ئارەزوو جەمال : پیاوی کورد نازانێت سێکس بکات ، پەلامار دەدات ؛ مێردەکەم نازانێت سێکسم لەگەڵ بکات .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هیچ حسابێک بۆ ئارەزووی سێکسیی ژن ناکرێت .

لە کوردستان بووم ، لە رێکخراوێکی ژنان کارم دەکرد، خوێندکاری زانکۆ بووم لە کۆلێجی پزیشکیی دەرمانسازیی . لەگەڵ ئەوەشدا شان بە شانی دایکم ئیش و کاری ناو ماڵم بەڕێ دەکرد . ئەم سێ ئەرکە زۆر سەرقاڵیان کردبووم ، هیچ بوارێکم نەمابوو بۆ ژیانی تایبەتی خۆم، بۆیە وابزانم هەندێک بابەت کە جێگەی سەرنجی هاوڕێکانم یان هاوڕەگەزەکانم بوو، بۆ من هیچ واتایەکی گرنگی نەبوو. زۆربەی جار ئەو بابەتانە بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی ناو خێزانەوە یان ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە هەبوو لە دەمی هاوڕێکانم وەرمدەگرت.

ئەزموونی کارکردنم لە رێکخراوێکی ژنان، پاشان بەشدارییکردن لە بۆردی سەرپەرشتی شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان، بۆ من بووە ئەزموونێکی دەوڵەمەند، وەرچەرخانێک بوو لە راستای ژیانبینی مندا وەک تاکەکەس . رۆژ نەبوو لە رێگەی ئەو ژنانەی دەهاتنە ناو شەڵتەر، چیرۆکی تازە نەبیستم، لەو حکایەتە نەوتراوانەی واقیع و ژیانی ئەودیوی پەردەی هەموومانە، کەچی هیچمان زاتی ئەوەمان نییە ، باسی بکەین ، یان بیخەینە بەردەم گفتوگۆ، تەنانەت لەگەڵ نزیکترین کەسی نێو ژیانیشماندا. بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەی حکایەتە خنکێنراوەکانە کە هەر یەکێکیان دەیان ئاواتی خنکاو دەگێڕێتەوە.

من سروشتی خۆم وابوو، کەسێکی کۆمەڵایەتی بووم، دەمویست لە ئازاری ئەو ژنانە تێبگەم کە پەنایان بۆ سەنتەرەکانی پاراستنی ژنان دەهێنا . کاتێک بە قووڵایی چیرۆکەکانیاندا دەڕۆیشتمە خوارەوە، ئەوەی تاوانبارە نە ئەو ژنەیە ملی لە ژێر چەقۆی مەرگدایە ، نە ئەو پیاوەشە بۆتە پاڵەوانی سپیکردنەوەی نامووس یان پاڵەوانی چەسپاندنی نێرینەسالاری ی. بەڵکو تاوانباری راستەقینە ئەو کولتوورەیە هەموو تاکەکانی کۆت و دیل کردووە، هەزارەها سنووری حەرامی بۆ کێشاوە، ئەو سنوور و هێڵە سوورانەی کە جگە لە خەتێکی تەباشیرئاسا هیچی تر نین ، سڕینەوەیان ئاسانە، بەڵام هێندە وەهمدار کراوین لێمان بووە بە شورای چین .

رۆژێک لەگەڵ یەکێک لەو ئافرەتانە قسە و باسم دەکرد، کە زیاتر لە سێ مانگ بوو لەو شەڵتەرەدا مابووەوە، من کارم تێدا دەکرد. ئەو کچە ناوی “ش.ع” بوو. کچێکی باڵابەرزی گەنم رەنگ، دەموچاوێکی برۆنزی بە چاوێکی شینەوە هەبوو کە وەک کوژەی شین تابلۆی دەموچاوی ئەو خانمەیان رازاندبووەوە. تەمەنی هێشتا 25 ساڵی تێنەپەڕاندبوو. بەرووخساریدا خەمێکی قووڵ هەبوو، ئەو جوانییەشی دیار بوو دەمێک بوو خزمەت نەکرابوو، خوێندەوارییەکی وای نەبوو، تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندبوو، بەڵام ئەوەندەی لای ئێمە بوو ئارەزووی باشی هەبوو بۆ خوێندنەوە بەتایبەت چیرۆک و رۆمان. من هەمیشە چێژم لە قسە سادەکانی ئەو وەردەگرت، لەگەڵیدا نیگەران دەبووم بۆ خەمەکانی، جگە لە دڵنەوایی هیچی ترم لە دەست نەدەهات .

لە ناو قسەکانیدا، حەلاوەتێکی سەیر هەبوو، واتدەزانی لەبەردەم شاعیرێکدا وەستاویت، هێندە ناسک و نەرم دەدوا. بەڵام لە سەرەتای هەموو رستەیەکدا بەدەم هەڵمژینی ئاهێکەوە، دەیووت “ئاخ”. ئێستا نۆتەی ئەو ئاخە لە مێشکمدا ماوەتەوە. ئەم جارە پرسیارم لێکرد، کێشەکەی تۆ چۆن سەریهەڵدا؟. ئەو بە کورتی، وتی “شووم بە پیاوێک کرد کە 13 ساڵ تەمەنی لە من گەورەتر بوو، سەرباری ئەوەی بە دزییەوە ژنێکی تریشی هەبوو، بەڵام لە ماوەی 4 ساڵدا ئەو پیاوە فێر نەبوو، چۆن سێکسم لەگەڵ بکات، پیاوەکەم نەیدەزانی چۆن سێکس دەکرێت، کەچی دوو ژنیشی هەبوو، بۆیە من پەیوەندییم لەگەڵ کوڕێک بەست، دوای دوو مانگ ئاشکرا بووم و هەڵهاتم”.

