبونەوە نهێنییەکانى نێوان ( ئێران- واشنتۆن ) دەست پێدەکات:

* بێدەنگیەکانى ئەمریکا سەبارەت بەکۆنترۆڵکردنى عێراق و ڕەفتارەکانى .

* بانگهێشتکردن و بەشدارى پێکردنى ئێران لە کۆنگرەى جنێف 2 دا.

* کشاندنەوە و بێدەنگى لێکردنى ئەمریکا لەبەدواداگەڕانى تیمەکانى پشکنینى چەکى کیمایی لە سوریا.

* بێدەنگى لێکردنى لەهەڵسوکەوتەکانى ئێران ، لەتەنگەبەرە ئاوییەکانى سوێس و وڵاتانى کەنداو ، دەست تێکەڵکردنى ئێران لەگەڵ چین ، ڕوسیا … هتد.

ڕۆژنامەى ” لوس ئەنجلوس تایمز ) ئاشکرایکرد ، تاگەیشتن ، بە ڕێککەوتننامەى سەرەکى جنێف ، لەسەر پرسی چەکى ئەتۆمى ، زۆر بەنهێنى (5) جار وەفدى ئێرانى و ئەمریکى ، هەرجارەو لەشوێنێک کۆبونەتەوە . نهێنى ترین و هەستیارترین یەکتر بینین ، یەکەم کۆبونەوەیە ، کە لە ناوەڕاستى مانگى ( مارسى 2013 ) لە( مەسقەت) ى پایتەختى سەڵتەنەتى عەممان ، لەنێوان شارەزایان و بەرپرسانى دیبلۆماسیی ئێران و ئەمریکا بەڕێوە دەچێت . ئەگەرچى ئەمە یەکەم بەریەککەوتنى ڕاستەوخۆیە ، ڕۆژنامەکانى ئەمریکا واى نیشان ئەدەن لەسەردەمى ( ئەحمەدى نەژاد) دا. ئەم ئاسۆیە بۆ پێکهاتن دەستى پێکردووە. لەبەربونى نێوەندگیریی نهێنى ئەم کۆبونەوانە ، هیچ کام لەئۆباماو رۆحانى تا مانگێک بەرلە ئاشکراکردنى ڕێککەوتنەکە ، هیچ ئاماژەیەک بۆ نزیکبونەوەى هەردولا ناکەن .

دووەم : پیتاندنى یۆرانیۆم لە ڕێککەوتننامەى ئێران و خۆرئاودا

بەپێی ڕێککەوتنەکە :

– ئێران پەیوەستە ، بەوەستاندنى پیتاندنى یۆرانیوم ، نابێت ڕێژەى پیتاندنەکە لە (5%) تێپەڕبکا ، هەروەها هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم هۆکارە هونەرییەکانى کەدەبنەهۆى بەرهەمهێنانى یۆرانێوم ، تەنها بایی پیتاندنى ئەو ڕێژەیە نەبێت کەدیاریکراوە .

– ئێران دەبێت ئەو عەمبار و ، وێستگانە دیارى بکات کە ، یۆرانیۆمى پیتێنراو ( یورانیوم مخێب) ڕێژەکەى تیایدا بەنزیکى بگاتە (20%) .

– ئێران پابەندە ، بەوەى هیچ چالاکیەک لە شوێن یان وێستگەکانى ( ئاراک) دا ئەنجام نەدات ، ( اراک) سەنتەرى ئەو شوێنەیە کە یۆرانیۆمى تیائەپیتێرێت .

– نابێت وێستگەى ( اراک) کاربکات ( عدم تشغیل مفاعیل اراک ) .

– نابێت سوتەمەنى زیادبکرێت بۆ شوێن و کارگەکانى ( ئاراک) .

– بەرهەمهێنان لە ئاراکدا ڕائەوەستێت .

– هیچ ڕیوشوێنێکى ئیختیارکردن بەسوتەمەنى لەناوچەو شوێنى ئاراک دا ناکرێت .

– نەگواستنەوەى هەر سوتەمەنیەکى پێویست و ئاوى قورس بۆ شوێنى بەرهەمهێنان و کارگەى پیتاندنەکە .

– هەروەها بۆئەوەى پاڵپشتى کارگەکانى ( اراک ) نەکرێت . ڕێککەوتون لەسەرئەوەى ئێران هیچ دامەزراوەیەکى ترى ئەتۆمى دروست نەکات .

بەشێوەیەکى گشتى ، پیتاندنى یۆرانیوم و هەنگاونان بۆ پەرەپێدانى چەکى ئەتۆمى لەئێران ، سنوردارکراوە.بۆ ڕێژەیەکى کەم ، وە لە لایەنە سەربازییەکە داماڵراوە .

– ئەم ڕێککەوتتنامەیە ، بەراییەو ، بۆماوەى شەش مانگ بەستراوە. تیایدا وتراوە : تاشەش مانگى تر هیچ سزایەک ، یان تەحریمێک لەسەرئێران دانانرێت ، واتە نەگوتراوە : سزا لەسەر ئێران لائەچێت. بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە : ئێران تا (6) مانگى تر بۆى نییە ، نەوت ڕەوانەى جیهانى دەرەوە بکات ، واتە : ئێران بەملیارەها دۆلارى فرۆشی نەوتى ئەفەوتێ ، کەجاران دەیفرۆشت.

– دەبێت ئێران مۆڵەت بدا ، هەموو بنکەو وێستگەکانى پیتاندنى یۆرانیوم لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە ، بپشکنرێت .

سێهەم : ئایا ئێران پابەند ئەبێت بەم ڕێککەوتنەوە ؟..

ئەم ڕێککەوتنامەیە ، لەنێوان ئێران و کۆمەڵى نێونەتەوەییدا ، لەسەر بنچینەو ناونیشانى ( قازانج – قازانج ) بەستراوە . تەنها ئەوە ڕاگەیەنراوە کە : سزاکانى سەر ئێران ڕادەگیرێن ، باسى لادانى سزا نەکراوە . ئەوەنەبێت کە (400) ملیۆن دۆلار ، بۆ ئەو خوێندکارە ئێرانیانە دابین دەکرێت ، کە دەچن لەدەرەوە دەخوێنن. لەحاڵێکدا ئێران جەژن بۆ ئەوە دەگێڕێت ، کە ئیمتیازى لە ڕۆژئاوا بەدەستهێناوە . هەریەکە لە ( خامەنەیی و ڕۆحانى) ڕێککەوتننامەکە پشت ڕاست ئەکەنەوە ، واى ئەبینن: کە ئێران توانیویەتى لەڕووى دیبلۆماسییەوە بگاتە ئەنجامێکى باش لەگەڵ زلهێزانى جیهان و خۆرئاوادا ، بێ ئەوەى پاشەکشە لەبنەماکانى بیروبۆچونى خۆى بکات . لەبەرامبەردا ئیدارەى ئەمریکا ( ئۆباما) و ڕێبەرانى ترى جیهانیش ئەم دەرەنجامە بەراییانە ، بەسەرەتاى ڕێگەگرتنى ئێران دەزانن تا نەبێتە خاوەنى چەکى ناوەکى ، پرسیارەکە ئەوەیە ، ئێران بۆچى ئەم ڕێککەوتنەى مۆرکرد.؟. بەحوکمى کێشە کەڵەبوەکانى ئێران ، وەکو پشودانێک لەبوارى ئابوریی و نێوخۆیی و کرانەوەو پێداچونەوەیەک لەسیاسەتى دەرەوەیدا.

دەبێت بپرسینەوە ، دیبلۆماسیەتى حەسەنى ڕۆحانى ، چۆن دەتوانێ لەگەڵ توندڕەوەکانى ئێران و موجاهیدەکان و کۆنەپەرستەکان هەڵبکات سەبارەت بەپرسی گەیشتنە ئەنجامى ئێران لەگەڵ خۆرئاواو ، دەستبەرداربونى لەچەکى ئەتۆمى . لەواقیعدا هێزە دەمارگرژو ناڕازییەکانى ئێران ، ئەگەرچى لە ئەنجومەنى شوراو ئەنجومەنەکانى دیدا ، هەن و زۆرینەن . بەڵام ناتوانن بەرهەڵستیەک بنوێنن لەپەیوەند بەڕێککەوتنەکەوە ، تەنها لەبەر یەک خاڵى سادەو ئاسایی ، ئەویش پشتگیریی ڕابەڕ ( خامەنەیی ) یە ، لە ( حەسەنى ڕۆحانى) . بەمانایەکى دى رۆحانى لەم پرسەدا بەتەنها نییە لەئاستى نیۆخۆیی ئێۆاندا.

هەڵبەت ، نابێت لەم باسەدا ، ئەوە نادیدە بگیرێت ، پاش تێپەڕینى تەنها هەفتەیەک ، بەسەر واژۆنامەکەدا ، بەرپرسانى باڵاى ئێران (180) پلە ، پێچەوانەى بەندەکانى ڕێککەوتنەکە لێدوان ئەدەن ، وەکو ، سەرۆکى ڕێخکراویی وزەى ئەتۆمى ئێرانى ( عەلى ئەکبەر ساڵەحى) لە (30/11/2013) دەڵێت ؛: ئێران پێویستى بە بەرهەمهێنانى چەکى ئەتۆمى زیاترە .!. رۆحانى لەدواى ئەم بەروارەوە ، بایداوەتەوەو ، قسەلەسەر دەست بەردار نەبونى ئێران دەکات ، لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمییەکەى .

چوارەم : نیگەرانییەکانى ئیسرائیل لەڕێککەوتننامەى ئێران و کۆمەڵەى (5+1 )

لە چوارچێوەى زانستى سیاسیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا ، کۆمەڵێک زارەوە هەن ، دەبێت لەشوێنى خۆیاندا بەکاربهێنرێن ، لەبەرئەوەى ووشەى ( ژیر ) گونجاو نەبو ، دەبو بپرسین ( چى شتێک ئیسرائیل ژیر دەکاتەوە) .

لەم هاوکێشەیەدا ، جگە لەئیسرائیل ، وڵاتانى دورگەى فارس ، دراوسێکانى ئێران لە پاکستان و ئازەرباینجان و تورکیاو ڕوسیاو .. زۆربەى وڵاتانى دى ، ئەگەری ئەوە پێش چاو دەخەن ، کە لەئایندەیەکدا ئێران ببێتە دەوڵەتێکى بەتوانا لەدوا ڕۆژدا ، بەتایبەت کە ئێران وڵاتێکى پیشەسازییە ، سەرى کێشاوە بۆ پیشەسازیی گەورەى وەکو ( کارگەکانى ئۆتۆمبیل ، پترۆکیماویی ، کارخانەکانى دروستکردنى فرۆکە … هتد) .

ئیسرائیل ، ڕووبەرى جوگرافیەکەى (22000) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە . بچوکترە لە ڕووبەرى جوگرافیاى پارێزگایەکى وەک سولەیمانى لەهەرێمى باشورى کوردستان. ژمارەى دانیشتوانەکەى بەپێیی ئامارى ساڵى (2012) دەکاتە نزیکەى (7،5) ملێۆن و نیو ، ژمارەى سوپاکەى لە ملیۆنێک زیاتر نییە. کەچى (22) دەوڵەتى عەرەبی و ئێرانێکى (80) ملیۆنى گیریان خواردووە بەدەستییەوە ، بگرە بەشێکە لەئاراستەکردنى سیاسەتى جیهانیش ، کەواتە ( هەقە خاڵە بەهێزەکانى ئیسرائیل باشتر لەناوەندە ئەکادیمیەکاندا لێک بدرێنەوە).

ئیسرائیل دوژمنێکى سەرسەختى ئێرانە ، هاوپەیمانێکى گەورەى ئەمریکاو خۆرئاواشە ، ماوەى دەساڵى ڕابردوو ، بەرپرسانى ئەمریکا ئەوەیان نەشاردۆتەوە ، کە ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتدا ، سەرئێشەیەکى زۆرى بۆ دروستکردون ، باراک ئۆباماش وەک وەڵامێک بۆ نیگەرانییەکانى ئیسرائیل ووتى : ناکرێت چارەسەرى دیبلۆماسییانەو ئاشتى یانە لەگەڵ ئێران ڕەچاونەکەین .. بەریتانیا بەئیسرائیلى گوت : دەبێت ڕێز لەبڕیارەکانى ڕێککەوتننامەى ئێران و کۆمەڵى نێودەوڵەتى بگرن .. ئیسرائیل بەخێرایی وەفدێکى ئەنجومەنى ئاسایشى خۆى ڕەوانەى واشنتۆن کرد . ئەگەر لەڕابردوودا ، ئیسرائیل لافوگەزافى ئەوەى لێ ئەدا ، کە تواناى ئابوریی ئەمریکا بەدەست منەو ، تەحەکوم بەسیاسەتى سەرۆکەکانى ئەمریکاوە دەکەین و ، ئەوە لۆبیەکانى ئیسرائیلن کە ئەمریکایان لەسەر دووقاچ ڕاگرتووە. لەواقیعدا ئەم ڕێککەوتنە دەرى خست ، کەوانییە . بۆیە ئێستا ئیسرائیل کەوتۆتە ژێر فشارێکى گەورەوە ، لەبەرامبەریشدا ئەمریکاش بەڕەهایی ناتوانێت نیگەرانییەکانى ئیسرائیل لەبەرچاو نەگرێت .

ئەمە ئەمانخاتە بەر ئەو دەرەنجامەى ، کە لەئایندەیەکدا ( چەک لەبەرامبەر چەک ) ڕادەوەستێت ، ئیسرائیل و سعودییە و وڵاتانى ترى ئیمارات کەنیگەرانن پڕچەکتر دەکرێن .

پێنجەم : ئەمریکاو قەیرانە ئابورییەکەى .

بەهێزترین ، ئەگەر بۆئەوەى ئەمریکا ، زۆر خۆشحاڵە ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بەشێوەى دیبلۆماسییانە ، بریتى یە لەوەى ئەمریکا ، گرفت و برینێکى قووڵى ناوخۆیی هەیە ، بەشێک لەهۆکارەکەشی ئەوەیە ، ئەم یەکەزلهێزە ئەوەندەى لەدەرەوە عەنتەریاتى کردووە،لەناوەوە خەریکى چارەسەرکردنى پرسە نێوخۆییەکانى نەبووە . ئەگەر بەووردى سەرنج بدەینە قەیرانەکانى ئەم سەردارە تەکنەلۆژیی و عەسکەرییەى جیهان ، ئەوا شتێکى کەمتر نییە لەقەیرانە کەڵەگەبووەکانى ئێران .

سەرەتاى مانگى (10ى 2013) بومەلەرزەیەکى ئابوریی گەورەى تر (U.S.A) ى هەژاند ، ئەوە یەکەمجار نەبوو ، لەساڵى (1975) لەسەردەمى سەرۆکایەتى ( جیراڵد فۆرد) لەگەرمەى شەڕى ساردا ، ئەم کێشەیە ڕووى دا. ساڵى (1995) یش لەسەردەمى (بیل کلینتۆن) دا ڕوویدایەوە ، کاتێکیش (11ى سێپتەمبەرى 2001) چەند فڕۆکەیەک خۆیان کێشا بە بورجى تاوەرەکانى بازرگانى جیهانى لە (نیۆرک). ئیتر بەیەکجار ئەمریکاییەکان شۆک بون ، شۆکێک کە یەکەمجارە سەرمایەداریی بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکانى مارکس ، داوا لەئیشتراکیەت بکا لەو قوڕوچڵپاوە دەرى بهێنێت .

قەیران ( ئەزمە) سێ خاسیەتى هەیە :

یەکەم: لەناکاو دێ

دووەم: هەڕەشە ئەکا .

سێهەم: کات کەمە بۆچارەسەرکردنى

.ئەزمەى مالى : بریتى یە لە ڕووخان و هاڕەکردنى بازاڕو پشکەکان ، یاخود پارەى وڵات ، یاخود بازاڕى عەقارات ، یان ڕوودەکاتە کۆمەڵێک دەمودەزگاى بانکى و مالى گرنگ .

بەم پێیەش ئەمریکا تووشی ئەزمەیەکى گرنگى ئابوریی بووە ، کە (بودجە) یە.ژیانى نەک هاوڵاتیانى ئەمریکا ، نەک هەر ئەو مشتومڕەى نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە سەر بیمەى تەندروستى ، کەبووە هۆى زیاتر زەقبونەوەى گرفتەکە ، بەڵکو ترسێکە لەسەر کۆى ژیان و مرۆڤایەتى لەسەرەتاى سەدەى بیست و یەکدا ، سادەترین بەڵگەیەکیش ئەوەیە ، تا ئێستا لە (90%) ى بازاڕ و بانکەکانى جیهان ، مامەڵە بەدراوى ئەمریکى ئەمریکى ($) دەکەن ، کاتێک بەهاى دۆلار دائەبەزێت ، ئۆتۆماتیکى گورز بەر بازاڕەکانى جیهان ئەکەوێت ، بەتایبەتى بازاڕە تازە پێگەیشتووەکان .

ئەوە یەکەمجارە لە (u.s.a) ، (700،000) هەزار فەرمانبەر داواى مووچە دەکەن ، پارەنییە بیاندرێتێ ، سەیربکە : بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو بودجەى تەنها وەزارەتى بەرگرى ( پنتاگۆن ) لە (540) ملیارەوە هەڵکشاوە تا لەساڵى (2013) دۆلار بووە بە (633) ملیار دۆلار ، ئاماژەیە بەوەى ئەمریکا بۆ سەد ساڵى تریش دەیەوێ گەورەى دونیا بێت . دەیەوێ بایەخ بەهێز بدات ، بەجۆرێک تەنها بودجەى پنتاگۆن لەئەمریکا بەقەد بودجەى هەموو وەزارەتى بەرگرییەکانى جیهانە . بەقەد بودجەى دەیان دەوڵەتە.ئێستا بودجەى تەخمینکراو بۆ وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا (0،6%) کەمى کردووە . بێجگە لەوەى ئەمریکا دەبێت مووچەى (2،5) ملیۆن و نیو سەباز بدات ، مووچەى (700000) حەوت سەد هەزارى دیکەى مەدەنى بدات.!. بێجگە لەوەى ئابوریی چین کێبرکێی گەورەى لەگەل ئەمریکا دەستپێکردووە ، چین بەڕێژەى (6،2%) ئابورییەکەى گەشەى کردووە ، یابان (2%). هەروەها بەرزبونەوەى بەهاى یۆرۆ و دابەزینى بەهاى دۆلار لەهەمان کاتدا. لەهەر سلتێکدا ئەمریکا تەداخولاتى لەهەر وڵاتێکدا کردبێت ، یەک هۆکارى هەبووە ، ئەویش بەهاى ( بازاڕودۆلارەکەى ) بووە. لەپێش شەڕى کەنداو تائەمریکا دەستى وەرنەدا،(1) دینارى عێراقى بەرامبەر بە(3$) ى ئەمریکى بو ، کەئەمریکا دەستى وەردایە شەڕەکە ، بێجگەلەکاولکاریی ناوچەکە ، نرخى دۆلار دەیان هێندە بەرزبۆیەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا کواپارەکانى ئەمریکا ؟ دەریش کەوتوە چین گەورەترین قەرزپێدەرى ئەمریکابووەو ، خوازیارە پارەکانى بکشێنێتەوە ، دەبێت چەند کەشتی بارهەڵگرو چەند سەد فڕۆکە ئە پارانە هەڵبگرن ؟.گرفتە ئابوریی و بانکیەکانى ئەمریکا لەژمارە نایەن ،چەند بانکى گەورەى وەک ( لیمان برازەر ومیریال لینج ) هەڵوەشانەوە . ئێستا قەرزە کەڵەکەبووەکانى سەر ئەمریکا ، نەک ژمارەى پێوانەیی ، بەڵکو ژمارەیەکى فەلەکى و گەردوونییەو گەیشتۆتە (16) تریلیۆن و (700) ملیار دۆلار. ئاخر ئابوریی ئەمریکا یەک لەسەر سێی ئابوریی جیهانە ، تۆبڵێی چەند کاریگەرى بخاتە سەر جیهان .؟. جگە لەوەى هەر سەرۆکێک ئەوى پێشوتر تۆمەتبار دەکات ، جگەلەوەى ئەندامانى کۆنگرێس و پیران هەست بەشکستى حکومەت دەکەن .

دەرئەنجام

یەکەم: ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتى ناویندا ، دووشتى ئەوێت ، یەک : کلیل و پارەى نەوت ، دووەم : بازاڕو بۆرسەى ناوچەکە لەدوبەى. ئیتر هەرچى ڕەوشی مافى مرۆڤ و بارەگاى موخابەراتى وڵاتان و تەراتێنى ئەم و ئەوە. لێی دەگەڕێت .

دووەم : دەردەکەوێت لەگەڵ ئەوەى وادەى شەش مانگ بۆ دڵنیایی لەڕۆژى واژۆنامەکەوە ، دراوە بەئێران ، بەڵام ئێران تا (6) مانگى تر لەحاڵى ئێستایدا دەژی . دواجار ئێران ئەم ڕێککەوتننامەیە ناباتە سەر ، هۆکارى سەرەکى ناکۆکیەکەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازى لێکدانەوەى دەقەکانى ڕێککەوتنەکە ، بەتایبەتى لەداماڵینى ئێران لەچەکى ئەتۆمى ، لەبڕگەى پشکنینى بارەگاو بنکەکانى بەرهەمهێنانى یۆرانیۆم لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە.هەرلەئێستاوە ( یەک ڕۆژ دواى ڕێککەوتنەکە ). هەریەک لەفەڕەنساو ئێران و ئەمریکا لێکدانەوەى جیایان هەیە .

سێهەم : ئەمریکا دوو قازانج دەکات ، یەکەم: کاتێک بۆخۆى وەردەگرێت ، تا خەریکى چارەسەرکردنى پرسە ئابوریی و شوێنکەوتە کۆمەڵایەتیە نێوخۆییەکانى بێت .

دووەم : بەپێش چاوى جیهانەوە ئێران ئیحراج دەکات ، کەڕێز لە بڕیارو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان ناگرێت و ، متمانەى دیبلۆماسیی نەماوە. ئەنجامەکەشی ، جگە لەمە ، سێ کەیسى گەورە کە ئێرانى پێ تۆمەتبارە ، زیندوو دەبێتەوە،یەک : چەکى ئەتۆمى ، دوو: ڕەوشی خراپى مافى مرۆڤ ، سێ : پشتیوانى لەتیرۆریزم.

چوارەم : دواى ئەوەى ئێران ڕێککەوتنەکە نەباتە سەر ، ئیسرائیل و ئەمریکا ، کاردەکەن بۆ پڕچەککردنى سعودییە ، قەتەر ، لەئایندەیەکدا تورکیاش بەهێزتر بکەن.

پێنجەم : ئەمریکا دەمێکە لەوەها دیبلۆماتێکى وەک ڕۆحانى دەگەرێت. ئەمڕۆکەش ونبوى خۆی دۆزیوەتەوەو ، بەڵکو گەلێک پرسی داخبوى ڕۆژهەڵات و ناوچەکە پێکەوە بەگەیەننە کۆتایی .

بۆ نوسینى ئەم باشە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

1- بنود الاتفاق بین إیران ومجموعە الدول الست . http://aljazeera.net/news/

2- د.سفیان ابو زایدە : اتفاق مع ایران…شرق اوسگ جدید ؟!!. http://pulpit.alwatanvoice.com/articles/2013/11/26/312900.html

3- حامیدى جەعفەرى (نوسەرو توێژەرى سیاسی). دەنگى ئەمریکا.گفتوگۆى :بەڵێن ساڵەح . http://www.dengiamerika.com/content/article/1796786.html

” ئەم باسەى نوسەرو چالاکى سیاسیی بەهرۆز جەعفەر ، لە ناوەندى خەندان بۆ توێژینەوەو دیراساتى ستراتیژیی” وەرگیراوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت