Kawe-Germiani

زانیاری‌ نوێ له‌سه‌ر ” بكوژانی‌” كاوه‌ گه‌رمیانی .‌

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌تیرۆركردنی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی به‌شێوه‌ی‌ “باندێكی‌ ترسناك” له‌گه‌رمیاندا كاریانكردوه‌‌و تا ئێستا چه‌ندین تاوانیان ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجامداوه‌ .

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ، ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ چڕدان بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌تیرۆركردنی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی دا، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی‌ “باندێكی‌ ترسناك” له‌گه‌رمیاندا كاریانكردوه‌‌و تا ئێستا چه‌ندین تاوانیان ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌نجامداوه‌ .

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتون ، تیرۆركردنی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی‌ به‌ده‌ستی پێنج كه‌س بوه‌، كه‌ له‌چه‌ند به‌رپرسێكی‌ ناو یه‌كێتییه‌وه‌ نزیكن‌و له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیشدا كاریانكردوه‌، ئه‌م پێنج كه‌سه‌، دو ئوتومبێلیان پێبوه‌، تیرۆركردنه‌كه‌ به‌ئۆتۆمبیلێكی تاهۆ ئه‌نجامدراوه‌و سێ كه‌سی تێدا بوه‌و ئۆتۆمبیلێكی تریشیان له‌گه‌ڵدا بوه‌ له‌جۆری لاندگرۆز (مۆنیكا) ره‌نگی سپی بوه‌‌و دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و كاره‌ش چونه‌ته‌ (گوندی ئه‌ڵمانی)ه‌وه‌ له‌به‌رده‌سور .

ئه‌و كه‌سه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌م تیمه‌ پێنج كه‌سییه‌ی‌ كردوه‌ نه‌قیب (ح ، ع) ه ‌، ساڵی 2008 كوڕی سه‌رمایه‌دارێكی كه‌لاری به‌ناوی خالیدی ئه‌حمه‌دی فاتم رفاندوه‌‌و له‌و كاته‌دا ده‌ستگیركراوه‌‌و به‌پێی‌ یاسای‌ تیرۆر له‌گه‌ڵ چوار كه‌سی‌ تردا حوكمدراوه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌و هه‌ڵهاتوه‌، دواتر له‌رێگه‌ی‌ مه‌حمود سه‌نگاوی‌، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ ، (ح) كێشه‌كه‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ سوڵحی‌ عه‌شائیرییه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركراوه‌. پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ورده‌كاری‌ ئه‌م سوڵحه‌ عه‌شائیرییه‌ له‌لایه‌ن كاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌ له‌گۆڤاری‌ گه‌ڕان، مه‌حمود سه‌نگاوی هه‌ڕه‌شه‌‌و قسه‌ی‌ نه‌شیاوی‌ به‌كاوه‌ گه‌رمیانی‌ وتوه‌و فایلی‌ ده‌نگی‌ ئه‌م قسانه‌ش كاتی‌ خۆی‌ له‌زۆربه‌ی‌ په‌یجه‌كانی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوكدا بڵاوكراوه‌یه‌وه‌ .

به‌پێی‌ ئه‌م زانیارییانه‌ ، تا ئێستا چوار كه‌س به‌گومانی كوشتنی كاوه‌ گه‌رمیانی له‌لایه‌ن ئاسایشی كه‌لاره‌وه‌ ده‌ستگیركراون، كه‌ پێشتر چه‌ندین كاری‌ كوشتنیان له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیاندا ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌كان هه‌ڵهاتوه‌و ده‌ستگیر نه‌كراوه ‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ئاسایشی گه‌رمیان به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، “گومان ده‌كرێت ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و بانده‌ی‌ كاوه‌یان تیرۆركردوه‌ ئاشكرابن، زۆر كاری‌ شاراوه‌و نه‌زانراوی‌ تریش ئاشكرا بێت، چونكه‌ زۆر كاری‌ تیرۆرو منداڵ رفاندن‌و بازرگانی نایاسایی نه‌وتیان كردوه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكدا “.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ئه‌و چوار كه‌سه‌ی‌ كه‌ ده‌ستگیركراون بریتین له‌ “ح .ع ” به‌ئه‌سڵ خه‌ڵكی بان ئاسیاوه‌ لای كه‌لارو ئێستا له‌كه‌لار داده‌نیشێت ، (س.ق) و (ق.ا) خه‌ڵكی كفرین‌و له‌كفریش نیشته‌جێن، (م) كه‌ خزمی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ تیمه‌ پێنج كه‌سییه‌كه‌یه ‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار به‌گژداچونه‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ باندانه‌و ریشه‌كێشكردنیان كارێكی‌ ئاسان نییه‌و پێویستی‌ به‌هه‌وڵ‌‌و كۆششێكی‌ گه‌وره‌و بڕیاری‌ سیاسییه‌ له‌ئاستێكی‌ باڵادا، به‌ڵام به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌ی‌ واده‌كات یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ له‌دۆسیه‌ی‌ بكوژانی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی‌ به‌رده‌وامبێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری‌ یه‌كێتی‌ پێیانوایه‌ ئاشكرانه‌كردنی‌ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ گه‌وره‌ترین زیان به‌یه‌كێتی‌ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ئاستی‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌شدا له‌ژێر فشارێكی‌ گه‌وره‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌م تاوانه‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌پشتیه‌وه‌ن بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرا بكات .

سەرچاوە / ئاوێنە .