چیرۆکەکە درێژە. هەر رۆژەی پەردەیەکمان لەم شانۆگەرییەمان دەبیست. حکایەتەکە شتێکی سەیر نەبوو. بەڵام جورئەتی ئەو ژنە، بۆ من شتێکی کەم نەبوو. ئەگەر من لەو شوێنە و لەو شەڵتەرەدا بوومایە بە هەمان ئاستی خوێندەواریی و رۆشنبیریی خۆمەوە، نەمدەتوانی ئاوها راشکاوانە چیرۆکی خۆم بگێڕمەوە، پەنام بۆ داتاشینی چیرۆکی ئەفسانەیی دەبرد، پارێزگارییم لە “شەرەف”ی خۆم دەکرد. هەموو تۆمەتەکانم رەت دەکردەوە. بەڵام ئەو بێ پێچ و پەنا، بەوپەڕی راستگۆییەوە وتی “پیاوەکەم نەیدەزانی سێکسم لەگەڵ بکات” هەڵبەت بە نەفسی دەربڕین نا، بەڵکو من دەربڕینەکەم بەوشێوەیە داڕشتۆتە کە هاوکوف بێت لەگەڵ رێسای نووسیندا .

ساڵانێک تێپەڕی، من لە زانکۆ دەرچووم و لەسەر دەرمانخانە کارم دەکرد، لە رێکخراوەکەشم دووربووم، تەنیا وەک ناو مابوومەوە، بەڵام وتەی ئەو ژنە هێشتا لە مێشکمدا دەزرنگایەوە. هەر کاتێک باسی ئەوە دەکرا زەواج بکەم، یان پێشنیارێکی لەو شێوەیە دەخرایە بەردەمم، ئەو قسەیەم بە بیردا دەهاتەوە. سەرباری ئەوەش من لە کاتی خۆیدا زەواجم کرد و پاش دوو ساڵ لە هەندەران جیابوومەوە، لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنی هاوسەرگیرییم لەگەڵ پیاوێکی کورد، دیسان خۆم هەمان راستییم لەمس کرد، کە پێشتر ئەو ژنەی شەڵتەرەکە لەمسی کردبوو، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەبوو، ئەو لە شوێنێکی کەناری کوردستاندا لەگەڵ ئەو کێشەیە دەژیا، بەڵام من لەناو پایتەختی پێشکەوتووترین وڵاتدا لەگەڵ پیاوێکی وەهادا دەژیام .

پیاوی کورد ، نازانێت سێکس بکات، وا لە سێکس گەیشتووە پرۆسەیەکە بۆ خامۆشبوونەوەی خودی خۆی، نەک بۆ چێژێکی دوو لایەنە. ئەمەش تاوانێک نییە ئارەزوومەندانە بێت، بەڵکو واقیعێکە بەسەریدا چەسپاوە، زۆرینەی پیاوی کورد تاوەکوو ئێستا وابووە تا تەمەنێکی زۆر ئاشنابووە بە ئەندامی نێرینەی خۆی، شەرم لە جەستەی خۆی و جەستەی مێینە کردووە، هیچ هۆشیاریی و شارەزاییەکی نەبووە و ناهێڵن هەبێت لە بارەی ژیانی سێکسیی خۆیەوە، چوونکە ئەو کارە بە سنووربەزاندن لە قەڵەم دراوە و تابۆیەک بووە کە سنوورێکی ئاگرینی بەدەوردا کێشراوە، هەر کەس ئەو سنوورەی تێپەڕاندبێت پزیشکی ئاگری هەر بەر کەوتووە.

“پیاوەکەم نازانێت سێکسم لەگەڵ بکات”. ئەم ناونیشانە، رستەیەکە لە دڵی زۆرینەی ژنانی کورددایە، بەڵام ئەوەی هەیە، هەندێکمان جورئەت دەکەین، رازی دڵمان بکەینەوە، هەندێکمان هەتا ئەبەد هەر خۆمان دەخۆینەوە و تەنانەت ناوێرین لەبەردەم ئاوێنەش سکاڵای دڵمان بکەین. ژنی کورد نەک ئەوەی دەکوژرێت و ئازار دەدرێت، لە ژیانی سێکسیشدا بەر هەمان چەوساندنەوە دەکەوێ، چوونکە هیچ حسابێک بۆ ئارەزووی سێکسیی ژن ناکرێت. تەنانەت ئێستا ژمارەی ئەوانەی من وەک نووسەری ئەم بابەتە بە لەشفرۆش و بەرەڵڵا و بێ چاو و روو لە قەڵەم دەدەن، یەک ملیۆن بەرانبەر بەوانەیە کە لە ژێر لێوەوە بە گوێتدا دەچرپێنن ئافەرین دەستخۆش . 

20,002 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست .