Amed

ستیڤان شەمزینیی : نهێنییەکانی سەردانی بارزانی بۆ ئامەد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژنامەکانی تورکیا : سەردانی بارزانی بۆ ئامەد وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو

* قەرەنی قادری : کاتێک ئەردۆغان بە ئاشکرا باس لە هەرێمی کوردستان دەکات ئەمە وەرچەرخانێکی نوێیە

* جەمال نەجاری : بارزانی توانی هەناسەیەکی نوێی کوردایەتی بە باکووری کوردستان ببەخشێت

سەردانی بارزانی لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بۆ ئامەد ، رووداوێک بوو زۆرترین سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و میدیاکانی تورکیا و جیهانی راکێشا ، تا ئەو ئاستەی رۆژنامەکانی تورکیا ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمیان وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندیی دۆستانەی کوردستان و تورکیا هەژمار کرد. لەلایەکی ترەوە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە ئامانجی بارزانی لە سەردانەکەی ئامەد پرۆسەی ئاشتی و ئیمزاکردنی چەندین پرۆتۆکۆلاتی بازرگانییە لە نێوان هەردوولا کە لە ئایندەدا رۆڵی لە پێشخستی کوردستان دەبێت .

قەرەنی قادری ، رۆژنامەوان پێیوایە “تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانە، کە هەرێمی کوردستان زۆرترین پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی لەگەڵدا هەیە. تەنیا هەرێمی کوردستان نییە پێویستی بە تورکیایە، بەڵکو تورکیا چەند قات پێویستی بە هەرێمی کوردستانە. (یوورۆ نیوز) سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسی ( سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ شاری ” دیاربەکر “، کە گرینگترین شاری کوردنشینی تورکیایە ، بە ئامانجی بەستنی کۆمەڵە رێککەوتننامەیەکە لە بواری وزەدا ، کە مەزەندەی چەندان ملیارد دۆلاری لێ دەکرێت .) ئەمە یەکێکە لە دەسکەوتەکان بۆ هەرێمی کوردستان “.

قادری ، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ” شەپۆل” وتیشی ” کاتێک ئەردۆغان سەرۆکوزیرانی تورکیا بە ئاشکرا باس لە ( هەرێمی کوردستان) دەکات ، ئەمەیان وەرچەرخانێکی نوێیە لە سیاسەتی تورکیادا. شک لەوەشدا نییە ئەردۆغان بەو سیاسەتەیەوە، رووبەڕووی ئەو هێزانەی ناو تورکیا دەبێتەوە، کە دەڵێن : ( تورکیا هیی تورکانە ). سەرکەوتنی ئەردۆغانیش لەو ململانێیەدا ، پەیوەندیی بە هاوکێشە ناوخۆیییەکانی تورکیاوە هەیە “.

لە بارەی پرسی ئاشتی کورد و تورکیشەوە، ” قەرەنی قادری” دەڵێت : لە پرۆسەی ( ئاشتی) لە تورکیادا ، هاوکێشەکان زۆرن ، پارتی کرێکارانی کوردستانیش یەکێکە لە هاوکێشەکان . ئاسایییە هەرێمی کوردستان بەشێک لەو پرۆسەیە بێت ، بارزانیش لە سەردانەکەیدا، باسەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیادا هێنایە گۆڕێ . ئەوە چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان، وەکو هاوکێشەی سێیەم هاتۆتە ناو پرسەکەوە. ناوبژیوانیی هەرێمی کوردستان لە نێوان (پ.ک.ک) و تورکیا ، لە کەس شاراوە نییە . دۆخی تورکیا و باکووری کوردستان وای لێهاتووە، هەرێمی کوردستانیش بەشێک بێت لە پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا. پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاسان نییە ، بەڵام دەکرێت. هەر پرۆسەیەکیش بخوازێت لەو وڵاتەدا سەر بکەوێت ، دەبێ رووبەڕووی کەمالیسیم ببێتەوە. ئاڵوگۆڕەکانی تورکیا ، ناوچە و جیهان کارێکی وایان کردووە ، کە هزری کەمالیسم رۆژ بەدوای رۆژدا، بەرەو لاوازبوون بچێت “.

عەبدولکەریم ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە ” لە رووی سیاسییەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو بەڵام نابێت بۆ مەرامی سیاسیی و حزبی بەکاربهێنرێت و بکرێتە ریکلامی سیاسیی و ئەگەر دەسکەوتێکیشی تێدا بێت دەبێت بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بێت و نابێت بۆ تەنیا لایەنێک قۆرغ بێت “.

وتیشی” ئەوەی تایبەت بێت بە گازندەی هەندێ لایەن و هێز و چاودێری سیاسیی پێموایە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ئەو هێزە سیاسیانە دەیانەوێ لە خێریشدا شەریک بن نەوەک تەنیا لەشەڕدا هاوبەش بن ، بەڵام بەگشتی هەنگاوێکی نوێ بوو لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتیشدا ئەنجامەکانی ئەم سەردانە زیاتر بەرجەستە دەبێت. دەبێ چاوەنواڕی ئەوەبین بزانین ئەو چوار خاڵەی رێکەوتن لەسەری لە بواری پراکتیکدا چۆن بەرجەستە دەبێت ؟” 

د. رێبوار کەریم مەحموود ، مامۆستای زانکۆی سلێمانی ، پێیوایە ” کرانەوەی دیبلۆماسی بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بۆ پرسی کورد بە گشتیی پێویستییەکی گرنگی ئەم قۆناغەی سیاسەتکردنی کوردە. هەموو کرانەوەیەکی دیبلۆماسی لە دەرەنجامدا بەشێکی بەرچاو لە هەوڵ و سیاسەتکردنەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ئاسانتر دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا گرنگییەکی بەرچاوی هەیە. بەڵام بڕیاردان لەم گرنگی ئەم هەوڵە دیبلۆماسییە وەستاوە لەسەر گرنگترین ئەو ئەنجامانەی لێیدەکەوێتەوە”.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ، لە لێدوانێکدا بۆ ” شەپۆل” وتیشی “پێویستە ئەم سەردانە راستەوخۆ کاریگەریی ئیجابی لەسەر پرسی کورد هەبێ ، چ لە باکوور یان لە پارچەکانی تری کوردستان . ئەم کاریگەرییەش دەبێ لەسەر ستراتیجەکان بێت و بە گۆڕینی حاکم و فەرمانڕەوا لە تورکیا نەگۆڕێت . چوونکە رەنگە لە ئێستادا ئەو کرانەوەیەی لە تورکیا هەیە لە هاتنی حزب و کەسایەتی نوێ بۆ حوکمڕانیکردن لەو وڵاتە بگۆڕێت. ئەمەش سەرجەم هەوڵە دیبلۆماسی و کرانەوەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە . واتە نابێ بە گۆڕینی کەسەکان هاوکێشەکان بگۆڕێن یان پێچەوانە ببنەوە”.

جەمال نەجاڕی ، رۆژنامەنووس و چاودێریی سیاسیی پێیوایە “بێگومان سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان بۆ تورکیا و بۆ باکووری کوردستان بایەخی خۆی هەیە و دەکرێ وەک سەرەتای دەسپێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی باشووری کوردستان و دەوڵەتی تورکیا سەیری بکەین . کاربەدەستانی تورک لەسەرووی هەموویان رەجەب تەیب ئەردۆغان هەستی بە رۆڵی بەرچاوی بارزانی وەک سەرکردەیەکی کورد کرد کە جیا لەوەی وەک سەرۆکی باشوور رۆڵی سیاسیی هەیە ، وەک سەرکردەیەکی کورد لە هەموو پارچەکان کاریگەریی لەسەر گەلی کورد هەیە “.

نەجاڕی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ” شەپۆل” وتیشی ” هەڵبەت نابێ ئەوە لە بیر بکەین سەردانی بارزانی وەک سەرکردەیەکی کاریزما بۆ ئامەد و قسەکردن بە زمانی کوردیی و ئامادە بوونی بە جلی کوردیی و هەڵدانی ئاڵای کوردستان بە راددەیەکی زۆر توانی ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بخوێنێتەوە و بە وتە و پەیامەکانی هەناسەیەکی نوێی کوردایەتی بە باکووری کوردستان ببەخشێت ئەویش ئەوە بوو کە ئامەد و هەولێر و مەهاباد و قامیشلی چوار شاری خۆشەویستی کوردستانن و بارزانی لە ئامەدەوە بانگی لە دەسەڵاتدارانی تورک و فارس و عەرەب کرد گوێ بۆ پەیامی کورد کە ئاشتییە بگرن “.

عەتا قاجری، نووسەر و چاودێری سیاسیی پێیوایە ” سەردانی بارزانی خاڵدانان و کۆتایی هێنانە بە رستەیەک کە لەگەڵ یادەوەریی تورکەکاندا ئەزەلییە، ئەو رستەیەی سەرچاوەی ئازارەکانی کایا و خەمەکانی شڤان پەروەرە، سەرەتای رستەیەکی نوێشە، ئەویش چیرۆکی خەونەکانی نەتەوەیەکە. پەیامێکیش بوو بۆ دۆست و دوژمن کە سیاسەتکردن تەنیا موڵکی نەتەوە دەستڕۆیشتووەکان نییە ، چوونکە هەر ئەو سەرۆکە بوو کاتی خۆی وتی ( مەگەر بەسەر لاشەی مندا بێنە کوردستانەوە) ئەمڕۆش لە بەرزترین ئاست و بەجلی کوردییەوە لە شارێکی مەزنی کوردان پێشوازیی لێ دەکرێت “. 

عەتا قاجری ، لە لێدوانێکدا بۆ ” شەپۆل” وتیشی ” سەبارەت بە ئاکامەکانی ئەو سەردانە دوو بۆچوون هەیە یەکیان پێیوایە بۆ بەرژەوەندیی ئاک پارتییە و ئەویتریش پێیوایە لە زیانی بەدەپەیە ، بەڵام ئەمە وەستاوە لەسەر ئەوەی کامیان ئیستسماری دەکەن ، خۆ ئەگەر بۆچوونی یەکەم بێت ئەوا سەرەنجام سەرکەوتنی ئەو باوەڕەیە کە چیتر کوردەکان هاووڵاتی پلە دوو نین ، سەبارەت بە بۆچوونی دووەمیش ئەو هاوکێشەیەمان بۆ دروست دەبێت سەر سکە کەوتنی شەمەندەفەرەکە نەبەستراوە بە تاکە پارت و کەسێک ، چوونکە ئەوە خواستێکی جەماوەرییە “.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت